چۆنایه‌تی سیسته‌می فێرکاری…به‌شی دوو
چۆنایه‌تی سیسته‌می فێرکاری
به‌شی دوو
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سوید
ئێستا سیستمه‌ی نمره‌دانان له سوید جارێکی تر خراوه‌ته به‌ر شه‌پۆلی ریفۆرم. گفتوگۆکان باس له‌وه ده‌که‌ن که ژماره ئاسته‌کان که چوار دانه‌ن زیادبکرێن بۆ شه‌ش ئاست. له وڵاتانی یه‌کێتی ئه‌وروپا بۆچونه‌کان به‌ره‌وه ئه‌وه‌یه له حه‌وت ئاست دابنرێت ئه‌گه‌ر به ژماره بێت له یه‌ک بۆ حه‌وت. ته‌نیا یه‌ک ده‌رنه‌چون بێت، هه‌موو ئاسته‌کانی تر ده‌رچون بێت به شێوه‌ی جیاواز، له باشه‌وه بۆ باشتر و زۆرباشتر یا ئه‌گه‌ر به پیته‌کان بێت ده‌بێته A B C D E F G . به بۆ چوونی من گرنگه له کوردستان لیژنه‌یه‌ک دروستبکرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێداچونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ سیسته‌می نمره دانان بکه‌ن. لایه‌نی هێز وبێهێزی ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێستا ده‌ستنیشان بکه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و لیژنه‌یه سه‌ردانی چه‌ند وڵاتێکی ناو یه‌کێتی ئه‌وروپا، بۆ نموونه سوید، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئیتالیا بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌وردی سه‌یری سیسته‌می نمره‌دانانی ئه‌و وڵاتانه بکه‌ن، پاشان له کوردستان ڕاپۆرتێکی هه‌مه لایه‌نه و پڕ پێشنیاری چاکسازی پێشکه‌ش به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و حکومه‌تی کوردستان بکه‌ن بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر گۆڕانکاریه‌کان له پێناوی ئه‌وه‌ی سیسته‌می فێرکاری کوردستان پێشکه‌وتن به‌خۆیه‌وه ببینێت و دوانه‌که‌وێت له‌دنیای شارستانی و مۆدێرن.
هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێری له‌ژێر ده‌ستی سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی و پسپۆڕیدا لایه‌نێکی گرنگی تره بۆ چونه‌پێشه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی ئه‌نجامی باشتر له قوتابخانه‌کانی کوردستاندا. سه‌رپه‌رشتیاریی هه‌رگیز نابێت بۆ سزادان و چاوترسان بێت به‌ڵکو بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندنه بۆ هه‌ر تاکی قوتابیه‌ک.
سیسته‌مێکی فێرکاری پێشکه‌وتو مرۆڤی به‌هره‌دار و به‌تواناکان له خۆی نزیک ده‌کاته‌وه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر سیسته‌می فێرکاری جێگه‌ی ڕێزی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ نه‌بێت، مرۆڤه به‌هره‌داره‌کان نایه‌نه‌وێت ببن به‌شێک لێی، به‌و شێوه‌یه سیسته‌مه‌که ده‌چێته بازنه‌یه‌کی داخراوی خراپه‌وه که به به‌رده‌وامی به‌ره‌وخواره‌وه ده‌بێته‌وه.
سه‌رکه‌وتوویی کاتێک به‌ده‌ستدێت که سیسته‌مه‌که هه‌موو تاکی قوتابیه‌ک ببینێت و هیچ قوتابیه‌ک هه‌ست نه‌کات که ئه‌و سیسته‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نیه، یا سیسته‌مه‌که دژ به‌وه، له‌و به‌رزتره‌و ئه‌م توانای ئه‌وه‌ی نیه ببێت به به‌شێک لێی.
به‌هۆی گلوبالیزم و به‌هێزبونی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، خوێندنی زمان پێگه‌یه‌کی گرنگی به‌ده‌ستهێناوه. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه خوێندنی زمانی ئینگلیزی له کوردستان زۆر پێویسته. به‌ڵام چه‌ند زمانێکی گرنگی تریش هه‌ن که ده‌کرێت ئه‌و قوتابیانه‌ی حه‌زده‌که‌ن هه‌ڵیبژێرن، گرنگترین زمان له دوای ئینگلیزیه‌وه، زمانی فه‌ره‌نسی، ئیسپانی و ئه‌ڵه‌مانیه. خوێندنی زمانی ئینگلیزی گرنگه هه‌موو منداڵێکی کوردستان بیخوێنێت. تا ئه‌و ڕۆژه‌ی کوردستان لکێنراو بێت به ئێراقه‌وه گرنگه زمانی عه‌ره‌بی بخوێنرێت به‌ڵام نه‌ک به‌و شێوه‌یه‌ی که به‌سه‌ر هه‌موو قوتابیه‌کدا بسه‌پێنرێت، به‌ڵکو ده‌بێت زمانێک بێت که قوتابیان بۆیان هه‌بێت هه‌ڵیبژێرن یا لایبه‌رن. له‌و کاته‌دا ته‌نیا ئه‌و قوتابیانه ده‌یخوێنن که حه‌زیان لێیه‌تی یان به گرنگی ده‌زانن بۆ کاری دواڕۆژیان وه‌ک کاری وه‌رگێڕان و مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی.
ساڵانێکی دوور و درێژ سنووره‌کانی کوردستان داخرابوون به ڕووی دنیای ده‌ره‌وه‌دا. ئێستا خۆشبه‌ختانه خاوه‌نی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خۆمانین. هاتوچۆ ئاسانتر بووه له جاران و ژماره‌یه‌کی زۆر کورد که ماوه‌یه‌کی زۆره له وڵاتانی دیموکراتی ڕۆژئاوا ده‌ژین، په‌یوه‌ندیان به ده‌یان زمانی گرنگی جیهانیه‌وه هه‌یه. ده‌کرێت چه‌ند به‌شێكی زمانه جیهانیهکان له پۆله‌کانی کۆتایی قوۆناغی بنه‌ڕه‌تی (پۆلی حه‌وت، هه‌شت و نۆ) هه‌روه‌ها له ئاماده‌یی بکرێته‌وه و سوود له توانای کوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش له‌و بواره‌دا وه‌ربگیرێت. خوێندنی زمانی جیهانی ده‌رگاکانی به‌رده‌م قوتابی ده‌که‌نه‌وه بۆ په‌یوه‌ندی به دنیای ده‌ره‌وه. بازاڕی کار له بواری کاری وه‌رگێڕان له پاشه‌ڕۆژدا زۆر فراوان ده‌بێت، هه‌ر قوتابیه‌ک له پال زمانی کوردی و زمانی ئینگلیزی‌دا ئه‌گه‌ر زمانێکی تریش وه‌ک فه‌ره‌نسی، ئیسپانی یا ئه‌ڵه‌مانی بزانێت ئه‌وه ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌ڵبژاردنی کار و ده‌رگاکانی پێشکه‌وتن له‌به‌رده‌میدا کراوه‌ده‌بن.
به‌هۆی کراوه‌یی سنووره‌کانه‌وه کاتی ئه‌وه هاتووه که ئه‌و وانانه‌ی له ئاماده‌ییدا ده‌خوێندرێن به ئاسانی به‌راورد بکرێن له‌گه‌ڵ خوێندنی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر کاتێک خوێندکاره کوردستانیه‌کان هاتنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ئاسانی و بێ‌کات له‌ده‌ستدان بتوانن ده‌ستبکه‌ن به‌و خوێندنه‌ی ده‌یانه‌وێت. هه‌روه‌ها ئه‌و به‌راوردکردنه ئاسانه ده‌بێته هۆی کارئاسانی بۆ مامۆستایانی بیانی که بتوانن وانه بڵێنه‌وه له کوردستان، به‌تایبه‌تی به زمانی ئینگلیزی.
سیسته‌می فێرکاری له کوردستاندا، به تایبه‌تی له خوێندنی ئاماده‌ییدا که دواڕۆژی خوێندکارانی پێوه‌به‌ستراوه، هیچ جیاوازیه‌ک ناکات له نێوان گرنگی وانه‌کاندا، بۆ نموونه کوردی، ئینگلیزی و عه‌ره‌بی وه‌ک بیرکاری، فیزیا و کیمیا کاریگه‌ی هه‌یه له‌سه‌ر کۆی ئه‌نجامی کۆتایی. به بۆچوونی من، گرنگه‌که وانه‌کان بکرێنه سیسته‌می خاڵ یا سیسته‌می یه‌که واته هه‌ر وانه‌یه‌ی به‌پێی ماوه‌ی خوێندنه‌که‌ی به‌خاڵ هه‌ڵبسه‌نگێنرێت به‌وه‌ش کۆی هه‌موو خوێندنی ئاماده‌یی له‌هه‌ر سێ ساڵه‌که‌دا بۆ هه‌موو قوتابیه‌ک هه‌ر هه‌مان خاڵ بێت. بۆ نموونه بیرکاری پۆلی ده ئه‌گه‌ر هه‌موو ساڵه‌که بخوێنرێت ئه‌وه 100 خاڵی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نیو ساڵ بێت 50 خاڵی هه‌بێت. بۆ وانه‌کانی تریش به هه‌مان شێوه. بۆ نموونه له سوید هه‌موو قوتابیه‌ک به سێ ساڵه‌که‌ی خوێندنی ئاماده‌یی ده‌بێت 2500 خاڵ بخوێنێت که هه‌ر ساڵه‌ی ده‌کاته 800 تا 900 خاڵ. به‌هه‌رسێ ساڵه‌که نزیکه‌ی 25 وانه ده‌خوێنێت. بۆ نموونه بیرکاری پۆله‌کانی ده، یانزه و دوانزه به سێ وانه داده‌نرێن. ئه‌نجامی هه‌ر 25 وانه‌که، واته هه‌ر 2500 خاڵه‌که، ده‌بێته ئه‌نجامی کۆتایی خوێندکاره‌که و به‌و ئه‌نجامه‌ش له زانکۆ و خوێندنی باڵا وه‌رده‌گیرێت. سیسته‌می خاڵ کارئاسانی ده‌کات بۆ به‌راوردکردنی ده‌رئه‌نجامه‌کان له‌نێوان وڵاته‌کاندا. کوردستانیش هیچی که‌متر نیه له وڵاتانی تر ئه‌گه‌ر سیسته‌می فێرکاری ڕیفۆرمی بنه‌ڕه‌تی و بنیاتنه‌ری تێدا بکرێت و ئازایانه پشتببه‌سترێت به‌و هێزانه‌ی که ده‌یانه‌وێت کوردستان پێشکه‌وتو و ئاوه‌دان بێت.