
یادێک له شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر……ئازاد به‌کر
ئازاد به‌کر
یادێک له شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر
کاتێک کرێکاران و کۆمۆنیسته‌کانی جیهان یادی 91 ساڵه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر ده‌که‌نه‌وه، یه‌کسه‌ر، شۆڕشی کرێکاران و جوتیارانی هه‌ژار به‌ڕابه‌ری به‌لشه‌فیه‌کان، ده‌سه‌ڵاتی شورایی، سه‌ندیکاو مافه‌کانی کرێکاران ، بزووتنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ژنان ، ڕێکخراوه‌کانی لاوانی کۆمۆنیست، دامه‌زراندنی سۆشیالیزم و وه‌ستانه‌وه به‌ڕووی سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزمی، ناوی لینینی مه‌زن، بیروباوه‌ڕی پته‌وی حیزبی چینی کرێکارمان بیرده‌که‌وێته‌وه. تا ئیستاش سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارنی بۆرژوازی جیهانی به‌گشتی له‌و خه‌یاڵه‌دا ده‌ژین گوایه کۆمۆنیزم نه‌ماوه و شکستی خواردووه. ده‌مێکه نووسه‌ران و مێژوونووس و تیئۆریستهکانی بۆرژوازی ئاشیان له گه‌ڕدایه بۆ تێکدانی سیمای ئه‌و شۆڕش و ئه‌زموونه پڕ ده‌سکه‌وت و بڕشتهی چینی کرێکاری جیهانی، که بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا دیکتاتۆریه‌تی برۆلیتاریا به‌ڕابه‌ری کۆمۆنیستی جیهانی لینین و له ژێر دروشمی زه‌وی و نان و ئازادی و ئاشتیدا له ڕوسیادا دامه‌زرا، ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریانه‌ی قه‌یسه‌ر و سه‌رمایه‌داران و مڵکدارانی چه‌وسێنه‌ر له ته‌واوی ووڵاتدا کۆتایی هات. ئه‌و ڕۆژه ڕۆژی شادی و سه‌رکه‌وتن و ڕزگاربوونی کرێکار و جووتیاران بوو له‌ده‌ست زۆرداری چینی سه‌رمایه‌داری. کرێکاران و جوتیاران و به‌شخوراوانی کۆمه‌ڵگه ئازادنه و به ئیراده و ئاره‌زوو ویستی خۆیان له ڕێگای شوراکانیانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی شوراییان دامهزراندو شه‌پۆلی شۆڕشی کرێکاری زۆربه‌ی ووڵاتانی ئه‌وروپاو جیهانی گرته‌وه. کاتێک لینین له نیسانی 1917 دا گه‌ڕایه‌وه ڕوسیا به‌لشه‌فیه‌کان که‌مایه‌تی ناو سۆسیال دیموکراته‌کان بوون به‌ڵام به ووزه و توانای لینین و هاوڕێکانی توانی له کاتێکی زۆرکه‌مدا گه‌شه به بیر‌و هێزی به‌لشه‌فیزم بدات، جه‌ماوه‌ری کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشی ئه‌و ووڵاته دروشم و ته‌کتیک و سیاسه‌ته‌کانی لینینیان کرده په‌یڕه‌وی خه‌بات و به‌ڕووی (مهنشهفیهکان و سۆسیالسته شۆڕشگێڕه‌کان) وه‌ستانه‌وه و له دژی سه‌رجه‌م سه‌رمایه‌داران و هاوپه‌یمانه‌کانیان تێکۆشانی چینایه‌تیان زیاتر بره‌وپێدا و برده‌پێشه‌وه. له حوزه‌یرانی 1917 دا مهنشهفیهکان له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی دۆمادا 375000 ده‌نگیان هه‌بوو که‌چی له ئه‌یلولدا 54000 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا. به‌لشه‌فیزم بووه گرنگترین و خۆشه‌ویترین ڕێکخراوی کرێکاری و له شورای گه‌ڕه‌که‌کان و کارگان و شوێنه بازرگانیه‌کان و سوپادا 90% بۆ 95% ده‌نگیان به‌ده‌ست هێنا به مه‌رجێ پێش هاتنه‌وه‌ی لینین له نیسانی 1917 دا به‌لشه‌فیه‌کان که‌مایه‌تیه‌کی بچوک بوون. هه‌ر له و ساتانه‌دا بوو لینین ووتی(گه‌ر ئێمه به که‌مایه‌تیش بمێنینه‌وه، ده‌بێ بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆمان به هۆشیاریه‌وه بنیات بنێین، ده‌بێ کارکردنمان له ڕه‌خنه‌گرتندا به‌رده‌وام بێت تا جه‌ماوه‌ر له هه‌ڵخڵه‌تاندن ڕزگاری ده‌بێ. به‌و جۆره هێڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان به‌ده‌ست ده‌هێنین، وه هه‌موو چه‌وساوه‌کان ڕوو له ئێمه ده‌که‌ن، چونکه ڕێگایه‌کی تریان نی یه). لینین زۆر هۆشیار و لێوه‌شاوانه هه‌ستی به مه‌ترسی هه‌ڵخڵه‌تاندنی کرێکاران ده‌کرد و چاک ده‌یزانی سه‌رمایه‌داران و هه‌ڵگرانی بیروبۆچوونی بۆرژوازی ئینسانیه‌ت و ئینسافی تێدانی یه و زۆر به‌ووریایه‌وه سوودی له‌و هه‌له وه‌رگرت و کارکردنی خۆی له‌سه‌ر ڕێکخستنی کرێکاری و جه‌ماوه‌ری چڕکرده‌وه و چرکه هه‌ستیاره‌کانی مێژووی بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات درک پێ‌کرد و بیرۆکه‌ی زه‌وی بۆ جووتیاران و کارگه‌ش بۆ کرێکاران و کردنی هه‌موو سامانی ووڵات به‌موڵکی گشتی، ئازادی بۆ زۆرلێکراوان هه‌وڵی هێزی دینامیکی شۆڕشی له بارودۆخێکی ئاڵۆز و سه‌ختی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ناوخۆیی و بیانی‌دا برده‌پێشه‌وه. له‌لایه‌کی تره‌وه چینی ده‌ستڕۆشتوو و خاوه‌ن موڵک و سهرمایهدارو بیرۆکراتی ڕیشه‌یان له ناو جه‌ماوه‌ری به‌شخوراوی کۆمه‌ڵگه‌دا له‌ده‌ستدا بوو، تووشی بنبه‌ست و قه‌یرانی سیاسی و ئابووری بووبوون. ئیتر نه سه‌رکوت و نهدهمکوتکردن و نه هێزنواندنی بۆرژوازی له‌به‌رده‌م په‌لاماری شۆڕشگێڕانه‌ی کرێکاران و جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌دا خۆی پێ ڕانه‌گیراو به چۆکداهات. ئه‌نجلس ده‌ڵی هێندێک جار ڕه‌وشی ڕووداوی یه‌ک ڕۆژ که ڕووده‌دات له که‌ڵه‌که‌بوونی ماوه‌ی ژیانی بیست ساڵی کۆمه‌ڵگادا ڕوونادات، ڕووداوی ئه‌و چه‌نده ساڵه به‌گشتی له‌و دۆخه شڕشگێڕانهدا کۆده‌بێته‌وه، واته مه‌به‌ستی هه‌ڵکه‌وتنی ئه‌و چرکه هه‌ستیارانه‌یه که له‌مێژوودا ده‌بێ نه‌هێڵرێ له کیس بچێت. شۆڕشگێڕی لینین له‌وه‌دابوو که توانی ئه‌و هه‌له له کیس نه‌دات و وه‌ک ڕابه‌رێکی لێزان و لێهاتوو کاتێک له ژێر زه‌مینه‌کانی فنله‌ندا خۆی شاردبووه وه ده‌یگوت ده‌کرێ چاره‌نووسی ڕوسیا له دوو سێ ڕۆژدا بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت وه چینی کرێکاری ڕوسیا له ماوه‌ی ده ڕۆژدا جیهانی هه‌ژاند و ڕێره‌وی مێژووی سه‌رتاپای مرۆڤایه‌تی گۆڕی. ئه‌م شۆڕشه به یه‌کێک له ڕووداوه گرنگه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌زانرێ. وه دامه‌زراندنی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت بووه ئاڕاسته‌یه‌کی سۆسیالیستانه‌ی گه‌شه‌سه‌ندوی سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ سه‌رجه‌م کرێکارانی جیهان و به‌رامه‌به‌ر به جه‌مسه‌ری سه‌رمایه‌داری جیهانی وه‌ستایه‌وه. وه بووه ئه‌لته‌رناتیڤی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی که‌چه‌ند سه‌ده میلله‌تانی چه‌وساوه و جه‌ماوه‌ری کرێکار و زه‌حمه‌تکێشانی دنیا گیرۆده بوون به‌ده‌ستیه‌وه. له‌ساڵی 1905 وه تا ساڵی 1917 چه‌ندجار کرێکاران شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندان و تێکۆشانیان کرد بۆ ڕزگار بوون له ده‌ستی ڕژێمی دیکتاتۆری قه‌یسه‌ر و ئاغا‌و ده‌ره‌به‌گ و موڵکداران و سه‌رمایه‌داران، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه ساڵانی 1914 بۆ 1918 گه‌رمه‌ی شه‌ڕی جیهانی ئیمپریالیزمی یه‌که‌م بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر کێشه‌و ململانێکانی ناو ووڵاتی ڕوسیای توند وتیژترکردهوه و ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری دانا له‌سه‌ر ژیانی کرێکاران و جوتیاران و هه‌ژارانی ئه‌و ووڵاته، بووه هۆی تێکچووونی باری ئابووری و په‌کخستنی که‌رته‌کانی پیشه‌سازی و کشتوکاڵ و گواستنه‌وه، له ماوه‌ی چوارساڵی شه‌ڕدا چوار هه‌زار کارگه خاپورکرا. به‌شداری ڕوسیای قه‌یسه‌ری له شه‌ڕی ئیمپریالی جیهانی یه‌که‌مدا له زۆرشوێندا فاکته‌ری هێنانه‌کایه‌ی ناکۆکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی و هه‌تا میللیش بوو. ئه‌و شه‌ره بووه هۆی له به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنی پێشه‌سازی و هێنانی برسێتی و قه‌یرانی هاتوچۆوگواستنهوه و سووته‌مه‌نی، وه ئه‌م قه‌یرانه که‌رتی کشتوکاڵی و لادێکانیشی گرته‌وه و له‌توانادا نه‌بوو خواردنی شار و سوپا که ملیۆنه‌ها سه‌رباز بوو دابین بکات، له‌ولاشه‌وه سوپا زیانێکی زۆری لێکه‌وتبوو. له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1917 وه شکستی باری ئابووری به ڕاده‌یه‌ک بوو که له توانای ئه‌و داموده‌زگایه‌ی ڕێکخستنی ئابووری ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری قه‌یسه‌ریدا نه‌بوو تا ووڵات له‌و ده‌رده درێژخایه‌نه‌ی تووشی بوو بوو ڕزگاربکات. وه هیچ ده‌رچه‌یه‌ک بۆ ڕزگاری ڕوسیا له‌و کاره‌ساته سه‌خته ئابووریه نه‌بوو ته‌نیا کارکردنێکی شۆڕشگێڕانه‌ی پته‌و نه‌بێت که به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه و موڵکایه‌تی تایبه‌تدا ڕاپه‌ڕێ. که‌س نه‌بوو پێشڕه‌وی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی ژێر زه‌بری ئه‌و چه‌وسانه‌وه بێت و به‌ڕووی فه‌رمانڕه‌وایی پاشایه‌تی ڕه‌هادا بوه‌ستێته‌وه، ته‌نیاو ته‌نیا برۆلیتاریای ڕوسیا نه‌بێ کهحیزبهکهی بۆ ئه‌م شه‌ڕه چینایه‌تیه ئاماده‌ی کردبوو. چینی کرێکاری ڕووسی له چینه شۆڕشگێڕه‌کانی جیهان بوو له ناخۆشترین و سه‌خترین بارودۆخدا شۆڕشی هه‌ڵگیرساند. کرێکاری هیچ ووڵاتێ وه‌ک ئه‌مان نه‌بوون چونکه ئه‌مان خاوه‌ن ئه‌زموونێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و شاره‌زا له گشت دۆخێکی سیاسی بوون، چونکه گومان له بڕوای پته‌ویان به بیروباوه‌ڕه‌که‌یان و شۆڕشگێڕێتیهکهیان نه‌بوو، ئه‌مه‌ش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ئه‌وه‌ی که له‌ناو هه‌موو هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی دژ به قه‌یسه‌رو سه‌رمایه‌داراندا ڕۆڵی پێشڕه‌وایه‌تی بگێڕێ. لینین دڵنیامان ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی که برۆلیتاریای ڕوسی ڕۆڵی گه‌وره‌ی ئابووری له به‌رهه‌مهێنانی قه‌به و فراواندا بووه هۆی ئه‌وه‌ی که‌ته‌نیا ئه‌و له توانایدا هه‌بێ ڕابه‌رایه‌تی توێژه‌کانی جه‌ماوه‌ری ڕه‌نجده‌رو چه‌وساوه بکات. که‌زۆرتر له‌لایه‌ن بورژوازیه‌وه ده‌چه‌وسانه‌وه و بگره دوو ئه‌وه‌نده‌ی برۆلیتاریاش زێتر سته‌میان لێده‌کرا، هه‌رچه‌نده به‌ته‌نیا ئاماده‌ی تێکۆشانی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوون له پێناوی ڕزگاربوونی خۆیاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جووتیارانی هه‌ژار هاوپه‌یمان و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی هێزی برۆلیتاریای ڕوسیا بوون. له‌ده‌وروبه‌ری ساڵی 1917دا زیاتر له 22 ملیۆن که‌س له دانیشتوانی شاره‌کان له خاوه‌ن پیشه و مووچه‌خۆران که ڕێژه‌یه‌کی زۆریان له ژێر سته‌می چه‌وسانه‌وه‌دا بوون پشتگیری هێزی کرێکاری ڕوسیایان کرد. قه‌یرانی شۆڕشگێڕی به‌شێوه‌یه‌کی خێرا گه‌شه‌ی سه‌ند و بزووتنه‌وه و شه‌پۆلی مانگرتنه‌کان سه‌رتاپای ناوچه پیشه‌سازیه‌کانی ووڵاتی گرته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕی ڕیزه‌کانی سوپاشی گرته‌وه، له شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی سیاسی گشتیه‌وه بوو به ڕاپه‌ڕینی چه‌کدارانه و له‌گه‌ڵ پۆلیسی قه‌یسه‌ردا به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه و ده‌یان لاشه له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان که‌وتن و وورده وورده هێزه‌کانی سوپا به شۆڕشگێڕانه‌وه په‌یوه‌ست بوون. له‌ڕاستیدا له شوباتی 1917دا کۆتایی به حوکمی قه‌یسه‌ری هات و سۆسیالیسته شۆڕشگێڕه‌کان و مهنشهفیهکان به سه‌رکردایه‌تی کیرنسکی ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست و ده‌وڵه‌تی کاتی بۆرژوازی مایه‌وه، به‌ڵام له جیاتی کۆتایی هێنان به‌شه‌ڕ و به‌ده‌ست خستنی نان و ئاشتی بۆ خه‌ڵکی ڕوسیا، به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌شه‌ڕ و هاو په‌یمانی سه‌ربازیان به ده‌وڵه‌تانی به‌شداربووی شه‌ڕه‌وه به‌ناوی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی ڕوسی و پارێزگاری له نیشتمان و هێشتنه‌وه‌ی سه‌ربازانی ڕوسیا له ژێر تارمایی تۆپ و نه‌خۆشی و برسێتیدا. له‌و لاشه‌وه ده‌سه‌ڵاتی کرێکاران له ده‌وری شوراکانی خۆیاندا دژی ئه‌م ده‌زگا نوێیه‌ی بۆرژوازی ڕاوه‌ستانه‌وه. واته ده‌سه‌ڵات دووفاقه بوو ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی به‌ڕێبه‌ری حکومه‌تی کاتی له لایه‌ک و ده‌سه‌ڵاتی پڕۆلیتاریا و جووتیارانی هه‌ژاری شۆڕشگێڕ له ژیر ئاڵای شوراکاندا له لایه‌کی دی ، وه پێکهێنانی سوپای سوور وه‌ستانه‌وه به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارانی کاتی و بریاردان له‌سه‌ر سه‌ندنه‌وه‌ی زه‌وی له موڵکداره‌کانی لادێ و کردنی به موڵکی گشتی و دروشمی بڕوخێ شه‌ڕ و بژی برایه‌تی کرێکاران لێدانی زه‌نگی به‌لشه‌فیه‌کان بوو بۆ نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایی بۆرژوازی به‌یه‌کجاری. گرنگترین کارێک که له شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ردا ده‌ستی بۆبرا خڕکردنه‌وه و یه‌کخستنی هه‌موو تواناکانی چینی کرێکار و توێژه‌کانی سته‌مدیده‌ی کۆمه‌ڵگابوو له پێناوی سه‌رکه‌وتنی شۆڕش و ئایدۆلۆژیای چینایه‌تی چینی کرێکاری ڕوسیا و دامه‌زراندنی سۆشیالیزم بوو، وانه‌و ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌کانی ئه‌م شۆڕشه چینایه‌تی یه ڕاستی و دروستی گه‌یشتن به سۆسیالیزم له‌ڕێ ی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکاره‌وه زیاتر ده‌رده‌خات.
16.10.2008