ڕۆمانی (غه‌زه‌لنوس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)بازنه‌ی وههم!……کازم قادر
ڕۆمانی (غه‌زه‌لنوس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)
بازنه‌ی وههم!
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت چه‌ند پرسیار بکه‌م:ئایا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر_هه‌ر کایه‌یه‌کی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌کرێت بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی دنیای مادی و واقیعی؟به جۆرێکی‌تر پرسیاره‌که‌مان بکه‌ین،ئایا له نێوان ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا په‌یوه‌ندی و ڕایه‌ڵه‌یه‌ک هه‌یه ئه‌م کایه‌یه به ژیان و بوونه‌وه گڕێبدا؟یاخودئهدهب و هونه‌ر بابه‌تێکه بۆ خۆی و له پێناو خۆیداو له ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای کۆمه‌ڵگاو بزووتن و کێشه‌و گرفتهکانێوهیهتی؟
پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێک به‌و پرسیارانه بده‌مه‌وه پێویسته ئه‌وه به بیر بهێنمه‌وه که کایه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر مه‌حکومه به فه‌زایه‌کی خه‌یاڵی،واته ئه‌ده‌ب به‌بێ خه‌یاڵ مانا‌و مه‌غزای ئه‌ده‌بیی خۆی له ده‌ست ده‌دات. ده‌توانین بێژین خه‌یاڵ بریتییه له کۆمه‌ڵێک ڕه‌نگ،فه‌زایه‌که ده‌توانین تێیدا مانا‌و ئاماژهیتر به به‌هاو دیارده‌و شته مادییه‌کان بده‌ین،ئاماژه‌گه‌لێکی ئاوێنه‌یی که له دنیای مادی و واقیعیدا،ئێمه ناتوانین بیبینین و ده‌ستی لێبه‌ین و ئه‌زمونی بکه‌ین.هه‌روه‌ها هه‌ر وه‌کچۆن ناتوانین ده‌ستبه‌رداری خه‌یاڵ بین،به ههمانشێوهش مه‌حکومین به‌وه‌ی خه‌یاڵ به‌رچاومان نه‌گرێ و واقیعمان له به‌رچاو وننه‌کات.خه‌یاڵ هێنده ده‌توانێت مانای هه‌بێت دواجار به شێوازیخۆی،به واقیع و دینای مادییه‌وه گرێمانبداو په‌یوه‌ستمان بکات.بیری مرۆڤ ڕه‌نگدانه‌وی دنیای مادییه،که‌وابێت هه‌ر چالاکییه‌کی مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دنیا مادییه ده‌بێته ئه‌فسانه،مرۆڤه ژیره‌کان بۆیه ڕه‌خنه‌یان له ئایین و ئه‌فسانه‌کان هه‌یه‌و ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه چوونکه له سه‌رووی زانست و دنیای مادی و واقیعییه‌وه خه‌ریکی ڕاڤه‌کردن و مانادان و پێناسه‌کردنی دیارده‌کانه، چوونکه په‌یوه‌ندیان به شته مادییه‌کانه‌وه نییه.په‌نابردنه به‌ر وههم و خه‌یاڵ له هه‌ر کایه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا به شێوه‌ی ڕۆمانی(غه‌زه‌لنوس وباغهکانی خه‌یاڵ)،هه‌مان گه‌مه‌و هه‌مان خورافاتسازی ئایینییه. ته‌نانه‌ت له شیواز‌و خه‌یاڵی ئه‌ده‌بی به‌ختیار دا به شێوه‌یه‌کی ناکۆتا هه‌موو(ته‌نه)خه‌یاڵییه‌کانی ئایین، به‌رجه‌سته‌و نمایش ده‌کرێن.وه‌کو ئه‌فسانه‌ی له دایکبوونی مه‌سیح،فریشته،هه‌مان گه‌مه‌ی نێگه‌تیڤی دیدی ئایینی بۆ شه‌یتان..و تاد،که به پێچه‌وانه‌ی به‌ختیاره‌وه،به باوه‌ڕی من ئه‌و خورافاتانه ده‌بێت هێنده له ئه‌ده‌بدا جێیان بۆ بکرێته‌وه‌و هێنده بێنه نێو فه‌زای خه‌یاڵه‌وه،که له دواجاردا کار بۆ بێبایه‌خبوون و پووچکردنهوهیان بکرێت نه‌ک وه‌کو هه‌بوویه‌کی به‌رجه‌سته نمایش بکرێ و به‌رهه‌م بهێنرێته‌وه.خه‌یاڵ له پێناو خه‌یاڵدا هیچ مرۆڤێکی ژیر سه‌رسام ناکات،نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو ده‌بێته سه‌رزه‌مینێکی وه‌همی و نامۆ،که خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات له گه‌ڵ شتێکدا ده‌رگیربووه که‌م و زۆر په‌یوه‌ندییه‌کی به ژیانه‌وه نییه. توانا‌و سه‌رکه‌وتوویی هه‌ر نوسه‌رێک_ ڕۆمان نوسێک له‌وه‌دایه چۆن بتوانێت خه‌یاڵ به واقیعه‌وه گرێبداو موتوربه‌ی بکات.بۆ نمونه شاعیر له شیعره‌کانیدا باسی فڕین ده‌کات،باسی فڕینه‌کانی خۆی ده‌کات چۆن دوو باڵی گه‌وره‌ی لێده‌ڕوێ و به‌ره‌و ئاسمانی شین و ناکۆتا باڵده‌گرێ و سه‌رزه‌مینی جوان و ڕازاوه ده‌بێنێت که ئێمه له واقیعدا نه‌مانبینوه. تاکو ئه‌و ده‌مه‌ی مرۆڤ ئازاد نه‌بێت خه‌ونی خه‌یاڵیی فڕین_وه‌ک ته‌عبیرکردن له ئازادی_لای شاعیر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌توانین بێسڵکردنه‌وه بێژین،خهونهخهیاڵێکی واقیعییه،ئه‌م خهونهخهیاڵی و فڕینه خه‌یاڵییه مانادان و جوانکردنی ئازادییه،ته‌عبیرێکی سه‌رچاوه‌گرتوو له واقیعێکه پێمان ده‌بێژێت ئازادی له فڕین جیانابێته‌وه، ئازادی کرده‌یه‌که وه‌ک فڕین.ئیتر ئه‌م فه‌زایه چه‌نده ناکۆتا بێت و چه‌ند ناکۆتا به سه‌ر خۆیدا بکرێته‌وه،دواجار له سه‌ر بابه‌تێکی زیندوو سهرزههمینێکی واقیعی کار ده‌کات و ده‌نیشێته‌وه که په‌یوه‌ندی به ژیانی به‌رجه‌سته‌وه هه‌یه. فهزایهیهکه نامۆ نییه به خولیا‌و بیر‌و کۆی دنیابینی مرۆڤ. بهباوهڕم خه‌یاڵ هێنده ده‌توانێت مانای هه‌بێت که دواجار له بۆته‌ی خۆیدا واقیع و حه‌قیقه‌تمان بۆ به‌رجه‌سته بکات،واقیع له فه‌زایه‌کی خه‌یاڵی هه‌ست پێکراو و شیاودا نمایش بکات.خه‌یاڵ هێنده بایه‌خی هه‌یه نامانباته نێو دنیایه‌که‌وه تێیدا هه‌موو شتێک وونبکهین، خه‌یاڵ نه‌بێته په‌رده‌یه‌کی ڕه‌ش و به‌سه‌ر ژیاندا سایه بکات.خه‌یاڵێک نه‌بێت له پێناو خه‌یاڵی ڕووتدا.
ئێستا ده‌توانین ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه له یه‌کدا ئاوێته بکه‌ین و به‌م شێوه‌یه ئاراسته‌ی بکه‌ین: (غه‌زه‌لنوس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)له کوێی خه‌یاڵ و له کوێی واقیعدا قه‌راری گرتووه؟په‌یوه‌ندی ئه‌م ڕۆمانه به ژیانانهوه له چی و کوێدایه؟بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه بهبێهێنانهوهی هیچ تێکستێکی نێو ڕۆمانه‌که خوێندنه‌وه‌و ڕاوه‌ستانێکی تایبه‌تی ئه‌م شێوازه له ئه‌ده‌بی پووچگه‌ری و وه‌همی ده‌که‌م. چوونکه ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕۆمانه به دیدی خوێنه‌ری پاسیڤ نهیخوێنینهوهو خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌که‌ین، هه‌ڵبه‌ته تووشی دوو هاوکێشه‌ی دژ به یه‌کیش ده‌بین:یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه که که‌مترین بڕگه‌و بابه‌تی بایه‌خداری تێدایه که خوێنه‌ری جدی له سه‌ری ڕاوه‌ستێ و قسه‌ی له سه‌ر بکات،لایه‌نی دووه‌میش ئه‌وه‌یه که کۆی فه‌زای گشتی ڕۆمانه‌که هێنده نوقـی وههم و پوچگهرییه،خوێنه‌ری ئاکتیڤ حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی نابێت دا‌نیشێت و ڕه‌خنه‌ی ئه‌و دنیا خورافی و تێکسته سهرابییانه بکات که بازنه‌ی ڕۆمانه‌که‌ی له‌خۆ گرتووه.واته له لایه‌که‌وه که‌مترین بابه‌تی جێبایه‌خ،له لایه‌کیتریشه‌وه دنیایه‌کی ناکۆتا وه‌همی.به‌ڵام بۆ خوێنه‌ری پاسیڤ و په‌راوێزیی زه‌مینه‌که له باره.خوێنه‌ری پاسیڤ ده‌توانێت ده‌ست به هه‌موو پووش و پهڵاشێکهوه بگرێ و ئه‌سپی وه‌همی خۆی تاوبدات.هه‌روه‌ک بینیمان خوێنه‌رو نوسهرگهلێکی ئه‌و مه‌یدانه به‌بێ هیچ دیدێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی واقیعی و زانستی،عاتیفیانهو خهیاڵئامێزتر له فه‌زای ڕۆمانه‌که،ده‌ستیان بۆ پیاهه‌ڵدان و گه‌وره نرخاندنێکی مردوانه‌ی ڕۆمانه‌که برد،ته‌نانه‌ت تاکو ئه‌و ئاسته ده‌رۆیشتن بڵێن رۆمانێکی فه‌لسه‌فییه! بۆیه ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه زیاتر له‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی وههمزهدهو جادولێکراو و ڕۆچوونێک بێت به نێو خه‌یاڵسازیی ڕۆمانه‌که‌دا، ڕاوه‌ستان و پهردههاڵماڵینه له سه‌ر شێواز‌و ئه‌ده‌بی پووچگه‌ری که به‌ختیار له‌م ڕۆمانه‌یدا به ئه‌وپه‌ڕی هیچی گه‌یاندووه.
به هیچکردنی مێژوو
یه‌کێک له‌و ڕووبه‌ره سه‌ره‌کییانه‌ی که به‌ختیار له کاره ئه‌ده‌بییه‌کانیدا کاری له سه‌ر ده‌کات مێژووه، به‌ڵام مێژوو نه‌ک وه‌کو کات و شوێنێکی واقیعی_لانی زۆر که‌م وه‌ک واقێعێکی خه‌یاڵی ئه‌ده‌بی شیاو_ نه‌ک وه‌ک کێشمه‌کێش و چالاکییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی که کۆی تیۆر‌و پراکتیکی مرۆڤی له هه‌ناودایه، هه‌روه‌ها نه‌ک وه‌ک به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ئه‌م چالاکییه واقیعییه وه‌ک پێشتر گوتم له فه‌زایه‌کی خه‌یاڵی ئه‌ده‌بی شیاوداو نه‌ک له ڕێگه‌ی توخم و بزوێنه‌ره واقیعییه‌کانی خۆیه‌وه،به‌ڵکو وه‌ک فه‌زای تارمایی و وههم و له ڕێگه‌ی بزوێنه پاسیڤهکانهوه به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه.ڕۆڵی هه‌موو چالاکییه واقیعی و پۆزهتیڤییهکانی مێژوو سپێردرواوه به کۆمه‌ڵێک کاره‌کته‌ری په‌راوێزی و ناچالاک و بێ‌گیان،که له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌و له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو کێشمه‌کێشه زیندووه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه قه‌راریان گرتووه‌و پاسیفبوونی خۆیان ده‌ژین.مرۆڤ له ئه‌ده‌بی به‌ختیاردا بوونه‌وه‌رێکی داخراو و خه‌یاڵی و شکستخواردووه ،بۆ خۆی و له ژێر زه‌مینه خه‌یاڵی و ته‌پ و تۆز‌و شاره ئاوێنهییهکاندا ده‌ژێت،مرۆڤێکی خه‌وتوو و خه‌واڵوو و ئه‌فسانه‌ییه به تراژیدیهکاندا دێت و تراژیدییه‌کان ده‌گێڕێته‌وه،مرۆڤێکه واقیع و حه‌قیقه‌تێک ژیاوه‌و دواجار پشتی کردۆته ژیان.مرۆڤێکی خه‌ڵوه‌تی و گۆشه‌گیره،سێبه‌رێکه سه‌ر به ڕابردوو،هه‌ڵبه‌ته نه‌ک سه‌ر بهڕابردوویهکی فره دیو و فره ڕه‌هه‌ندو شاهێدێکی توخمه واقیعییه‌کانی کۆمه‌ڵگه،ڕابردویه‌ک نا ڕۆڵی ڕه‌هه‌ندو بکه‌ره چالاکه‌کانی نێو مێژوو ژیابێت وله فه‌زای خه‌یاڵی شیاودا نمایش بکات،به‌ڵکو توێژاڵه ڕووکه‌ش و بکه‌ره ناچالاکه‌کانی مێژوو ده‌گێڕێته‌وه،توخم و ڕووه گه‌ش و ئومێدبه‌خشه‌که‌ی مێژوو نا،به‌ڵکو ڕووهتاریک و مه‌رگه‌سات و توخمه مردووه‌کانی.
به دیتنی من به‌ختیار عه‌لی هه‌مان گه‌مه‌ی به تراژیدیکردن و شینگێڕانی ناسێونالیزمی کورد ده‌کات له په‌یوه‌ند به مێژوو و سێمبول و قورباییهکان.ناسێۆنالیزمی کورد له تایپه سیاسی و په‌یامه کۆمهڵایهتییهکهیداو به‌ختیار به دیوه فه‌نتازی و داخراو و پوچگهرییهکهیدا.هه‌ردوو ئه‌م تایپه یه‌ک ڕیشه‌و یه‌ک په‌یامیان هه‌یه به دوو ئاراسته‌ی جیاوازی فهنتازیاو واقیع.هه‌ردووکیان کار له سه‌ر بێئیراده‌کردن و ونبوون و پاسیڤکردنی مرۆڤه واقیعییه‌کان ده‌که‌ن.له باره واقیعیه‌که‌یدا ناسێونالیزمی کورد زیاتر له حه‌ڤده‌ساڵه خه‌ریکی مهراسیمسازیی و که‌ڕنه‌ڤاڵی گریان و شینگێڕانی درۆیینه‌یه بۆ قوربانییه‌کان، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی تراژیدییه‌کانی دوێنێ و به پرسهکردنی هه‌میشه‌یی مێژوو.له واقیعی ناسێونالیزمی کوردا مێژوو زه‌خیره‌و کۆڕهنگێکه بۆ ئارایشتدانی تراژیدیانه‌ی ڕۆخسارو ئێسکوپروسکی قوربانییه‌کان، دروستکردنی هه‌زاران په‌یکه‌ری به قاره‌مانکردنی مردووه‌کان،له کاتێکدا زیندووه‌کان هیچیان نییه…! قوربانییه‌کان ڕه‌مزی ئازادی و ڕزگارین،به‌ڵام له ساڵیادی ژه‌هربارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا که خه‌ڵکی داوای ئاو و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری ده‌که‌ن و خۆپیشاندان به ڕێده‌خه‌ن،گوله‌باران ده‌کرێن و له ڕۆژێ (هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید)دا(شه‌هید) ده‌کرێن!
"به‌ختیار"یش به شێوه‌ی خۆی هه‌مان گه‌مه ده‌کات،میژووی قوربانییه‌کان زیندووبن یان مردوو،ده‌بنه زه‌خیره‌یه‌ک بۆ به‌رهه‌مهێناوه‌ی وههم،بۆ شینگێڕان.دنیایه‌ک ده‌خولقێنێت مرۆڤه‌کان یان کوژراون یان دۆڕاو.قوربانییه زیندووه‌کان مرۆڤگه‌لێکی خه‌یاڵین که ڕۆڵێکیان له ژیاندا نه‌ماوه،مرۆڤی بێئیراده‌و گۆشه‌گیرو داخراو که له نێو ڕابردووی خۆیاندا غه‌رقبوون و پهلدههاوێن و سه‌وڵی هیچ لێده‌ده‌ن،یان له‌وپه‌ڕی چالاکییاندا سه‌رقاڵی غهزهلنوسین و فلوت لێدانن.
لای به‌ختیار قوربانییه مردووه‌کان له شێوه‌ی سێبه‌رو خه‌یاڵ و فریشته‌دا نمایش ده‌کرێن و چیرۆکی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه،له واقیعی ناسێونالیزمدا به هه‌مان شێوه‌و به جۆرێکی‌تر له زمانی زیندووه‌کان_ ناسێونالیستهکانهوه ده‌هێنرێنه نێو ژیانه‌وه‌و زیندوو ده‌بنه‌وه.له‌م واقیعه‌دا زیندوه‌کان ده‌بێت له پرسه‌یه‌کی ههمیشهییدابن و قوربانی قوربانییهکانبن.ئه‌م به قوربانیکردنهی زیندووه‌کان لای ناسێونالیزم به دوو ئاراسته‌دا پراکتیک ده‌کرێت،یه‌که‌م سه‌پاندن و به ناوهکیکردن و کڕنووشبردنێکی ئه‌به‌دی بۆ قوربانی،دووه‌م له ئاستی واقیعی و له په‌یوه‌ند به ناڕه‌زایه‌تی و داواکارییه ڕه‌واکانی خه‌ڵکه‌وه به ئه‌وپه‌ڕی کاره‌ساتی خۆی،واته به کوشتنی جه‌سته‌یی کۆتایی دێت.ناسێونالیزم کورد مرۆڤی چالاک و ئاڵ و گۆڕخوازو شۆڕشگێڕ‌و بزوونهوه کۆمه‌ڵایه‌تییه واقیعییه‌کان ده‌مکوت و سه‌رکوت ده‌کات،لای به‌ختیار مرۆڤی ئاکتیڤ و شۆڕشگێڕ نییه.هه‌ر وه‌ک چۆن مرۆڤی شۆڕشگێڕ لای ناسێونالیزمی کورد خه‌ته‌ره‌و به هه‌ر نرخێک و به له‌پێکردنی هه‌ر نرخێک بێت ده‌بێت له نێو ببرێت،که‌چی لای به‌ختیار ئه‌م بوونه‌وه‌رو بزوونهوه کۆمه‌ڵایه‌تییه واقیعیانه هیچبوونێکی نییه.له فه‌نتازیای ئه‌ده‌بی به‌ختیار عه‌لی دا ئه‌وه مرۆڤ‌و بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕ‌و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نین که مێژوو دروست ده‌که‌ن و مێژوو ده‌نوسنه‌وه،به‌ڵکو مرۆڤه پاسیڤ و خه‌یاڵی و خهڵوهتچییهکانن مێژوو دروست ده‌که‌ن و ده‌نوسنه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م به هیچکردن و به وههمکردنهی مێژوو،ئه‌م به پاسیڤکردنهی واقیعیه‌تی کۆمه‌ڵگه‌و به‌رامبه‌رکێ زیندووه‌کانی هه‌ناوی له کۆتێڕوانینی به‌ختیاردا(ئه‌گه‌رچی له وه‌همێکی بێتامدا نمایش ده‌کرێت) بێهۆو له خۆوه نه‌هاتووه.به‌ختیار په‌یامی بزووتنه‌وه‌که‌ی خۆی_ناسێونالیزمی کوردی به چاوی خۆی بینی و ئه‌زموونکرد، که چۆن ته‌نانه‌ت له به‌دیهێنانی خه‌ونه ناسێونالیستییهکانی خۆشی‌دا درۆی گه‌وره‌یکرد، چۆن کارکردو مێژووی ڕه‌شی(بارۆنه‌کان)به نێو مه‌رگی غهزهڵنوسهکاندا گوزه‌ر ده‌کات،وه‌ک له‌م ڕۆمانهیداو له ئیعتیرافی مورته‌زای شه‌یتاندا به‌رگوێمان ده‌که‌وێت،ده‌ڵێت:(من سندوقی ڕه‌شی بارۆنهکانم)
بێگومان سندوقی تاوانی بارۆنه‌کان له‌وه ڕه‌شتره که به‌ختیار له شێوه‌ی وههم و ڕێوێڵهدا بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌و فه‌زایه‌ک ده‌خولقێنێت که نه‌زانین بارۆنه‌کان کێن و سه‌ر به چی دنیا‌و سیسته‌مێکن.به‌ڵام حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه مێژوو به ته‌نها مێژووی بارۆنه‌کان نییه،مێژووی پیاوکوژانی دوێنێ و پیاوه بهرشکست و خه‌یاڵییه‌کانی ئه‌مڕۆ نییه،که به‌ختیار له‌و شکسته‌دا هه‌موو کۆمه‌ڵگه به شکست ده‌کێشێت و پاسیڤ ده‌کات.به‌ڵکو مێژووی واقیعی مێژووی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تییه‌کانه،مێژووی کێشمه‌کێشی چینایه‌تی و مرۆڤه شۆڕشگێڕ‌و تێکۆشه‌ره‌کانه،که به‌ختیار ئاورێکیان لێناداته‌وه.
کرێکار‌و کارخانه
ئێمه له ڕۆمانی(غه‌زه‌لنوس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)دا کرێکار‌و کارخانه ده‌بینین،لێره‌دا ئه‌م پرسیاره به‌گرنگ ده‌زانم:ئایا چیپاڵنهرێک"به‌ختیار"ی بردۆته پای کرێکار‌و نێو کارخانه؟چی وایلێکردووه ملی ئه‌و کاره‌کته‌ره کرێکارانه بگرێت و له کارخانه‌یه‌کدا دایانمه‌زرێنێت؟ چوونکه کرێکار‌و کارخانه که‌م و زۆر له دنیای نوسین و ئه‌ده‌ب و ته‌نانه‌ت جیهانبینی"به‌ختیار عه‌لی"دا نه جێگه‌یه‌کی گرتوووهو نه بایه‌خێک چه‌ند بچووکیش بێت پێیدراوه.کرێکار‌و کارخانه که‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتن و له‌وانه‌ش"بڤه"تر کۆمۆنیزمه‌وه هه‌یه،ئه‌وانه‌ش بابه‌تگه‌لێکن لای به‌ختیار ههزمناکرێن و ته‌نانه‌ت گۆشه‌یه‌ک له فهنتازیاو سه‌رزه‌مینه ئاوێنه بهندییهکانیشی پڕناکه‌نه‌وه.به‌ڵام له‌م ڕۆمانه‌دا"ناچار"بووه په‌نا بۆ کرێکار‌و کارخانه ببات،هه‌ڵبه‌ته نه‌ک بۆ وێنه‌کێشانی ڕه‌نج و شوێنی پڕبایه‌خ و خولقێنه‌ری چینی کرێکار،نه‌ک بۆ نمایش‌کردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه نامۆ و ناته‌بایه‌ی کرێکار‌و سه‌رمایه،نه‌ک وه‌ک شوێنی بێزراوترین شانۆی کێشمه‌کێش و چه‌وساندنه‌وه..نا،هه‌رگیز نا…به‌ڵکو شوێنێکه(دابڕاو له حه‌قیقه‌تی شوێنی کار)بڕێک"ژنی به‌دبه‌خت"یان"کرێکاری به‌دبه‌خت"بۆ"مافور چنین".یانه‌یه‌کی هونه‌رییه کرێکاره"به‌دبه‌خته‌کان"هه‌موو خه‌ون وخولیایهکیان ئه‌وه‌یه که چۆن فهنتازیترین مافوری دنیا بچنن و له‌و ڕێگایه‌وه گوزاشت له خه‌ون و ئازاره‌کانیان بکه‌ن!واته وه‌کچۆن سه‌رمایه‌دار ته‌نها کاتێک بیر له کرێکار ده‌کاته‌وه که که‌لێنه‌کانی کار‌و کارگه‌ی پێپڕبکاتهوهو قازانج به‌رهه‌م بهێنێت،"به‌ختیار"یش بایی ئه‌وه‌نده کرێکاری بیرکه‌وتۆته‌وه مافوری ئه‌فسانه‌یی بۆ به‌رهه‌م بهێنێت.هه‌ڵبه‌ته ئه‌م گوزارشتکردنهی به‌ختیار نامۆیی ڕه‌های دیدو ئیستاتیکای ئه‌و له په‌یوه‌ند به ئیستاتیکای کرێکاره‌وه به‌یان ده‌کات.به‌ختیار ئه‌گه‌رچی ژیانی کرێکار نه‌ژیابێت به‌ڵام وه‌کو نوسه‌رێک نزیکایه‌تی و ئاشنایه‌تییه‌کی له دنیا‌و خه‌ون وخولیاو ئیستاتیکای کرێکار نییه.ئیستاتیکای کرێکار له شوێنی کاردا ئه‌وه نییه ته‌واوی ژیان و ئاماده‌ییه جه‌سته‌یی و ڕۆحییه‌کانی له به‌رپێی کاڵاکاندا سه‌رفبکات،خه‌ون و خولیای ئه‌وه بێت که چۆن جوانترین و خه‌یاڵیترین فه‌رش و مافور بۆ بازاڕ‌و بۆ چه‌وسێنه‌رانی سازبکات.فه‌نتازیای کرێکار نامۆبوونه به کارخانه،به کاڵاو ئامێر‌و به مافورو به جوانترین به‌رهه‌مه‌کانی خۆی.کرێکار له‌م هه‌ل و مه‌رجه تاڵ و بێزراوه‌ی کاردا،ئه‌گه‌ر بۆی بلوێت،جوانترین و سه‌رسوڕهێنترین تابلۆی ده‌ستکردی ده‌ست و په‌نجه ماندووه‌کانی خۆی،به یه‌ک چه‌کوش ده‌کاته تۆزوگه‌ردی ده‌م(با)،به یه‌ک ته‌ڵ شخاته ئاگر له کارخانه‌و مافورو دنیا به‌رده‌دات،به جگه‌ره‌که‌ی نێو په‌نجه زبر‌و خولقێنه‌ره‌کانی هه‌زار کون ده‌کاته فه‌رش و ئه‌رزو ئاسمان،مێژووی کرێکار مێژووی شکاندنی ئامیره‌کانی کاریش بووه.بێمانایه تا ئه‌و ئاسته پابه‌ندی کرێکار به شوێن و کار‌و به‌رهه‌مه‌وه ئاوێزان ولێکههڵپێکرێت.به‌ختیار ئه‌گه‌رچی له شێوه‌ی زماندا هه‌میشه له دژی به ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ ده‌نوسێت،که‌چی له واقیعیترین و خولقێنهرترین بوونه‌وه‌ری نێو کۆمه‌ڵگه یانی کارێکار ڕۆبۆتێکی ترسناکتر له خاوه‌نکار دروست ده‌کات،ڕۆبۆتێکی قورمیشکراو دانیشتووه‌و به ده‌ستی و په‌نجه خوێناوییهکانێوه،به‌بێ وشیاربوون له هه‌لومه‌رج و په‌یوه‌ندییه‌کانی کار، مافور بۆ چه‌وسێنه‌رانی دروست ده‌کات.
ته‌نانه‌ت له کارخانه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا له په‌یوه‌ندی کرێکار‌و خاوه‌نکاردا هیچ ناته‌باییه‌ک بهدێناکرێت،نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو گوزارشتێکی لهمجوره ده‌خوێنینه‌وه که(تریفه)بڕێک له کاروئه‌رکه‌کانی(گه‌لاوێژخان)یشی خستۆته سه‌رشانی خۆی.که به پێچه‌وانه‌وه له هیچ شوێنێکی دنیا‌و له په‌یوه‌ندی نێوان هیچ کرێکار‌و خاوه‌ن کارێک‌دا،نه‌ک ئه‌و په‌یوه‌ندییه دروست و ته‌باییه بوونی نییه،بهڵکوکێشمهکێش وناتهباییهکی قووڵ به‌رجه‌سته‌یه،ناته‌باییه‌ک ته‌نها به له نێوچوونی موڵکایه‌تی له به‌ین ده‌چێت.
هه‌ڵبه‌ته من داوای ئه‌وه له به‌ختیار ناکه‌م که بۆچی ناکۆکی و ناته‌بایی نێوان کار‌و سه‌رمایه‌ی نمایش نه‌کردوووه،من له‌وه دلنیام که ئه‌و لایه‌نه بابه‌تی کار‌و ئیستاتیکای ئه‌و نییه،چوونکه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌و کرێکار‌و کارخانه‌ی بۆ شانۆی نمایش‌کردنی ناکۆکییه واقیعیی و پیسه‌کانی سیسته‌می چینایه‌تی نههێناوهتهگۆڕ.به‌ڵکو ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه جه‌ختی له سه‌ر بکه‌مه‌وه‌و په‌رده‌ی له سه‌ر ههلماڵم فه‌زای ته‌واو وه‌همی و ڕه‌های ڕۆمانه‌که‌یه له په‌یوه‌ند به واقیعه‌وه.ده‌توانم بڵێم ئه‌م نمونه‌یه واته نمونه‌ی کرێکار‌و کارخانه چه‌نده په‌یوه‌ندی به واقیعه‌وه هه‌یه کۆی بابه‌ت و ڕه‌هه‌نده جۆراوجۆرترهکانی نێو ڕۆمانه‌که‌ش هێنده گوزارشتیان له واقیع و حه‌قیقه‌ته‌کان کردووه.
نمونهیهکیتر له وههمزهدهیی ئه‌م ڕۆمانه له په‌یوه‌ند به خۆشه‌ویستی_ خۆشه‌ویستی(غه‌زه‌لنوس و تریفه)وه‌یه، هه‌ردووکیان له په‌ناده‌ستی یه‌کدان،که‌چی ده‌ستیان به یه‌ک ناگات.له نێو دنیای عاشقانه‌ی سۆفیگه‌ریدا نوقمن،نامه‌ی ئه‌وین و سوتان بۆ یه‌کتر ده‌نوسن به‌ڵام باوه‌ڕیان وایه تاهه‌تایه بۆ یهکنابن، ئه‌مه‌ش نمایشێکی پوچوو بێمانای سۆفیگه‌رییه که‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به دنیای واقیعه‌وه نییه،نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به واقیعێکی خه‌یاڵیشه‌وه نییه ته‌نها له گۆشه ساردوخامۆشهکانی سۆفیه‌کاندا نه‌بێت.ته‌نها شتێک به‌ختیاری هێناوه‌ته پای ئه‌م سینارێوسازییه وه‌همییه به‌لاغه‌ت و زمانسازییه.نه‌ک ئاوێزانکردنی ئه‌فسانه‌و زمان و واقیع.واقیع له بۆته‌ی ئه‌فسانه‌سازی و زماندا لای به‌ختیار ده‌بێته هه‌ڵم. زمان له پێناوی زمانداو ئه‌فسانه له پێناوی ئه‌فسانه‌دا هه‌موو شتێک ون و سهرابی ده‌کات.له‌م ڕۆمانه‌دا فکرو واقیع له پشتی زمان و خه‌یاڵه‌وه نییه،به‌ڵکو ئه‌وه زمان و ئه‌فسانه‌ن لاستیکی و ناکۆتا درێژ ده‌بنه‌وه‌و هه‌موو شتێک به‌ره‌و نه‌بوون ده‌به‌ن…
Kazmkader72@yahoo.com
کازم قادر
26.10.2008