Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
له‌دوای‌ ئه‌نفال، كێ‌ ده‌بێته‌ وایزنتاڵی‌ كورد

له‌دوای‌ ئه‌نفال، كێ‌ ده‌بێته‌ وایزنتاڵی‌ كورد

Closed

 له‌دوای‌ ئه‌نفال، كێ‌ ده‌بێته‌ وایزنتاڵی‌ كورد
 عومه‌رمحه‌مه‌د

 
 كۆمه‌ڵكوژی‌ جووله‌كه‌كانی‌ ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن هیتله‌ره‌وه‌، هه‌ربه‌ته‌نها تراژیدیای‌ لێنه‌كه‌وته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌ستكه‌وتی‌ مه‌عنه‌ویشی‌ لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ هه‌مووی‌ ده‌ساڵ به‌سه‌ر تاوانه‌كه‌یاندا تێنه‌په‌ڕی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیلی‌ به‌دواداهات، ئه‌مه‌ش گه‌ره‌ترین، قه‌ره‌بوو ده‌سكه‌وتبوو بۆیان‌و نه‌یانهێشت وه‌كو قوربانیانی‌ ئه‌نفالكراوی‌ كورد خوێنی‌ قوربانیانی‌ هۆڵۆكۆست به‌فیڕۆبروات.
 له‌وتاوانه‌دا كه‌نزیكه‌ی‌ 7ملیۆن مرۆڤی‌ جوله‌كه‌ بونه‌ قوربانی‌ " كوژران‌وسووتێنران‌و كۆمه‌ڵكوژكران"  وه‌لێ‌ ئه‌وتاوانه‌ی‌ دژبه‌ مرۆڤایه‌تی‌‌و به‌تایبه‌تی‌ دژبه‌ جوله‌كه‌كان كرا، وێڕای‌ جه‌به‌روت‌و دكتاتۆریه‌تی‌ هیتله‌ریش كه‌چی‌ خوێنیان به‌فیڕۆ نه‌چوو، به‌ڵكو دوارۆژێكی‌ ڕوون‌و پرشنگداری‌ لێكه‌وته‌وه‌ بۆیان، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وهۆیه‌ زۆرساده‌یه‌ی‌ كه‌ جوله‌كه‌كان وه‌كو ئێمه‌ خوێن ساردو خه‌مساردو لاموبالات نه‌بوون، به‌ڵكو هوشیار بوون‌ونه‌یانهێشت ئه‌م تاوانه‌ هه‌روا به‌ئاسانی‌ به‌سه‌ر دوژمانیاندا تێپه‌ڕێت.
  ئه‌وان ده‌سته‌وسان نه‌بوون‌و ئامێزیشیان بۆ تاوانبارانی‌ هۆڵۆكۆست نه‌گرته‌وه‌، به‌ڵكو نه‌فره‌تی‌ راسته‌قینه‌یان لێكردن، نه‌فره‌تێك كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ وێرای‌ داوای‌ لێبوردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌ڵمانیاش هێشتا به‌ته‌وێڵی‌ نازیزمه‌وه‌یه‌و ره‌فتاری‌ نازییزمی‌ كرده‌ شه‌رمێكی‌ گه‌وره‌، تاوانبارانی‌ هۆڵۆكۆست، وه‌كو تاوانبارانی‌ ئه‌نفال، به‌پێشچاوی‌ قوربانیاندا نه‌ده‌سوڕانه‌وه‌، به‌ڵكو نازیزم هه‌تا ئه‌مرۆ بووه‌ته‌ شه‌رمێكی‌ گه‌وره‌، جوله‌كه‌كان سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ تاوانبارانی‌ هۆڵۆكۆست بده‌نه‌ دادگا، ته‌نانه‌ت ئیخماف ئه‌دۆڵف ماوه‌ی‌ سێ ساڵ خۆی‌ له‌ (وایزنتاڵ)  شارده‌وه‌و سێجار شوێن‌و پێناسه‌ی‌ خۆی‌ گۆڕی‌، كه‌چی‌ دواجار نه‌یتوانی‌ له‌ده‌ستی‌ ئه‌وجوله‌كه‌ چاو نه‌ترسه‌ (وایزنتاڵ) رزگاری‌ بێت.
 ئه‌وان هه‌وڵیاندا دۆسێی‌ تاوانی‌ هۆڵۆكۆست، بكه‌نه‌ پرسێكی‌ جیهانی‌، بۆ هێنانه‌دی‌ ئه‌و ئامانجه‌ پشتیان به‌خۆیان به‌ست، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕاگه‌یاندنی‌ خۆیان‌و دواتریش راگه‌یاندنی‌ جیهانیان بۆخسته‌گه‌ڕ، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ كورده‌وه‌ خۆیان به‌بچوك نه‌زانی‌‌و په‌نجه‌ی‌ یه‌كتریان نه‌شكاند، قه‌واره‌ی‌ تاوانه‌كه‌و دۆزی‌ جوله‌كه‌یان به‌هه‌موو دونیادا بڵاوكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی‌ ئه‌وان جیاوازبوو له‌سه‌روه‌ختی‌ ئێمه‌ به‌لای‌ كه‌مه‌وه‌ چه‌مكه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و دیموكراسی‌، وه‌كو ئێستا هه‌رقسه‌ی‌ سه‌ركاغه‌زو فشه‌ی‌ رۆشنبیران‌و سیاسه‌تمه‌دارانی‌ گه‌نده‌ڵ نه‌بوو، به‌ڵكو جیهان له‌به‌رده‌م سه‌ره‌تای‌ وه‌رچه‌رخانێكی‌ جوانتردا بوو، به‌ڵام جوله‌كه‌كان له‌وه‌دابه‌ختیان هه‌بووكه‌ جه‌نگی‌ سارد له‌گۆڕێ‌ نه‌بوو، ئه‌مریكا وه‌كو ئه‌مرۆكه‌ڵه‌گای‌ مه‌یدانه‌كه‌نه‌بوو، رۆشنبیرانیان وه‌كو ئێمه‌ له‌به‌رانبه‌ر یه‌كتر دڵڕه‌ش‌ودڵپیس‌و ناكۆك نه‌بوون، ئه‌ڵمانیاش وه‌ك وه‌كو عێراق نه‌بوو، ئه‌وان ئه‌ڵمانیای‌ نازی‌ تاوانی‌ ده‌رهه‌ق كردبوون، وه‌كو به‌عس میراتگری‌ حزبیان نه‌بوو، ئه‌ڵمانه‌كانیش له‌دوای‌ ڕوخانی‌ هیتله‌ر‌وحزبی‌ نازیه‌وه‌ خه‌ونیان به‌هاتنه‌وه‌ی‌ ئه‌وسیستمه‌وه‌ نه‌بینی‌‌ومرۆڤی‌ ئه‌لمانی‌ وه‌كو ئه‌مرۆی‌ عێراقیه‌كان بێهیواو بێمتمانه‌نه‌بوون، ئه‌وان به‌راستی‌ كه‌وتنه‌ ریشه‌كێشكردنی‌ ئه‌خلاقیاتی‌ نازیزم، ئه‌و سه‌روه‌خته‌ ئه‌لمانیاوته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش كه‌وتبوونه‌ ژێر فشاری‌ ڕای‌ گشتیی‌ جیهانییه‌وه‌و ناچار بوون له‌به‌رده‌م ئه‌ومه‌ده‌ ئینسانیه‌دا داوای‌ لێبوردن، له‌جوله‌كه‌كان بكه‌ن‌و قه‌ره‌بوشیان بكه‌نه‌وه‌. كه‌ هه‌تا ئه‌مرۆ ئه‌ڵمانیا باجی‌ هه‌ڵه‌و تاوانه‌كانی‌ هیتله‌رونازیه‌كان ده‌داو قه‌ره‌بووی‌ تاوانی‌ هۆڵۆكۆست ده‌كاته‌وه‌. به‌كورتی‌ ئه‌لمانه‌كان داوای‌ لێبوردنیان به‌عه‌یبه‌ نه‌زانی‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كلتوری‌ لێبورده‌یی‌ ئه‌وان هه‌ر بۆجوله‌كه‌كان سودمه‌ند نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئاینده‌ی‌ ئه‌لمانیاش خێری‌ دایه‌وه‌، وه‌لێ‌ جوله‌كه‌كانیش شه‌رمن نه‌بوون، له‌وتوخمه‌ نه‌بوون كوردووته‌نی‌: (گایه‌كیان لێبدزرێ‌‌وبه‌گوڵمه‌ گۆشتێك فریوبخۆن‌وخه‌نی‌ بن) نه‌خێر ته‌نها به‌قه‌ره‌بووی‌ قوربانیه‌كان نه‌وه‌ستان‌و ئێستاش نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكو توانیان هۆڵۆكۆست بكه‌ن به‌ مێژووی‌ خۆیان‌و سوودی‌ مه‌عنه‌وی‌ لێوه‌رگرن.
 وه‌لی‌ ئه‌فسووس.. هێشتا به‌ پێی‌ ویست‌ومه‌زاجی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كوردستان خه‌رمانی‌ قوربانیانی‌ ئه‌نفال به‌با ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت خوێنی‌ هه‌موو قوربانیان چ ئه‌وانه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژكران‌و چ ئه‌وانه‌ی‌ هێشتاله‌ئۆردوگاكاندا به‌ڕه‌زاله‌ت‌و زه‌حمه‌ت ژیان ده‌گوزه‌رێنن، به‌قه‌د ئه‌و سه‌ره‌ك خیڵانه‌ حورمه‌تیان نیه‌ كه‌ به‌شداری‌ تاوانه‌كه‌یان كردووه‌؟! عه‌جایه‌ب ده‌بێ‌ ئه‌و جۆره‌كه‌سانه‌ چ خێرێك بده‌نه‌وه‌ ؟! كه‌چی‌ هێشتا ئه‌نفال خاوه‌نی‌ سه‌نته‌رێكی‌ لێتویژینه‌وه‌ نیه‌، له‌كاتێكدا كردنه‌وه‌ی‌ سه‌نته‌رێك بۆ توێژینه‌وه‌و لێكۆلینه‌وه‌و دۆكۆمێنت كردن، پاره‌ی‌ سالێكی‌ دیوه‌خانانه‌ی‌ ئه‌و سه‌رۆك جاشانه‌ی‌ تێنه‌ ده‌چوو، كه‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كورده‌وه‌ بۆیان بڕابووه‌وه‌.!
 من كه‌ هه‌مووساڵێ‌ ته‌نها وه‌كو رێز لێنانێك بۆ قوربانیانی‌ ئه‌نفال‌و ئاینده‌یه‌كی‌ باشتری‌ مرۆڤ، گۆڤارێك ده‌رده‌كه‌م‌وخۆم‌وماڵ‌و منداڵم ته‌نانه‌ت چاوه‌كانم به‌دیاركۆمپوته‌ر ده‌خه‌مه‌ ئه‌زیه‌ت‌و ناره‌حه‌تیه‌وه‌، له‌ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری‌ ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تیش كه‌ قسه‌ی‌ ئه‌و پیره‌ژنه‌ گسسك فرۆشه‌ی‌ گه‌رمیانم بیرده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌پێی‌ وتین: برۆن وازمان لێبێنن هیچی‌ تر وێنه‌مان مه‌گرن، چیتان بۆمانكردووه‌؟ یان قسه‌ی‌ كاك فه‌ره‌جی‌ تۆپخانه‌ كه‌له‌گۆریكی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ ئه‌نفال رزگاری‌ بووه‌و له‌دیدارێكدا پێی‌ ووتم : ( برا ئێمه‌ بووینه‌ فلمی‌ عاله‌م، خه‌مه‌كانمان بۆخۆمانه‌و خێروبه‌ره‌كه‌ته‌كه‌شمان بۆخه‌ڵك )  به‌وهه‌موو خه‌مه‌شمه‌وه‌ هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری‌ ده‌كه‌م، نازانم ئه‌وانه‌ی‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئه‌م وڵاته‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌رپرس‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانی‌ ئه‌م وڵاته‌ قه‌ت شه‌رم ناكه‌ن، له‌بینینی‌ ئه‌وهه‌موو قوربانی‌‌وجه‌لاده‌ به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ ؟! ئه‌رێ‌ ئه‌مه‌ چ ژیانێكه‌ ئێمه‌ی‌ تێیداین؟ به‌هیوای‌ چ ئاینده‌یه‌ك بین ؟!
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.