ده‌چمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز..!
ده‌چمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز..!
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
من شتێکی گرنگم لێ ون بووه
من شتێکی گرنگم له‌بیرچووه
من به‌دوای شتێکی گرنگدا
ده‌گه‌ڕێم
جانتاکه‌م داده‌نێم
چاو ده‌نووقێنم و
خۆم له پاییزی تۆ هه‌ڵده‌کێشم
له حه‌وشه‌ی پاییزدا
دێم و ده‌چم
به په‌یژه‌دا ده‌چمه سه‌ربان
سه‌رێک به هێلانه‌ی کۆتره‌کاندا ده‌که‌م
ئینجانه‌کانی سووچی باغ
ئاو ده‌ده‌م
هه‌نارێکی مێخۆش ده‌نک ده‌که‌م
شیلان به دیارمه‌وه دانیشتووه و
نزگه‌ره ده‌کا
ده‌یخڵافێنم و
تا نزگه‌ره‌که‌ی له‌بیربکا
به ده‌ستوپلێکی هه‌ناراویی
له‌قله‌قێکی سپی پیشان ده‌ده‌م
که له هه‌وای خۆیدا
سه‌وڵ لێده‌دا
ده‌چمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز
له ڕێگه … چاوم ده‌برژێته‌وه
ناوله‌پم ختوولکه ده‌کا
شیلان و نازدار و نازناز و
یاسه‌مین و کچانی ده‌روجیران
له‌به‌ر ده‌رگا
دانیشتوون
ترس ده‌بژێرن
ته‌نیایی ده‌وه‌رێنن
چاوه‌ڕوانیی ده‌هۆننه‌وه
خه‌ون ده‌که‌ن به مه‌ولوو
وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سێک له دووره‌وه
بانگیان بکات
وه‌ک ئه‌وه‌ی گوێیان به بانگێکی دوور
بزرنگێته‌وه
جار ناجار ئاوڕێک له سه‌ری کۆڵان ده‌ده‌نه‌وه
ده‌چمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز
بۆ حونجه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌لفوبێی باران
ده‌چمه‌وه بۆ به‌ر هه‌تاو
بۆ لای که‌شتییه‌کانم له که‌نار و
پڕکردنه‌وه‌ی چارۆکه‌کان
ده‌چمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز
وه‌ک کراسێکی ته‌ڕی کوژراو و
ڕه‌نگ بواردووی غه‌مبار
خۆم به ته‌نافی حه‌وشه‌دا هه‌ڵده‌خه‌م و
ده‌شنێمه‌وه له‌به‌ر هه‌تاوی پاییزی تۆدا
وه‌کو منداڵ!
نامه‌ی غه‌مگینی کلک هه‌ڵته‌کێنه‌یه‌کم پێده‌گات
به په‌له … ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز
ئێواره‌یه‌ک زیکزیکه‌یه‌کی دانا
زه‌نگێکی بێ ژماره‌م بۆ لێده‌دا و
دوای چاکوچۆنیی و هه‌ندێک ورده گله‌یی
به ده‌نگێکی نازک پێمده‌ڵێ:
”له تاریکییدا بگه‌ڕێ به‌دوای توخمی نه‌مرییدا و
ئه‌و میلۆدییه بژنه‌وه
که پاییزانێک
گۆشه‌گیریی پیرۆز ده‌یژه‌نێ!”
پشیله‌یه‌کی بچکۆلانه له‌به‌ر ده‌رگای
ماڵی نازداردا ده‌پژمێ و
ڕاده‌چڵه‌کم
گوێچکه‌م پڕ ده‌بێ له ده‌نگی گه‌یینی نارنج
به په‌له … ده‌چمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز
وه‌ک جه‌نگاوه‌رێکی پیر
ده‌گه‌ڕێمه‌وه
بۆ به‌رده‌رگای ته‌نیایی
له‌سه‌ر سه‌کۆیه‌ک
له‌به‌ر هه‌تاودا داده‌نیشم
شمشێره‌که‌م له‌سه‌ر ئه‌ژنۆم داده‌نێم
خۆم له پاییزی تۆ هه‌ڵده‌کێشم و
خه‌ون ده‌بینم!
هێشتا به‌لوعه‌ی حه‌وشه‌ی ماڵی نازدار
تاشێک ڕووناکیی پێدا دێ
هێشتا نازناز ئاره‌زووی له نامه گۆڕینه‌وه‌یه و
ڕۆژی هه‌زار جار
گۆرانیی ( شاری غه‌ریب ) ه‌که‌ی ئه‌فسه‌ری شه‌هیدیی
له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌ڵێته‌وه و
به کراسێکه‌وه له پرته‌قاڵ
به‌رده‌رگای حه‌وشه
به گزنگ گسک ده‌دا
هێشتا له ژووره‌که‌ی سه‌ره‌وه
نه‌غمه‌ی ئۆکۆردیۆنه‌که‌ی شیلان
دێته گوێ
هێشتا گوێسوانه‌ی ماڵی
حاجی ڕه‌شیدی عاره‌بانچی
مه‌وج ده‌داته‌وه به گمه و به ئیمان
هێشتا دراوسێکان
ئێواران … به‌سه‌ر دیواری نزمی حه‌وشه‌دا
داده‌نه‌ون و
له ده‌فرێکدا به نه‌خشی ئاسمان
حه‌ڵوا و سه‌مه‌نی .. به‌شی یه‌کتر ده‌ده‌ن
هێشتا کاک قوبادی میهرزاده*ی نه‌قاش
له ژووری هه‌وره‌بانه‌که
هه‌موو ده‌ستوپل و جله‌کانی بۆیاوییه
به گرتنه‌وه‌ی ڕه‌نگ … بۆ چنینی شیعری جوان
هێشتا هۆده و هه‌یوانه عه‌لاحه‌دده‌که‌ی
ماڵی داده ڕه‌یحانی ئافتاب
مامۆستایه‌کی کرێچیی تێدایه … هی زه‌مانی په‌پووله بارینه‌که
که ئه‌مساڵ ئارازی کوڕی
بوو به پزیشکی منداڵان و
یاسه‌مینی کچیشی
له کۆلێژی داد وه‌رگیرا
هێشتا هه‌ور
که به‌یانیان به ئاسمانی کۆڵاندا تێده‌په‌ڕێ
نه‌ختێک ڕاده‌وه‌ستێ
گیرفانه‌کانی ده‌گه‌ڕێ و
چنگێک بارانمان بۆ هه‌ڵده‌دا
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز
به پێپلیکانه‌یه‌کی ته‌نگوتروسکدا داده‌به‌زم
به ده‌ستێک جانتایه‌ک و
به ده‌سته‌که‌ی تریش چه‌پکێک ڕێحانه‌کێویله
به چرپه
به گالیسکه‌چییه‌که ده‌ڵێم:
من چاو ده‌نووقێنم و
تۆیش .. هاوڕێی ئازیز
ئه‌ی هاوسه‌فه‌ری دێرین
له‌سه‌ر سه‌د و بیست
بئاژووه
بۆ کۆڵانی پاییز!
ده‌چمه‌وه بۆ کۆڵانی پاییز
به ژێر هه‌تاودا ده‌ڕۆم
نازناز له‌سه‌ربان جلک هه‌ڵده‌خات
گه‌رم دادێم
کوتوپڕ هه‌ست ده‌که‌م بوومه‌ته‌وه به کوڕی تۆ
منداڵ ده‌بمه‌وه
کوڵی گریانم به‌رده‌بێ
هه‌ر له‌به‌ر ده‌رگای حه‌وشه‌وه
جانتاکه‌م بۆ دوور … تووڕ هه‌ڵده‌ده‌م
ڕاده‌که‌م و
خۆم فڕێ ده‌ده‌مه نێو
پاییزی باوه‌شی تۆ!
من له کۆڵانی پاییزدا
زۆر … ته‌نیام
تایه‌کی به‌رزم لێدێ
له‌رزێکی توند دامده‌گرێ
جه‌سته‌م ده‌نیشێته سه‌ر ئاره‌قه
دڵم له‌سه‌ر سه‌د و بیست لێده‌دا
به ترسه‌وه … له ده‌رگایه‌ک ده‌ده‌م
ده‌نگێکی میهره‌بان له‌ودیوه‌وه ده‌ڵێت:
میوان تۆ کێیت؟
من له‌مدیوه‌وه ده‌ڵێم ….
خه‌ریکه بڵێم:
خ
ۆ
م
م
خ
ۆ
م!
له په‌شیمانیدا …. ده‌ڵێم
هیچ ناڵێم
بێده‌نگ
هه‌نسکێک ده‌ده‌م و
له ناوه‌وه‌مڕا
خوڕ … خوڕ
ده‌ڕژێم!
ده‌ڵێی شتێکی گرنگم لێ ون بووه
ده‌ڵێی شتێکی گرنگم له‌بیرچووه
ده‌ڵێی ئیدی … چ شتێک نه‌ماوه
من به‌دوایدا بگه‌ڕێم
چه‌پکه ڕێحانه‌کێویله‌که‌ت ده‌ده‌مێ
جانتاکه‌م داده‌نێم
باوه‌ش ده‌که‌مه‌وه
چاو ده‌نووقێنم و
به کوڵی گریانه‌وه
خۆم له پاییزی تۆ ده‌نێم!
گۆتینبێرگ / سلێمانی
سێپته‌مبه‌ری 2008
* قوبادی جه‌لیزاده‌ی شاعیر