Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
عێراقی تازه‌ پره‌ له سه‌دام حسێن ! … هه‌ورامان علی

عێراقی تازه‌ پره‌ له سه‌دام حسێن ! … هه‌ورامان علی

Closed
by January 23, 2008 گشتی

زۆر بون ئه‌وانه‌ی ئاگایانه‌ یان بێئاگایانه‌ گۆرانیان به‌ به‌ژنوبالای عێراقی تازه‌دا هه‌ڵده‌دا، زۆربوون ئه‌وانه‌ی پێیان وابوو یان وایان ئیدعا ده‌كرد دوای هاتنی مارێنزو هه‌لپێچرانی داروده‌سته‌ی صدام و حكومرانی به‌عس ئیتر عێراق ده‌نێت به‌ شامی شه‌ریف و هه‌مووان به‌ ئازادی و خۆشگوزه‌رانی ژیانی ئاسایی خۆمان و منداله‌كانمان رێكده‌خه‌ینه‌وه‌ و ئیتر خه‌به‌رێك له سه‌ركوت و زیندان و داپلۆسیین، خه‌به‌رێك له‌ هه‌لاواردنی نه‌ته‌وه‌یی و تایفی و جنسی و…هتد له‌ ولاتدا نامێنێت، به‌لام هه‌ر زوو بێبناغه‌یی ئه‌م  هیواو ئومێدانه‌ ده‌ركه‌وت و ئه‌وانه‌ی بێئاگایانه‌ توره‌كه‌یان بۆ چنینه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كان هه‌لدوریبوو له‌ په‌شیمانیدا كاله‌كیان به‌ ئه‌ژنۆی خۆیان ئه‌شكان و باجی خۆشخه‌یالی خۆیان ده‌دا ، ئه‌وانی تریش ئه‌گه‌رچی شه‌رمۆكانه هێشتا خه‌ریكی پاساو هێنانه‌وه‌ی بێجێن، ناراسته‌وخۆش خه‌ریكی بژادنی زیانه‌كانیانن . ئه‌وكات پارتی و یه‌كێتی و ده‌زگای راگه‌یاندنه‌كانیان به‌ هاوكاری ریزی دورودرێژی قه‌له‌م به‌ده‌سته‌ موچه‌خۆره‌كانیان له‌گه‌ل بۆردمانی موشه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا ئه‌مانیش بۆردمانی رای گشتی خه‌لكی كوردستانیان ده‌كردو خه‌ریكی ره‌واجدان به‌و خۆشخه‌یالیه‌ بوون كه‌ ئه‌مه‌ریكا رژێمێكی دیموكراتی وا له‌ عێراقدا داده‌مه‌زرێنت كه‌ ببێته‌ نمونه‌ له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا و خه‌لكی كوردستانیش به‌ مافه‌كانیان شاد ده‌بن.   هه‌ر ئه‌و كات بۆ هه‌ر چاودێرێك كه  نه‌یویستبێت خۆی وخه‌لكی فریوبدا ئه‌وه‌ رۆشن بوو ئامانجی ئه‌مه‌ریكا به‌ پێچه‌وانه‌ی پروپاگه‌نده‌ی یه‌كێتی و پارتی  نه‌ رزگاری عێراق بوو له‌ چنگ رژێمی دكتاتۆری و نه‌ دامه‌زراندنی رژێمێكی دیموكراتی له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وان له‌یه‌كه‌مین رۆژی دوای روخانی رژێم جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت و دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته‌ ئاگایانه‌ ده‌رگای باقی دامه‌زراوه‌كانی تری ده‌وله‌تیان خسته‌ سه‌ر گازه‌رایی پشت بۆ فه‌رهود و تالانی….ئه‌وان یه‌كه‌مین ده‌زگایی سیاسی كه‌ دایان مه‌زراند له‌ حوجره‌ی فه‌قیان ده‌چوو نه‌ك دامه‌زراوه‌ی سیاسی بۆ به‌رێوه‌ بردنی ده‌وله‌ت و كۆمه‌لگا .له‌و 25 ئه‌ندامه‌یی  مجلسی حكم كه‌ برێمه‌ر دایمه‌زراندن جگه‌ له‌وانه‌ی پارتی و یه‌كێتی (ئه‌گه‌رچی مام جه‌لال شانازی به‌ ئایه‌توولا بونی خۆشیه‌وه‌ ئه‌كات!)17 كه‌سیان  به‌ره‌سمی ئایه‌تولا یان مه‌لان بوون ، ئه‌م پێك هاته‌یه ‌و دیموكراسی كو‌جا مه‌رحه‌با. مه‌گه‌ر ته‌نیا قه‌له‌م به‌ده‌سته‌كانی پارتی و یه‌كێتی بتوانن ئه‌م تئیۆریه‌ سیاسیه‌ تازه‌یه‌یی دیموكراتی شی بكه‌نه‌وه‌. ده‌سه‌لاتدارانی عێراقی تازه‌ بریتین له‌ سه‌ره‌ك خێل و تایفه‌كان ، ئاخوندو عه‌مامه‌ به‌سه‌ره‌كانی (حه‌وزه ‌علمیه‌كان) به‌كرێگیراوه‌كانی ئتلاعاتی ئێران ،له‌گه‌ل چه‌ند كرێگرته‌یه‌كی سی ئای ئه‌ی. ئه‌مانه‌ ئه‌و قاره‌مانانه‌ بوون به‌پێی  راگه‌یاندنی پارتی و یه‌كێتی  ده‌بوو له‌سه‌ر ده‌ستیان رژێمی دیموكراتی تازه‌ دامه‌زرێت و خه‌لكی كوردستانیش به‌ مافه‌كانیان شاد بن و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ تۆماری ئازارو كشتو كوشتاریان بپێچرێته‌وه‌ . به‌لام هه‌ر زوو پوچی ئه‌م لێكدانه‌وه‌و تێگه‌یشتنانه‌ ئاشكرا بوو ، له‌گه‌ل توندبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی عێراق ئه‌مانه‌ وه‌ك كۆمه‌لێك مافیا له سه‌ر غه‌نیمه‌ته‌كه‌ كه‌وتنه‌ هه‌لكێشانی شمشێر له‌ یه‌كتری و عێراقیان نقمی خوێن و فرمێسك كرد، كۆمه‌لێك برینی گه‌وره‌ی تریشیان كرده ‌‌جه‌سته‌ی كۆمه‌لگاوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی عێراق خۆی له‌ هه‌لومه‌رجێكی زۆر ئارام و باشدا بووبێت.
تا ئه‌و جێیه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ مافه‌كانی خه‌لكی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ تا ئێستاش سه‌ره‌رای ئیدعای پوچی پارتی و یه‌كێتی بۆ عێراقی فیدرالی( به‌جیا له‌وه‌ی فیدرالیزم چاره‌سه‌ره ‌یان نا) جگه‌ له‌ خۆیان هیچ هێزێكی تر له‌ و وولاته‌دا له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ریشا باسی ناكات، هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ به‌ درێژایی سه‌ده‌ی رابردوو به‌رۆكی خه‌لكی كوردستانی گرتبوو هه‌ر له‌ جێگه‌ی خۆیدا باقییه‌، مانگی هه‌نگوینی پارتی و یه‌كێتی له‌ گه‌ل باقی دارو ده‌سته‌ مه‌زهه‌بی و تایفی و عه‌شیره‌تیه‌كان ده‌مێكه‌ كۆتایی هاتوه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پینه‌ ناكرێت، كێشمه‌كێشی چه‌ند مانگی رابردووی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز هه‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ بوجه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ بگره‌ تا گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان نیشانده‌ری ئه‌و راستیه‌ن ، كێشه‌ی دارو ده‌سته‌كه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز له‌گه‌ل حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ونیه‌ كه‌ بوجه‌ی سالانی رابردو چی لێهاتوه‌ یان قازانجی گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان ده‌چێته‌ گیرفانی كوێوه‌ و نهێنی ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌كۆێدایه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ ریزی هه‌ژاره‌كانی كوردستان تا دێت فراوانتر ده‌بێت و كۆشك و ته‌لارو سه‌روه‌تی فیرعه‌ونی ده‌سه‌لاتدارانیش  فراوانتر ئه‌بێت ، نا كێشه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچه‌ند بۆیان بكری له‌گه‌ل هه‌رجۆره‌ ده‌سكه‌وتێك كه‌ خه‌لكی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاره‌زو ئیراده‌ی ئه‌وان به‌ده‌ستی هێناوه‌، مخاله‌فه‌ت نیشان بده‌ن و هه‌ول بده‌ن كه‌می بكه‌نه‌وه‌، كاتێك ئه‌وان مل به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ناده‌ن له‌وێوه ‌نیه‌ كه‌ ئه‌و ماده‌یه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكات ، به‌لكه‌ ئه‌وان نایان ده‌وێت ئه‌و ئاوه‌ی شۆڤێنیزمی به‌عس له‌ عێراقدا دژی خه‌لكی كوردستان رشتویه‌تی سه‌رچاوه‌كه‌ی وشك كات،كاتێك جه‌نه‌راله‌ فاشیسته‌كانی توركیا هه‌ره‌شه‌ی له‌شكركێشی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن به‌ ئاشكرا هه‌ولی شێواندنی ئاسایشه‌ نیسبیه‌ی كوردستان ده‌ده‌ن ، له‌وه‌لامدا مالكی و نوێنه‌ری حكومه‌ته‌كه‌ی نه‌ك هه‌ر مێشێك میوانیان نیه‌ ، به‌لكو ئاماده‌یی هه‌موو جۆره‌ هاوكاریه‌كیش پیشان ده‌ده‌ن ، له‌و شوێنه‌وه‌ نیه‌ كه‌ پ.ك.ك و كارو كرده‌وه‌كانی دروستن یان نا، له‌ خزمه‌تی به‌ره‌وپێشچوونی بزوتنه‌وه‌ی هه‌قخوازانه‌ی خه‌لكی كوردستانه‌ یان نا ، ئه‌وان كه‌ خاوه‌نی كولتوری خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ و سه‌ربرینی ئینسانن به‌ به‌رچاوی كامێراوه‌ به‌راستی رویه‌كی قایمی ده‌وێت خه‌لكی تر به‌ ترۆریست تاوان بار بكه‌ن. له‌ روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌رجۆره‌ پێشكه‌وتنێكی خه‌لكی كوردستان له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت  به‌ هه‌ره‌شه‌ بۆسه‌ر داهاتووی خۆیانی ده‌بینن ، ئه‌وان كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی كه‌ بینیمان ددانیان له‌ پ.ك.ك جیرده‌كرده‌وه‌ له‌ راستیدا هه‌ره‌شه‌كانیان راسته‌وخۆ دژی خه‌لكی كوردستان بوو . ئه‌وان كه‌ سزادانی تاوان بارانی ئه‌نفال جێبه‌جێ ناكه‌ن له‌و شوێنه‌وه‌ نیه‌ كه‌ عه‌قلیه‌ت و بیركردنه‌وه‌یان گۆراوه‌ و بروایان به‌ سزای له‌سێداره‌دان نه‌ماوه‌! به‌لكه‌ زۆر قورسه‌ بۆیان له‌سه‌ر كوشتاری ژن و منالی دێهاته‌كانی كوردستان ژه‌نرال و سه‌ركرده‌كانی ده‌وله‌تی عێراقی عروبه‌و ئیسلام له‌ سێداره‌ بدرێن! ..ئه‌گه‌ر سبه‌ی علی كیمیاویان له‌سێداره‌دا باكه‌س دلی خۆی خۆشنه‌كات ئه‌وه‌ تصفیه‌ی حساباتی نێوان شیعه‌ و سونه‌یه‌ ، له‌سه‌ر سه‌ركوتی خوێناوی راپه‌رینه‌كه‌ی خواروی عێراقه‌ له‌ به‌هاری 1991 دا نه‌ك شتێكی تر‌.  ئه‌وان كه‌ هێشتا توانای ئه‌وه‌یان نیه‌ ئاسایشی په‌رله‌مانه‌كه‌ی ( ئه‌گه‌ر سوكایه‌تیم به‌ په‌رله‌مان نه‌كردبێت) خۆیان بپارێزن و سه‌ره‌رای بونی زیاتر له‌ 130 هه‌زار سه‌بازی ئه‌مریكی و دوو هێنده‌ی تریش ملیشیای جۆراو جۆر كه‌چی ناتونن بستێك له‌ ناوچه‌ی سه‌وز دوركه‌ونه‌وه‌ ،به‌لام  به‌م شێوه‌یه‌و به‌م زمانه‌ هه‌لسوكه‌وت له‌گه‌ل خه‌لكی كوردستاندا ده‌كه‌ن…باچیتر خۆمان فریو نه‌ده‌ین عێراقی تازه‌ پره‌ له‌ صدام و علی كیمیاوی! ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مرۆ ناتوانن وه‌ك دوێنی به‌ چه‌كی كیمیاوی و هه‌لمه‌تی ئه‌نفال ره‌وانه‌ی دۆزه‌خمان كه‌ن له‌ داماوی و بێده‌سه‌لاتیاندایه‌ نه‌ك له‌گۆرانی ئه‌قلیه‌تی شۆڤێنستی و ئه‌نفالچیه‌تییان  .
 له‌وه‌ته‌ی ده‌وله‌تی تازه‌ی عێراق له‌ دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه‌ دروست بووه‌ خه‌لكی كوردستان قوربانی سه‌ره‌كی ئه‌م وولاته‌ بوون ، هیچ كاتیش رژێمه‌ سیاسیه‌كه‌ی ده‌وله‌تی عێراق به‌بێ سه‌ركوت و داپلۆسین نه‌یتوانیوه‌ وولات به‌رێوه‌ ببات ، هه‌ر بۆیه‌ قوربانی داهاتوی عێراق ئه‌وانه‌ن هێشتا پێیان وایه‌ له‌ ولاته‌دا ئومێدێك ماوه‌ . تاكه‌ رێگا له‌ به‌رده‌م خه‌لكی كوردستاندا جیا بونه‌وه‌و دامه‌زراندنی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆیه‌،زوو نیه‌ و سبه‌ینێش دره‌نگه‌، ئه‌مه‌ كه‌م ده‌ردی سه‌ر ترین رێگایه له‌ به‌رده‌مماندا‌.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.