Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له‌ کوێوه‌ گه‌یشته‌ کوێ

یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له‌ کوێوه‌ گه‌یشته‌ کوێ

Closed
by October 30, 2008 گشتی

 یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له‌ کوێوه‌ گه‌یشته‌ کوێ
 
 خه‌لیل غه‌زه‌ڵی
     khalil.ghazali@gmail.com
 
 
 له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوودا له‌ لایه‌ن ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی نیشتمانی‌یه‌وه‌ 2په‌یام بۆ ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌کان و له‌وانه‌ ماڵپه‌ڕی ئێمه‌(هه‌ڵوێست) نێردرا .به‌ باوه‌ڕی من ناوه‌رۆکی ئه‌و دووپه‌یامه‌ ، به‌پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی هه‌ڵوێست و کرداری تا ئێستای یه‌کێتی نیشتمانی له‌م بواره‌دا بوون. بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ رووانگه‌ی خۆمه‌وه‌ له‌مباره‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێکم هه‌بێت.
 ئ.ن.ک له‌و په‌یامانه‌دا که‌ یه‌کیان به‌ناوی "ده‌فته‌ری مام جه‌لال"ه‌وه‌ بوو، بڕیاری ده‌رکردنی چه‌ند ئه‌ندامی خۆی ،که‌ له‌ ناسراوترین و خۆشناوترین کادره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و رێکخراوه‌ن، دابوو. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ منی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ که‌ وێڕای ده‌سنیشان کردنی ره‌وتی بۆپاشه‌وه‌‌گه‌ڕانی "ئ.ن.ک"، له‌م بواره‌شه‌‌وه‌ هه‌ڵوێستی خۆم وه‌رگرم ، که‌ ئه‌ویش هیچ نی‌یه‌ مه‌گه‌ر پشتیوانی له‌ هه‌ر ره‌وت و که‌س و لایه‌نێک که‌ به‌ته‌مای زیندوو کردنه‌وه‌ی ئامانجه‌ ئینسانی و پێشکه‌وتنخوازانه‌کانی ئه‌و‌ رێکخراوه‌یه‌.
 له‌م بابه‌ته‌دا سه‌ره‌تا کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر ده‌رکردنی ئه‌ندام له‌ ناو حیزبه‌ کاندا باسده‌که‌م. پاشان دێمه‌ سه‌ر باسی یه‌کێتی و ده‌رکردنی ئه‌ندامه‌کانی و سه‌ره‌نجام به‌ کورتی باسی پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ی یه‌کێتی له‌ بیروباوه‌ڕه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی و پرۆسه‌ی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ ده‌که‌م.
 
 حیزبی کوردی و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ جیابیر
 له‌ پڕۆسه‌ی تێکۆشانی حیزبه‌ سیاسی‌یه‌کانی کوردستاندا(هه‌موو به‌شه‌کانی)، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، ره‌وتی فێکریی زاڵ به‌سه‌ر هه‌رکامه‌یاندا ته‌حه‌مولی جیابیری نه‌بووه‌ و له‌ ململانیی فیکریدا، ڕێبه‌ریی حیزب په‌نای ‌ بۆ زه‌بر و زه‌نگ بردوه و سه‌ره‌نجام کیشه‌که‌ی به‌ ده‌رکردن یا ته‌حمیلی ئینشقاق چاره‌سه‌ر کردووه‌. سه‌یریش له‌وه‌دایه‌ پاش هه‌ر له‌ت بوون و داته‌کین‌ێک(له‌ کادر و ئه‌ندامی تێگه‌یشتوو و خاوه‌ن هه‌ڵوێست)، رێبه‌ریی حیزبه‌کان ئه‌وه‌یان‌ به‌ به‌هێزبوونی خۆیان و "گه‌شه‌"ی حیزبه‌که‌یان له‌ قه‌ڵه‌م داوه ‌!!
 گه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا چاو له‌ هه‌رکام له‌ حیزبه‌کانی کوردستان(هه‌ر چوار پارچه‌) بکه‌ین ده‌بینین که‌ هیچیان خاوه‌نی رابردوویه‌کی جێ دیفاع نین و هه‌رکامه‌یان به‌شێوه‌یه‌ک و له‌ سه‌رده‌میکدا که‌وتوونه‌ لێدانی جیابیری خۆیان و گه‌ر ئه‌و جیا بیره‌ تاک بووبێت، تێڕۆری شه‌خسیه‌ت و که‌سایه‌تیان کردوه‌ و گه‌ریش ره‌وتێک بووبێت، وه‌ها فه‌زایه‌کیان بۆ پێکهێناوه‌ که‌ ته‌نیا له‌ سیسته‌مه‌ تۆتالیتێره‌کاندا وێنه‌ی هه‌بووه‌.
  ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌وشێوه‌ ره‌فتاره‌ی ساڵانی پێش به‌ تاوانی سیسته‌می فێکریی زاڵ به‌سه‌ر نزیک به‌ ته‌واوی هه‌موو حیزبه‌کوردیه‌کاندا (لێنینیزم و ستالینیزم) حیساب بکه‌ین، خۆ ئیشتا هه‌موویان (به‌ قسه‌ و ئیدیعا) ڕاده‌گه‌یه‌نن که‌له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌م سنووری خۆیان جودا کردووه‌ته‌وه‌ و "مه‌ده‌نی"تر له‌ ڕابردوو چاو له‌ حیزبایه‌تی و کاری سیاسی ده‌که‌ن. که‌چی ئێسته‌ش له‌ کرده‌وه‌دا هه‌مان کردار به‌رداومه‌ و بێحورمه‌تی کردن به‌ تاک وه‌ک خۆی ماوه‌!!
 هه‌ر له‌م پێناوه‌دا له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌  تا ئێستا هیچکام له‌حیزبه‌ کوردیه‌کان ئه‌و شه‌هامه‌ته‌یان نه‌بووه‌ که‌ وێڕای داوای لێبوردن له‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌خاتری بیروباوه‌ڕ ده‌ریان کردوون و حورمه‌تیان شکاندوون،ئیعاده‌ی حه‌سیه‌ت بکه‌ن و ڕه‌خنه‌ له‌ کاره‌ ناپه‌سه‌نده‌کانی خۆیان بگرن. کارێک که‌ کلیسای ڤاتیکان تا ئێسته‌ چه‌ند جار ئه‌نجامی داوه‌ و حیزبی کومونیستی سۆڤیه‌تیش پاش مه‌رگی ستالین له‌ زۆر له‌ قوربانیه‌کان ئیعاده‌ی حه‌سیه‌تی کرد.
 گه‌ر بمه‌وی له‌مباره‌وه‌ به‌شێوه‌ی دیار باسی ی.ن.ک بکه‌م، ده‌بێ بڵێم تا پێش ئێستا هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌م رێکخراوه‌، بێجگه‌ له‌ سه‌رده‌مێکی کورت (کێشه‌ی عیراقچیه‌تی و کوردستانی بوون له‌ نێو کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا و کێشه‌ ئاڵای شۆڕش- ره‌وتی فێکریی ئه‌وکاتی مه‌لا به‌ختیار و دۆستانی)، به‌گشتی یه‌کێتی هه‌ڵسوکه‌وتی باشتر له‌ حیزبه‌ کوردستانیه‌کانی دیکه‌ بوو. به‌شێوه‌یه‌ک گه‌ر کادر یا به‌رپرسێک (به‌هه‌ر هۆیه‌ک‌) نارازی ده‌بوو یا داده‌نیشت، نه‌یده‌بوغزاند و حورمه‌ت و رێزی ده‌پارێزرا. ئه‌وشێوه‌ ره‌فتاره‌ که‌ من خۆم سالانێکی زۆر له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان شاهێدی بووم، هه‌میشه‌ له‌ به‌رابه‌ر کرداری حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا له‌ ئاست تاکه‌کانی جیابیر، به‌ خاڵی ئه‌رێنیی "ی.ن.ک" م ده‌زانی و ستایشم ده‌کرد.
 سه‌رهه‌لدانی ی.ن.ک  پێداویستیه‌کی مێژوویی
 بێگومان پاش رووداوه‌کانی ساڵه‌کانی 64 تا 66 ی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌ نێو شۆڕشی ئه‌یلوول و ڕاوه‌ستانی ژمارێکی زۆر کادری لێوه‌شاوه‌ و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و مودێڕن(بۆ ئه‌و کات)به‌ رابه‌ریی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د له‌به‌رابه‌ر رێبازی خێڵه‌کی – عه‌شیره‌تی و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی مه‌لا مسته‌فا، ریزه‌کانی شۆڕشی ئه‌یلوول و کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وکاتی باشووری کوردستان زه‌رووره‌تی سه‌رهه‌ڵدانی رێکخراوێکی نوێ که‌ بتوانێ به‌دی هێنه‌ری ئامانجه‌ له‌خشته‌براوه‌کانی پارتی بێت، هه‌ستی پێده‌کرا.
 ئه‌وه‌ی که‌ ناکۆکیه‌کانی ئه‌وده‌م به‌ چ ئاقارێکدا رۆیشتن و هێزی به‌رهه‌ڵستکاری بارزانی خۆی تووشی هه‌ڵه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی تاکتیک و شێوه‌ی به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ هات، مه‌به‌ستی ئه‌م نووسراوه‌ نی‌یه‌. به‌ڵام هه‌ر به‌پێی ئه‌و زه‌رووره‌ته‌ که‌ باسکرا، له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌دا و له‌ شاره‌کاندا و له‌ نێو رووناکبیران و پێشره‌واندا، گه‌رای رێکخراوێکی مودێرن(بۆ ئه‌کات) به‌سترا ، که‌  به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ناوی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانه‌وه‌ پێی نایه‌ نێو مه‌یدانی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان له‌ باشوور.
 رێبازی خیڵه‌کی –عه‌شێره‌تی بارزانی و شێوه‌ی پێوه‌ندیه‌کانی سه‌ره‌نجام سه‌ری شۆڕشێ ئه‌یلوولی خوارد و دونیایه‌ک خه‌م و ناهۆمێدیی خسته‌ نێودڵی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌. به‌ڵام وه‌ک چاوه‌روان ده‌کرا ،ئه‌و داهێزان و نسکۆیه‌ درێژخایه‌ن نه‌بوو و هه‌ر پاش ئاشبه‌تاڵ رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌ ڕاگه‌یاندنی رێکخراوێکی نوێ ، شۆڕشێکی نوێ‌یان وه‌گه‌ر خست. شۆڕشێک که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کوردتدا و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانی ناوچه‌ و کۆنه‌په‌رستیی خۆجێی به‌ دژی راوه‌ستابوون، توانی له‌ دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد و به‌تایبه‌ت رووناکبیران و توێژی ورده بورژوازیی شار، جێگه‌ بکاته‌وه‌ و له‌وه‌ش به‌رفراوانتر ناوبانگ و خۆشه‌ویستی سنووره‌ ده‌سکرده‌کان ببڕی و ببێته‌ نوێنگه‌ی خه‌بات بۆ رووناکبیرانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان.
 ئه‌م رێکخراوه‌ که‌ خۆی وه‌ک به‌ره‌یه‌ک له‌ چه‌ند ڕیکخراو پێکهاتبوو، خۆی به‌ناوی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان "ئ.ن.ک" ڕاگه‌یاند، که‌ کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی هه‌ر کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان بوو، که‌ چه‌ند ساڵ پێشتر وه‌ک ئالتێرناتیڤی رێبه‌ریی خیڵه‌کی – عه‌شێتره‌تی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی باشووری کوردستان دامه‌رزابوو .
 ئه‌وکات و له‌ سه‌رده‌می ئه‌و داهێزان و بێ‌هیوایه‌ی پاش ئاشبه‌تاڵ، رێکخراوه‌کانی پێکهێنه‌ری "ئ.ن.ک" ، رێبه‌ریی ڕێکخراوه‌که‌یان دایه‌ ده‌ستی رێبه‌رێکی کاریزماتیکه‌وه‌(مام جه‌لال)، که‌ تا ئه‌و کات  خۆشه‌ویسته‌یه‌کی زۆری له‌ نێو به‌شێکی زۆر له‌ خه‌لکدا و به‌تایبه‌ت له‌ شاره‌کان و له‌ناو چین و توێژی نوێدا هه‌بوو.
 "ئ.ن.ک" توانی سه‌ره‌ڕای که‌ند و کۆسپی زۆر دژوار و تاقه‌ت‌پڕووکێن، له‌ ماویه‌کی کوردتدا و به‌ قوربانیدانی باشترین و ئاگاه‌ترین رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان ، هه‌ر له‌ شاره‌کان(باشووڕ) و زیندانه‌کانی به‌عس و خوێندنگه‌ و زانکۆکانه‌‌وه‌ تا شاخه‌کانی کوردستان حه‌ره‌که‌تێکی گه‌وره‌ و نوێ بخاته‌گه‌ڕ و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ر و رێکخه‌ری شۆڕشێکی نوێ، به‌ رێبازێکی نوێه‌وه‌ بناسرێت . هاوکات  ئه‌م رێکخراه‌ نوێ‌یه‌ توانی ببێته‌‌ پشت و په‌نا و هیوایه‌ک بۆ شۆڕشگێرانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان‌یش . هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌کاتێکدا گرینگن که‌پاش ئاشبه‌تاڵ، به‌ کرده‌وه‌ هیچ بزاوتێکی کوردی له‌ هه‌ر چوارپارچه‌‌ی کوردستان به‌دی نه‌ده‌کرا و داگیرکه‌ران به‌و خه‌یاڵه‌ گه‌یشتبوون که‌ کاری کوردیان بۆ هه‌میشه‌ یه‌کلا کرده‌وه‌ته‌وه‌.
 ساڵانێک یه‌کێتی به‌و شێوه‌ درێژه‌ی به‌ خه‌باتی سه‌خت و دژواری خۆیدا و له‌ زۆر که‌ند و بواران سه‌رکه‌وتووانه‌ تێپه‌ڕی. به‌ڵام به‌ تێپه‌ر بوونی زه‌مان تا ده‌هات ده‌وری پێشره‌وایه‌تیی ئه‌م رێکخراوه‌ لاوزتر و رێبازی پراگماتیستی له‌ شیوازی هه‌لپه‌رستانه‌ جێگه‌ی ده‌گرته‌وه‌. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌ بوو که‌ سه‌رۆکی "ئ.ن.ک" ، ئه‌گه‌رچی به‌روواڵه‌ت دژی سه‌ره‌ڕۆیی و عه‌شیره‌تگه‌ری بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌باری بیروباوه‌ڕه‌وه‌ تووشی گۆڕان هاتبوو و ده‌ستی له‌ باوه‌ڕه‌کانی پێشووی خۆی(چه‌پ و دێموکرات) هه‌ڵگرتبوو،گه‌ڕابووه‌وه‌ بۆ شێوه‌کاری سه‌ره‌ڕۆیانه‌ و عه‌شیره‌تگه‌ری و به‌ره‌به‌ره‌ به‌ توانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌‌ی ڕه‌نجده‌ران و هێزه‌کانی دیکه‌ی پێکهێنه‌ری "ئ.ن.ک"،  و یه‌کده‌ست کردنی ، به‌کرده‌وه‌ ئه‌م رێکخراوه‌ی تا ئاستی پارتی دابه‌زاند . تا ئه‌و ڕاه‌یه‌ که‌ له‌م دوایانه‌دا ده‌یبینین چ جیاوازیه‌ک(له‌باری ‌بیروباوه‌ر و هه‌ڵسوکه‌وته‌وه‌) له‌ نێوان ئه‌م دوو ریکخراوه‌ نابینرێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ چاوه‌روانییه‌کان ئه‌وه‌ بوون که‌"ئ.ن.ک" پارتی تا ئاستی خۆی هه‌ڵکشی ،نه‌ک خۆی تا ئاستی عه‌شیره‌گه‌ری و خورافه‌په‌روه‌ری ئه‌و دابه‌زێت. 
 ئاشکرایه‌ که‌ به‌ لاڕێدا بردنی رێکخراوێکی وه‌ک "ئ.ن.ک" که‌ بنه‌مای دامه‌رزانی وه‌ک باسکرا، راوه‌ستان له‌ به‌رابه‌ر دواکه‌وتوویی و رێبازی خێڵه‌کی بوو، هه‌روا به‌ ئاسانی له‌لایه‌ن قه‌واره‌ی ئه‌م رێکخراوه‌وه‌ قه‌بووڵ ناکرێ و له‌گه‌ڵ به‌رهه‌ڵستیی ئه‌و ئه‌ندام و کادرانه‌ی به‌ره‌وروو ده‌بێت که‌ هێشتا وه‌فادار به‌ ئامجه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌کانی کۆمه‌له‌ی ره‌نجده‌ران و"ئ.ن.ک"ن. که‌سانێک که‌ هێشتا له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌ ئه‌و ئامه‌نجانه‌ی که‌له‌ "مه‌شخه‌ڵان"دا ڕاگه‌یه‌ندران ده‌بێ بێنه‌ دی. ئه‌وه‌یه‌ که‌ مام جه‌لال هه‌روا به‌ئاسانی ناتوانێ ئه‌وه‌ی حه‌زی لێ‌بێت به‌سه‌ر "ئ.ن.ک"ی دا بسه‌پێنێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاواته ڕاگه‌یه‌ندراوه‌کانی سه‌رده‌می پێکهاتنی ئه‌م ڕێکخراوه‌ ، ئاواتی به‌شێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌لگه‌ و خه‌ڵکی باشووری کوردستان و بگره‌ هه‌موو کوردستانن . بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌‌ خوازیارانی به‌کرده‌وه‌ گه‌یاندنی ئه‌و ئامانجانه‌  ئیجازه‌ ناده‌ن "ئ.ن.ک" تا ئاستی پارتی دابه‌زێت و وه‌ک رێکخراێکی دواکه‌وتوو له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵسوکه‌وت بکات. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ که‌ به‌شێوه‌ی جۆربه‌جۆر ناره‌زایه‌تی و ئیعتراز له‌ ریزه‌کانی ئه‌م رێکخراوه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دن. تا ئه‌و جێگه‌یه‌ که‌ رێکخراوێک که‌ به‌روواڵه‌ت خۆی به‌ سوسیال دێموکرات ده‌ناسێنێ و ده‌سه‌ڵاتداره‌ و به‌پێی عورفی رێبازی سوسیالدێمۆکراسی ده‌بێ ته‌نانه‌ت فراکسیونیش له‌ بێوخۆیدا قه‌بووڵ بکات، بۆ پێشگرتن به‌ ناره‌زایه‌تیی ناوخۆیی، سیاسه‌تی سه‌رکوتی ئاشکرا ره‌چاو ده‌کات و ژمارێک له‌ کادره‌ پاک و خۆشه‌ویست و ناوداره‌کانی ده‌ر ده‌کات.
 به‌ڵام وه‌ک دیتمان دژکرده‌وه‌ی به‌شێکی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی "ئ.ن.ک"،که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی مام جه‌لال و خه‌ڵکانی ده‌وره‌وبه‌ری هه‌ڵوێستیان گرت ، نیشانی‌دا که‌ خوازیارانی به‌ئه‌نجام گه‌یشتنی ئامانجه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌کانی یه‌کێتی بن بڕ نه‌بووه‌ . هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که‌ ژمارێک له‌ کۆمیته‌کانی ی.ن.ک  وێڕای پشتیوانی له‌ ئه‌ندامانی ده‌رکراو، ئه‌و ده‌رکردن و ره‌چاوکردنی رێبازی سه‌رکوته‌یان  مه‌حکووم کرد. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینانه‌ گه‌رچی ده‌بێ به‌ بایه‌خه‌وه‌ چاویان لێبکرێ، به‌ڵام به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ئێستای "ئ.ن.ک" و کۆکردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵکانی بێ‌مایه‌، گاریگه‌ریی له‌ کورت ماوه‌دا زۆر چاوه‌روان کراو نی‌ێه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر حاڵه‌تدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنی که‌ هێشتا له‌ ریزه‌کانی ئه‌م رێکخراوه‌دا که‌سانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و تێنه‌گلاو له‌ گه‌نده‌ڵی ماون . که‌سانێک که‌ هیوای دوارۆژی بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازانه‌که‌مان له‌م به‌شه‌ی کوردستانن.

 درێژه‌ی هه‌یه‌
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.