
ئیتر بۆ پێشەوە ……. سمكۆ عەبدولكەریم
ئیتر بۆ پێشەوە ……. سمكۆ عەبدولكەریم
باوەڕناكەم مەبەستیان لەو قسانە ئەوەبىَ كە فعلەن سەدام پیاوێكى هێندە نایاب بووە ، شایانى ئەوەیە سوێند بەسەرى بخۆین ، زۆربەى ئەو رۆشنبیرە كوردانەى كە وادەلێن رۆژێكدادىَ سوێند بەسەرى بخۆین یان بچینە سەرگۆڕەكەى و دوعاى خێرى بۆ بكەین ، نیەتى ئەو قسانە لەوەوە سەرچاوەى گرتوە كە دەبینن زۆربەى ئەوانەى دواى سەدام دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست چیان جیاوازتر لە هەگبە دانییە بۆ كورد ، زۆرجار گوێم لەو جۆرە قسانە دەبىَ ، نەك هەر تەنیا لە خەڵكى سادە ، زۆرجار خەڵكە رۆشنبیرەكە وادەڵێن ، تۆ وەرە خەڵكانێكى شۆڤینى عەرەب ببنە هۆى لەبیربردنەوەى ئەو هەموو كوشتن و بڕین و كاولكارییەى كە سەدام بەسەر كوردى هێناوە ، واى لێبىَ بڵێین سەدام زۆر پیاوتر بوو .
ئەوە دونیایە ، هەر رۆژەى لە ئاوازێك دەخوێنن ، قسەى ئەو پێشمەرگە دێرینە گەرمیانەى كە وتى كار وابڕوا یەكێتى بەسەر هەمووماندا دەڕوخىَ زۆر جوان بوو .
هەموو ئەوانەى تا دوێنىَ هەموو هیوایەكیان لەبەریەك هەڵوەشانەوە روخانى یەكێتى بوو ، ئەمڕۆ دەست لەسەر سینگ دوعاى خێرى بۆ دەكەن یەكێتى هیچى لێنىَ .
دونیا ئەوهایە هەموو ئەوانەى بنى زمان و سەرى زمانیان ئەوە بوو كورد یەك دەنگ و یەك وتارو یەك هەڵویست نییە ، ئەمڕۆ كار بۆ لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەى دەكەن .
ئێستاش قسەى ئەو سەرۆك حیزبە بچكۆلانەیەم لەیادە كە راستگۆیانە وتى : لە جیاتى ئەوەى بچم فندقێك دامەزرێنم دێم بۆخۆم حیزبێك دروستدەكەم ، كە خێرەكەى بەقەد كۆمپانیایەك دەبىَ .
تۆبڵێى ئەو حیزبەى بۆ نوخبە دروست دەكرىَ چەند كاریگەرى هەبىَ لەسەر ئەو واقیعە ، ئەو واقیعەى لە هەڵبژاردنى رابردووى پارێزگەكان بینیمان ، یەكگرتوى ئیسلامى لە سلێمانى بەقەد پارتى دەنگى هێنا و لە دهۆكیش بەقەد یەكێتى ، هەولێریش (الله بالخیر).
كارەسات هەر ئەوە نییە ، لەوە كارەساتتر ئەوەیە بۆخۆمان بێن ماڵى خۆمان كاول كەین و پێمان وابىَ چاكى دەكەین . وەك ئەو رۆژنامە ئەهلی و ئازادەى بۆ دانانى مانشێتى رۆژنامەكەى تەلەفۆن بۆ رۆژنامە فرۆش دەكات كە كامە مانشێت دابنىَ باشترەو بازاڕى فرۆشتنى گەرمتر دەكات .
برادەرێك وتى: ئەوە زانیمان خێرى حیزب دامەزراندن هیچى كەمتر نییە لە خێرى كۆمپانیایەك ، بەڵام تۆ وەرە ئەوەم پێ بڵىَ خێرو حكمەتى ئەوە لە چدایە وەزارەتى رۆشنبیرى بۆ گواستنەوەى هەواڵى هەڵبژاردنى سەرۆك كۆمارى ئەمریكا پەیامنێر بنێرێتە ئەو وڵاتە ، لە كاتێكدا تا ئەو یەخەى كراسو پشدێنەكەى چاكدەكات ئێمە هەموو شتێكمان پێدەگات.