چۆنایه‌تی سیسته‌می فێرکاری…..به‌شی یه‌که‌م
چۆنایه‌تی سیسته‌می فێرکاری
به‌شی یه‌ک
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سوید
چۆنایه‌تی سیسته‌می فێرکاری په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به ئاستی مامۆستاکانی ناو سیسته‌مه‌که‌وه هه‌یه، هه‌رگیز ئاستی باشی سیسته‌می فێرکاری باشتر نابێت له ئاستی مامۆستاکان. به واتایه‌کی تر به‌بێ چاکسازی له شێوه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ی مامۆستایان‌دا، ئه‌نجامه‌کانی سیسته‌می فێرکاری باش نابێت. شێوه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌و مێتودانه‌وه هه‌یه که له کۆلیژی په‌روه‌رده و په‌یمانگاکاندا ده‌خوێنرێن و فێرده‌کرێن. ئاستی خوێندنی دیداکتیک له مه‌ڵبه‌نده‌کانی خوێندنی مامۆستایان‌دا، ئاستی توانای مامۆستایان له شێوه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌دا دیاریده‌کات. پێداگۆگی به‌توانا ئه‌و مامۆستایانه‌ن که هونه‌رمه‌ندن له شێوه‌ی گه‌یاندنی زانست و زانیاری‌دا بۆ قوتابیان. مامۆستای به‌هره‌دار ئه‌و پێداگۆگه به توانایه‌یه که به ئاسانی ده‌توانێت ئه‌تمۆسفێرێکی شیاو و له‌بار دروستبکات بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان و خوێندکاران به ئاسانترین شێوه زانست و زانیاری وه‌ربگرن. واته پرۆسه‌ی فێرکاری و گه‌شه‌کردن به‌نده به‌توانای مامۆستاکانه‌وه.
مامۆستا ئه‌گه‌ر کاره‌که‌ی خۆی خۆشنه‌وێت، ناتوانێت که‌شوهه‌وای له‌باری فێرکردنیش بۆ قوتابیه‌کانی بڕه‌خسێنێت. هه‌ربۆیه گرنگه که ڕیفۆرمی بنه‌ڕه‌تی بکرێت له مه‌ڵبه‌نده‌کانی به‌رهه‌مهێنانی مامۆستایان‌دا. ئه‌و چاکسازیانه‌ی که گرنگن بکرێن بریتین له:
1. پێش وه‌رگرتنی خوێندکار له کۆلیژه‌کانی په‌روه‌رده‌دا گرنگه چاوپێکه‌وتنی تایبه‌تی بکرێت له گه‌ڵیاندا، لێیان بپرسرێت، بۆچی ده‌یانه‌وێت ببنه مامۆستا؟ یه‌کێک له بنه‌ماکانی وه‌رگتنی خوێندکار له کۆلیژی په‌روه‌رده دا ده‌بێت ده‌رچوونی بێت له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا.
2. تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی وه‌رگرتنی ئه‌و خوێندکارانه‌ی که داوای کۆلیژی په‌روه‌رده ده‌که‌ن، بکرێت. ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌که بنه‌مایه‌کی تری وه‌رگرتن بێت.
3. ژماره‌یه‌کی که‌م خوێندکار له کۆلیژه‌کانی په‌روه‌رده وه‌بگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خوێندکارانه‌ی که ئاره‌زووی کاری مامۆستاییان نیه یا خۆشه‌ویتیان بۆ پیشه‌ی مامۆستایی نیه له کۆلیژه‌کانی په‌روه‌رده وه‌رنه‌گیرێن.
له‌هه‌مان کاتدا گرنگه مووچه‌ی مامۆستا به‌رزبکرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیه به تواناکان هه‌وڵبده‌ن ببن به مامۆستا. هاوکاتیش پێویسته ئه‌و مامۆستایانه‌ی که ئێستا له ناو سیسته‌مه‌که‌دان هوشیاربکرێنه‌وه به‌ده‌ستنیشانکردنی له لایه‌ک لایه‌نی هێزوتوانایان له وانه‌وتنه‌وه‌دا له لایه‌ک لایه‌نی لاوازیان. به‌هێزکردنی لایه‌نه لاوازه‌کان به کردنه‌وه‌ی خولی به‌هێزکردنی مامۆستایان و ناردنیان بۆ سه‌ر کورسیه‌کانی فێربوون، پێویستیه‌کی هه‌نوکه‌ییه که کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامی قوتابیه‌کان و گه‌یشتنیان به ئامانجه‌کانی خوێندنیان.
هه‌ندێ له‌و ڕیفۆرمانه پاره‌ی تێده‌چێت به‌ڵام له ڕاستیدا پاره یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی به‌رزکردنی سیسته‌مه‌که نیه، به‌ڵکو ناوه‌ڕۆکی ڕیفۆرمه‌کان ده‌سنیشانی ئاستی پرۆسه‌ی فێرکاری ده‌کات.
لایه‌نێکی گرنگی تر که کاریگه‌ری گرنگی هه‌یه له‌سه‌ر به‌ره‌و پێشه‌وه بردنی سیسته‌می فێرکاری، بریتیه له ئاستی توانای به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه له ڕێبه‌رایه‌تی قوتابخانه‌که‌ی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی قوتابیان له قوتابخانه‌که‌دا. تا ئێستا له کوردستان خوێندن نیه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کان، به‌و شێوه‌یه‌ی که بۆ مامۆستا هه‌یه. واته خوێندنی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه له کوردستان بوونی نیه. ئه‌م کاره‌ش وایکردوه که به‌شێک له مامۆستاکان ببنه به‌ڕێوه‌به‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیان خوێندبێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاستی توانایان له بواره‌کانی کارگوزاری، ئابووری، ڕێبه‌رایه‌تی و توانای کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رزکرابێته‌وه.
به بۆچوونی من، گرنگه خوێندنێکی تایبه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کان سازبکرێت، مه‌رج نیه خوێندنه‌که چه‌ند ساڵێک بێت، له‌زۆرکاتدا شه‌ش مانگ به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێبه‌ر یا مامۆستا بڕوانامه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ده‌ستبهێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشکات بڕوانامه‌ی مامۆستایی هه‌یه.
لایه‌نێکی گرنگی تر که تا ئێستا ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه، نمره‌دانانه بۆ ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌کان. به درێژایی مێژووی نمره‌دانان له کوردستان له سفره‌وه بووه بۆ سه‌د (0 – 100)، ده‌رچوون بریتیه له هێنانی په‌نجا، یا سه‌روو په‌نجا، ده‌رنه‌چوونیش ژێر په‌نجا.
له زۆر وڵاتانی دنیا هه‌ر به ده یا پانزه ساڵێک سه‌یرێکی سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندنی تاقیکردنه‌وه ده‌کرێت. ئاسته‌کان زۆر جیاوازیان هه‌یه له‌و شێوه کۆنه‌ی کوردستان. بۆ نموونه له سوید تا ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
سیسته‌می نمره دانان بریتی بوو له سیسته‌می ژماره، له یه‌که‌وه بۆ پێنج، واته ئاستی جیاواز. ژماره یه‌ک خراپترین بوو، ژماره‌ی پێنج باشترین. ئێستا سیسته‌مه‌که گۆڕاوه بۆ سیسته‌می پیت یا وشه که چوار ئاسته: ده‌رنه‌چون، ده‌رچون، باش ده‌رچون و زۆرباش ده‌رچون.
له پۆلی هه‌شتی بنه‌ڕه‌تیه‌وه نمره داده‌نرێت. ده‌رچون و ده‌رنه‌چون له وانه‌یه‌کدا بونی هه‌یه، به‌ڵام مانه‌وه له پۆلێکدا. له هیچ قۆناغێکی خوێندندا بونی نیه، واته ئه‌گه‌ر قوتابی و خوێندکار له چوار وانه‌شدا ده‌رنه‌چوو بێت هه‌ر له پۆله‌که‌یدا نامێنێته‌وه و ده‌چێته ئاستێکی به‌رزتر به‌ڵام یارمه‌تی زیاتر له‌و وانانه‌ی که تیایدا ده‌رنه‌چووه، وه‌رده‌گرێت. هه‌روه‌ها قوتابی ده‌بێت زیاتر خۆی هیلاک بکات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچێت، واته به‌رپرسیارێتێکی زۆریش له سه‌ر قوتابی داده‌نرێت. له کوردستان به پێی بڕیارێکی نوێ هه‌ر قوتابیه‌ک له وانه‌یه‌کیشدا مابێته‌وه له ده‌وری دوودا هه‌ر ده‌چێته پۆلێکی به‌رزتر. ئه‌مه بڕیارێکی زۆر باشه. له‌لایه‌ک یارمه‌تی قوتابی ده‌دات که به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر خوێندن، له هاوڕێکانی جیانه‌کرێته‌وه و مۆری ته‌مه‌ڵی پێوه نه‌نرێت، له‌لایه‌کی تره‌وه به‌رپرسیاری ده‌خاته سه‌ر قوتابی به‌وه‌ی که ده‌رفه‌تێکی تری بۆ بڕه‌خسێ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی باشبکات له‌و وانه‌یه‌دا.
ئه‌گه‌ر قوتابی ساڵ له دوای ساڵ له‌هه‌مان وانه‌دا که‌وت، ئه‌رکی قوتابخانه و قوتابیه که چاره‌سه‌رێک بدۆزینه‌وه‌ی بۆ ئه‌و کێشه‌یه. ئه‌گه‌ر گرفته‌که به‌رده‌وام بێت و قوتابی به‌رپرسیارێتی وه‌رنه‌گرێت ئه‌وه زه‌حمه‌ت ده‌بێت بۆی له خوێندنی زانکۆ وه‌ربگیرێت کاتێک که له وانه‌یه‌کی سه‌روکیدا ده‌رنه‌چوبێت. واته به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قوتابی ناتوانێت وانه‌یه‌ک پشتگوێ بخات و بڵێت هه‌ر ده‌چمه پۆلێکی تر. له‌م بواره‌دا گرنگه سه‌یری زانست بکرێت وه‌ک تۆڕێک که له هه‌موو وانه‌کان پێک هاتبێت و په‌یوه‌ندیه‌کی ئۆرگانی وانه‌کان تێکه‌ڵ به‌یه‌ک بوبن. له‌و کاته‌دا بۆ نموونه ناکرێت قوتابی وانه‌ی ماتماتیک پشتگوێ بخات چونکه ئه‌وه کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر وانه‌کانی فیزیا، کیمیا، کۆمپیوته‌ر و وانه‌ی تر.