له باره‌ی نیدیاوه….به‌شی چوواره‌م
له باره‌ى میدیاوه
(4)
خهوشهكانى رۆژنامه‌وانى
محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم
وه‌نه‌بێ ناشیرینییه‌كانى راگه‌یاندنى كوردى هێنده شاراوه‌بن، كه‌س پێى نه‌زانیبێت، ره‌نگه زۆربه‌مان كه‌م تا زۆر هه‌ستمان پێكردبێ.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان بێ له خه‌وش و ناشیرینییه‌كانى میدیا بدوێین، ناكرێ هه‌م میدیاى حزبى و هه‌م میدیاى ئه‌هلى له‌و واقیعه به دوور بگرین. هه‌رچى میدیاى حزبى یان ئاراسته كراوه، به ده‌گمه‌ن نه‌بێ له بازنه‌ى پیاهه‌ڵدان و ستایشكردنى ئه‌م و ئه‌و ده‌رنه‌چووه، ئه‌و كه‌ناڵانه به‌شى زۆریان خه‌ریكى رازیكردنى به‌رپرس و كاراكته‌ره‌كانى نێو ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كانن.
به‌مه‌ش ده‌نگ و ناڕه‌زایى خه‌ڵك خامۆشدهكهن، كاتێك به‌لاى كه‌م و كوڕى و ناتهواویهكانیشدا ده‌چن رووبه‌ڕووى سانسۆر ده‌بنه‌وه‌و وه‌ك پێویست ناتوانن ره‌خنه بگرن و پرسیار بخوڵقێنن. ناكرێ هه‌موو رۆژنامه‌وانانى نێو ئه‌و كه‌ناڵانه به ترسنۆك و بێ به‌هره بزانین، لێ به‌رنامه و ستراتیژیه‌تى ده‌زگاكانیان رێگاى چوونه به‌ره‌ى خه‌ڵكیان لێده‌گرێ. جارى واش هه‌یه خودى به‌رپرسانى ئه‌و كه‌ناڵانه به‌ده‌ر له رێنمایى حزبه‌كانیان، رووبه‌رووى هه‌موو جۆره ره‌خنه‌گرتن و ئازادى نووسین ده‌بنه‌وه‌و رێگا له هه‌ر جۆره بیرورایهكى جیاواز ده‌گرن.
رۆژنامه‌گه‌رى ئه‌هلیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌خوێندرێته‌وه و جۆرێك له زانیاری، ئه‌گه‌ر دووباره‌و ساردوسڕیش بێ، پێشكه‌ش به خوێنه‌ر ده‌كات، لێ هێشتا له‌ده‌ره‌وه‌ى ئیتیكى پیشه‌ى رۆژنامه‌وانى ده‌خولێته‌وه و له ناوزڕاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى هه‌ڵبه‌ستراو و بێ به‌ڵگه به‌دوور نییه.
ئازادى بۆ رۆژنامه‌گه‌رى چه‌نده گرنگه، راستگۆیى و پابه‌ندبوون به‌بنه‌ما پیشه‌ییه‌كان زۆر له‌وه گرینگتره، ئازادى بێ راستگۆیى مانایه‌كى بۆنامێنێته‌وه، مه‌گه‌ر فه‌وزاو بێ به‌رنامه‌یى نه‌بێت.
وه‌ك چۆن میدیا له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا پێویستى به بوێرى هه‌یه، هێنده‌ش زیاتر پێویستى به وردبینى و راستبێژیى و سه‌رچاوه‌ى باوه‌ڕ پێكراوه‌وه هه‌یه.
به‌داخه‌وه رۆژنامه‌گه‌رى كوردى زۆر به‌كه‌مى پشت به به‌ڵگه‌و دیكۆمێنت و ژماره ده‌به‌ستێ، زۆر جاریش به زانیاری نادروست هه‌واڵ و به‌دواداچوونمان پێده‌فرۆشێته‌وه.
بێگومان هه‌ر بڵاوكراوه‌یه‌ك بێ خوێنه‌ربێت و له سه‌ر شۆسته‌كان تۆزى له‌سه‌ر بنیشێ و بمێنێته‌وه، پرسیار دروست ده‌كات، یان سروشتى خه‌ڵكه‌كه وایه حه‌ز به خوێندنه‌وه ناكه‌ن، یا خود بڵاوكراوه‌كه، شتێكى تازه‌ى تێدانییه‌و شایه‌نى كڕین و خوێندنه‌وه نییه.
به‌و پێیه‌ى ئاستى وشیارى خوێنه‌ران جیاوازه، له روانگه‌ى ئاره‌زو و تێگه‌یشتنى خۆیان ده‌بنه كڕیارى رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان، بۆیه خواستى خوێنه‌ر كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئاراسته‌ى بڵاوكراوه‌كان ده‌بێ. خوێنه‌رى ئێره ئاره‌زووى خوێندنه‌وه‌ى وتار‌و به‌دواداچوونى جددى و مه‌عریفى نییه، به‌دواى بابه‌تى ساده‌و سه‌رپێیدا ده‌گه‌ڕێت، بۆیه‌شه زۆربه‌ى رۆژنامه‌كان ده‌چنه ژێر بارى حه‌زى ساكارانهى خوێنه‌رانیان.
رۆژنامه‌ى راسته‌قینه به‌هۆى په‌یامى ره‌خنه‌گرانه‌ى خۆى ده‌توانێ ببێته بهرههمهێنى دیموكراسى، كوردیش كه له قۆناخێكى تازه دایه، پێویستییه‌كى زۆرى بهرۆژنامهوانییهكى بوێر‌و به ئاگا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌ینێت، به گیانى دوژمنكارانه كار بكات و ئه‌خلاقى پیشه‌یی بدۆڕێنێت.
رۆژنامه‌نووس نابێ له روانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانى سه‌یرى شته‌كان بكات و بیر لهدهسكهوت بكاته‌وه، یان خه‌ڵكى بۆ كارى خراپ هانبدا.
رۆژنامه‌نووس گه‌ر نه‌توانێ پیشه‌گه‌ریانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكات و ئه‌خلاقى رۆژنامه‌وانى بپارێزێت، هه‌م زیان به ناوبانگى خۆى ده‌گه‌ینێت، هه‌م پیشهكهشى له‌به‌ر چاوى هاوڵاتى ناشیرین ده‌كات.
به‌داخه‌وه رۆژنامه‌نووسى كورد زۆر جار حوكمى پێشوه‌خته له‌سه‌ر شته‌كان ده‌دات، ئه‌وه نییه هێشتا تۆمه‌تبارێك كێشه‌كه‌ى له دادگا یه‌كلانه‌بۆته‌وه، كه‌چى رۆژنامه‌كان دێن ناوبانگى ده‌زڕێنن و تاوانبارى ده‌كه‌ن. له‌باسى گه‌نده‌ڵیشدا ره‌ش و سپى ده‌خه‌نه یه‌ك خانه‌و بێ ئه‌وه‌ى خاڵ بخه‌نه سه‌ر پیته‌كان حوكمى كوێرانه ده‌ده‌ن.
جارى واش هه‌یه رۆژنامه‌وان له‌ژێر سێبه‌رى كاره‌كه‌یه‌وه رۆڵى سیخوڕ‌ى ده‌بینێ و به ئاشكرا بازرگانى به پیشه‌ى رژنامهنووسییهوه ده‌كات.
به كورتى رۆژنامه‌نووسى راسته‌قینه، به‌هۆى راستى و راستبێژى، ده‌توانێ رۆڵێكى پۆزه‌تیڤ له كۆمه‌ڵگاكه‌ى ببینێ و خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تى بكات.