Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
لەگەڵ حافزدا

لەگەڵ حافزدا

Closed
by January 21, 2008 ئەدەب

 هۆنراوەی : فەرەیدون موشیری…
 وەرگیرانی: د. ناسح قەرەداخی…
 
 لەناو پەرستگای وجوودا
 مرۆڤ لە كونجی میحرابی خواستە ئاگرینەكانیدا
 لەسەر بەرماڵی رەنگینی حەسرەتگەلی دڵسووتێنەر دانیشتووە
 لەدەستیدا هێشووی پڕ دانەی تەزبیحی حەزو تاسەی جۆراوجۆرە
 بەرەو لای خوا دەروانێت و دڵیشی پڕ ئارەزووە
 بە كزۆڵی –ئای خۆزگەم- ێك لەناخی دڵی دێتە دەر
 شەوو رۆژی (درێغی) رابوردوو و (خۆزگەی) داهاتووە!
 ***
 ئیمشەو هەموو كۆڵانی ئارەزووەكانم چراخانە
 زەوی و ئاسمان نوور بارانە
 كۆتری باڵ نەخشینی تاسەم
 بەهەشتی پڕگوڵی خەیاڵمی لە بن باڵی ناوە
 سەفای پەرستگای وجوودم سەیرانییە
 لەهەرلاوە بزەی لێوی ئەستێرەكان دەرژێنە ناو چلچرای مانگ
 دنیا نوستوو
 تەنیا منم لەم پەرستگا، لەم میحرابەدا دانیشتوو
 ***
 حەزم دەكرد كۆت لە پێی گیانم  دەربێنن
 تا بتوانم بفڕم هەتا سەربانی هەور
 لەوێشەوە بە كەمەندی كاكێشانا تا بەردەگای عەرش ئەرۆشتم
 قاوم ئەدا، ژان و دەردم لەبەر دەرگا
 تا بلەرزێ كۆشكی سەد پایەی كیبریا
 ***
 بڵێی شەوێ لەم شەوە بێ ئەنجامانە
 لەهاوارێكی ناوەختا
 -بەسەر ئاوریشمی ئاسمانا- خەو لەچاوی خوا بتۆرێ!
 ***
 حەزم دەكرد دنیا جۆرێكی تر بووایە
 میهرەبانیی خوا لەگەلأ بەندەكانیدا زیاتر بووایە
 یادێكی ئەم مرۆڤە بێچارەیانەی بفەرمووایە
 حەزم ئەكرد لەبارەگاكەی خۆیەوە زنجیرێكی درێژی شۆڕ دەكردەوە
 كە مەزڵوومان لە خوارەوە بەو زنجیرە
 خوداوەندیان لە دەردی خۆیان ئاگادار دەكردەوە!
 ***
  چەند شیرینە، بێگوناهێ دادی خۆی لە خوا وەربگرێ!
 چەند شیرینە بەڵام ئەمن،
 حەزم دەكرد ئەهلی پارەو زۆر لە ناكاو،
 لەهەرلاوە رێیان بەخەڵك نەگرتایە و زنجیرەكەی خوایان نەپێچایەتەوە!
 ***
 حەزم دەكرد دنیا ماڵی خۆشەویستی و دڵپاكی بێ
 حەزم ئەكرد خەڵك هەمیشە كۆك بوونایە
 تەماعیان لە ماڵی یەكتر نەكردایە
 بۆ یەك كوشتن، چاكیان لێ هەڵنەكردایە
 لە نائومێدیی یەكتردا، بۆ ئومێدی خۆیان چاویان نەگێڕایە!
 هەروەكوو كەمتیاری خوێنخۆر، هێندە چنگ و ددانیان تیژ نەكردایە!
 ***
 چەند شیرینە، كاتێ سینە لەخۆشەویستی لێوانە
 چەند شیرینە، كاتێ خۆری هاورێیەتی لەئاسمانی زەمانەدا درەخشانە
 چەند شیرینە كاتێ ژیان بە فڕ و فێڵ بێگانەیە!
 ***
 
 حەزم دەكرد دەستی مەرگیان لە دامێنی هیوای ئێمە وەدوور دەنا
 لەم دنیایەی بێ سەرەتاو كۆتاییا
 لەم سەحرایە كە بێجگە لە تۆز و خاكمان هیچ نامێنێ
 خودا چیتر تووشی ناكامیی ناوەختی نەدەكردین!
 ناڵێم باڵندەی زەمانی لەناو قەفەس ئەسیر دەكرد!
 ناڵێم بەخت و تەمەنی بێ بڕانەوەی بەخەڵك دابا
 ناڵێم كەوا عەیش و نۆشی بەخۆرایی بە خەڵك ئەدا!
 گەر تەنیا ئەم هەشت نۆ رۆژەی وجوودمانی بێوەی دەكرد!
 لە ناڵەی سەختی بێ دەرەتانان دڵی جووڵەی دەكرد!
 ***
 حەزم دەكرد ئەوینی منیان نەدەكوشت
 ئەیانبینی سەفای حەزم- كەوەك هەتاو درەخشان بوو-
 لە چڵی داری وجوودم ئاوا ئاسان نەیاندەچنی
 گوڵی عەشقێكی وا گەشیان نەدەپروان
 نەیان دەدا بەدەم بای نائومێدیوە
 هێندە تووشی سووكایەتییان نەدەكرد
 ئاوا تەنیا وێڵی بیابانی خەمیان نەدەكردم!
 ***
 حەزم دەكرد جارێكی دیش ئەوم لەلای خۆما دەدی
 بەیادی دیداری یەكەم، ڕادەمامە چاوی رەشی
 جارێكی دیش دڵم وەكوو یەكەم دیدار لەبەردەمیدا دەجۆشا
 بادەی یەكەم زەردەخەنە لەناو پیاڵەی وجوودمدا دەخرۆشا
 خەمی گەرمی لەگونجی رازی دڵمدا كنەی دەكرد
 حەزم دەكرد دەستی ئەوین –وەك یەكەم رۆژ- وجوودی هەڵدەتەكانم
 ***
 حەزم دەكرد كەوا سەقفی پەرستگای وجوود بڕمایە
 چەپەڵی و ناشیرینییەكان لەژێر خاكا دارزایە
 بەهارێكی هەمیشەیی ئامێزی بكردایەوە
 جیهان لەناو شەپۆلی جوانی و چاكیدا بگەوزایە
 بەهەشتی عەشق زەردەخەنە بیگرتایە
 لە ئاسمانی كپ و شینا
 پەرەسێلكەی میهر و دۆستی لە شەقەی باڵی دابایە
 لەسەربانان زەنگی ئازادی زرینگەی بهاتایە
 ***
 مەڵێ "ئەم خەیاڵە خاوە!"
 مەڵێ "گیانی مرۆڤ هەمیشە سەرگەردان و دۆڕاوە!"
 ئەم گەردوونە گەر لەبەر یەك هەڵناوەشێ
 ئەم ئاسمانە گەر ناتەپێ
 وەرە دەی با "سەقفی فەلەك بشكێنین و شێوەیەكی كەی بۆ رێك كەین"
 بە دڵشادی " بپرژێنین گولأ و بادە لە ناو پێك كەین"
 
 *****
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.