دادگای تایبه‌تی بۆ تاوانبارانی جه‌نگ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگه له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا
دادگای تایبه‌تی بۆ تاوانبارانی جه‌نگ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگه له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا
ن.: دانیال تیورهر
و. له ئه‌ڵمانییه‌وه: هیوا ناسیح
له‌و ماوه‌یه‌ی پێشودا ڕادۆڤان كارادیچ راده‌ستی دادگای تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له (ده‌نهاخ) كرا، له لایه‌كی تره‌وه له چه‌ند مانگی ڕابردوشدا، دادگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ سزادان بریاری ده‌سگیركردنی بۆ سه‌رۆكی سودان (عومه‌ر به‌شیر) ده‌ركرد و بانگه‌وازی بۆ كرد. به‌ڕای نوسه‌ری ئه‌م وتاره مه‌سه‌له‌ی راكێشانی سیاسییه‌كان بۆ به‌رده‌م دادگا و بهرپرسیاركردنیان له تاوانه‌كانی جه‌نگ، ده‌كرێت به قه‌ڵه‌مبازێكی گرنگ له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا دابنرێت.
له ٢٢ی یولی ئه‌مساڵدا و له به‌لگراد (رادۆڤان كارادیچ) ده‌سگیر كرا، كه به تاوانباری سه‌ره‌كی له كاره‌ساتی كۆمه‌ڵكوژی (سربنیسكا) له ساڵی ١٩٩٥ دا ده‌ژمێردرێت. ئه‌و به تاوانه‌كانی گهلكوژی، تاوانه‌كانی دژ به مرۆڤایه‌تی و هه‌روه‌ها تاوانه‌كانی جه‌نگ تاوانبار كراوه.
له ١٥ی یولیشدا له لایه‌ن دادگای تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه، بانگه‌وازی بڕیاری ده‌سگیركردنی سه‌رۆكی سودان (به‌شیر) ده‌رچوو، سه‌رۆكی ناوبراو به‌رپرسیاره له‌وه‌ی، كه له دارفوردا هه‌زاران كه‌س له لایه‌ن سوپا و میلیشیاكانه‌وه كوژراون، هه‌روه‌ها دوو ملیۆن و نیو كه‌س له هه‌ڵمه‌ته‌كانی دهسدرێژیكردنهسهر، برسیكردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان له ئۆردوگاكانی په‌نابه‌راندا بوونه‌ته قوربانی، كه ئه‌مه‌ش به جینۆساید ناوزه‌د ده‌كرێت. سه‌رۆكی به‌شی تاوانباركردن له‌و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه ئاشكرای كرد، كه ئه‌وان بریاریان له‌سه‌ر فه‌رمانی دهسگیركردنهكهی داوه، به تاوانی جینۆساید، تاوانه‌كانی جه‌نگ و تاوانه‌كانی دژ به مرۆڤایه‌تی، هه‌روه‌ها دركاندی، كه مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی نییه به ڕێككه‌وتن (سه‌فقه)یه‌كی سیاسی بۆ سزادان و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌سته به قسه‌وباس له‌سه‌ر زۆر روداوی مێژوویی و هه‌روه‌ها گه‌شه‌كردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه.
به‌رپرسیارێتی تاك
له‌ماوه‌ی سه‌دان ساڵه‌وه یاسای نێوده‌وڵه‌تی له‌نێو وڵاتاندا به‌رجه‌سته و گه‌ڵاڵه بووه و گه‌شه‌ی كردوه، تا ئێستا ئۆرگانه حكومییه‌كان و كه‌سانی باڵای به‌رپرس له ژێر چه‌تری سه‌روه‌رێتی و (حه‌سانه) دا پارێزراو بوون، به‌م هۆیه‌وه نه‌ده‌توانرا له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و به پێی یاسای تاوانباركردن، ڕاكێشرێنه به‌رده‌م دادگاكان. ته‌نها دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م توانرا ئه‌م كۆسپه وه‌لابنرێت، ئه‌وه‌ش له پرۆسه‌ی دادگاییكردنی تاوانبارانی جه‌نگ له هه‌ر یه‌ك له نێورێنبێرگ و تۆكێو دا خۆی بینییه‌وه. هه‌رچه‌ند ئه‌وكات ئه‌م كاره بووه جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ڕه‌خنه‌گرتن، كه‌وا گوایه ئه‌مه ته‌نها داد و یاسای سه‌ركه‌وتوانی جه‌نگه‌كه پیاده ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر نا ئه‌ی بۆ له‌سه‌ر تاوانه‌كانی بۆمبابارانكردنی شاری (درێسدن) له ١٣ تا ١٥ی فه‌بریوه‌ری ١٩٤٥ و هه‌روه‌ها ته‌قاندنی یه‌كه‌م بۆمبی ئه‌تۆمی له هیرۆشیما و ناگازاكی له ٦ و ٩ی ئۆگوستی ١٩٤٥، كه ئه‌مانه به پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك تاوانه‌كانی جه‌نگ ئه‌ژمار ده‌كرێن، هیچ پرۆسه‌ی دادگاییكردنێك ئه‌نجام نه‌درا ؟؟
شتێكی له یاسای نێوده‌وڵه‌تییدا بێ پێشینه بوو، بگره وه‌رچه‌رخانێكی شۆڕشگێرانه بوو، كه‌وا تاوانباران بێ چاوپۆشین له پلهوپایهكانیان مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و چیدی نه‌توانن له ژێر پاڵتۆی سه‌روه‌رێتی (سیاده) خۆیان له دادگاییكردن له دادگا تایبه‌تییه‌كاندا بدزنه‌وه و قوتاریان بێت. دواتر له ساڵانی نهوهتهكاند شوێنپێی دادگای (نوێرێنبێرگ) هه‌ڵگیرا و ئه‌و سه‌رده‌ق شكاندن و گه‌شه‌سه‌ندنه به‌ره‌و پێشتر برا. ساڵی ١٩٩٣ له سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان (دادگای تایبه‌تی یوگوسلاڤیا) له ده‌نهاخ (لاهای) وه ساڵی ١٩٩٤ (دادگای تایبه‌تی ڕواندا) له ته‌نزانیا پێكهات و سازكرا.
ساڵی ٢٠٠٢ دادگای تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سزادان له (ده‌نهاخ) به پشت به‌ستن به په‌یماننامه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ( بنه‌ما و سیسته‌می ڕۆما ١٩٩٨) ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد. ئه‌وه بوو (رادۆڤان كارادیچ) ڕاده‌ستی دادگای تایبه‌تی یوگوسلاڤیا كرا، ده‌بێت سه‌رۆكی سودانیش له به‌رده‌م دادگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ سزادان ئاماده بێت.
مرۆڤ ده‌توانێت به گومان و پۆزه‌تیڤانه‌وه له ئه‌وه بروانێت، دادگای تایبه‌تی بۆ تاوانه‌كانی جه‌نگ له توانایدا هه‌یه، كه كار له‌سه‌ر ڕوداوه‌كانی ڕابردوو بكات. هه‌رچه‌ند پرۆسه قه‌زاییه‌كان زۆر بژارده (ئینتیقائی) و ته‌كنیكی كار ده‌كه‌ن و ده‌چنه پێش. كۆمسیۆنه‌كانی ئاشته‌وایی و ڕاستییه‌كان به‌م ئاڕاسته‌یه خزمه‌تێكی باش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. واش پێ ده‌چێت، كه بۆ شوێنپێهه‌ڵگرتن و به‌دواداچونی تاوانباره سه‌ره‌كییه‌كانی جه‌نگه‌كان، دادگای سزادانی نێوده‌وڵه‌تی توانا و كارامه‌یی له خۆیدا نیشان بدات.
ئامرازێك بۆ چاوترساندن
پرۆسه‌كانی دادگاییكردن له ده‌نهاخ ئاماژه‌گه‌لێكن بۆ كارتێكردن، چونكه به سزا و بڕیاره‌كانی به سه‌ر تاوانكاراندا، چاوترساندن و ئاگاداریی ده‌ده‌ن به كه‌سه شه‌ڕانگێز و خوێنرێژه‌كان، بۆ دوور كه‌وتنه‌وه له تاوانكردن و ئه‌نجامدانی. دیاره سه‌رۆكی خاچی سوری نێوده‌وڵه‌تی له كاتی خۆیدا ساڵی ١٨٧٢ داوای دامه‌زراندنی دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌م جۆره‌ی بۆ سزادان كرد، له پێناو پاراستنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و مرۆڤایه‌تیدا. ئه‌مڕۆ ده‌بینین ده‌رفه‌تێكی زیاتر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پێشگیری به ڕژێمی خه‌رتوم (وه هه‌نارده‌كانی چه‌ك، له پێش هه‌موویانه‌وه وڵاتی چین) بكرێت.
ئێستا ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له زۆر لاوه له ژێر فشاردایه(سه‌باره‌ت به عومه‌ر به‌شیر)، كه‌وا پرۆسه‌كه دوورخاته‌وه و ته‌مبه‌ڵی تیادا بكات، چونكه گوایا باره‌كه ئاڵۆزترده‌كات، به‌ڵام وا باشتره گوێ له‌م ڕاوێژ و گوتنانه نه‌گیرێت، چونكه ئه‌م جۆره قسه‌ڵۆكانه كاتی خۆشی سه‌روه‌ختی دادگاییكردنی (ملادیچ) و میلۆسۆڤیچ ده‌كران و ده‌گوتران، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕویدا هه‌ر پاش بریاری ده‌سگیركردنی (ملادیچ) بۆ یه‌كه‌م جار زه‌مینه‌ی رازیبوون به گفتوگۆی ئاشتییانه له (دایتۆن) خۆش‌بوو وه ڕه‌خسا.
ئه‌و ئاماژانه‌ی كه له پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كانی (ده‌نهاخ)ه‌وه ده‌رده‌چن زۆر گرنگن، ئه‌مه‌ش واده‌كات به هه‌ر نرخێك بێت ئه‌نجام بدرێن، هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت به‌ڵێنی ئه‌وه وه‌ربگیرێت، كه ڕێگه له كرداری تۆڵه‌كردنه‌وه له هێزی ئاشتیپارێزی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و هاوكاره مرۆڤدۆستهكانیان بگیرێت. ئاخر هه‌رگیز كۆمه‌ڵكوژی و پاكسازییه نهژادییهكان دیارده و كاره‌ساتی سروشتی نین، كه به هاكه‌زایی وه‌ربگیرێن.
یاسای سزادان ده‌كرێت وه‌ك ئامرازێكی كاریگه‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه و ڕێگه‌گرتن له پێشێلكاری زۆری مافه‌كانی مرۆڤ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌كار بهێنرێن و سودی لێ ببینرێت.
تێبینی و سه‌رچاوه:
ئه‌م وتاره له ٢٤ی یولی ٢٠٠٨ له ڕۆژنامه‌ی (Neue Zürcher Zeitung)ه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، من به كه‌مێك دهسكارییهوه وه‌رمگێڕاوه. نوسه‌ری وتاره‌كه پڕۆفیسۆری یاسای نێوده‌وڵه‌تی و یاسای ئه‌وروپا و ده‌ستوره له زانكۆی زویریخ له سویسرا. ئه‌و وێنه‌یه‌ی له ده‌قه‌كه‌دا هاتوه باره‌گای دادگای نێوده‌وڵه‌تیی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه له لاهای (ده‌نهاخ).