Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
گریان ………… گریان

گریان ………… گریان

Closed
by October 16, 2008 ئەدەب

 گریان ………… گریان
 داستان بەرزان

 كە هەستام خۆر چاوى لە زەوى دادەگرت , دوو كۆتر لەسەر دار نارنجە شەرمنەكەى حەوشەكەماندا پێكەنینیان بە سپێدە دەهات , دوواتر بەدەم گاڵتە و ڕامووسانى خۆرەوە هەڵفرینە سەر گوىَ سەوانەیەكى نیمچە بەرز و بە ئارامى نیشتنەوە , پاش كەمێك لەوێشەوە فڕین ,  بەڵام ئەمجارەیان نەمزانى بەرەو كوىَ , لە دڵى خۆمدا دەمگوت ..(دەبێت فڕیبێتن بۆ شوێنێك كە مرۆڤى لێوە دیار نەبێت , یان ڕەنگە وەكو شەوى پێشوى من فڕیبێتن بۆ دنیایەكى تر) ,هەر لە هەمان كاتدا و لەو بەرەبەیانى یەدا گوێم لە مقۆ مقۆ و دەنگە دەنگى دوو كرێكار بوو كە لەزەوى یەكەى تە نیشتماندا كاریاندەكرد , لە تۆنى دەنگیانەوە وا تێگەشتم كە لەوانەیە …….,
 بیرم نەچێت بەر لەوەى زۆرترقسەبكەم پێتان بڵێم كاتێك وەئاگا هاتم و بەتانیەكەم لە سەر ڕووم لادا , بڕیارى ئەوەمدا ئەو خەونەى شەو بینیبووم بینوسمەوە ……
         شەوێكى پایزە , دنیا كش و ماتە , شار خامۆشتر لە هەرشتێك كەنووستووە , تەنانەتۆز و وردەگەڵاى سەر شەقام و شۆستەكانیش بەدزى -بــــا-وە وەنەوزى خەو دەبیردنەوە ,باڵندە كێوییەكانیش بە دەم نركە نركەوە لە تاو وشكە سەرماى شەوانى پایز هەڵدەلەرزین , سەرباز و پاسەوانەكان بەردەم ژوورى گەورەكانیاندا تفەنگەكانیان لە سەر شانە و بیر لەوە دەكەنەوە چۆن بە ئەو موچەكەمەى مانگانەیان خێزان پێكەوە بنێن , لە كاتێكدا هێندەى نەماوە جگەرەكەى لا لێویان ئاگرەكەى بگاتە نزیك لێویان و ڕایان بچڵەكێنێت , لەم كاتەدا بڕواناكەم كەسێكى وا هەبێت لە مەرگى ڕۆژدا بە دەم هیواى مەرگى شەوە وە نە نوستبێت .
         لە لاڕێیەكى تاریكدا ڕاوەستا بووم , تەم و غوبار بەدەر لە دەست و چاوەكانم سەرتاپاى داپۆشیبووم , شتێكم لە نێوانى دەسەكانمدا گرتبوو , نەمدەزانى چیە ؟!, دوواتر بۆم دەركەوت كتێبێكى كۆنە , كتێبێكى گەورەى ڕەنگڕەساسى كاڵەوە بوو بوو ,وێنەى سەر بەرگى كتێبەكە هەمان ئەو وێنەیە بوو كە ئێوارانى زستانى پار لەگەڵ چەند هاوڕێیەكمدا لە شەقامى سالمەوە دەچووین بۆ ناو باخى گشتى و لە وێشەوە خۆمان دەگەیاندەبەدەركى سەرا و چاوێكمان بە سەر كتێبەكانى ئەو ناودا دەخشاند , هەڵبەتە لە یەكێك لەو ئێوارانەدا چاوم كەوتوە بە كتێبێك كە لەسەر بەرگەكەى دا كابرایەك لە سەر لاى ڕاست وەستابوو , وا دەردەكەوت لەش و لارێكى لاوازى هەبێت , بەڵام لە سەیر كردنى چاوانیدا شتێكى وات بەدى دەكرد كە هەندێكجار هەست بەترس و هەندىَ جاریش هەست بەئارامى بكەیت ,سەرم بەرز كردەوە و بینیم كوڕێكى گەنج چاوى بڕیوەتە كتێبەكەى دەستم و خەندەیەكى گاڵتە ئامێز بەلێوەكانیەوە خەریك بوو وشك دەبۆوە , دووبارە سەرم شۆڕ كردەوە بەسەر كتێبەكەى ناو دەستمدا , ئەمجارەیان چاوم چووە سەر سمێڵە گەورە تابیەتیەكەى كە زۆر لە لێو و لوتیەوە دەرچووبوو , دەتگوت ئەم كابرایە هەر لە هەڕەتى لاوییەوە كەیفى بى سمێڵ تاشین نەهاتووە و بڕیارى یەكجارى داوە كە بیهێڵێتەوە , كە مێكى دیكە لێم ڕووانى و تەماشایەكى تایتڵى كتێبەكەم كرد , بە فۆنتێكى ڕەشى گەورە نووسرابوو..( كاتێك نیچە گریا ) لەگەڵ خوێندنەوەى تایتڵەكەدا بەبىَ ویستى خۆم چاوەكانم هێواش …هێواش ڕێچكەى فرمێسكیان بەست و لە  خاخیشمدا دڵم بە هەمان هێواشى یەوە دەگوشرا , چەندەها دیمەنى تراژیدى بە ناومێشكى كاسمدا دەهاتن و دەچوون ,
 هەستمدەكرد دڵۆپ … دڵۆپ خوێنى لەشم دەگۆڕا بۆ فرمێسك,ببورن هیچى وام لە یاد نەماوە كەوا خەریكە كاتى لە چیرۆكەكەدا بەسەر دەچێت ,تەنها ئەم چەند پرسیارە نەبێت كە لە بەرخۆمەوە دەمگوتنەوە.. (تۆ بڵێى چى واى لێكردبێت كە بگرى,بۆچى ئەم كابرایە سمێڵى هێندە گەورەیە ,دەبێت ئەم……. باس لە چى بكات,……..هتد؟!)
      هیچى وەهام دەربارەى ئەم كابرایە نەدەزانى ,تەنیا ئەوە نەبێت كە لەیەكێك لە ئێوارەكانى پایزدا لەگەڵ هاوڕێیەكمدا كە هەر ئەو ئێوارەیە ناسیبووم ,بەسەر پشتى ڕازەكانى یەكێك لە شەقامە بێ نازەكانى شاردا دەڕۆیشتین و قسەماندەكردوو ناو بەناوێكیش دەمان ڕووانییە دیمەنە سەر سوڕهێنەكانى پایز, لەناو قسەكانى ئەوى هاوڕێمدا باسێكى ئەم كەسەى بۆكردم و دەیگوت..(بەر لەوەى بمرێت لەلایەن پزیشكەكەیەوە داواى لێدەكرێت كە یاداشتی خۆى بۆ ژیان بنووسێت,بەڵام كاتێك ئەو دەست دەداتە پێًنووسەكەى تەواوى كاغەزەكەى بەردەستى پڕدەكاتەوە بە (دنیا هیچ نیە!),پزیشكەكەش كە چاوى بەو نووسراوە دەكەوێت هەر لەوێدا خۆى دەكوژێت) ,ئەم قسانەى ئەوى هاوڕێم,نهێنىیەكى سەیرى لەلابەجێهشتم , تەنانەت سەیرتر لە هەموو ئەو نهێنیی یانەى كە هێشتا ژیان بەوەنازانم تیایدا بدركێنم ,هەرلەبەر ئەمەشە بڕیارمداوە لەناو خۆمدا حەشاریان  بدەم و بە چەند توێژاڵێك لە دڵم دایانبپۆشم ,ئەوى هاوڕێم ئەوەشى لاباس كردم كە پزیشكەكە بەرلەوەى خۆى بكوژێت گوتوویەتى…(ئەمە پێناسەى نیچەبێت  بۆ ژیان ,ئیدى من بۆچى بژیم؟), بەڵام ڕوانینى من بۆ ئەو خۆكوشتنە زۆر لەوە هەستیارترە , كەڕەنگەلەم چەند دێڕەدا هەستى پىَ بكەن..
 
 …………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………….. هیچ..هیچ..هیچ..دنیا..
         كاتێك كە لە خەو هەستام , دوو دڵۆپ فرمێسكى پڕ نهێنى كە هەر دەتگوت كۆپى كراوى فرمێسكەكانى نیچەیە بە پێڵوى چاوەكانمەوە خۆیان هەڵواسى بوو , وەك ئەوەى چاوەڕوانى كرانەوەى چاوەكانم بووبێتن , بەڵىَ , كاتێك چاوم كردەوە هەردووكیان تكانە سەر ڕوومەتەكانم و لە گۆمى چەناگەمدا ئاوێزانى یەكدى بوون و تكانە سەر ئەو پەڕە سپى یەى كە لە شەوى ڕابردوودا تا درەنگانىَ بە سەریا چەما بوومەوە و هەر پەسپێتیش بە سەریدا خەوم لىَ كەوتبوو , تێكەڵ بوونى ئەو دوو دڵۆپ فرمێسكە و ڕژانیان بەسەر پەڕە سپیەكەدا هێمایەك بوو بۆ من تا خەونەكەم لە سەر هەمان پەڕە بنوسمەوە .
 
 
 Dastan.barzan@gmail.com
 پایزى 2007
 سلێمانى
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.