توندوتیژیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا
توندوتیژیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا
پارێزه‌ر جه‌مال غه‌مبار باس له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له قوربانیی له جیاتی سزادانی تاوانكار ده‌كات
پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه ١٨ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٨ ، مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد له شاری ده‌نهاخی هۆڵه‌ندا ، یه‌كه‌م دانیشتنی كۆنفرانسی تایبه‌ت به توندوتیژیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ، به تایبه‌تی توندوتیژیی دژی ژنان ، له هۆڵی ( بلوزاڵ ) به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له ڕه‌وه‌ندی كوردی نیشته‌نیی شاری ده‌نهاخ ده‌ستپێكرد و تیایدا دوو توێژینه‌وه له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له پارێزه‌ر و شاعیر جه‌مال غه‌مبار و ، خاتوو بیرجان بۆزبی ، سه‌رۆكی فراكسیۆنی چه‌په سه‌وزه‌كان له شاری ده‌نهاخ پێشكه‌شكران .
سه‌ره‌تا خاتوو ئه‌میره محه‌مه‌د پاش به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و میوانانی كۆنفرانس ، باسی له بایه‌خی سازدانی ئه‌م جۆره چالاكییانه كرد و ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه كه خستنه به‌رباسی بابه‌ته‌كانی تایبه‌ت به توندوتیژیی دژی ژنان و به‌تایبه‌تیش له لایه‌ن كه‌سانی ڕوناكبیر و پسپۆڕه‌كانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تیی و قانون و چه‌ندین بواری تریش ، كارێكی گرنگ و پڕبایه‌خن . دواتر جه‌مال غه‌مبار كه له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی كلتوری ده‌نهاخ له وڵاتی ئوستورالیاوه داوه‌تی كۆنفرانسه‌كه كرابوو ، توێژینه‌وه‌یه‌كی به ناونیشانی ( تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له قوربانیی له جیاتی سزادانی تاوانبار – ژنكوشتن به بیانووی شه‌ره‌فپه‌رستیی وه‌ك نمونه ) پێشكه‌شكرد . له سه‌ره‌تادا جه‌مال غه‌مبار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئاماده‌بووان و هه‌روه‌ها بۆ مه‌ڵبه‌ندی ناوبراو‌و به تایبه‌تیش به‌ڕێز ئازاد كاكه‌ڕه‌ش سه‌رۆكی مه‌ڵبه‌ندی ناوبراو ده‌ربڕی بۆ داوه‌تكردنی بۆ ئه‌م كۆنفرانسه پڕ بایه‌خه . توێژینه‌وه‌كه‌ی ناوبراو پشتی به چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆر و هه‌ندێك له‌و داتاسازیی و ئامارانه‌ی كه ده‌رباره‌ی كوشتنی ژنانن بۆ شه‌ره‌فپه‌رستیی و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك مه‌تنی قانونیی به‌ستبوو كه توێژه‌ر له پێشه‌كی توێژینه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی پێداون .
توێژه‌ر توێژینه‌وه‌كه‌ی دابه‌شی سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌رانه كردبوو :
– چه‌مكی شه‌ره‌فپه‌رستیی له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌و توێژه‌ر له‌سه‌ر هه‌ردوو لایه‌نی زاتیی و مه‌وزوعیی چه‌مكی شه‌ره‌ف به وردیی قسه‌ی كرد و پاشان ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه كه كێشه‌ی ژنكوشتن به بیانووی شه‌ره‌ف بۆ خێزان و بنه‌ماڵه ، یه‌كێكه له‌و كێشه ئینسانییه ترسناكانه‌ی كه به‌شێكی زۆری له ڕه‌شترین و تاڵترین مێژووی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نه‌ك هه‌ر به ته‌نها كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌ڵكو زۆر كۆمه‌ڵگه‌ی تری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ندێك له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقیا و وڵاتانی تری دنیا داگیر كردووه .
– ته‌وه‌ری هۆكاره‌كانی پشت ژنكوشتن به بیانووی شه‌ره‌فپه‌رستیی . له‌م ته‌وه‌ره‌دا توێژه‌ر به درێژیی باسی هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تیی – كلتوریی و هۆكاری ئایینی و هۆكاری قانونیی كرد . سه‌باره‌ت به هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تیی – كلتوریی باسی له داووده‌زگای خێزان و په‌روه‌رده كرد له‌و ڕووه‌وه كه ڕۆڵیان له خوڵقاندنی زیهنییه‌تی یان عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاریی و به‌كه‌مزانینی ژن‌دا هه‌یه .
– سه‌باره‌ت به هۆكاری ئایینی ، توێژه‌ر باسی ئه‌و ده‌قانه‌ی كرد كه به هۆیانه‌وه پێگه‌ی پیاو ده‌بێته پێگه‌یه‌كی به‌هێز و پێگه‌ی ژنیش پێگه‌یه‌كی لاواز . له‌م بواره‌شدا نمونه‌گه‌لێكی هێنایه‌وه .
– له باسی هۆكاری قانونیدا توێژه‌ر به وردیی له‌سه‌ر هه‌ردوو قانونی ئه‌حواڵی شه‌خسیی و قانونی عقوباتی عێراقی هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد و باسی له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌قانه كرد كه زه‌بروزه‌نگی ڕێكخراویان دژ به ژن تێدایه .
– له دوابه‌شی توێژینه‌وه‌كه‌دا جه‌مال غه‌مبار به وردی باسی ڕۆڵی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی كرد له به‌رگرتن له دیارده‌ی ژنكوژیی به بیانووی شه‌ره‌فپه‌رستیی . هه‌روه‌ها باسی له ڕۆڵی كۆمه‌ڵه و رێكخراوه مه‌ده‌نییه كوردییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كرد له‌م بواره‌دا .
شایانی باسه به‌ڕێز ڕه‌وه‌ز هه‌ڵكه‌وت كورته‌ی ئه‌م باس و خواسانه‌ی ته‌رجه‌مه‌ی زمانی هۆڵه‌ندیی بۆ نوێنه‌ری شاره‌وانیی ده‌نهاخ ئه‌كرد كه ئاماده‌ی كۆنفرانسه‌كه بوو .
پاشان خاتوو بیرجان بۆزبی باسێكی له باره‌ی
( چۆن ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ توندوتیژیی ئه‌كه‌یت له هۆڵه‌نده) پێشكه‌ش كرد . تیایدا هه‌ندێك نمونه‌ی له باره‌ی كه‌یسه‌كانی توندوتیژیی دژ به ژنان باسكرد و پاشان باسی كاریگه‌ریی توندوتیژیی كرد له‌سه‌ر ژن و كورته باسێكی له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بۆ شه‌ره‌ف له نێو ئه‌و كۆمیونیتیانه‌دا كرد كه كۆچیان بۆ هۆڵه‌ندا كردووه .
شایانی وتنه ژماره‌یه‌ك له ئاماده‌بووان به پرسیار و گفتوگۆ به‌شداریی كۆنفرانسه‌كه‌یان كرد‌و ئه‌م دانیشتنی یه‌كه‌مه نزیكه‌ی زیاتر له سێ سه‌عات و نیوی خایاند .
ڕاگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد له ده‌نهاخ