ته‌ڵاق…….حه‌مه‌غه‌فور
"ته‌ڵاق"
ئاوێزه‌ی وێناکردنی پله‌دوویی‌و
ئه‌ڵقه‌ی یه‌که‌می پاکتاوی ڕه‌گه‌زی ژنان
حه‌مه‌غه‌فور
hamaxafoer@yahoo.com
کۆمه‌ڵێک دهربڕینو زاراوه‌ی سووکایه‌تی ئامێز، خێڵه‌کی، دواکه‌وتووانه‌و دوور له مۆراڵی ژیانی سه‌رده‌م، له‌ناو که‌لتووری باوی کۆمه‌ڵگای کوردی‌و ئاخاوتنی ئاسایی هاووڵاتیاندا، ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت، جێی خۆی کردۆته‌وه. زۆر سانا‌و بێ گرفت بۆته فهرههنگو ڕه‌وشتی باو و زاراوه‌ی ئاسایی‌و ڕۆژانه‌ی خهڵکیو دێن‌و ده‌چن به جۆرێک که ته‌نانه‌ت له ئاستی زمانی ڕهسمیو ستانداردی دام‌و ده‌زگای حکومی‌و وهزارهتهکانو ته‌نانه‌ت میکانیزمی ئۆرگان‌و دادگا‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتی ڕێکخستنی باری کهسێتیو شارستانی کوردستاندا جێیان گرتووه‌و ته‌نانه‌ت خزێنراونه‌ته ناو ده‌قی تێکسته یاسایی‌و دهستووریهکانیشهوه، له چه‌شنی "ته‌ڵاق"، "ماره‌یی"، "نه‌فه‌قه"و تد. که سه‌رله‌به‌ری کهسایهتیو جێگا‌و ڕێگای کۆمهڵایهتیو ڕێز‌و بهرتریو باڵانسی هه‌ستیاری مرۆڤ بونی ژنان له چاو پیاواندا پێناسه‌یه‌کی خوارتر‌و نزمتری بۆ ئهخهمڵێنێو له قاڵبی کۆمه‌ڵێک نهریتو ڕه‌فتاری باو و دیدگای ئاینی‌و کۆنه‌په‌رستانه‌دا ئه‌یبه‌ستێته‌وه!
"ته‌ڵاق" که ئه‌سڵه‌که‌ی ووشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه به جیا له کولتووری ئیسلامی_قه‌ومی عه‌ره‌بی که هه‌مان مامه‌ڵه‌و ڕه‌فتاری دژه ژنی‌و ئیهانه ئامێز پیاده ئه‌کات له‌گه‌ڵ ژناندا، خۆی له خۆیدا وه‌کو زاراوه‌یه‌ک هێشتا واتایه‌کی که‌متر تێکچڕاوی ئیهانه ئامێز‌و دژه ژن‌و پیاوسالارانه‌ی پێوه دیاره تا وه‌کو مانا کوردییه‌که‌ی. من پسپۆڕی بواری زمانه‌وانی نیم‌و ئۆباڵی ئه‌م زوڵم‌و ناههقیو سوکایه‌تییه موزمنو هه‌میشه‌ییه‌ی فهرههنگو زمانی کوردی به‌رامبه‌ر به مێینه‌و ژنانی کۆمه‌ڵگایه‌ک، که بۆته به‌شێکی دانه‌بڕاویش له په‌روه‌رده‌و فێرکردنی کۆمه‌ڵگا ئه‌که‌ویته ئه‌ستۆی شاره‌زایانی ئه‌و بواره هینده‌ی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جێگای ئه‌بێته‌وه. من گه‌ره‌کمه بڕێک مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م دیارده‌یه بوورووژێنم.
سه‌رنجی تایتڵی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئاماری سه‌رۆکایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر بده‌ن که له کوردستانی نوێی ژماره(4723) ڕۆژی 12/11دا بڵاوبۆته‌وه؛ "له ماوه‌ی شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا 3520 ژنی سنووری پارێزگای هه‌ولێر "ته‌ڵاق" دراون!(خه‌ت هی منه). سه‌یرکه‌ن لێره‌دا ووتراوه ئه‌وه‌نده ژن ته‌ڵاق دراون! ئیتر قسه‌و باسێک له پیاوان نییه. وێنایه‌ک که له‌و په‌یوه‌ندییه هاوسهریو خیزانییانه ده‌کرێت، ئاوێنه‌ی باڵانوێنی په‌یوه‌ندییه‌کی دڵخوازو یهکسانو ئه‌م شتانه نییه. زیاتر له وێنای په‌یوه‌ندی مرۆڤێکو کاڵایه‌ک ده‌چێت، یاخود له باشترین حاڵه‌تدا وێنا له په‌یوه‌ندی نێوان "کۆیله"و خاوه‌نی کۆیله‌که ڕه‌سم ئه‌کات! ئاسایی ترین کاردانه‌وه‌یه‌ک که هه‌ر پیاوێک به‌رامبه‌ر به هاوسه‌ره‌که‌ی خۆی بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی نێرینه‌ی خۆی به‌سه‌ریدا ئه‌توانێ ده‌ستی بۆ به‌رێت ته‌ڵاقه. که ئه‌وترێ؛ "ته‌ڵاق ئه‌درێ، یان ته‌ڵاق دراوه!" وه یاخود "ماره ئه‌کرێ یان ماره کراوه!" ههستو فۆرم‌و وێنایه‌کی وا له خهیاڵو له زهینو هۆشی گوێگری ئه‌م ڕسته‌و ده‌ربڕینانه‌دا ئهخهمڵێت، وه‌ک بڵێی که‌سێک یان پیاوێک کاڵایه‌ک، یاخود پێویستییه‌کی تایبه‌ت به خۆی وه‌کو فه‌ردێک ئه‌کڕێت! کچان‌و ژنان هه‌رچه‌ند به زاهر وا ده‌رئه‌که‌وێت که مرۆڤن‌و کاڵای نمایش کراو نین له مارکتو مهعرهزهکاندا، به‌ڵام له‌ناو که‌لتووری کورده‌واری‌و ئایینه‌کاندا بازاڕێکی گه‌ڕۆک، به‌ڵام زۆر گهرمو پڕ مشته‌ری له ئارادایه بۆ مامه‌ڵه‌و سات‌و سه‌وداکردن پێیانه‌وه. پیاو به گشتی یان نێرینه مافی ئه‌وه‌ی پێدراوه له‌م بازاڕه گه‌ڕۆکه‌دا ئه‌کتیف بێت. به‌بێ خواستی کچان‌و ژنان پیاوان بازرگانی به‌سه‌ر که‌سایه‌تی ئینسانی ژنه‌وه ئه‌که‌ن. بۆیه زاراوه‌ی "ماره‌یی" واتای کڕینی ئه‌م کاڵا نایابه یانی ژنان به‌ده‌سته‌وه ئه‌دات، "ته‌ڵاق"یش مانای به‌کاربردنی کۆتایی(ئیستیهلاک) کاڵاکه دێت! بێگومان هاوکێشه‌که ساده نییه‌و زۆر ئاڵۆزیشه. به‌ڵام تێگه‌یشتنی ئێجگار ئاسانه.
له فه‌رهه‌نگی مۆدێرن، مۆراڵی سهردهمو هاوچه‌رخدا پیاو یا نێرینه شه‌رم ده‌یگرێ به‌م ستایڵو که‌لتووره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاوڕه‌گه‌زی خۆی، ژنان، یا باشتره بڵێین، دایک‌و خوشک‌و خۆشه‌ویستی خۆیاندا بکه‌ن. له جیهاندا خه‌ڵک به‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵ ژنان ئاخاوتن ناکات. به‌شێکی زۆر گه‌وره له خه‌ڵکی مۆدێرنی کوردستانیش وا ڕه‌فتار ناکات. ئه‌مه نه‌ریتی عه‌شیره‌و خێڵ‌و ئایین‌و ئایینزاکانه به‌رامبه‌ر ژنان. ئیسلامییه‌کان، پیاوانی ئایینی، سه‌ره‌ک هۆزو قه‌بیله‌کان، نامووسپهرستو پیاوسالاره‌کان هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ئه‌که‌ن که گوێیان له زاراوه‌ی خۆشه‌ویست، هاوسه‌ر، هاوسه‌رگیری جیابوونه‌وه‌و ئه‌م ده‌ربڕینه مۆدێرنانه ئه‌بێت. ده‌ماری پیاوسالاریان گوشاریان بۆ دێنن‌و له ڕۆحیانه‌وه هه‌ست به داماوی‌و جههلو نه‌زانی خۆیان ئه‌که‌ن!
سه‌رله‌به‌ری نهریتو فه‌رهه‌نگێک که دژه ژنی‌و پیاوسالاری‌و شه‌ره‌فپارێزی وه‌کو تۆڕێکی گه‌وره‌ی ڕاوکردنو ژێرده‌سته‌کردنی مێینه له کوردستان ئازاده‌و چالاکه‌و ته‌نانه‌ت حکومهتو حیزبوسهرکردهو به‌رپرسانی حکومی‌و حیزبی‌و ئه‌حکامی ئایینی ئیسلامی‌و مزگهوتو حوجره‌و خانه‌قاو زانایانی ئیسلامیش پاساویان بۆ دێننه‌وه‌و له پشتیانه‌وه ڕاده‌وه‌ستن، وه به‌وێنه‌ی باندێکی گه‌وره‌ی مافیایی کوشتارو پاکتاوکردن‌و هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له به‌رامبه‌ر به ژناندا ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی "تهڵاقو ماره‌یی" لێک گرێدراون‌و سه‌رچاوه ئه‌به‌نه‌وه سه‌ر یه‌کتری. به‌م پێیه پێویسته ئه‌م زاراوه‌و ده‌ربڕینانه توڕههڵدرێنو به ده‌ربڕینی هاوچه‌رخی وا جێگایان بگیرێته‌وه که ده‌ربڕی هاوژیانیو هاوتاییو یه‌کسانی نێوان ژنان‌و پیاوان بێت. ژنان‌و ئازادیخوازان‌و ڕووناکبیرانی لایه‌نگری یه‌کسانی ژنان‌و پیاوان خوازیاری لابردنی ڕه‌سمیی ئه‌م زاراوه سووکایه‌تی ئامێزانه بن به ژنان له هه‌موو شوێنه ڕهسمیو ناڕهسمییهکاندا. حکومهتو په‌رله‌مان ناچار بکرێن یاسای تایبه‌ت بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کاربردنی ئه‌م ده‌ربڕینانه ده‌ربکات. ئه‌م کاره ته‌نها لابردنی ووشه‌یه‌کی بریندارکهرو ئیهانه ئامیز له کۆڵ کۆمه‌ڵگاو ژنان ده‌کاته‌وه به شکڵ، به‌ڵام پێشڕه‌وییه‌کی گه‌وره‌ی بزووتنه‌وه‌ی ژنان‌و یه‌کسانخوازییه. ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م خه‌باته تا کۆتایی لێپرسراوێتیه‌کی گه‌وره‌یه‌و له ئه‌ستۆی ئازادیخوازاندایه.
13/11/2008