Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌….هه‌ژێن

ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌….هه‌ژێن

Closed
by November 20, 2008 گشتی

 ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌….هه‌ژێن
 
 19.11.2008
 ئایا ده‌وڵه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و داخوازی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا بێلایه‌نه‌؟

 
 ئه‌گه‌ر سه‌رنجی سه‌راپای ئه‌و بۆچوون و تێڕوانینانه‌ی که‌لایه‌نگری له‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری سه‌روو کۆمه‌ڵگه‌ ده‌که‌ن، بده‌ین، ده‌بینین هه‌میشه‌ پێداویستی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ پێداویستی ڕێکخستن و ڕاگرتنی نه‌زم و ئارامی و پاراستنی مافه‌کانی تاك و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ردا نه‌یارانی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن، که‌ ده‌وڵه‌ت دارده‌ستی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و له‌ هه‌ر کوێ سه‌روه‌ری چینایه‌تی هه‌بێت، ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌لایه‌تی ده‌که‌وێته‌ به‌ر شه‌لاقی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و چاوچنۆکی و مشه‌خۆری چینی سه‌روه‌ر.
 
 ئه‌وه‌ی که‌ من لێره‌دا ده‌مه‌وێت لێوه‌ی بدوێم، گه‌رانه‌وه‌ نییه‌ بۆ باسێکی شیکاری له‌مه‌ڕ پاگه‌نده‌ی دوولای دژبه‌یه‌کی پرسه‌که‌، به‌ڵکو ئاراسته‌کردنی پرسیاێکی کورت و پوخته‌ که‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی قه‌یرانی وه‌رشکسته‌بوونی بانکه‌کانی ئه‌مه‌ره‌یکا و ئۆروپا له‌ سایه‌ی نیئۆلیبرالیزم و بازارئازاده‌که‌یدا، هێنایانه‌ گۆڕێ:
 
 بانکه‌کان به‌به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌ك وه‌رشکه‌سته‌ بوون و ده‌وڵه‌ته‌کانیش که‌ به‌ناو نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌که‌ن، که‌وتنه‌ ده‌ستگرتنه‌وه‌ له‌ خه‌رج و خزمه‌تگوزارییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ و تاکه‌کانی و پاگه‌نده‌ی دووره‌په‌رێزی خۆیان له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌بازار و بیلایه‌نییان له‌ به‌رامبه‌ر هیزه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کاندا، به‌ درۆ خسته‌وه‌ و به‌ ملیۆن و ملیاردان (دۆلار و یۆرۆ و پۆند)یان له‌ خه‌زینه‌ و داهات و باجوخه‌راجی کارگه‌ران و کارمه‌ندان و ….تد ده‌رهێنا و کردیانه‌ گیرفانی بانکداره‌کانه‌وه‌.
 
 ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر داخوازی کارگه‌ر و کارمه‌ندان و مامۆستایان و خانه‌نشینان و په‌ککه‌وتان و لانه‌وازاندا بۆ زیادکردنی چه‌ند (دۆلار و یۆرۆ و پۆند)ێكدا، به‌ هه‌زار و یه‌ك بیانوو خۆی ده‌دزێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر داخوازییه‌کانیش بگه‌نه‌ ئاستی مانگرتنی گشتی و خرۆشان، ئه‌وا چه‌کمه‌ ئاسنینه‌کانی ده‌سه‌لات دێنه‌مه‌یدان و به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و گشتییه‌وه‌ سه‌رکوتی هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ك ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که‌ پێشڕه‌وانی نیئۆلیبرالیزم (ئیمپراتۆری ئه‌مه‌ریکا) ئه‌و یاسایه‌ په‌سه‌ند ده‌کات، که‌ خاوه‌نکاره‌کان مافی وه‌رنه‌گرتن و ده‌رکردنی کارگه‌ران و فه‌رمانبه‌رانی ڕێکخراوی‌ نێو سه‌ندیکا و یه‌کێتییه‌کانیان هه‌بێت و به‌ هه‌موو شێوازێك دژایه‌تی ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان ده‌کات!
 
 که‌چی کاتێك که‌ بانکداران و خاوه‌ندکاره‌کان لێیان ده‌قه‌ومێت، ده‌وڵه‌ت له‌ پێستی مه‌ڕ دێته ‌ده‌ر و گورگئاسا که‌ڵبه‌ ده‌نێته‌ جه‌سته‌ی هه‌ژاران و ورگی  بانکدار و خاوه‌نکاره‌ مشه‌خۆره‌کانی پێ تێر ده‌کات! بانکه‌کان وه‌رشکه‌سته‌ ده‌بن و ده‌وڵه‌ته‌کان به‌ سه‌دان ملیارد (دۆلار، یۆرۆ، پۆند) له‌ خزمه‌تگوزاری کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گرنه‌وه‌ و ده‌یکه‌نه‌ گیرفانی به‌تاڵبووی بانکداره‌کان!
 
 ئایا کاتێك که‌ کارگه‌ران یا فه‌رمانبه‌رانی قه‌رزداری بانكه‌کان کاره‌که‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و توانای دانه‌وه‌ی مانگانه‌ قه‌رزه‌که‌یان نامێنێت،  ده‌وڵه‌ت به‌ ملیارد نا، به‌ڵکو به‌ چه‌ند هه‌زارێك فریایان ده‌که‌وێت و له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی خانووه‌که‌یان له‌لایه‌ن بانکه‌وه‌ ڕزگاریان ده‌کات؟ ئایا ده‌توانن بڵێن جارێك نیمانه‌ و ناتوانین مانگانه‌ ئه‌و قه‌رزه‌ی له‌سه‌رمانه‌ بیبژێرین؟  ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بێلایه‌نه‌ و نوێنه‌رایه‌تی هیچ چین و توێژێکی کۆمه‌ڵگه‌ ناکات، بۆچ هه‌ر به‌و یاسایه‌ی که شان ده‌داته‌ به‌ر وه‌رشکه‌سته‌بوونی بانکه‌کان، له‌کاتی بێکاری و ده‌ستکورتی کارگه‌ران، فه‌رمانبه‌ران، مامۆستایان، جوتیاران، خوێندکاران، خانه‌نشینان، په‌ککه‌وتان فریایان ناکه‌وێت و خانوو و سه‌روماڵیان له‌ تاڵان و برۆی بانکه‌کان ناپارێزێت؟ بۆچ کاتێك که‌ تاکی ئه‌و توێژه‌ هه‌ژارانه‌ قه‌رزداری بانك ده‌بن و له‌باری نه‌توانینی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌که‌یاندا ده‌وڵه‌ت ڕێگه‌ له‌ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی فرۆکه‌ئاسای سوودی قه‌رزه‌کانیان ناگرێت؟
 
 ئایا ئه‌مه‌ پووچی و درۆبوونی پاگه‌نده‌ی بێلایه‌نی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانتاریسته‌کان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌رناخات؟  ئایا ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانتاریست و ڕامیارییه‌ پیشه‌ییه‌کان نییه‌ بۆ چینه‌ داراکان و چه‌وسێنه‌ران؟ ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ چه‌وساوان کۆتایی به‌ کۆیله‌تی و ژێرده‌سته‌بوونی خۆیان بهێنن و کۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای فۆرمێکی گونجاو له‌ته‌ك ویستی ئازادیخوازانه‌ و یه‌کسانیخوازانه‌ و دادپه‌روه‌رییانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ڕێك بخه‌نه‌وه؟ ئایا ده‌ستبردن بۆ ئه‌زموونکردنی خه‌ون و ئاواته‌ له‌مێژینه‌کانمان له‌ به‌رگه‌گرتنی کۆیله‌تی و چه‌وسانه‌وه‌ سه‌ختر و زیانبه‌خشتره‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵام نه‌خێره‌، ئه‌دی ئه‌و ڕێگرانه‌ کامانه‌ن که‌ له‌ هه‌نگاونان بۆ به‌دیهێنانی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆڤدۆستی ته‌با و گونجاو له‌ته‌ك سروشت، ده‌مانگێڕنه‌ دواوه‌؟
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.