خوێندنه‌وه‌ی ناو له‌پی مالیکی
خوێندنه‌وه‌ی ناو له‌پی مالیکی
سه‌ردار عه‌زیز
ئه‌م نوسینه هه‌وڵێکه بۆ خوێنده‌وه‌ی ئاراسته‌ی حکومه‌تی عێراق و پێگه‌ی کورد له میانه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه‌دا. خوێنده‌وه‌که‌ی من پشت به تێوره‌کانی بونیادنانی ده‌وڵه‌ت ئه‌به‌ستێ که بوارێکه من له رووی ئه‌کادیمیاوه کاری له‌سه‌ر ئه‌که‌م.
سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بوترێت که پرۆسه‌ی بونیادنانی ده‌وڵه‌ت له شوێنێکی وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا پرۆسه‌یه‌کی تایبه‌ته، تایبه‌ت به‌و مانایه، ناتوانرێت ئه‌و تیوریه گشتیانه، بۆ نموونه له ئه‌وروپا و ئه‌مریکا بڵاون ده‌رباره‌ی بونیادنانی ده‌وڵه‌ت، به‌سه‌ریا بچه‌سپێ. گه‌شه‌ی ووڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له میانه‌ی مۆدێرنه‌یه‌کی شکستخواردوا بابه‌تی تێزی دوکتۆراکه‌ی منه. من له‌م بواره‌دا چه‌مکی تایبه‌تی خۆم دارێژاوه که ئه‌گه‌ر بوار هه‌بێ له داهاتوودا به زمانی ئینگلیزی و کوردی زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌که‌م. نه‌گونجانی تیوره‌کانی رۆژئاوا بۆ لێکدانه‌وه و پێشبینیکردنی ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که و هه‌روه‌ها بۆ بونیادنانی سیسته‌مێکه وه‌ک ده‌وڵه‌ت؛ ناچارمان ئه‌کات به‌دوای تێزی نوێ‌دا بگه‌رێین، ئه‌مه به مانای ئه‌وه نیه که تێزه‌کانی رۆژئاوا به‌که‌ڵکمان نایه‌ن. ئه‌گه‌ر به هیچ شێوه‌یه‌ک توانای لێکدانه‌وه‌یان نه‌بێت ئه‌وا ئه‌وه‌نده به‌سوودن تا پێمان بڵێن که ده‌بێ له بواری تردا به‌دوای چه‌مکدا بگه‌رێین.
یه‌کێک له هه‌ره باڵاده‌ستترین تیوره‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت له ئه‌وروپا، تیوره‌ی چارلس تیلیه. تێلی بروای وه‌هایه که شهر ده‌وڵه‌ت دروست ئه‌کات و ده‌وڵه‌ت به‌شه‌ر هه‌ڵده‌ستێ. ناوه‌رۆکی ئه‌م تیوره‌یه ئه‌وه‌یه که له سه‌رده‌می کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی ناوه‌ند و سه‌ره‌تاکانی مۆدێرنه‌دا ده‌وڵه‌ت پێکهات ، به لای تێلیهوه بنه‌مای دروستبوونی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌رێته‌وه بۆ باند. ئه‌مه ته‌واوی به پێچه‌وانه‌ی تێزه فه‌لسه‌فیه‌کانه، له بواری ده‌وڵه‌ته‌وه، که گوایه بونیادێکی عه‌قڵیه وه‌ک لای هێگل، یان ده‌زگایه‌کی خۆویسته که مرۆڤه‌کان به ئارزوی خۆیان بونیادیان ناوه. ده‌وڵه‌ت هه‌رگیز له مێژوویدا خۆویست نه‌بووه به‌ڵکو هه‌میشه سیسته‌مێکی چهپێنهرو توندوتیژبووه.
کاتێک ده‌وڵه‌ت پێکهات هێشتا له‌لایه‌ن گروپه‌کانی تری ناو ده‌وڵه‌ته‌وه به‌رهه‌ڵستی ئه‌کرا، وه‌ک ئێستا له عێراقدا ده‌یبینین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت پێی هه‌ستا ئه‌وه‌بوو که شه‌ری هێنده گرانکرد که که‌سی تر له ده‌وڵه‌ت زیاتر نه‌یتوانی به‌شه‌ر هه‌ستێ. ئه‌مه له ده‌رئه‌نجامدا وههاییکرد که ده‌وڵه‌ت قۆرخی مافی شه‌ری کرد بۆ خۆی. ئه‌م قۆرخکردنه وه‌هایکرد که‌ده‌وڵه‌ت شهر به‌کاربێنی بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا. ئه‌م چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاته بوه هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت زۆرترین باج و خه‌راج بۆخۆی کۆکاته‌وه. له ئه‌نجامدا توانای ئابووری زیادیکرد و هه‌روه‌ها توانای ئه‌وه‌ی په‌یداکرد که سوپا راگرێ و ببێته قۆرخکه‌ری تاقانه‌ی توندوتیژی. بۆیه ڤیبه‌ر ئه‌مه ئه‌کاته بوونی کرۆکی ده‌وڵه‌ت.
حکومه‌تی عێراق ئێستا خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێ که ببێته مۆنۆپلکهری توندوتیژی له‌ووڵاتدا. ببێته ناوه‌ندێکی به‌هێز که ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو هێزوو پێکهاته‌کانی تری عێراقدا هه‌بێت. ئه‌م خه‌ونه ره‌وایه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست لێی به‌رهه‌مهێنانی هێزێک بێت بۆ به‌رهه‌ڵستکردنی سه‌رتاپا هێزه، نا سڤیله‌کانی تری کۆمه‌لگا. که‌واته ئێمه هه‌رگیز ناتوانین هێز له ده‌وڵه‌ت دوورخه‌ینه‌وه. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌یه ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ حکومه‌تی عێراق پر چه‌ک کات. ئه‌وه‌ی شایانی باسه تیوره‌ی ئه‌مریکی بۆ ده‌وڵه‌ت له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه وه‌ستاوه، که ده‌وڵه‌ت ده‌بێ لاوازبێت له هه‌ندێ رهههندیا وه به‌هێزبێت له هه‌ندێ ره‌هه‌ندی تریا. ئه‌مه شێوازی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داریه. ده‌وڵه‌تێکه که به ناوی ئازادیه‌وه خۆی له کۆمه‌لگاو قه‌یرانه‌کانی به دوور ئه‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بازاری به‌جێ بهێڵیت هه‌تا چاره‌سه‌ری کات، که‌واته ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ر کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگادا لاوازه، ئه‌مه وههایکر دوه که هه‌ندێ که‌س بروابکه‌ن که ده‌وڵه‌ت له ئه‌مریکا لاوازه و ده‌بێ لاواز بکرێت، (که‌سانی وه‌ک رۆبرت نۆیزک) بۆ زیاتر روناکی له‌سه‌ر ئه‌م ئارگومێنته ده‌توانی کتێبه‌که‌ی زیاتر له کتێبه‌که‌ی فرا‌نسیسی فۆکۆیاما سه‌رنج بده‌ی. به‌ڵام له لایه‌کی تره‌وه وه‌ک سیسته‌می یاسا و پۆلیس یان ئێف بی ئای یان سه‌ربازی ئه‌مریکا هه‌تا بڵێی به‌هێزه.
ئه‌م مۆدێله‌ی حکومه‌تی ئه‌مریکی بۆ عێراق هه‌ڵه‌یه و ده‌ستنادات، ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ژاریه‌کی به‌ربڵاو ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌کی بێ‌شومار به‌ڵام که‌مینه. سه‌رمایه‌دار بروای وه‌هایه که هه‌بوونی چێنێکی بێ سنور ده‌وڵه‌مه‌ند مایه‌ی ئه‌وه‌یه که سیسته‌می ئابووری ووڵات له گه‌شه‌و بزوێوی دا بێت بۆ ئه‌مه په‌ندێک ده‌هێننه‌وه که گوایه؛ ئه‌گه‌ر هاتوو شه‌پۆلی ده‌ریا به‌رزبوه‌وه ئه‌وا سه‌رتاپا به‌له‌مه‌کان له گه‌ڵ خۆیدا به‌رزئه‌کاته‌وه، ئه‌مه جگه له ئه‌فسانه‌یه‌ک هیچی تر نیه.
به‌ڵام ئێمه له‌م نوسینه‌ماندا مه‌به‌ستمان له پێشبینی کردنی رێره‌وی گه‌شه‌ی حکومه‌تی عێراقه. بۆیه وه‌ها باشتره ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا له میانه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی عێراق بدوێین، پاشان بێینه‌وه سه‌ر قسه‌کردن له سه‌ر ئه‌گه‌ره‌کان و چاره‌نوسی کورد. له کتێبی ساڵه‌که‌م له عێراق: هه‌وڵدان بۆ بونیادنانی داهاتویه‌کی به‌هیوا، پۆڵ برێمه‌ر له لاپه‌ره‌ی 203، 204، چاپی سایمن & شوسته‌ر، دا باس له گفتوگۆیه‌کی خۆی ئه‌کات له گه‌ڵ کۆلن پاول. بریمه‌ر له میانه‌ی قسهکردنهکانیا ده‌ڵێت، پێویسته، (پاش رۆشتنمانه) هێزێکی پۆلیسی پرۆفیشناڵ، ناگه‌نده‌ڵ، راهاتوو به مافه‌کانی مرۆڤ به‌جێ بهێڵین. به‌هیچ جۆرێک نابێ سوپایه‌ک به‌جێبهێڵین که تێوه‌گلابێت له کێشه ناوخۆکان، هه‌روه‌ها نابێ میلیشا بمێنێت، هه‌روه‌ها ده‌بێ سیاده sovereignty بده‌ینه ده‌ست حکومه‌تێکی هه‌ڵبژێردراو له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه، کۆلن پاول، ئه‌م قسانه‌ی برێمه‌ری به‌لاوه وه‌ک گاڵته وه‌هایه. بۆیه پێی ده‌ڵێ؛ لیستێکی درێژه، جێری. که‌واته پاول، که له هه‌مانکاتدا نوێنه‌رایه‌تی تێروانینێک و دیدێک ئه‌کات له ناو حکومه‌تی ئه‌مریکا، به‌لایه‌وه دیده‌کانی بریمه‌ر وه‌ک ئه‌فسانه وه‌هایه.
ئه‌وه‌ی برێمه‌ر خه‌ونی پێوه ده‌بینێ بونیادنانی بنه‌ماکانی ده‌وڵه‌تێکه، که وه‌ک مه‌کینه‌یه‌ک هه‌رکه که‌وته گه‌ر ئه‌وا خۆی به‌رده‌وامی به خۆی بدات. ئه‌م مه‌کینه‌یه له لایه‌ن سوپا و پۆلیسه‌وه پارێزراوه، به پێی دیموکراسیه‌ت خۆی نوێ ئه‌کاته‌وه، له رێی ده‌ستوره‌وه له چوارچێوه‌ی دیاریکراویا کار ئه‌کات. ئه‌گه‌ر به ووردی له‌مه تێرامێن و له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌قڵی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن عێراق رامێنێن ئه‌وا ئه‌وه‌ی برێمه‌ر باسی لێوه ئه‌کات جگه له یوتوپیا له هیچی تر ناچێت.
ره‌نگ ئه‌وه‌نده پێویست نه‌کات قسه له بیری و پلانی ده‌وڵه‌ت بکه‌ین. چونکه ئه‌وه‌ی ده‌توانین بیکه‌ین ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت هه‌رچۆنێک بێت، له لایه‌ن هه‌رکه‌سێکه‌وه بێت، خواستی هه‌رکه‌سێکی تر بێت، ئه‌وا چه‌ند بنه‌ما و توخم و پێکهاته‌یه‌کی هه‌یه که نه‌گۆره. لێره‌دا باس له دوو ئه‌و بنه‌مایانه ئه‌که‌ین. یه‌ک هێز، دووه‌م ئایده‌لۆژیا.
هێز، یانی توند و تیژی، یانی سوپا، یانی پۆلیس. یانی به‌ندیخانه، یانی سیسته‌می یاسایی. ئه‌مانه هێزی رووتن. هێزێک که به‌بێ هیچ پێچ و په‌نایه‌ک، به‌بێ هیچ ناوه‌ندێک، یه‌کسه‌ر ده‌که‌ونه سه‌ر جه‌سته. له‌م رووه‌وه، هه‌بوونی ئه‌م هێزه له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا مایه‌ی سه‌قامگیری ده‌وڵه‌ته. به‌لام ئه‌م هێزه پێویستی به رابه‌رێک، رێنمایکهرێک، رێگه پێشاندهرێک هه‌یه ئه‌ویش ئایده‌لۆژیایه. ره‌نگه زۆر که‌س بڵێن سه‌رده‌می ئایده‌لۆژیا به سه‌رچووه، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکانه وه‌ها ده‌ڵین جگه له کلێشه‌یه‌کی هه‌ڵه هیچی تر ناڵێن. ئه‌م ئایده‌لۆژیایه لێره‌دا باسی ڵێوه ئه‌که‌یه‌ن جودایه له ئایده‌لۆژیا گه‌وره‌کان، یان چیرۆکه گه‌وره‌کان وه‌ک پۆستمۆدێرنه‌کانی حه‌زئه‌که‌ن ناوزه‌دی که‌ن.
ئێمه لێره‌دا باس له ناسنامه‌ی عێراق ئه‌که‌ین. چونکه چۆنێتی ئه‌م ناسنامه‌یه، چۆنێتی به‌کارهێنانی هێز دیاریئه‌کات. به‌مانایه‌کی تر، هێز خۆی بۆ خۆی هیچ به‌رهه‌م ناهێنێ، به‌ڵكو ده‌بێ له پێناوی مه‌به‌ستێکا به کاربێت. له راستیا کاتێک قسه دێته سه‌ر ناسنامه ئه‌وا قه‌یرانه‌که ئالۆز ده‌بێ. یه‌ک چونکه عێراق خاوه‌نی ناسنامه نیه، له هه‌مانکاتدا خاوه‌ن چه‌ندین ناسنامه‌یه که هه‌رگیز بواری نه‌بووه نوێنه‌رایه‌تی خۆی بکات، بۆیه ئێمه له دوو ئاستدا بێ ناسنامه‌ین؛ یه‌ک به‌وه‌ی ووڵاتێک که ناوی عێراقه ناسنامه‌ی نیه، دوو ئه‌و ناسنامانه‌ی که هه‌ن، یان وورده ناسنامانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌هاتونه‌ته مه‌یدانی پراکتیزه‌وه، ئه‌وا نازانن چۆن له گه‌ڵ جیاوازه‌کانا مامه‌ڵه بکه‌ن.
یه‌که‌م سه‌رتاپا هێزه سیاسیه‌کانی عێراق، به بچوکترین حیزبه‌وه هه‌تا گه‌وره‌ترین حیزب، لایه‌نی نادیموکراسی، تۆتالیتاری، دیکتاتۆرین. به‌ڵگه بۆئه‌مه ئه‌وه‌یه ئه‌م پارتانه هه‌رگیز ناتوانن له ناو خودی پارتهکهیانا دیموکراسی پیاده‌که‌ن، ئه‌وا له ده‌ره‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ک بروایان پیی نیه. ئه‌وه‌ی هه‌یه که هیچ کام، له‌م حیزبانه، له ئاستێکا نین که بتوانن ببنه حیزبی به‌عس، ئه‌گینا هه‌موو خه‌ونی پێوه ده‌بینن. لێره‌دا مه‌به‌ستم له خراپه‌کاری به‌عسیانه نیه، به‌ڵکو له دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی تاقانه‌ی سه‌رتاسه‌ری بی ئۆپۆزسیونه.
دوو: پێکهێنه‌ره‌کانی ئایدیای حیزب، پێکهێنه‌ری ئاینی و خێله‌کی و تایفهیین، که به هیچ شێوه‌یه‌ک دیموکراسی نین. بۆیه عێراق پێکهاته‌کانی له پێکه‌وه گرێدانی دوو توخم پێکهاتوون یه‌که‌میان تایفه و ئاین و گروپی ئۆرگانین، که ئه‌توانین به پێکه‌وه‌بوونی پێش مۆدێرنه ناوزه‌دیان که‌ین، له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌و حیزبه سیاسیه نا دیموکراسیانهن، که سه‌ربه مۆدێرنه‌ن، که‌واته پێکه‌وه ژیانێک هه‌یه له نێوان پێشمۆدێرنهو مۆدێرنه‌دا بۆ هێنانه‌دی پێکهاته‌یه‌ک که مۆدێرنه‌یه‌کی شکستخواردووه. ئه‌م شکستخواردنه له ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه دروست بووه که مۆدێرنه نه‌گه‌شتوه‌ته مۆدرێن به‌ڵام کاریگه‌ری زۆری له سه‌ر دۆخی پێش مۆدێرنه جێهێشتووه. ئه‌م ده‌وڵه‌ته له دۆخێکی هه‌میشه‌یی قه‌یراندایه، تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، که من لێره‌دا ناچمه تان و پۆیه‌وه.
به‌مجۆره رێگری هه‌میشه‌یی هه‌یه له به‌رده‌م دیموکراسی بوونی عێراقدا وه ئه‌م رێگرانه رۆژانه پیادهئهکرێن و هه‌رگیز رێگه‌ناده‌ن بیری دیموکراسی بێته ئاراوه. که‌واته مالیکی کاتێک وێنای ده‌وڵه‌ت ئه‌کات له خه‌یاڵیا ئه‌وا وێنایه‌کی سته‌مکارانه‌یه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچونه‌مان ده‌توانین ئه‌و قسانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی مالیکی به نموونه بهێنینه‌وه. مالیکی وه‌ها ده‌خوازێت که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند زیادبێت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم کزبێت. ئه‌و باس له دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات ناکات، باس له ووردکردنه‌وه‌ی حکومه‌ت ناکات بۆئه‌وه‌ی زیاتر له خه‌ڵکه‌وه نزیک بن و باشتر گوێیان لێبێت و کاره‌کانیان راپه‌رێنن، باس له‌وه ناکات که مه‌رکه‌زیه‌ت له عێراقدا چه‌ند مێژوویه‌کی ترسناکی هه‌یه. به‌ڵکو وێنای ئه‌و بۆ ده‌وڵه‌ت هه‌بوونی ناوه‌ندێکی به‌هێزه. مه‌رکه‌ز ته‌نها کاتێک به‌هێز ده‌بێت که هه‌رێم لاوازبێت. لاوازبوون یانی به‌تاڵ بوونه‌وه. چونکه چه‌قێک که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له خه‌می به‌هێزکردنی خۆیدا بێت ئه‌وا له کاتی بههێزبوونیا، هێزی به‌ره‌و زیاتر به‌هێزبوون به‌کارده‌هێنێ، چونکه سروشتی ده‌سه‌ڵات وه‌هایه که هه‌میشه له گه‌شه‌کردن و به‌رفراوان بووندایه.
ئه‌مانه هه‌مووی له نێو عه‌قڵێکدا رووئه‌ده‌ن که عه‌قڵی عه‌ره‌به. عه‌قڵی عه‌ره‌ب به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت عه‌قڵێکی تایبه‌ته. گه‌وره‌ترین دهوڵهتناس له مێژووی عه‌ره‌بدا ئیبن خه‌لدونه، به تایبه‌ت له کتێبی پێشه‌کی یان موقهدیمهدا، له هه‌ناوی ئه‌م کتێبه‌دا چه‌مکێک هه‌یه که چه‌مکی عێبیهیه یان عه‌سه‌بیه‌ت چه‌مکێکی ئاڵۆزه. لێره‌دا پێویست به قسه‌کردن له سه‌ری ناکات، به‌ڵام له میانه‌ی شیکاری تیوره‌ی ئیبن خه‌لدوندا، بیریاری عه‌ره‌ب جابری ده‌ڵێت، چه‌مکی ده‌وڵه‌ت له زمانی عه‌ره‌بیدا به مانای نۆره دێت. ئه‌مه به‌و مانایه به‌رێوبردنی ده‌وڵه‌ت وه‌ک کارگێری ده‌وڵه‌ت نیه به‌ڵکو وه‌ک غه‌زاکردن وه‌هایه که هه‌موو له ئه‌نفاله‌که‌ی به‌شی خۆیان ده‌وێت. کاتێک که‌سێک یان لایه‌نێک دێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌وا وه‌ها بیرئه‌کاته‌وه که نۆره‌یه‌تی بۆیه به هیچ جۆرێ بوارنادات له گه‌ڵ که‌سی تردا به‌شی کات. ئا لێره‌دا زه‌واجی موتعه‌ی کورد و شیعه ته‌واو ئه‌بێت کاتێک کورد وه‌های ئه‌زانی نۆره‌یه‌تی و شیعه‌ش وه‌ها ئه‌زانێ نۆره‌یه‌تی، به‌ڵام له هه‌ناوی ووشه‌ی نۆره‌دا منێک ئاماده‌یه که منێکی ته‌نهایه. هه‌موو نۆره‌یه‌ک یانی نۆره‌ی منه، له هه‌مانکاتدا یانی نۆره‌ی که‌سی تر نیه.