Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
زیاد له‌سه‌د ساڵ به‌سه‌ر مێژوی سینه‌مادا تێده‌په‌رێت

زیاد له‌سه‌د ساڵ به‌سه‌ر مێژوی سینه‌مادا تێده‌په‌رێت

Closed
by January 21, 2008 گشتی

 زیاد له‌سه‌د ساڵ به‌سه‌ر مێژوی سینه‌مادا تێده‌په‌رێت  ئێمه‌ نه‌ک به‌شدار نه‌بوین له‌م مێژوه‌دا پێموایه‌ بینه‌رێکی باشیش نه‌بووین
 به‌مه‌به‌ستى سازدانى ته‌وه‌رێك له‌باره‌ى سینه‌ماو فیلمسازى و گیروگرفت و ئاسته‌نگه‌كانى و چۆنێتى به‌ره‌وپێش بردنى ئاستى ئه‌و هونه‌ره‌ به‌تایبه‌تى له‌ باشورى كوردستان، چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى چه‌ند كه‌سێكى شاره‌زاى ئه‌و بواره‌ كرد، لێره‌دا ده‌قى وه‌ڵامه‌كانى به‌ڕێز(دلێر محمد گاهیر) بڵاوده‌كه‌ینه‌وه.‌           

دیمانه‌ى : عومه‌ر كه‌ریم به‌رزنجى….
 دلێر محمد گاهیر ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌کانی سلێمانیه‌، به‌شی ده‌رهێنان له‌سالی 1984، له‌بواری شانۆدا کارده‌کات له‌ ڤیستیڤالی سێهه‌می شانۆ خه‌لاتی باشترین به‌رهه‌می وه‌رگرت له‌نمایشی کاره‌که‌ره‌کان له‌سالی1996داو  به‌شداری کردووه‌ وه‌ک ئه‌کته‌ر له‌سالی پاردا له‌ فلیمی هیوادا که‌ به‌رهه‌مێکی سویدی کوردیه‌ له‌ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری نه‌رویجی پێته‌رنێس ماوه‌ی 9ساله‌ له‌ولاتی سو‌ئێد نیشته‌جێیه‌، وه‌ک هه‌لسه‌نگێنه‌ری فلیم بابه‌ت و نووسین بلاو ده‌کاته‌وه‌.)
 ئاسته‌نگ و گرفته‌كانى به‌رده‌م سینه‌ماكار و فیلمسازانى كورد چییه‌؟.
 گرفته‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ئه‌م هونه‌ره‌ له‌قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیدایه‌. هۆشیاری به‌م هونه‌ره‌ زۆر که‌مه‌، زیاد له‌سه‌د ساڵ به‌سه‌ر مێژوی سینه‌مادا تێده‌په‌رێت  ئێمه‌ نه‌ک به‌شداری نه‌بوین له‌م مێژوه‌دا پێموایه‌ بینه‌رێکی باشیش نه‌بووین  ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ توانای به‌رهه‌م هێنانمان نیه‌ له‌م بواره‌دا به‌ڵام خۆده‌کرا خوێندنه‌وه‌یه‌کمان هه‌بوایه‌ بۆ وێنه‌ یان هه‌لسه‌نگاندنی فلیم یاخود ره‌خنه‌گرێک دروست بوایه‌ له‌م بواره‌دا، تا هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابووردو پێم وانیه‌ سه‌د لاپه‌ره‌ له‌سه‌ر هونه‌ری فلیمسازی نووسرابێت.. گه‌ر  له‌بابه‌ته‌که‌ دوور نه‌که‌وینه‌وه‌ من پێم وایه‌ ئێمه‌ گرنگی وێنه‌و کاریگه‌ریه‌کانی د‌رک پێناکه‌ین.. هۆشیاریمان به‌وێنه‌ زۆر سست و لاوازه‌.
 سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش به‌داخه‌وه‌کاریگه‌ری دین و که‌لتور که‌م نه‌بووه‌ له‌ سه‌ر به‌دناوکردنی ئه‌م هونه‌ره‌، خۆمان ره‌نگه‌ باش له‌بیرمان بێت که‌ چوون بۆسینه‌ما شتێک له‌ شه‌رم و نهێنی تێدابوو …ئه‌وه‌شمان له‌یاد بێت ئه‌م هونه‌ره‌ ته‌نها بۆ ره‌گه‌زی نێربوو ژنان شانسی ئه‌وه‌یان له‌کۆمه‌لگاوه‌ وه‌رنه‌گرتوووه‌ تاکو ئاماده‌بوونیان له‌ هۆله‌کاندا کارێکی ئاسایی بووبێت،هه‌رچه‌نده‌ به‌ر له‌ چل پەنجا سالێک له‌مه‌وبه‌ر خێزان روویان له‌ سینه‌ما ده‌کرد به‌لام ئه‌و ‌ماوه‌یه‌ زۆر کورت بووه‌ .
 به‌م شێوه‌یه‌ده‌بینین ئاشنایی ئێمه‌ به‌م هونه‌ره‌  زۆر نوێیه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش به‌دناومانکردوه‌. هێنانه‌وه‌ی بۆکۆمه‌لگا ده‌بێت هاوته‌ریب بێت به‌پێناسه‌یه‌کی تر بۆ ئه‌م هونه‌ره‌ که‌وه‌ک پێداویستیه‌کی سه‌رده‌م سه‌یری کرێت.
 ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت که‌ پێداویستیه‌کانی فلیم به‌رهه‌مهێنان فه‌راهه‌م نه‌کراوه‌ بۆ کارکردن، له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌بێت که‌ هه‌ولدان له‌ ئارادایه‌ بۆ دروستکردنی کۆمپانیا.
 ئایا نه‌بونى نوسه‌رى تایبه‌تى سیناریۆ چ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر فیلمسازان دروست كردووه‌، بوونى سیناریۆ بۆ ده‌رهێنه‌ر چه‌نده‌ پێویسته‌؟.
 دیاره ‌که‌ ئێمه‌ قسه ‌له‌ سه‌ره‌تایبوونی هونه‌ری فلیمسازی بکه‌ین  هه‌موو پێکهاته‌کانی تری ئه‌م هونه‌ره‌ له‌سه‌ره‌تادان یان هه‌ندێکیان بوونیان نیه‌  فلیمسازی چه‌ندان پسپۆری جیاجیای ده‌وێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی ته‌نها ده‌رهێنه‌رو کامێره‌مان و ئه‌کته‌ر و سینارست نیه‌.
 سینارست گرنگیه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌فلیمسازیدا به‌لام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ گه‌رچی  خاوه‌نی سه‌دان چیرۆکی ناوازه‌ و گه‌وره‌ین له‌ مێژوی دوورو نزیکی خۆماندا که‌ مه‌تریالێکی گه‌لێك ده‌وله‌مه‌نده‌ بۆ  به‌رهه‌مهێنان به‌لام پێده‌چێت نووسینی دراما چ بۆ سینه‌ما یان ته‌له‌فیزۆن یاخود شانۆ کارێکی سانا نه‌بێت له‌لای نووسه‌رانی ئێمه‌  به‌تایبه‌ت ‌ گه‌ر چیرۆکێک بگۆرین بۆ وێنه‌ که‌ کاری سینارسته‌ دیاره‌ ئه‌میان سه‌ختتره‌  وه‌ک باسم کرد له‌وه‌ده‌چێت کێشه‌مان له‌ گه‌ڵ وێنه‌دا زۆربێت . له‌ دروست کردنی و له‌ خوێندنه‌وه‌ی ,له‌ گه‌یاندنیشیدا به‌وی تر که‌ بینه‌ره‌.
 چ شتێك واى كردووه‌ كه‌ فیلمى ئێرانى له‌ جیهاندا بناسرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش بگه‌ینه‌ ئاستێكى پێشكه‌وتوو ده‌بێت چى بكه‌ین؟.
 ئه‌گه‌رسالی 1309ى ئیرانی به‌سه‌ره‌تایه‌ک دابنێین بۆ مێژوی فلیم له‌ئێراندا  که‌وه‌ک هونه‌رێکی ئه‌کادیمی خوێندن هه‌بووه‌ له‌وبواره‌دا ئه‌وا‌ زیاد له‌ 80 ساله‌ ئێران له‌بواری فلیمسازیدا کارده‌کات و هوشیاری دروست کردوه‌..ئه‌وان له‌ماوه‌ی ئه‌م مێژوه‌دا ده‌یان کادێری جیاجیایان دروست کردوه‌..په‌یمانگا و زانکۆیان خستۆته‌ گه‌ر بۆ فێربوون له‌م بواره‌دا.. ئه‌وه‌‌شمان بیر نه‌چێت که‌ ئێران به‌ر له‌ روخانی شا نموونه‌ی کرانه‌وه‌بوو به‌ روی شارستانی رۆژئاوادا..رۆژئاوایه‌ک که‌ داهێنه‌ری سینه‌مایه‌..ئه‌م مێژووه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ل عێراقی عه‌ره‌بی داخراو به‌رووی رۆژئاوادا..جیاوازی زۆره‌.
 فلیمی ئێرانی دیاره‌مه‌به‌ستمان له‌و کارانه‌یه‌ که‌ بوون به‌جیهانی..ئه‌م کارانه‌ گوزارشتێکی وێنه‌یی ناوازه‌بوون بۆ رۆژئاوا  بابه‌تی مناڵ ژن ..کێشه‌یه‌کی چاودێری کراوه‌ له‌ رۆژئاوادا..سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش دۆخی سیاسی کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ ..ئێستا فلیمی ئه‌فغانی, عراقی, ئێرانی  له‌ میهره‌جانه‌کاندا خواستێکی پێشینه‌ی له‌سه‌ره‌.
 
 بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بگه‌ینه‌ ئاستێکی پێشکه‌وتوو له‌م بواره‌دا ئه‌وا کاری زۆر و سالانێکی زۆری ده‌وێت ..پێش هه‌موو شتێک ئێمه‌ ئه‌بێت وه‌ک کورد فێری به‌رهه‌م هێنان بین ..ئێمه‌ کۆمه‌لگایه‌کی موسته‌هلیکین نه‌ک مونتیج  سینه‌ما جگه‌له‌وه‌ی هونه‌ره‌ ئه‌بێت ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چیت که‌ ێناعه‌تیشه‌ ئێمه‌ تاکو ئێستاش توانای به‌رهه‌مهێنانی قووتویه‌ک دۆشاوی ته‌ماته‌مان نیه‌ ..جاوه‌ره‌ به‌راوردیکه‌ به‌ فلیمسازی..
 ئه‌بێت ده‌سه‌لات کاربۆئه‌وه‌بکات که‌ کوردیش خۆی بۆ فلیم سازی ئاماده‌بکات ئه‌مه‌ کاری گه‌وره‌ی ده‌وێت من له‌ نووسینێکمدا له‌سه‌ر مێژووی سینه‌مای میسری ئه‌وه‌م باسکردوه‌ که‌ ئه‌م مێژوه‌ به‌ سێ کوچکه‌ی هونه‌رمه‌ندانی سینه‌ماکارو سه‌رمایه‌دارانی پێشکه‌ووتوخواز و ده‌وله‌ت  درووست بووه‌. له‌کوردستانیش ده‌کرێت هه‌مان شت بکرێت  ..بیرله‌وه‌بکه‌ره‌وه‌ له‌میسردا سه‌رمایه‌دار هه‌ر به‌پشتگیری مادی نه‌وه‌ستاوه‌  که‌سێکی وه‌ک گلعه‌ت حرب که‌سه‌رمایه‌دارێکی میسری بوو بیری له‌وه‌کردۆته‌وه‌ که‌چۆن زه‌ماله‌ی خوێندن په‌یدابکات بۆ به‌هره‌مه‌ندانی ئه‌م بواره‌ ئه‌وه‌بوو ده‌رهێنه‌ری ناسراوی  میسری که‌به‌ره‌چه‌له‌ک کورده‌ ئه‌حمه‌د به‌درخانی نارد بۆ ده‌ره‌وه‌ی میسر بۆ خوێندن.
 بۆ ئه‌وه‌ی سینه‌ما پێشبخه‌ین ده‌بێت نه‌خشه‌مان هه‌بێت بۆ هێنانه ‌ناوه‌وه‌ی هۆشیارى سینه‌مایی  ئه‌مه‌ش  له‌ دروست کردنی خوێندنی ئه‌کادیمیه‌ی له‌م بواره‌دا چ له‌ناوه‌وه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌، بۆ خوێندن له‌ناوه‌وه‌ی کوردستان ده‌بێت پشت به‌ پسپۆرانی ده‌ره‌وه‌ ببه‌سترێت.ده‌ناخۆمان ئیکتیفای زاتیمان نیه‌.
 هه‌ندێك فیلم به‌رهه‌م دێت له‌ ئاستێكى زۆر نزم و ساده‌دان و بینه‌ریان زۆره‌و  ره‌واجیشیان باشه‌ ئه‌مه‌ بۆچى ده‌گه‌رێته‌وه‌، ئایا ئه‌م جۆره‌ فیلمانه‌ خزمه‌ت به‌ ره‌وتى فیلمسازى كوردى ده‌كه‌ن؟.
 به‌راستی ئه‌مه‌شتێکی ئاساییه‌  بۆ من ,وه‌ک باسم کرد که‌ئێمه‌  دوای زیاتر له‌سه‌دساڵ ده‌ست بکه‌ین به‌کاری فلیمسازی سالانێکى تریش ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ هه‌ر ده‌بێت و هه‌رچه‌نده‌ له‌ئاستێکی نزمیشدابن هه‌ر بازاریان ده‌بێت چوونکه‌ بازار هه‌رئه‌وبه‌رهه‌مانه‌ی تێدایه‌.
 ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ که‌وا لاوازن خزمه‌ت ئه‌که‌ن ..من پێموایه‌ بوونیان باشتره‌ له‌ نه‌بوونیان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ که‌سانێک هه‌ن یاری به‌کامێرا ده‌که‌ن مۆنتاژێکی خراپ و ناشرین ده‌که‌ن به‌لام ئاشنابوون به‌و ته‌کنیک و که‌ره‌ستانه‌  کارێکی باشه‌  . که‌سانێک هه‌ن ئاره‌زووی کارکردن ده‌که‌ن له‌م بواره‌دا ده‌کرێت پشگیری بکرێن به‌زانستی ئه‌م هونه‌ره‌ نه‌ک ده‌رگایان به‌روودا داخرێت.
 بوونى كۆمپانیاى تایبه‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنانى فیلم چه‌نده‌ پێویسته‌؟ بۆچى تائێستا نه‌توانراوه‌ كۆمپانیاى له‌و شێوه‌یه‌ دروست ببێت؟
 بوونی پێداویستیه‌کی گرنگه‌ ,به‌مه‌رجێک له‌ده‌سه‌لاتی ده‌وله‌تدا بێت نه‌ک حیزب من ترسێکی زۆرم هه‌یه‌ چۆن  حیزب له‌رێگه‌ی سامانی گشتیه‌وه‌ خۆی دروستده‌کاته‌وه‌ کاریزما بۆ سه‌رکرده‌ و ئه‌ندامه‌کانی دروست ده‌کات . له‌گه‌ل سینه‌ماشدا هه‌مان شت بکات..سینه‌ما له‌هه‌مویان کاریگه‌رتره‌ بۆ سه‌ر خه‌لکی..ئه‌بێت ئه‌وه ‌بزانین سینه‌مامان بۆ چی ده‌وێت ..گه‌ر بۆ ئه‌وه‌نه‌بێت کۆمه‌لگاى پێ به‌رینه‌ ئاستێكی شیاوتر له‌ ئێستای ,نه‌بوونی باشتره‌ وه‌ک له‌وه‌ی که‌ ببێته‌ نیشاندانی سیمایه‌کی حزبی. بۆیه‌ تاده‌سه‌لات له‌حیزب نه‌سێنرێته‌وه‌و نه‌درێته‌ ده‌وله‌ت، ئه‌وا ده‌کریت سینه‌ما گه‌رهه‌شبێت زه‌ره‌رمه‌ند بێت زیاتر بۆسه‌رگۆمه‌لگا.هه‌روه‌ک چۆن له‌مێژوی راگه‌یاندن و رۆشنبیری به‌عسدابینیمان.
 هه‌ژموونى دراماو فیلمى ئێرانى به‌سه‌ر باشوورى كوردستاندا بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌تایبه‌تى فیلم و دراما دۆبلاژ كراوه‌كان؟.
 دیاره بۆ ‌ئێمه‌ ئاسایی ده‌بێت گه‌ر کاریگه‌ری دراوسێکانمان له‌سه‌ر بێت، توورکیا و ئێران مێژویه‌کی دیاریان هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دراوسێ عه‌ره‌به‌کان، به‌لام کاریگه‌ری تورک که‌متره ,‌هۆکه‌شی بۆئه‌وه‌ده‌گه‌رێته‌وه‌ که‌ هۆیه‌ک دروست نه‌بووه‌ بۆ ئالوگۆری که‌لتوریی له‌نێوان باشورو تورکیادا به‌لام له‌گه‌ل ئێران ئه‌مه‌ کراوه‌  جگه‌له‌وه‌ش بونی بزوتنه‌وه‌یه‌کی سینه‌مایی له‌ کوردستانی رۆژهه‌لاتدا که‌ له‌ به‌همه‌نى قوبادیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات کاری خۆی کردوه‌ له‌سه‌ر  باشوری کوردستان.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.