شێرزاد حەسەن لەدیدارێکى رۆژنامەى (ئاڵاى ئازادى) دا
شێرزاد حەسەن لەدیدارێکى رۆژنامەى (ئاڵاى ئازادى) دا:
قوتابخانەکانى ئێمە لە سەربازگەو شێتخانەو خەستەخانە دەچن
دیمانە: ئیدریس عەلى
شێرزاد حەسەن یەکێکە لەو رووناکبیرە جدیانەى کە خەمى گۆڕانى پرۆسەى پەروەردە بۆتە یەکێک لە خەمە گەورەکان.. ئەو جگە لەوەى کە رووناکبیرێکى قسەکەرە لە بوارە گرنگەکانداء پرسە چارەنووسسازەکانى کۆمەڵگەدا ، هاوکات سەرپەرشتیارى پەروەردەشەو لەنزیکەوە ئاگادارى رەوشى پەروەردەیە لە هەرێمى کوردستاندا.. ئاڵاى ئازادى بە گرنگى زانى لەگفتوگۆیەکى کراوەء راستەوخۆدا ئەم چەند پرسیارەى ئاراستە بکات.
ئیدریس: بەگشتى رەوتى پرۆسەى خوێندن لەم چەند ساڵەى دوایدا لە کوردستاندا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
شێرزاد حەسەن: لەدواى راپەڕینەوە ئێمە بیرمان لەوە دەکردەوە دەسەڵاتى کوردى بیر لە یەکێک لە ترسناکترین ء هەستیارترین دەزگا کەدەزگاى پەروەردەیە بکاتەوەء لەسەر ئاستى ئینساندۆستى کارى لەسەر بکات ء وابکات نەوەیەکى تازەو عاشق بەزانستء ئەدەبء هونەر پێبگەیەنێت، بەڵام لەپاش راپەڕینەوە دەسەڵاتى کوردى لەرووى سەرکردایەتییەو لەم بوارەدا ئێستاشى لەگەڵدا بێت زۆر کەمتەر خەم بوو.. تەنانەت لەسەر ئاستى مام جەلالء مەسعود بەرزانیش کەمتر خەم بوون، بەداخەوە سەرۆکەکانى هەموو دونیا راوێژکاریان هەیە ء کەسانى ژیرو دانا لەدەورى خۆیان کۆدەکەنەوە ء بیرلەوە دەکەنەوە کۆمەڵگا بەرەو رۆحێکى هاوچەرخانە بەرن بەڕێوە، وە پێشکەوتنێک ببینێ بەخۆیەوە ء گۆڕانێک لەسەر ئاستى رامیارىء فەرهەنگىء کۆمەلایەتى ببینێ بەخۆیەوە تەنانەت ئەوەى کە پێى دەوترێت رۆحى ئاشتى خوازى کە ئێمە خۆت دەزانیت سالانێکى دوورو درێژە بەدەست توند
و تیژى لەسەر هەموو ئاستە سیاسىء کۆمەڵایەتیەکان دەناڵێنین، دەکرا گۆڕانکاریەکى گەورە رووبدات بەڵام بەداخەوە ئەو میراتەى بەعس بۆى جێهێشتین لەماوەى ئەم شانزە ساڵەدا دەستکارى نەکراوە، تەنها ئەوەندە نەبێت لەکۆنگرەى پەروەردەدا کۆمەڵێک کەسى دڵگەرم وەکو کاک (دلشاد) کە خۆم کارى لەگەڵدا دەکەمء دەزانم کەسێکى دڵگەرمە ء حەز لەگۆڕان دەکات، وە ژمارەیەکى ترمان هەیە لە ئەوروپاو لەکوردستان تموحێکى گەورەیان هەیە بۆ گۆڕان.. بەڵام دەشزانم هێشتا سوپایەکى زۆر گەورە هەیە بڕواى نییەء دەترسێت لەگۆڕان، وە لەم کۆمەڵگایانەى ئێمە کە ترادسیۆنییەو تەقلیدیە ء بەئارامى بۆشتەکان چووە، چونکە هەموو گۆڕانێک هیلاکى ء بیرکردنەوەو ئازایەتیەکى زۆرى دەوێت، لەبەر ئەوە دڵنیام کە کەسانێکى دڵگەرم هەیەو خوازیارى گۆڕانن.. من بەشبەحاڵى خۆم هەموو خەونء ئومێدێکى گۆڕان لەساڵى پاردا دەبینم، دەتوانم بڵێم کۆمەڵێک بڕیاردراوەو کۆمەڵێک کەسى باش هاتوونەتە پێشەوە ء هەموان کۆکین لەسەر ئەوەى کە دەزگاى پەروەردە ناکریبَت بەم شێوەیە بڕوات بەڕێوە، ئێمە هیچ فەلسەفەیەکى ئەخلاقىء زانستىء بنەمایەکمان نییە بۆ پێشخستنى زانست، پێشموایە کە یەکێک لەئەرکەکانى قوتابخانە بەکۆمەڵایەتى کردنى ئینسانى کوردییە، بەڵام ئەفسوس هێشتا لەسەر ئەو ئاستە کارمان نەکردووە، من وەک هەمیشە وتوومە ئێمە زیاتر داهۆڵء تووتى درووست دەکەین لە قوتابخانەکاندا.. وە ئێمە ئەگەر تەماشاى ئەم نەوەیە بکەین ء راپرسییەک بکەین دەبینین زۆر توڕەیە لەنیشتمانء هیچ ئینتمایەکى نییە هیچ خەونێکى نەهاتۆتە دىء بێزارە لەسیاسەت ء وەڵام نەدراوەتەوە بەهیچکام لەداواکاریەکانى، تۆ تەماشابکە یەکێک لەوشوێنانەى کە خەڵکى تێدا پەروەردە دەبێت بۆ ئەوەى خاکء نیشتمانى خۆى خۆش بووێت قوتابخانەیە، دیارە لەهەموو دونیادا بەم چەشنەیەو بەم ئاراستەیە کاردەکەن، پێشموایە ئەو نەوەش کە دواتر دێت هەر دردۆنگە لەنیشتمان ء توڕەیە لەزانست بەدەلیلى ئەوەى هەر کەس کۆلێژء زانکۆ تەواو دەکات دەڵێت "ئیتر رزگارم بوو لەکتێبء کاغەز"، کەواتە یەکەم تۆرانى ئێمە لەکتێبء مەعریفە لەیەکەمى سەرەتاییەوە دەست پێدەکات ء تا زانکۆ لەگەڵ خۆمانى دێنین.. چونکە سیستمى پەروەردە سیستمێکى سەربازییەو زیاتر لەتەنەکەى زبڵ دەچێت، وە منداڵێک لەتەمەنى چواردەساڵیدا دەبێت لەهەموو انەکاندا دەربچێت من رۆژانە سەردانى قوتابخانەکان دەکەم سەدان کوڕء کچ هەیە لەسەر یەک وانە سێ ساڵ لەپۆلێکدا ماوەنەتەوە.. کەمن دڵنیام لەهیچ شوێنێکى دنیادا گاڵتە جاڕى وانەماوەء ئەمە شورەیە.. من بڕوام وایە ئەگەر قوتابى لە دوو وانەش بکەوێت پێویستە تێپەڕێنرێتء نەمێنێتەوە لەبەر ئەوەى مرۆڤ لەهەموو دنیادا لەیەک شتدا بلیمەتەء شارەزایى لەیەک بواردا دەبێت.. ئێمەش دەبێت بزانین چۆن سیستمێکى تازە بدۆزینەوە کە تائێستا بیرمان لێنەکردۆتەوە وەک چۆن لەوڵاتانى ئەوروپاو تەنانەت ئاسیاشدا پەیڕەو دەکرێت، ئەویش ئەوەیە لەباخچەى ساوایانەوە چاودێرى بکرێن توێژەرى کۆمەڵایەتى ء مامۆستاى تایبەتء کەسانى دەروونناس چاودێرى منداڵەکان دەکەن بۆ ئەوەى بزانن مەیلء ئارەزوو حەزەکانیان چییە تادەگاتە قۆناغى گەنجێتى بەرلە چوونە زانکۆ دەگەنە ئەو قەناعەتەى کە ئەو منداڵە لەشتێکدا بلیمەتە .. وە هەرگیز باوى ئەوە نەماوە لەکەسێک بدەى لەسەر ئەوەى کە هیچ نازانێت چونکە بەهیچ شێوەیەک کەسێک نەماوە پێى بوترێت تەمەڵ، ئەگەر کەسێک دەماغى تەواو نەبێت دەیبەنە خەستەخانە.. بەڵام بەداخەوە ئێمە لەنێوان نێرو مێ جیاکارى دەکەین ، قوتابخانەمان کردووە بەشوێنى تەمەڵء زیرەکەکان، هەژارو دەوڵەمەندەکان..یەکێک لەو شوێنانەى کە دەبێت رۆحى جیاکارى بکوژێتء منداڵء کوڕو کچ هەست بکەن لەسەر هەموو ئاستەکان یەکسانن، بەڵام بەداخەوە لەوڵاتى ئێمەدا ئەم جیاوازیانە تۆخ دەکرێنەوە.. من لەو بڕوایەدام ئەو میراتەى بەعس یەک هەنگاو بەجێنەهێڵدراوە مەگەر لەم چەند مانگەى پێشوودا کە کۆمەڵێک بڕیارو خەونى گۆڕان هەیە..بەڵام بیریشمان نەچێت هێزێکى کۆنەپارێزیش هەیە لەبەرامبەر گۆڕاندا.
ئیدریس: گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانە چین کە جێگەى ئومێدبن بۆ پرۆسەى پەروەردە؟
شێرزاد حەسەن: هەمو دەزگاى پەروەردە لەسەر دوو شت راوەستاوە، یەکەمیان کادرە ئینسانیەکانە لەدەرگاوانەوە تادەگات بەبەڕێوەبەر هەموویان لێبڕاوانە ئیش دەکەن، لەگەڵ کەلءپەلء پێدویستیەکان، ئێمە بەداخەوە لەرووى تەکنەلۆژیاى تازەوە هەژارین بۆنمونە کۆمپیوتەر هەیە بەڵام لەقوتابخانەکاندا بەکار ناهێنرێن، باوى ئەوە نەماوە تەختەو تەباشیرت هەبێت لەهەموو شوێنێک سکرینء دیڤیژن ئیش دەکات.. سەیرکە ئەمڕۆ چەرخى وێنەیە کەچى ئێمە هێشتا کتێبێکى رەقء تەقمان لەبەردەستدایە لەگەڵ تەختەو تەباشیرێک کە ئەمە باوى نەماوە، بۆیە دەبێت ژینگەى قوتابخانە چ بەلایەنى کادرى ئینسانى بگۆڕدرێت بەکادرێکى زۆر پێَشکەوتوو کراوەو مۆدێرن ء عاشق بەکارى مامۆستایەتى ء پەروەردەیى وە دەبێت جۆرێک لەبەهەشت درووست بکرێت لەقوتابخانەدا چونکە فەلسەفەیەکى زۆر سادە هیە لە رۆژئاوادا " گەر خۆشبەخت نەبیت فێر نابیت" ئێمە لەباخچەى ساوایانەوە منداڵەکانمان غەمگینن تازانکۆ تەواو دەکەن، تۆ کە غەمگینء توڕەو پەست بوویت فێر نابیت، سەیر لەوەدایە ئێمە دوو دوژمنکارمان لەبەرامبەر یەکدا داناوە لە قوتبخانەکاندا کە ئەویش مامۆستاو قوتابییە، من دووبارەى دەکەمەوە قوتابخانەکانى ئێمە تەنانەت بەکەڵکى بەندینخانەى هەندێک لەوڵاتانى ئاسیاش نایەت.. کامە قوتابخانەیە لەسلێمانى وەک شێتخانەو خەستەخانەو سەربازگە وەهایە ء هیچ سیفاتێکى قوتابخانە لەو بینایانەدا بەدى ناکرێت بەوانەشەوە کە ئەمساڵ درووست کراون نوێن، هیچ ژینگەیەکى تەندرووست بەدى ناکەین لە قوتابخانەکاندا کە منداڵ تێیدا بەختەوەر بن ، تۆ تەماشا لەنەوەى منەوە تا ئێستا نەوەرزشء نە هونەر بەتێرى ناخوێنرێت بەلام ئاینء مێژوو ماتماتیک بەتێرى دەخوێنرێت ، بەڕاى من وانەى هونەرو وەزشء مۆسیقا خەیاڵى منداڵ فراوان دەکەن یەکێک لەوشتانەى کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆلاى منداڵ خەیاڵە، قوتابخانەکانى ئێمە لەباخچەى ساوایانەوە یەقین فرشن، یەک حەقیقەت بینء یەک حەقیقەت پەرستن، وە هەرگیز کەمنداڵێک لەباخچەى ساوایانەوە پەروەردەى دەکەین تادەگاتە زانکۆو دەبێتە بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتى ء پیشەیەک لەپیشەکان هەڵدەبژێرێت دەبێت کەسێکى رەخنە گرى چاونەترسى ئازاى لێدەرچێت.. بەلام ئێمە بەپێچەوانەوە مرۆڤى شەرمنء ترسنۆکء زەلیل درووست دەکەین، ئێمە لەدواى اپەڕینەوە پەرلەمانتارمان هەیە ، لەسەدا نەوەدى پەرلەمانتارەکانمان بەژنء پیاوەوە شەرمنن.. ئێمە بەدەیان حزبمان هەیە جگە لەسەرکردە پیاوەکانى تر هەمووى کارەکتەرى شەرمنن.. ئێمە نەمانتوانى لەخێزانء قوتابخانەو مزگەوتء شانەکانى حزب ء سەربازگەکانء ناوەندە کۆمەلایەتیەکاندا کەسانى ئازاو داهێەرو بلیمەت درووست بکەین ، ئێمە چەندین ساڵە فیزیاو ئیحیا دەخوێنین یەک داهێنەرى فیزیام بۆ بدۆزەرەوە لەم ولاتەدا؟ کیمیاگەرێکم بۆ بدۆزەرەوە؟ ئاخر مندالان دەچنە بەشى کوردى کەچى رقیان لەئەدەبى کوردى دەبێتەوە.. تۆ سەیربکە لەسەدا نەوەدى ئەوانەى دەچنە زانکۆ بەخواستى خۆیان وەرناگیرێن بەڵکو بەشەق دەنێردرێنە ئەو پۆلانەوە.. تۆ بیربکەروە رقت لەزانستێکەو چوار ساڵ دەیخوێنیت چ کەڵکێکى لێ دەبینى؟ کەواتە ئەوشێوازە پەروەردەییەى لە دەزگاى پەروەردەییدا هەیە هەمان ئەو شێوازەیە کە پەنجا ساڵ لەمەوبەر هەبوو وە ئەو پێداویستیانەى وەک مێزو کورسى جگە لەسەربازگە بەکەڵکى هیچ شوێنێکى تر نایەت.. وە سیستمى سزاو ئیمتحانات دەبێت بگۆڕدرێت چونکە تائێستاش سیستمى تاقیکردنەوە سیستمێکى پەروەردەییە.. لەکاتێکدا کەس نییە لەدنیادا لەسەر نەزانین سزا بدرێت کێ هەیە حەز لەفێربوون نەکات؟ بەڵام تۆ دەبێت بێیت قوتابخانەیەک درووست بکەیت منداڵەکان عاشقانە حەز بەفێربوونء زانست بکەن.. بەلام تۆ جەهەنمێکت درووستکردووە و دەتەوێت فێریش بن؟ لەبەر ئەوە ژینگەى قوتابخانەکان پێویستە سەرتاپا بگۆڕدرێن .. تۆ سەیربکە شێوەى دانیشتن لە پۆلەکاندا وەک شێوەى دانیشتنى مزگەوتەکانە، مامۆستایەک بەپێوە وەستاوە قسان دەکات ئەوانى تر دەبێت قور بەسەرانە دانیشن گوى َبگرن.. ئەمە لەهەموو دنیادا نییە وە لەهەموو دنیادا ئەوەنەماوە بەتەنیا وانە بڵێیتەوەو ئیمتحان بدەیت بەڵکو بەشێوەى گروپ کار دەکەن ء گرنگى بەئیشى گروپ دەدرێتء دانیشتنى ناو پۆلەکانیش بازنەییە ئەوەنییە پشتى ملى هاوڕێکەت ببینى کە قسەت بۆ دەکرێت.. بەکورتى ئەم سیستمە کۆنەو پێویستى بەگۆڕانکارى هەیە.
ئیدریس: مامۆستا شێرزاد تائێستاش لێدان لەناوەندەکانى خوێندندا شێوازێکە بۆ فێرکردنء گوێڕایەڵ بوون .. تۆ پێتوایە کەسێک هەبێت بەلێدان فێربێتء بێتەوە سەر رێگاى راست؟
شێرزاد حەسەن: من بیرم ناچێت کەیەکەمجار بردمیانە قوتابخانە بەمامۆستاکەیان وت" گۆشتەکەى بۆ تۆو ئێسقانەکەى بۆ ئێمە" هەزاران باوکء دایک کەیەکەمجار منداڵەکانیان دەبەنە قوتابخانە ئەم رستە بەناوبانگەیان هەیە، دیارە لەئەوروپاش سەردەمانێک بەم قۆناغەى ئێمەدا تێپەڕیون، واتە توندوتیژى لەکلێساکانەوە گوازرایەو بۆ قوتابخانەکان ئەوانیش سەردەمانێک گیرۆدەبوون بەدەست روانینى توندوتیژء سزادانەوە بۆ ئەوەى مرۆڤ جوانء رەوشت بەرز بێت ء فێریش بێت، تێروانینەکە وەهابووە گەر کەسێک فێرنەبوو یان نەیزانى یان گوێ رایەڵ نەبوو پێویست بوو لێى بدرێت وەک چۆن هێسترێک یان بزنێک لەرێگا لادەدا بەدارو تێڵا دەیهێننەوە سەر راستە رىِ، ئاوەهاش بۆ منداڵان لەقۆناغێکدا لەئەوروپا دار بەکار هاتووە..ماتماتیک ناسێکى گەورەى ئینگلیز لەکتێبێکیدا باسى ئەوەدەکات کە روانینى مرۆڤ بۆ هێنانە سەر رێگاى راست بەلێدانء کوتان بووە کە ئەمە پەیوەندى بە عەقڵى سەربازییەوە هەیە، بۆیە ئاسان نییە لەکولتورێکى وەهادا کە کولتورى دەرەبەگییە ء بڕواى بە سزادانء لێدانء شکاندنى نەوەى تازە هەیە وە بڕواى بەترس هەیە، چونکە لەوڵاتى ئێمە رێز پابەندە بەترسەوە، لەبەر ئەوە ئێستاش زۆرێک لەمامۆستایانى تازە بڕوایان وایە بۆ ئەوەى رێزیان لیبگریت دەبێت بترسیت ء شەرم بکەیت،کەواتە لێرە هەتا خۆت بەگەورەتر ببینى خۆت بەدانا ترو ژیرتر دەبینى وە ئامادەنیت تێکەڵ بەوانە بیت کەپلەیەک لەبەر هەرهۆیەک بێت لەخوار خۆتەوەن، تەنانەت لەنێو ئەدیباندا سەردەمانێک کەسانێک هەبوون زۆ زەحمەت بوو بیانگەیتێء دانیشى لەگەڵیان لەبەر ئەوە پێیانوابوو تۆ تازە دەستت داوەتە نووسینء ئەوان لەپێشترن ئەمەش جۆرێک بوو لەسزادان تۆیەکى گەنج کەدواى من دەست دەکەیت بەنووسین فەرامۆشت دەکەم ئەمە جۆرێکە لەسزا، دیارە ژیانى سیاسیش هەروایە تۆ دەبێت چەندین پەردەو دیوار ببڕیت تادەگەیتە سەرکردە، ئەمە پلە بە پلە لەژیانى کۆمەڵایەتیدا رەنگى داوەتەوە ئەوکەسەى خۆى لەتۆ بەگەرەتر دەزانێ بۆى هەیە هەر جۆرە سزایەکت بدات، ئەخلاقیاتى مزگەوت کە مەلا فەقێیەکى دارکاى دەکرد لەسەر ئەوەى جزمى عەمەى لەبەر نەکردووە هەمان عەقڵیەت لە قوتابخانەکان دووبارە بۆتەوە.. لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام گومانمان هەیە لەعەقڵى بەرامبەر کە عەقڵێکى پۆخڵء دەبەنگە بۆیە واچاکە بەلێدانء سزاو ترس بتوانین مامەڵەیان لەگەلدا بکەین.. لەبەر ئەوە لەسیستمى پەروەردەى تازەدا دەبێت ژینگەیەکى وا فەراهم بکرێتء وا بکەین لە مندڵەکان بەعیشقەوە حەز لەفێربوونء خوێندنء زانست بکەن نەک بەترسء شەرمء تۆقاندنەوە.. دەبێت ژینگەیەکء بەهەشتێک درووست بکرێت لە قوتابخانەکاندا کە مندالان لقەکانى ئەدەبء هونەرو زانست فێر ببن، لێرە رەگو ریشەى ئەو کولتورە دەگەڕێتەوە ناو ماڵەکان چونکە لەنێو ماڵەکانیشدا منداڵەکان بەردەوام لێیان دەدرێت .
ئیدریس: هەست ناکەیت پەیوەندى نێوان قوتابىء مامۆستا وەک پەیوەندى نێوان وەچەو باوک وایە لەخێزانەکاندا؟
شێرزاد حەسەن: من لەئەدەبیشدا کار لەسەر ئەوە دەکەم کە وێنەى باوک دووبارە دەبێتەوە لەوێنەى مامۆستاو مەلاو قەشەء ئاغاو ئەفسەرء سەرکردەدا .. تەنانەت لەرووى چینایەتیشەوە سەیربکەین هەژارەکە زەلیلى بەرەدەست سەرمایەدرەکەیە، بۆیە من قسەیەکى فرۆید پەسەند دەکەم دەڵێت" یەکتا خودایى کە ملیۆنەها خەڵک دەیپەرستن درێژکراوەى ترسى تۆیە لەباوک" کەواتە ئەوترسە گەورەى تۆ لەخودات هەیە بەشێکە لەوترسەى لە باوکت هەیە لەماڵەکەى خۆتدا، بۆیە وێنەکان یەک لەدواى یەک کۆپیى یەکن، هەرهەمووشیان بڕوایان بەتوندوتیژىء سزا هەیە، هیچ کەسێک نییە لەباوەشت بکاتء خۆشى بوێیت تاشتەکانت فێر بکات هەرهەمووى بەسزاو توندو تیژییەوە بووە.
ئیدریس: ئەمساڵ یەکپۆشى جلء بەرگ لە قوتابخەکاندا پەیڕەو دەکرێت بەراى تۆ لەرووى دەروونییەوە تاچەند کاریگەرى بۆسەر خوێدکاران دەبێت مەسەلەن کەسێک حەز بەپۆشیى رەنگێک دەکات جیا لەو رەگەى بۆى دیارى کراوە لەسەروو ئیرادەو زەوقى خۆیەوە؟
شێرزاد حەسەن: من واى بۆ دەچم دوو دیوى هەیە یەکیان کۆمەڵە کەسانێک هەن پێیانوایە یەکپۆشى کارێکى باش نییە لەبەر ئەوەى واچاکە ئەو ئازادیە بدەیتەوە بەوکەسە کە چیى دەپۆشێت یان نا، بەڵام من ئاگادارم لەئەوروپاش لەقۆناغى ناوەندیدا کوڕو کچ یەک جۆر پۆشاک دەپۆشن ئەوان قەناعەتیان وایە هەر قوتابخانەو ناوچەو شارێک جۆرێک جلءبەرگ لەبەر بکەن تایبەت بەخۆیان.. دیوێکى سەربازیشى تێدایە بۆئەوەى هەرهەموومان لەیەک بچین ئەمە لەزۆرێک لەقوتابخانەکاندا پەیرەو دەکێت بەڵام لەزانکۆدا جۆرێک لەئازادى هەیە.. بەلام لەوڵاتى ئێمە شتێکى ترە وەختێک ئازادى دەدەین لە پۆشیندا هەمیشە لەجلەکاندا منداڵانى بەگزادەو ئاغازادە دەردەکەون، خۆ هەر دەردەکەون هەیە باوکى بەسەیارە دەیهێنێت بەداخەوە دەزانم ئەمە لەباخچەى ساوایانەوە بنەبڕ ناکریت تا دەگاتە زانکۆ.. چونکە لەرووى چینایەتییەوە خەڵک هەژارو دەوڵەمەندە .. دەتوانین بڵێین هەیە شاهانە دەژى هەشە دەکەسن لەژوورێکد دەژین هەشە سێ کچى قوتابیەء باوکى کۆڵکێشء هەژارە تۆ بیربکەرەوە ئەم پیاوە چۆن سێ جۆر جل درووست بکات ؟ لەبەر ئەوە یەکپۆشى دوو دیوى هەیە یەکیان دەکرێت بڵێیت لێیانگەڕێ بائازاد بن چیى دەپۆشن، دیوێکى ترى ئەوەیە جیاوازیەکى زۆر هەیە ئەگەر هەرکەس بە ئارەزووى خۆى جل لەبەر بکات جیاوازیەکى زۆر دەردەکەێت، بەراستى من خۆم لەگەڵ یەکپۆشیدام بەمەرجێک شتێک لەجوانکارى تێدابێت.. ئێمە لەرووى کۆمەڵایەتیەوە هێشتا کۆمەڵگیەکى کۆنپارێزین ئەوانەى لەبوارى پەروەردەدا ئیش دەکەن بیرو باوەڕى جیاوازیان هەیە بۆ یەکپۆشى هێشتا ساغیش نەبۆتەوە، دەکرێت راپرسى بکرێت چی تێدایە لەژمارەیکى زۆر خوێندکار بپرسین راتان لەسەر یەکپۆشى چییە حەقە بەرەلەوەى ئەم بڕیارە دەربچێت ئامارێَک ئامادە بکرێت لێکۆڵینەوە بکرێت ئینجا بڕیارى لەسەر بدرێت.
ئیدریس: چیبکەین بۆ ئەوەى لەبوارى پەروەردەدا نەوەیکى تەندرووست پێبگەیەنین؟
شێرزاد حەسەن: هەموو ئەوشتانەى پێشتر وتم.. ژینگەى پەروەردە بگۆڕدرێت تا دەگاتە پرۆگرامەکانى خوێندن، تادەگات بە گۆڕینى کادرى پەروەردەیىء مامۆستا لەگەڵ گۆڕینى شێوازەکانى وانە وتنەوەدا کە زۆر تەقلیدىء کۆنە ، تادەگات بەو قەناعەتەى خوێندکاران پێویستە شادومان بن بۆ ئەوەى فێربن.