 
	جه‌مال غه‌مبار له ئه‌نتۆلۆژیایه‌کی ئه‌ده‌بیی ژماره‌یه‌ک شاعیر و نوسه‌ری فره‌ڕه‌گه‌زی ئوسترالیادا..
جه‌مال غه‌مبار له ئه‌نتۆلۆژیایه‌کی ئه‌ده‌بیی ژماره‌یه‌ک شاعیر و نوسه‌ری فره‌ڕه‌گه‌زی ئوسترالیادا..
 • ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕێکه‌وتی 3 ی نۆڤه‌مبه‌ری 2008،  کۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی فره‌که‌ڵچه‌ری ئوسترالیا له شاری ئه‌دیلایدی پێته‌ختی ویلایه‌تی ساوس ئوسترالیا ، به ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له میوانان ،  ئاهه‌نگی بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبێکی تایبه‌ت به به‌رهه‌می شیعر و چیرۆکی ژماره‌یه‌ک شاعیر و نوسه‌ری سه‌ر به نه‌ته‌وه و ئیتنیکه‌کانی وڵاتی ئوسترالیای سازکرد . کتێبه‌که وه‌ک ئه‌نتۆلۆژیایه‌کی ئه‌ده‌بییه و به زمانی ئینگلیزی چاپکراوه و له ناویاندا شیعرێکی ته‌رجه‌مه‌کراوی شاعیر جه‌مال غه‌مبار له‌گه‌ڵ کورته‌یه‌ک له بایۆگرافیای تایبه‌ت به خۆی به زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها ده‌قی شیعره‌که به زمانی کوردیش له کتێبه‌که‌دا چاپکراوه .  
 ئاهه‌نگی بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبه‌که به وته‌یه‌کی به‌ڕێز مایکڵ ئه‌تکینسن ، وه‌زیری کاروباری فره‌که‌ڵچه‌ری ویلایه‌تی ساوس ئوسترالیا  ده‌ستی پێ‌کرد و پاشان خاتوو ئان ماری سمیپ که ئهنتۆلۆژیاکهی ئاماده‌کردووه وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و دواتریش ژماره‌یه‌ک شاعیر ، له ناویاندا جه‌مال غه‌مبار ، بانگهێشتکران  که شیعره‌کان به زمانی دایکی خۆیان بخوێننه‌وه و هاوزه‌مان که‌سێکیش به زمانی ئینگلیزی ده‌قه‌کانی بۆ ئاماده‌بوان ئه‌خوێنده‌وه . شایانی باسه که خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه شیعرییه‌کان هاوزه‌مان بوو له‌گه‌ڵ مۆزیک و سه‌رنجی زۆربه‌ی میوانانی ڕاکێشابوو . دواتریش ژماره‌یه‌ک له شاعیران له‌سه‌ر داوای میوانان ئیمزایان له‌سه‌ر ده‌قه‌کانی خۆیان له کتێبه‌که‌دا کرد . 
 شاعیر جه‌مال غه‌مبار ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی نوسه‌رانی فره‌که‌ڵچه‌ری ئوسترالیایه و بۆ ماوه‌ی ساڵێکیش ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو بووه له ساوس ئوسترالیا . 
  
 

 
			 
			 
			