حەڵاڵكردنى خوێنى رۆژنامەنوسان……
حەڵاڵكردنى خوێنى رۆژنامەنوسان
"جەبەروتى مەرگو بێدەنگكردنى كۆمەڵگە"
ئاسۆ جەبارئەوانە كێن لەشەوو رۆژێكدا خوێنى رۆژنامەنوسان حەڵاڵ دەكەن، كێن ئەو پیاوكوژانەى بە تەورى حیزبەوە لاپەڕەى گۆڤارەكانو رۆژنامەكان خەڵتانى خوێن دەكەن، كێن ئەوانەى بە قاپىَ عارەق كەلەى رۆژنامەنوسان پڕدەكەن لەفیشەك، كێبوون ئەوانەى لیستى رەشیان بۆ رۆژنامەنوسو رۆژنامەو سایتە سەربەخۆكان دەركرد، كێبوون ئەوانەى خەونیان بە كوشتنى یەحیا بەرزنجییەوە دەبینى، كێبوون ئەوانەى ئاسۆ جەمال موختارو نەبەز گۆرانیان خەڵتانى خوێن كرد، كىَ بوون ئەوانەى خەونیان بە كوشتنى سۆرانى مامەحەمەوە دەبینىو خەونەكەیان هاتە دىو زۆر نامەردانە لەبەردەم ماڵەكەى خۆیدا كوشتیان، ئەى پیاوكوژانە كێبوون ئێوارەیەكى دڕەنگوەخت دەستڕێژى مەرگیان لە رۆژنامەنوس ئامانج مەحمود كردو خۆشبەختانە نەكوژرا، كێ بوون ئەوانەى پلانى مەرگى ئەحمەد میرەیان داڕشتو سەرى نەگرت..؟
هەوڵى گەورەى تێرۆركردنى رۆژنامەنوس ئەحمەد میرە، تەنها پیلانێكى چەتەگەرىو مافیاگەرى نییە بۆ كوشتنى یەك رۆژنامەنوس، بەڵكە لەپشت ئەم هەوڵەوە پلانێكى ستراتیژى حیزبىو مافیاگەرى گەورە لەئارادایە بۆ كوشتنو تەسفیەكردنى سەرلەبەرى دەنگە نەیارو رەخنەگرو رۆژنامەنوسە سەربەخۆكان، هەوڵى گەورەى حیزبەكانو تاقەتپڕوكێنى هێزە ئەمنییە نهێنییەكانیانو خستنەگەرى سەرلەبەرى هەڕەشەوگوڕەشەكانیان سودى نەبوو لەترساندنو تۆقاندنى رۆژنامەنوسانو رەخنەگران، هاوكات تێهەڵدانو رفاندنى چەند رۆژنامەنوسێكى بوێرو چاونەترس كارى نەكردە سەر پڕۆسەى رەخنەگرتنو ئاشكراكردنى گەندەڵىو راوڕوتى حیزبىو چەتەگەرى، دەرەنجام پیاوكوژەكانو مورتەزەقەو تەسفیەچییەكانیان خستەكار بۆ كوشتنى رۆژنامەنوسێك كە بەپىَ ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە، كوشتنى سەرنوسەرێكى سادەوساكار بەبىَ چەكو چەقۆو فیز.
ئەم دەستە مافیاگەرو پیاوكوژو رۆژنامەنوسكوژانە دەمێكە بەشارەكانى هەرێمى كوردستاندا ئازادانە وەك جەلاد بە شەڕواڵو كوتەكى خوێناوییەوە، بە كەواوسەڵتەو شمشێرى ژەنگاوییەوە، بە دەمانچەى زۆر بێدەنگەوە بەدواى نێچیرەكانیاندا دەگەڕێنو دەیانكوژن، هەر لەرفاندنو لێدانى نەبەز گۆرانەوە تادەگاتە شكاندنى سەروگوێلاكو پەراسوى ئاسۆى جەمال موختارو تادەگاتە هەڕەشەو گوڕەشەكانى مەسعود بەرزانىو گاڵتەكردنى مام جەلال بە رۆژنامەنوسانو تادەگاتە چاوسوركردنەوەو هەڕەشەى مەسئولە داخ لەدڵو عەنتەرو پیاوكوژەكانى حیزب، تا سازكردنى مەنجەنیقى رقى دەزگاى پاراستن بۆ دروستكردنى لیستێكى رەش بۆ رۆژنامەنوسانو رەخنەگران، ئاشكرایە ئەوانەى كە ناویان لەو لیستە رەشەدا بوو یەك بەیەك هەوڵى كوشتنو دەمكوتكردنو مەرگیان بۆ دراوە، ئەوەبوو نەبەز گۆرانیان رفاندو بەقۆناغە تفەنگى شەڕى براكوژى لێیاندا، پاش ئەو ئاسۆى جەمال موختار، دواجار دەستیان رەقاس بوو بۆ كوشتنى شەهید سۆرانى مامە حەمە، زۆر لێزانانە كوشتیان، ئەوانەى حیزبە پیاوكوژەكان خستویانەتە لیستى رەشەوە لەژێر چاودێرىو زانیاریدان، ئاشكرایە گۆڤارى لڤینیش لەو لیستە رەشەدایە، بێجگە لەو هەڕەشانەى كە لەسەر گۆڤارەكەو ستافو نوسەرانى گۆڤارەكە هەیە، سۆرانى مامەحەمەى رۆژنامەنوسیشیان بە ناشرینترینو ترسنۆكانەترین شێواز شەهید كرد، پاش ئەوە پیاوكوژەكان دڵیان خوێنى نەخواردەوە خۆیان گورجكردەوە بۆ كوشتنى سەرنوسەر ئەحمەد میرە. ئاشكرانەكردنى ئەم دۆسییە بەڵگەیە بۆ زیندەبەچاڵكردنى سەرلەبەرى هەموو ئەو هەوڵو پلانە ستراتیژیانەى كە دانراون بۆ كوشتنو رفاندنى رژنامەنوسانو رەخنەگران.
ئاسایشى سلێمانى بۆچى ئەو پیاوكوژانە ناهێنێتە سەر تەلەفیزیۆنو ئاشكرایان بكات، بۆچى نایانەوێت ناوى ئەو حیزبە پیاوكوژو رژنامەنوسكوژە ئاشكرا بكەن كە دەستیان لەخوێنى چەندین بێگوناهو گۆروون دایە.
بێدەنگى بەرامبەر كوشتنو رفاندنو هەڕەشەى مەرگ لەسەر رۆژنامەنوسانو رەخنەگران، بێدەنگىیە بەرامبەر مافیاگەرىو چەتەگەرى حیزبىو دەستكرانەوەى ئەو بەرپرسو دەسەلاتدارانەیە بۆ گەندەڵىو رواڕوتى زیاترو تاڵانخۆرىو كوشتنو هەڕەشەكردنى زیاتر.
دواجار حیزبە گەندەڵو مافیاكان لەوە تێگەیشتن كە نە بە یاسا نە بە هەڕەشەو رفاندن ناتوانن بەر بە ئازادىو سەربەخۆیى رۆژنامەنوسانو نوسەرە سەربەخۆكان بگرن، ئیتر گەیشتنە ئەو قەناعەتە خوێناوییەى كە دەبێت پلانو نەخشەى ستراتیژى داڕێژێنو بۆ كوشتنو گۆرونكردنى رۆژنامەنوسانو رەخنەگران.
یاساى رێكخستنى كارى رۆژنامەگەرى نەیتوانى ببێتە قفڵێكى ژەنگاوى بۆ دەمى رۆژنامەنوسان، نەیتوانى ببێتە كۆتوبەندێكى ئەخلاقىو حیزبىو یاسایى بۆ دوورینەوەى دەمى رۆژنامەو رۆژنامەنوسان، ئەم یاسایە بەهەوڵو رەخنەو زەلیلكردنى لەلایەن رۆژنامەنوسانو نوسەرانو رۆشنبیرە جیدییەكانەوە چەندین كۆتوبەندى ئەخلاقىو حیزبى لێكرایەوەو مەسعود بەرزانیمان ناچاركرد ئیمزاى نەكات، كردمان بە هەڵایەكى گەورە لەسەرى. بەڵام دواجار مافیاكانى حیزب رێگەچارەیەكى خوێناویترو بە زەبرتریان دۆزیەوە ئەویش كوشتنى رۆژنامەنوسانو هەڕشەوگوڕەشەى مافیایىو حیزبىیە، دواجار خستنەگەڕى كۆمەڵێك پیاوكوژ لەلایەن چەند بارۆنێكى قاتلو خوێنڕێژەوە هەنگاوێكى ترسناكە بەرەو سازكردنى رووبەرێكى گەورە لەبێدەنگىو خوێنڕێژى، تەرخانكردنى سەرزەمێنێكى ترسناكە بۆ گەندەڵىو حەڵاڵكردنى ئینسانكوژى.
داخستنى دۆسیەى كوشتنى سۆران مامەحەمەى رۆژنامەنوس، واتە داخستنى هەموو كوشتنەكانى دیكە، واتە ونكردنى خوێنى سەرلەبەرى رۆژنامەنوسان، واتە گۆڕونكردنى سەرلەبەرى ئەو هەڕەشەو لیستە رەشانەى كە حیزبو دەستەو تاقمە مافیایىو پیاوكوژەكان ئامادەیان كردووە بۆ كوشتنو رفاندنو هەڕەشەكردن لێیان. لێرەدا دەبێت ئەو پرسیارە بكەین..ئەوانە كێن دەیانەوێت دۆسیەى كوشتنو مەرگو رفاندن دابخەن..؟ كێن ئەو عەنتەرو مافیایانەى دەیانەوێت دەستوپەنجەى خوێناوى تاوانباران بشارنەوەو بكوژانى سۆران مامەحەمە لەباخەڵى حیزبدا بشارنەوە..؟ كێن ئەو مەسئولو بەرپرسە وەهمیانەى دەیانەوێت ئەو كتێبى مەرگە بشارنەوە كە دۆسێیەى چەندین كوژراو و رفێنراو و سەرنگومكراو و ونكراوى تیادا تۆماركراوە.
یەكێك لەو میراتە گەورانەى كە لەدیكتاتۆرە گەورەكان بەجێدەمێنێ كولتوری هەڕەشەكردنو بێدەنگكردنە، دەسەڵاتە ستەمكارەكان بەرلەوەى كۆمەڵگە كۆنترۆڵ بكەن، بەرلەوەى وڵات بكەن بە گرتوخانەیەكی گەورە، بەرلەوەى میكانیزمى كوشتنی ئۆپۆزیسیۆنو رایگشتیو میدیای ئازاد بگرنەبەر، هەڕەشەى سیاسىو ئابورى لەتەواوی كۆمەڵگەو گروپە رۆشنبیرىو فەرهەنگیىو دەنگە جیاوازەكان دەكەن، هەڕەشە لەخوێندكارو مامۆستاو رۆشنبیرو رۆژنامەنوسو نوسەرو رەخنەگران دەكەن، بەڵام لەپشت ئەم هەڕەشەو چاوسوركردنەوەیەوە هێزێكى گەورەی سەربازیو میلیشیایىو دەزگای نهێنی بەناوی ئاسایشی نەتەوەییو پاراستنى بەرژەوەندییەكان ئامادەباشكراوە بۆ چاودێریكردنی تاكەكەسو رۆژنامەنوسو رۆشنبیرانو سەرلەبەری كایەو دەزگا فەرهەنگیو میدیاییو كۆمەڵایەتییەكان.
ئەم هێزانە تەنها هێزەگەلێكی چاودێركارو وردەكار نین، بەڵكە هێزگەلێكی ئامادەباشن بۆ سازدانو كۆنترۆڵكردنو خامۆشكردنو هێزێكن بۆسازكردی پانتاییەكی گەورەی داگیركراو و بێدەنگكراو.قەپاڵى حیزبو غەبغەبەى هەڕەشە
لەڕاستىدا ئەوەى لەگەندەڵىو ناعەدالەتىو ستەمكاریى دەمێنێتەوە نیشتیمانێكى جوان نییە، بەڵكە پاشماوەى ئەو كەلاكە ئابوریىو فەرهەنگىو شارستانیەیە كە سەرلەبەرى جەستەى جێى قەپاڵى حیزبو بەرپرسو هێزە نهێنییەكانە، وەكچۆن بەرماوەى گەندەڵىو تاڵانخۆرى بێجگە لەنیشتیمانێكى وێرانو موحتاج لەرووى ئابوریەوە، بێجگە لەكۆمەڵگەیەكى هەژار لەرووى ژیانەوە هیچى تر نییە، ئەوەى لەقەپاڵى دڕەندەكانى ناعەدالەتىو دەرەبەگە سیاسىو ئیدارییەكان دەمێنێتەوە تەنها دەزگاگەلێكى بەتاڵ لەپرۆژە، بەڵام پڕ لەوەهم، بەتاڵ لەخەون بەڵام لێوانلیۆ لەبەڵێنو چەواشەكارى، سەرزەمینێكى خاڵى لەنەزاهەتو خەمخۆرى، بەڵام لێوان لەبێمتمانەیىو نادڵنیاىو غەمگینىو رەزالەتى سیاسىو ئابورىو فەرهەنگىو رۆشنبیرىو شارستانى.
رەنگە سەیر بێت بەلاى هەندێك خوێنەرەوە كە من لەم نوسینەدا وشەو دەستەواژەى سەیرم بەكارهێناوە، بەڵام ئەم نوسینە ئیشكردنە لەسەر عەقڵیەتى عەنتەریاتخۆرىو گەندەڵخۆرىو كۆمەڵگەخۆرى لەلایەن قەپاڵى حیزبو بەر ورگى مەسئولە تاڵانخۆرەكانەوە.
ئایا سەركوتكردنى خۆپیشاندانو رێپێوانەكان ناكاتە ئەوەى كە ئێمە لەژێر سایەى دەسەڵاتێكى پۆلیسىو نادیموكرات داین، ئایا داگیركردنى سەرلەبەرى سەرچاوە رۆشنبیرىو فەرهەنگییەكان لەلایەن حیزبو دامەزراوەكانیانەوە بریتى نییە لەپێشێلكردنى ئازادى رادەربڕین، ئایا بوونى پەرلەمانێكى بێدەنگو قسەنەكەرو خەمخۆرى گیرفانو پەرلەمانێك كە تواناى لێپێچینەوەو لیپرسینەوەى نییە لەسەروەتو سامانى بێئەندازەى ئەو هەموو بەرپرسە عەنتەرەى حیزب كە كەس نازانێت چۆن بوونەتە زەنگینترین پیاوانى دنیا، سەربارى ئەوەى دەسەڵاتى كوردى دەسەڵاتێكى داخراو و ناشەفافو ناعادیلو گەندەڵە، دەسەڵاتێكیشە بەوە ناسراوە لەدنیادا كە یەكێكە لەو دەسەڵاتانەى كە مافى مرۆڤ پێشێلدەكاتو حساب بۆ رایگشتىو رەخنەگرانو رۆشنبیرانو رۆژنامەو هاوڵاتیان ناكات بەگشتى(بەپێى راپۆرتەكانى یونامىو دەزگاى هەواڵگیرى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكاو راپۆرتى رێكخراوە سەربەخۆكانى كۆمەڵگەى مەدەنى). هاوكات هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار بوونەتە دوو هێزى داگیركارو دەرەبەگو دیكتاتۆر بۆ داگیركردنى ئابورىو كۆمپانیاو رێكخراوەكانو سەرلەبەرى دەزگا رۆشنبیرىو فەرهەنگییەكانو دەزگاكانى چاپو بڵاوكردنەوە. ئائەمەیە ئەو مۆدێلە دیموكراسییەى كە سەركردەو بەرپرسە حیزبییە مورتاحەكانى حیزب تەلەفیزیۆنو رۆژنامەكانى خۆیانیان لىَ پڕكردووە لەهاشوهوشى دیموكراسىو بازاڕى ئازادو مافى مرۆڤو شتى لەوجۆرە. ئەم مۆدێلە بە حساب دیموكراسییەى كە لەهەرێمى كوردستاندا هەیە چەند دوورە لەدیموكراسیو مافەكانى مرۆڤەوە دەئەوەندەش نزیكە لە دیكتاتۆرییەتو دەسەڵاتى پۆلیسىو نهێنییەوە.دیكتاتۆرەكان خولقێنەرى سنورى پۆڵاڕێژو قفڵى گەورەن بۆ ئازادى رادەربڕین.
ئەوانەى باس لەدیموكراسیەت دەكەنو مافى مرۆڤ پێشێلدەكەن، ئەوانەى سەرلەبەرى كەناڵەكانى راگەیاندن پڕدەكەن لەهەراوهوریاى ئازادىو قیڕەقیڕى خزمەتگوزارىو لەكاتێكدا ناتوانن سادەترین خزمەتگوزارى پێویست بۆ هاوڵاتیان دابینبكەن، هاوكات پێشێلكارێكى راستەقینەى ئازادى رادەربڕینو ئازادى قەڵەمەكانمانن. دواجار ئەم هێزو دەسەڵاتانەش دەتوانن سنورى ئاشكراو نهێنى بۆ ئازادى دروستبكەن.
كۆمەڵگەو كولتوریش دوو هێزى مەترسیامێزن بۆ مینڕێژكردنى ئازادییەكانى تاكەكەسو گروپەكان.
وەزیرێكو پەرلەمانێكو مەلایەكو خوتبەبەێژێكو حیزبێكو بەرپرسێكو سەرۆكێك پێكڕا هەموو ئەمانە بەجیاو بەهەماهەنگى دەتوانن سنورى ناشارستانى بۆ ئازادییەكانى رادەربڕین دابنێن.
ئەوەمان لەبیرنەچێت دەسەڵاتو حیزبەكان لەم پارچە خاكەدا خاڵێن لەسیاسەتو سازكردنى پڕۆسەى سیاسىو دبلۆماسیەت، بەڵام لێوانلێون لەحیكایەتو یادەوەرىو بێئەندازەش تواناى ئەوەیان هەیە لەسەر بەربومەكانى رابردوو بژینو مانەوەى خۆیان مسۆگەر بكەن.
هاوكات نەبوونى ئۆپۆزسیۆنێكى فەرهەنگىو رۆشنبیرىو شارستانى بووتە رێخۆشكارێكى بەهێز بۆ ئەو دەسەڵاتە كۆنپارێزو نابەڵەدانەى كە نە حساب بۆ رایگشتى دەكەن نەحساب بۆ رەخنەو پێشنیارو روانینو دنیابینییە جیاوازەكان دەكەن.
كۆمەڵگەى زیندوو كۆمەڵگەى ئازادییە راستەقینەكانە، كۆمەڵگەى مردووش كۆمەڵگەى ستەمكارییە راستەقینەكانو بێدەنگخانەیەكى گەورەوگرانە بۆ دروستبوونى دیكتاتۆرو كوشتنى رایگشتىو بیروڕاى ئازاد.
كۆمەڵگەى بێدەنگ بەرامبەر ناعەدالەتىو گەندەڵىو كوشتنى رۆژنامەنوسەكانى، دەرەنجام دەبێتە كۆمەڵگەیەكى زەلیلو موحتاجو دەستەمۆ لەبەردەم جەبەروتى حیزبو قەپاڵى حیزبدا، دەبێتە ناشرینترین كۆمەڵگە لەرووى كولتورىو شارستانییەوە.
حەڵاڵكردنى خوێنى رۆژنامەنوس، واتە حەڵاڵكردنى مەرگو پیاوكوشتن، واتە حەڵاڵكردنى بێدەنگىو ستەمكاریى. واتە ئەوەى یاساو كۆتوبەندى ئەخلاقىو حیزبىو ئاینىو كولتورى ناتوانێت بێدەنگى بكات، پیاوكوژەكان دەتوانن بێدەنگى بكەن، عەنتەرەكانى حیزب بێدەنگیان دەكەن. بەڵام بە پێچەوانەوە هیچ كاتێك زەبرو كوشتنو هەڕەشەكردن نەیتوانیوە تاسەر رۆژنامەنوسانو رەخنەگرانو رۆشنبیرانى سەربەخۆ بێدەنگ بكاتو قفڵ بدات لەدەستو دەمى نوسینو ئازادى قەڵەمەكان.