
جه‌وهه‌ر نامیق بۆ هاوڵاتی:……سازدانی: ئه‌ژین عه‌بدولخالق:
جه‌وهه‌ر نامیق بۆ هاوڵاتی:
"پارتی‌و یه‌كێتی له‌م ئه‌زموونه شكستخواردووه‌ی كوردستان به‌رپرسیارن"
سازدانی: ئه‌ژین عه‌بدولخالق:
جه‌وهه‌ر نامیق سالم سكرتێری پێشووی پارتی‌و یه‌كه‌مین سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌چاوپێكه‌وتنێكدا كه هاوڵاتی له‌گه‌ڵیدا سازیداوه ره‌خنه له‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌گرێت كه نه‌یتوانیوه كێشه‌كانی كورد‌و مه‌سه‌له نهتهوایهتییهكانی له‌به‌غداد چاره‌سه‌ربكات، پێیوایه سه‌ركردایه‌تی كورد خۆی رۆڵی هه‌بووه له به‌هێزكردنی مالیكی‌و ئه‌و جه‌ساره‌ته‌ی كه ئێستا دژ به‌خواسته‌كانی كورد قسه‌ی پێده‌كات، هه‌روه‌ها تیشك ده‌خاته سه‌ر رێككه‌وتنی «ستراتیژی» یهكێتیو پارتی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و رێككه‌وتنه بووه‌ته هۆی قۆرخكردنی دهسهڵاتو برابهشكردنی سهروهتو سامانی وڵات له‌نێوان لوتكه‌ی یهكێتیو پارتیدا.
هاوڵاتی: له‌و ماوه‌یه‌ی دواییداوتارێكت لهبارهیوهزعی كه‌ركوك بڵاوكرده‌وه، هه‌ستده‌كه‌م رهشبینبوویت به‌وه‌زعی كه‌ركوك؟
جه‌وهه‌ر نامیق: پێشه‌كی من ره‌شبین نیم، نه لهژیانو له‌سیاسه‌تیش هه‌رگیز ره‌شبین نه‌بووم، پێموایه خه‌ڵكی سیاسی نابێت ره‌شبین بێت. به دیدی به‌نده ناوه‌ڕۆكی كێشه‌ی كورد له‌كوردستانی باشوور ته‌عریب سنووری كوردستانه، كه‌ركوكیش كڕۆكی كێشه‌ی كورده، پێش‌و پاش رژێمی سه‌دامی رووخا‌و، ته‌سه‌ورێكی تایبه‌تیم هه‌بوو له‌سه‌ر كه‌ركوك‌و ناوچه دابڕاوه‌كان، پێموابوو له رۆژی 10/4/2003 كورد ده‌یتوانی له‌چه‌ند كاتژمێرێكدا مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك‌و سنووری هه‌رێم یه‌كلاییبكاته‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌خانه‌قین كرا، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری خودی‌و بابه‌تی نه‌كرا، ره‌نگه زۆر كهسو لایه‌ن بیگێڕنه‌وه بۆ رۆڵی وڵاتانی ده‌وروبه‌رو ناوچه‌كه‌و ئیقلیمی وه‌ك توركیا‌و زلهێزی وه‌ك ئه‌مریكا، دوور نییه ئه‌وه یه‌ك رووی دراوه‌كه بێت،وه‌لێ هه‌موو شتیش نییه‌و نابێت كورد ته‌سلیمی ئه‌و تیۆریه بێت. ئه‌گه‌ر ههروابیربكاتهوه، چۆن به درێژایی زیاتر له (600) ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی‌و نزیكه‌ی 90 ساڵی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی توركیا به ئێستاشه‌وه دژایه‌تی كورد‌و پرسی كورد ده‌كه‌ن ئه‌وه ده‌بێت، له‌دواڕۆژیش مه‌زنده‌ی هه‌مان هه‌ڵوێستیان لێ بكه‌ین ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بن. ده‌وڵه‌تی توركیا كورد‌و پرسی كورد، له‌هه‌ركوێ بێت، له‌خانه‌ی دوژمنی ئیستراتیژی خۆی داناوه، هه‌ر له ئه‌تاتوركه‌وه تاكو دهمریلو ئه‌جه‌ویدو ئۆزالو ئهربهكانو ئوردوگانو گول. بهعهلمانیو غه‌یره عه‌لمانیان. زلهێزه‌كان له‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان ده‌گه‌ڕێن. ئه‌مریكا چ پێش‌و كۆن‌و چ ئێستا به‌رامبه‌ر به پرسی كورد ئه‌و دۆست‌و (هاوپه‌یمانه) نه‌بوو كه سه‌رانی كورد قوماریان له‌سه‌ر كرد‌و ده‌یكه‌ن.
كه پرسی كه‌ركوك خڕ كرایه‌وه له‌مادده‌ی (58)ی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی گواستنه‌وه، زۆركهسو لایه‌ن ره‌خنه‌و راو پێشنیاری خۆیان خسته‌ڕوو. هه‌ر ئه‌وده‌م به مادده‌یه‌كی سه‌قه‌ت وه‌سفم كرد، به‌نده‌و خه‌ڵكانێكی زۆر پێشنیاری ههمواركردنیان كرد. نهههمواركراو نه جێبه‌جێكرا. تهحویلكرا بۆ ده‌ستوورو بووه مادده‌ی 140. ئه‌میش جێبه‌جێنه‌كراو مرداركرایهوهو به‌مادده‌ی (24) گه‌مارۆدرا، كه بوه مادده‌ی (23) یاسای هه‌ڵبژاردنی ئهنجوومونهكانی پارێزگاكان ژماره 36 ساڵی2008) . ئێستا نه‌ك هه‌ر چاره‌نووسی ئه‌م مادده‌یه به‌ڵكو زۆر له‌ماده‌كانی دیكه‌ی ده‌ستوور كه په‌یوه‌ندداره به پرسی كورد له ئه‌گه‌ری سڕینه‌وه‌و ههمواركردندایه به مادده‌ی 140وه‌ش، ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ی ناوهندو هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی فه‌رمی كوردستان له‌مه‌ڕ كه‌ركوك‌و گشت ناوچه دابڕاوهكانو ئه‌و نه‌خشه‌و پلانه كه هه‌یه ، به‌دووری ده‌زانم كه‌ركوك‌و زۆر له ناوچه تهعریبكراوهكانمان بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
هاوڵاتی: چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌و رایه‌ی نوری مالكی كه بانگه‌شه‌ی به‌هێزكردنی ناوهندو لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات؟
جه‌وهه‌ر نامیق: دیاره به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ناوه‌ند مانای لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌مه هاوكێشه‌یه‌كه كه به درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌م وڵاته كه پێی ئێژن عێراق پیاده‌كراوه. وتمان به‌ڵكو ئهمجارهوانهبێت وه‌لێ بوو. به‌هه‌رحاڵ ده‌كرێت قسه له‌سه‌ر شێوه‌و شێواز‌و چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند بكرێت، به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند گرفتێكی گه‌وره نییه، وه‌لێ ئه‌و میكانیزمه چییه كه بۆ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند به‌كاردێت كێ چۆن ده‌یكات‌و ده‌كرێت. نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیركه‌ین كه پێش هاتنی مالكی سه‌رانی كورد له‌مالكی سوورتر بوون له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوهندو دامه‌زرانه‌وه‌ی سوپا‌و گێڕانه‌وه‌ی عێراقی هیواو ئاشتی بۆ ناو جه‌غزی عهرهبیو ئیسلامی‌و نێوده‌وڵه‌تی، شانازیشیان پێوه ده‌كرد. هه‌روه‌ها لایه‌نی كوردستانی رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بوو له‌دانانی مالكی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وده‌م هه‌م ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند لاوازبوو هه‌م مالكی نه‌كیره‌یه‌ك بوو. باشتر نه‌بوو ئه‌وده‌م كارێكی وابكرایه مالكی جه‌ساره‌تی وه‌ها نه‌كات. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی كردیان وادیاره به زه‌ره‌ری كورد شكایه‌وه. به‌ته‌ئكید ئه‌م هه‌وڵه‌ی مالكی‌و هاوپه‌یمانانی مالكی، بۆ لاواز‌و تههمیشی مهوقیعو ده‌سه‌ڵاتی كورده.
هاوڵاتی: چۆن؟ ده‌توانیت ئه‌وه روونتر بكه‌یته‌وه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: نه‌ك مالكی به‌ڵكو گشت ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوه‌ند له‌به‌غدا هه‌ر له‌سه‌رده‌می مه‌له‌كی تاكو كۆماری به‌یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی رژێمه‌كان، كه لاواز بوونه په‌نایان بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد بردووه، یان چ نه‌بێت داوای ئاگربهستو رێككه‌وتنیان كردووه. كه پێیان زه‌وی گرتووه په‌لاماری كوردیان داوه. مه‌گه‌ر حكومه‌تی عهلاویو حكومه‌تی جه‌عفه‌ری هه‌ر یه‌ك به‌شێوه‌و شێواز خۆیان هه‌مان هه‌ڵوێستیان نه‌بوو. فه‌رقی ئه‌وساو ئێستا زۆره. مالكی ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند به‌هێز بكات، به‌ده‌ر له‌یاساو ده‌ستوور ده‌جوڵێته‌وه‌و سه‌ركردایه‌تی كورد به موناسه‌به‌و بێ موناسه‌به نان‌و ده‌ستوور ده‌خوات. باشه له‌حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان به‌ده‌ستی مالكی نییه به‌ڵكو گشتی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه. ئه‌و ته‌نها مافی ئیشرافو ته‌نفیزی هه‌یه. ماده‌ی (80)ی ده‌ستوور به‌تایبه‌تی بڕگه‌ی یه‌كه‌می ئه‌ركی (پلاندانان‌و جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی گشتی دهوڵهتو پلانه گشتیه‌كان‌و سه‌رپه‌رشتی كردنی كاری وه‌زارته‌كان …)ی داوه به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، نه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران. له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دوو پۆستی سیادی به‌ده‌ستی كورده. له‌گه‌ڵ شه‌ش حه‌وت وه‌زیری دیكه. سوپا سالاری سوپای عێراق كورده، له‌گه‌ڵ چه‌ندین پۆستی باڵا له وه‌زاره‌تی به‌رگری، ده‌بێت ههیبهتو نفووزی كه‌سایه‌تی ئه‌م زاتانه چۆن‌و چ بێت تاكو مالكی وا تههمیشیان بكات‌و حیسابیان بۆ ناكات؟! ئه‌وه حكومه‌تی ههرێمو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ر هیچ .! ئه‌مانه كه‌سانێك نین بێ پشت‌و پهنابن. نوێنه‌ری گهلو نه‌ته‌وه‌یه‌كن ئه‌گه‌ر بێ ئاگا‌و موتابعهنو بێ هه‌ڵوێستن لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت‌و لادرێن. ئه‌گه‌ر له‌لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات فه‌رزكراوه به‌سه‌ریان مافی خه‌ڵكه بپرسێت بۆ؟ مافی ئه‌و نوێنهرانهیشه تاوانبار نه‌كرێن. مالكی‌و ئه‌مسالی مالكی جگه له‌بیرو بۆچوونی شۆڤینیزمیان، باوه‌ڕده‌كه‌م سایكۆلوجیهتی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی به‌گشتی خوێندووه‌ته‌وه. یان ئه‌سڵی كرده‌وه‌كان جۆره فشارێكه بۆ به‌هێزكردنی مالكی، دوور نییه مالكی ئامانج نه‌بێت به‌قه‌د ئه‌وه‌ی واژووكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منیی ئهمریكاو عێراق‌و ده‌ربازكردنی یاسای نهوتو غاز بێت، یان گه‌مه‌یه‌ك بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكان، بۆ ریزبه‌ندیه‌كی تازه لهتهوازنات. ئه‌گه‌ر لایه‌نی كوردی ته‌ره‌ف نییه له‌م نه‌خشه‌یه به‌ڕای به‌نده نابێت له‌سه‌ر حیسابی پرسی كورد ته‌واو بێت، ئه‌میش وه‌كو دیارده‌كانی دیكه هه‌روه‌ها ده‌ربازبێت. كه لایه‌نی كوردستانی مادده‌ی (24)ی قه‌بووڵ كرد. كه سه‌ربازی سوپای عێراق بێئاگاداریو ره‌زامه‌ندی نێردرا بۆ بناری حه‌مرین‌و لایه‌نی كوردستانیان ناچاركرد هه‌ر له‌و بناره‌وه تاكو كه‌ركوك بهسهعدیهو جه‌له‌ولاو قه‌ره‌ته‌په‌و خانه‌قین‌و خودی كه‌ركوكیشه‌وه له پێشمه‌رگه‌ی كوردستان چۆڵ كه‌ن، ههیبهتو نفووزی حیزبه كوردستانییه‌كان ته‌حجیم كهنو رۆڵیان ته‌همیش بكرێت‌و كوردستانییه‌كانی ئه‌و ناوچانه بخه‌نه دڵه‌ڕاوكه‌و مه‌ترسییه‌وه.
له‌كاتێكدا مالكی‌و داروده‌سته‌كه‌ی باش ده‌یانزانی ئه‌و ناوچانه ناوچه‌ی ململانێ (متنازع علیها)ن و به‌و پێیه چه‌ند ههیبهتو نفوزی ناوه‌ند له‌و ناوچانه پێویست بێت ئه‌وه‌نده‌یش لایه‌نی كوردستانی…، كه مادده‌ی (52) ی یاسای ژماری 36ساڵی 2008) ، سه‌باره‌ت به كورده ئێزیدی‌و شه‌به‌كمان بێ حه‌مدی لایه‌نی كوردستانی له ئه‌نجومه‌نی نۆینه‌ران ده‌ربازكرا… كه نوێنه‌رانی كورد له گفتوگۆی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان ئهمریكاو عێراق ده‌ركرا، له‌گه‌ڵ گشت كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی دیكه‌ی نێوان ناوهندو هه‌رێم، ئێژین كه هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌و شتی دیكه‌ش بۆ مالكی چووه سه‌ر، ئیدی بۆ جه‌ساره‌ت نه‌كات بۆ به‌هێزكردنی ناوهندو فشاری دیكه بۆ سه‌ر كورد.!
هاوڵاتی:ئه‌ی مه‌جالیسی سه‌حوه‌و ئیسناد كه ئێستا مالكی دایانده‌مه‌زرێنێت؟ ئه‌وه‌ش بێهێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم نییه له‌و ناوچانه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: به‌ڵی به‌ته‌ئكید، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت ئاوڕێك له رابردوو بده‌ینه‌وه. باشه ئه‌گه‌ر مه‌جالیسی ئیسناد ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی مالكی، بۆ سه‌رانی كورد پێشتر رێگایان پێدا له ناوچه‌كانی ناوهڕاستو خوارووی عێراق هێزی خێڵه‌كی عه‌ره‌ب به‌ناوی (مجالس الێحوه) دروستبكات.؟ ئه‌ی بۆ له‌پارێزگای دیاله، كه ناوچه‌یه‌كی ململانێ‌و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ده‌كه‌ونه حوكمی مادده‌ی (140)وه، رێگا درا ئه‌و هێزانه دروستبكات.؟! له‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه سه‌ركردایه‌تی فه‌رمی كوردستان نه‌ك هه‌ر بێ ده‌نگ بوو، به‌ڵكو پشتگیریشی له‌مالكی كرد. (الێحوه) له‌سه‌ره‌تاوه بیرۆكه‌و سیاسه‌تێكی ئیداره‌ی بوش بوو، پاش شكستیان له‌سێ كوچكه‌ی سوننه‌و ناوچه‌كانی دیكه وه‌لێ پاشتر بووه به‌رنامه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ند كه ئیئتلافی كوردستانی خۆیان ده‌ڵین شه‌ریكین. ئه‌م پشتگیری‌و پاشان بێده‌نگی له‌م دیارده‌یه‌و ئه‌م هه‌ڵایه‌ی ئێستا لایه‌نی كوردستانی جۆرێك له ئینتیقائییهت پێوه دیاره.
هاوڵاتی: پێتوایه ده‌بووایه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه سه‌ركردایه‌تی كورد رێگای به‌وه نه‌دابووایه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: بێگومان بۆ مهجالیاندا به‌مالكی وا گومڕابێت، بۆ دوایانخستو له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵوێستیان نه‌بوو؟! سه‌ركردایه‌تی فه‌رمی كوردستان ده‌بوایه كێشه‌ی چه‌كداركردنی فه‌رمی خێڵه عه‌ره‌بیه‌كان به‌جدیی وه‌ربگرتایه. فرسانی الوهلیدو ێلاح الدین‌و حه‌ره‌سی قه‌ومی‌و ئه‌فواجی دیفاعی وه‌ته‌نی (خفیفه)..تاد مه‌گه‌ر هه‌ر ناوه‌ندی به‌غدا دژ به‌كورد درووستی نه‌كردبوو. چ ئهمریكییهكانو چ مالكی ئه‌وده‌م زۆر له‌ئێستا لاوازتر بوون، ده‌كرا بهدیكۆمێنتو به‌مه‌رج لایه‌نی كوردستانی شه‌ریكی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند، پرۆسه‌ی سه‌حوه‌و ئیسنادی قهبووڵكردبایه. دیسان فێڵیان لێ كردن؟!
ئه‌نجومه‌نی ئیسناد نوێكردنه‌وه‌ی جاشایهتییهو دژی كورده حه‌قه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگا نه‌درێت به‌دامه‌زراندنی. پێش زیاتر له‌یه‌ك ساڵ له نووسینێكماندا ئاماژه‌مان به‌دیارده‌ی پڕچه‌ككردنی خێڵه عه‌ره‌به سوننهكانمان كرد، خستمانه قاڵبی (پهرتكهو بگره)وه،وه‌ك یه‌كێك لهتاكتیكهكانی سهربازیو سیاسی ئیداره‌ی بوش له‌و ناوچانه، واتا شه‌ڕی سوننه ــ سونه، پاشتر شه‌ڕی سوننه ــ شیعه، دواتر شیعه ــ شیعه، وتمان باشه بۆ بیر له‌وه نه‌كرێته‌وه ئه‌مجاره‌یان ببێته شه‌ڕی كورد‌و عه‌ره‌ب به سوننه‌و شیعه‌یانه‌وه.. له‌مێژه‌وه شه‌ڕ یه‌خه‌ی گرتووین، وه‌لێ كورد نایكات. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ی مالكی‌و هاوپه‌یمانانی مالكی سه‌ركه‌وێت دوور نییه ئه‌گه‌ری شه‌ڕێكی (كوردی ـ كوردی) یش رووبدات.
هاوڵاتی: ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌گشتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پشتگیری لهئیمزا كردنی رێككه‌وتنی ئه‌منیی نێوان عێراق‌و ئه‌مریكا ده‌كات، ئایا كورد له‌وه زیاتری به‌ده‌ست نییه، یا ده‌كرا هه‌ڵوێستی تری هه‌بێت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: پێموایه لایه‌نی كوردی له‌وه زیاتر هیچی به‌ده‌سته‌وه نییه، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌موو هێلكه‌كانی خۆی خسته نێو جه‌واڵی ئهمریكاو ئیداره‌ی بۆش، هه‌ندێكیشیان هیچی ههڵنههێناو ئه‌وه‌شی ده‌رچوو جووجكهیهكی شێواو بوو، هه‌ر زوو تووشی ئه‌نفلۆنزای باڵندهبووه، ته‌ماشای فیدراڵیهتو (140)و سهروهتو سامان‌و داهاتو پێشمه‌رگه‌و پاراستنی سنووری ههرێمو عیلاقات.. تاد بكه‌ن ، ئه‌وه‌شی ماوه‌ته‌وه له هێلكه‌كان پیسبووه وا تاك تاك لێی ده‌شكێت‌و بۆنیشی دێت….
هاوڵاتی: هه‌بوونی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی یه‌كێكه له‌خاڵه لاوازه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن چ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی، چ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، پێتوایه حكومه‌تی هه‌رێم به‌جدیی كاری بۆ له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی كردبێت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: نه‌خێر كاری جدیی بۆ نه‌كراوه‌و خه‌ڵكیش زۆر باسی ئه‌و بابه‌ته ده‌كه‌ن، سه‌یریش له‌وه‌دایه سه‌ركردایه‌تی فه‌رمیش له‌هه‌موو ئاسته‌كان باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌كات، به‌ڵام كێشه‌كه ته‌نیا باسكردن نییه، به‌ڵكو چۆنیه‌تی له‌دایكبوونی ئه‌و دیارده‌یه‌و زاڵبوونو په‌لكێشانی بۆ هه‌موو كون‌و قوژبنێكی ژیانی حیزبایه‌تی‌و حكومهتو كۆمه‌ڵگایه، كاتی خۆی زۆرم نوسیوه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته…
هاوڵاتی: له‌ده‌ره‌وه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك حیزبی تر هه‌ن، تۆ پێتوایه ئه‌و حیزبانه بوونه‌ته ئۆپۆزسیۆن، یا هه‌ر ناونو ناتوانن ئه‌و رۆڵه‌ی ئۆپۆزسیۆن ببینن‌و ئه‌وانیش شه‌ریكی پارتی‌و یه‌كێتین له‌و وه‌زعه‌ی كه هه‌یه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: بێگومان له‌لایه‌كه‌وه ئه‌وانیش شه‌ریكی پارتی‌و یه‌كێتین له‌و پرۆسه‌یه‌ی كه هه‌یه، چونكه ئه‌وان به‌شدارن له‌ده‌زگای یاسادانان‌و كارگێڕیدا. ئینجا رێژه‌ی به‌شدارییان چه‌نده ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره، بۆیه ئه‌وانیش به‌شێكن له‌و ئه‌زموونه‌و ئه‌و واقیعه‌و به‌رپرسیاریشن به‌پێی ئاست‌و قه‌باره‌ی خۆیان له‌و ره‌وشه‌ی كه هه‌یه، بهباشیو خراپیه‌وه. ره‌نگه له‌لایه‌كی تریش له‌به‌ر واقیعی خۆیان وا پێناسه‌ی خۆیان بكه‌ن گوایه ئۆپۆزسیۆنن. به‌ڕای من جۆره ئاڵۆزییه‌ك له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌یه، ئه‌وان ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت به‌ڕاستی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن، ده‌بێت خۆیان له‌ده‌سه‌ڵات جیابكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌وه هاوپهیماننو هه‌رگیز ئۆپۆزسیۆن نین به مانای راسته‌قینه‌ی ئۆپۆزسیۆن .
هاوڵاتی: واتا هه‌ر ئۆپۆزسیۆن نین، یان لاوازن؟
جه‌وهه‌ر نامیق: من ناڵێم ئه‌وانه هیچ رۆڵێكی ئۆپۆزسیۆنیان نییه، هه‌یانه، به‌ڵام ته‌واو نییه، چونكه قسه دهكهنو ههڵوێستو به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ رێزماندا بۆیان ده‌كرێت له‌نێوان دوو كهواندا بێژین ئه‌وانه (ئۆپۆزسیۆنی ماڵیی كراون)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئینكاری رۆڵیان ناكرێت له‌زۆر بوارداوهكو ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی ئێستای كوردستان گه‌ره‌كێتی، بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌یه كه خۆی له‌ده‌سه‌ڵات جیابكاته‌وه، نه‌ك نه‌یارو دژ به‌م ئه‌زموونه‌و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی نه‌ته‌وایه‌تی، خاوه‌ن بنكه‌و بهرنامهیو ئاسۆ روون شه‌فاف بێت كه به‌ڕاستی‌و درووستی باشتر گوزارشت له داخوازییه‌كانی شه‌قامی كوردستانی‌و دواڕۆژی بكات. ئه‌وه‌ی هه‌یه یان (ماڵیی كراوه) یان وه‌كو ههندێَكیان ئێژن (یان له برسو یان له‌ترس)، ئه‌وی دیكه هێشتا ههستو خواست‌و هه‌ندی پهرتو بڵاوه، له‌واقیعی ئه‌مڕۆی كوردستاندا هه‌ردوولا، لاوازه‌و وای ده‌بینم له قۆناغی گردبوونهوهدان.
هاوڵاتی: بڕیاروایه ساڵی ئاینده هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی له كوردستاندا ئه‌نجام بدرێت، پێتوایه پارتی‌و یه‌كێتی به‌پاساوی ناله‌باری ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مان درێژبكه‌نه‌وه‌و خۆیان له‌هه‌ڵبژاردن بدزنه‌وه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: به‌و واقیعه‌ی ئێستا كه دوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداری وه‌كو پارتی‌و یه‌كێتی حوكمڕانن له‌م وڵاته‌دا، رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییان هه‌یه، لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو پێكهاتوون،وه‌لێ له‌لوتكه زیاتر كه‌س نازانێت ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی چییه، جگه له‌دوو خاڵ نه‌بێت، ئه‌ویش دابه‌شكردنی سهروهتو سامانه وه‌كو برابه‌ش، ده‌سه‌ڵاتیش دابه‌ش ده‌كرێت برابه‌ش. جا له‌حاڵه‌تی وه‌هادا كه ئه‌م دوولایه‌نه دهسهڵاتو داهات قۆرخ كهنو پێكه‌وه‌و به‌یه‌ك لیست داخڵی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئایندهی كوردستان بن یان ته‌مه‌نی ئه‌م خوله درێژكهنهوه زۆر له‌واقیع ناگۆڕێت. چونكه خودی ئه‌م قۆرخكردنه یه‌ك له‌و ههوڵو سیاسه‌تانه‌یه كه رێگربێت له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی به دیموكراتی‌و به دهزگاكردنی ئه‌م هه‌رێمه‌و گۆڕینی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه…
هاوڵاتی: بۆ به‌م شێوه‌یه ره‌فتار ده‌كه‌ن؟
جه‌وهه‌ر نامیق: ده‌وترێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاڵۆزی‌و شه‌ڕ روونه‌دات. باشه بۆ ئیلا شه‌ڕ دروستبێته‌وه؟ ده‌وترێ له‌به‌ر ناوه‌ندی به‌غدایه، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه كه له‌به‌غدا كورد به‌هێزبێت، ئه‌وه دیاره زۆربه‌ی زۆری كێشه‌كانمان له‌وێ به‌هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه، بگره خراپتریش ده‌بێت. ئێژن له به‌ر بارودۆخی ده‌ره‌كییه. ئه‌گه‌ر وابێت نه به‌وان توركیا‌و ئێران‌و زیاتر له بیست وڵاتی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر نه‌خشه دهسڕیتهوهو نه هه‌ڵوێستیان له‌مه‌ڕ پرسی كورد به‌گشتی ده‌گۆڕێت، جا ئه‌گه‌ر به وجوودی ئه‌مریكا كه هه‌ر به‌قسه‌ی خۆیان (هاوپه‌یمان)و (دۆست)و پاسهوانو پارێزه‌ری كورده له‌هێزی دهرهكیو ئیقلیمی، هه‌ر به‌وه‌ش پاساوی پێداگرتنی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه له مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق، ئێژین ئه‌گه‌ر فیعله‌ن وایه مه‌ترسی ئیقلیمی‌و ده‌ره‌كی له‌چی؟ به‌هه‌رحاڵ راگرتنی ئه‌زموونێكی ته‌واو تهشویهو ئیفلیجكردنی ئا به‌م شێوه‌یه‌ی كه هه‌یه بابه‌تێكه فره هه‌ڵده‌گرێت. پێموایه ئه‌وه دیارده‌یه‌كی نه‌شازه، ئه‌گه‌ر دیارده‌ی وه‌ها بۆ قۆناغێكی كورت پێویست بووبێت، درێژه‌پێدانی ناته‌ندروسته. راسته قۆناغه‌كه چاره‌نووسسازه، به‌ڵام نابێت پرۆسه‌ی ململانێی كۆمه‌ڵگای خۆت له‌هه‌موو بواره‌كاندا قهتیسو ته‌جمید بكه‌یت، له كاتێكدا تۆ داكۆكی له دیموكراتیهتو ژیانی فرهییو شهفافیهتو عه‌داله‌تی دابه‌شكردنی دهسهڵاتو سهروهتو سامان ده‌كه‌یت. قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات ئا به‌م شێوه‌یه دیارده‌یه‌كی شازه. دوور نییه بۆ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حیزب ده‌ربازكردنی رۆژو حوكمڕانی بێ ململانێی جدییو مه‌سئول كارێكی خۆش بێت،وه‌لێ مه‌رج نییه هه‌رچی بۆ ئه‌وان باش بێت بۆ پرسی كورد‌و خه‌ڵكی كوردستان باش بێت.
هاوڵاتی: ئایا ئه‌و كێشانه‌ی كه ئاماژه‌ت بۆ كرد، به‌شێكی زۆری ئه‌نجامی شكستی سیاسییه‌و حیزبه‌كانی ئێمه كه له‌قه‌یراندان؟ ئه‌ی پهرلهمانو چاره‌نووسی ئه‌و كێشانه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: ئه‌م ئه‌زموونه‌ی كوردستان له‌زۆر بواردا شكستی هێناوه‌و زیاتر لوتكه‌ی یه‌كێتی‌وپارتی لێی به‌رپرسیارن. خودی پارتی‌و یه‌كێتی له‌نێو قه‌یراندان له‌زۆر لایه‌نه‌وه، له‌نێو خۆیان وه‌كو رێكخستن، له‌نێو لوتكه‌و بنكه‌یان، لهنێوخۆیانو جه‌ماوه‌ره‌كه‌یاندا، له‌نێو خۆیان‌و خه‌ڵك به‌گشتی. كه‌واته دابڕانێكی زه‌ق هه‌یه له‌نێوان سهركردایهتیو بنكردایهتیو خه‌ڵك، خۆ ئه‌گه‌ر (25%)ی ئه‌و دابران‌و گلهییو گازندهناش راست بێت كه خه‌ڵك هه‌یه‌تی، ئه‌وه پانتاییهكو رێژه‌یه‌كی زۆره. په‌رله‌مان ره‌نگدانه‌وه‌و ته‌عبیره له‌و پرۆسه سیاسییه كه لوتكه‌ی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار كۆكن لهسهریو گه‌ره‌كیانه. حكومه‌تی ههرێمو په‌رله‌مان پاشكۆی ئه‌و دوو حیزبهنو شهتهكو شهكهتكراون، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
هاوڵاتی: به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌وه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌و شهریكایهتییه تاچه‌ند به‌رده‌وام دهبێتو به‌كوێ ده‌گات؟ چۆن ده‌توانین له‌و قه‌تیسبوونه ده‌ربچین كه تۆ باسی لێوه ده‌كه‌یت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: به‌ڕه‌خساندنی فه‌زایه‌كی ئازاد‌و شه‌فاف بۆ پیاده‌كردنی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتی. دوور لهقۆرخكردنی دهسهڵاتو سامان. بیركردنه‌وه‌یه‌كی جدیی بۆ رزگاربوون له‌و ره‌وشه، له‌و باوه‌ڕه‌دام تاكو كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه‌و كه‌مینه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، هه‌تا له‌سه‌ر بنه‌مای دوو سه‌ركرده‌و دوو مه‌ڵبه‌ندی بڕیار‌و دوو گیرفان‌و دوو حكومه‌ت بێت، پێموایه پرۆسه‌ی دیموكراسی ئه‌م هه‌رێمه به سه‌قه‌تی ده‌ڕوات، نهحكومهتو نه‌په‌رله‌مان له‌توانایاندا نییه كێشه‌و گرفتی خه‌ڵكی كوردستان به دروستی چاره‌سه‌ركه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌ندێ به‌ڕوونتر قسه بكه‌ین سه‌ركردایه‌تی فه‌رمی كوردستان نه‌ك هه‌ر به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان هه‌ندێ لهمسداقیهتی خۆی له‌ده‌ستداوه به‌ڵكو له‌ئاستی ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر باش وه‌زعی كورد ده‌خوێننه‌وه.
هاوڵاتی: باشه، ئێستا ململانێیه‌كی توند هه‌یه له‌نێو یه‌كێتیدا، تۆ خۆت چۆن ته‌ماشای ئێستای ئه‌و ململانێیه دهكهیتو پێتوایه حیزبه‌كانی تر ئه‌و جۆره ململانێیه‌یان تێدابێت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: ململانێ له‌نێو گشت هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان‌و عێراقدا هه‌یه، ئه‌وه شتێك نییه شاراوه بێت، به‌ڵام ره‌نگه شێوه‌و شێوازی ململانێ له‌نێو یه‌كێتیدا جیاوازبێت، ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكاری خۆی هه‌یه وه‌كو چۆنیه‌تی دروستبوون‌و چۆنیه‌تی بیركردنه‌وه‌و سروشتی پێكهاته‌ی حیزب. ململانێ له‌نێو یه‌كێتیدا تازه نییه‌و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ دروستبوونیدا ئه‌و جۆره ململانێیه كه‌م یا زۆر هه‌بووه، زۆرجار ته‌قیوه‌ته‌وه‌و زۆرجاریش به‌ری پێگیراوه. ئاشكرایی‌و ئاستی ململانێكانی نێو یه‌كێتی به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه باسمكرد، دوور نییه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م حیزبه له‌نێو خوی‌دا زیاتر شهفافو كراوه بێت. پێموایه ململانێی ئاشكرا باشتره له‌ململانێی شاراوه‌و ده‌مامكدراو.
هاوڵاتی: هیچ جۆره ململانێیه‌كی وا له‌نێو پارتی به‌دی ده‌كه‌یت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: پێموایه له‌نێو هه‌موو حیزبێكدا ململانێ هه‌یه، كه ململانێ له‌خودی یه‌ك شانه‌ی زیندوو هه‌بێت له‌خودی تاكدا هه‌بێت چۆن له‌نێو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو پارتی كه ته‌مه‌نی زیاتر له (60) ساڵ ده‌بێت، نه‌بێت. وه‌كو باسمانكرد شێوه‌و شێواز‌و میتۆدی ململانێ لهحیزبێكهوه بۆ ئه‌وی تر وه‌ك یه‌ك نییه. ئه‌گه‌ر هه‌ندێ به مهوزوعیهتهوه قسه بكه‌ین به‌درێژایی ته‌مه‌نی پارتی ناوه‌ندێكی ململانێی سه‌یربووه. ئێستایش ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێو كهوادیرو قاعیده‌دا هه‌یه زۆر فه‌رقی نییه له‌وه‌ی نێو بنكه‌ی یه‌كێتیدا هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ندێ بواردا زۆرتر نه‌بێت، چونكه سروشتی كێشه‌كان زۆر له‌یه‌كتر ده‌چێت له‌شێوه‌ی كاركردن‌و راو بۆچوون‌و …تاد. پێموایه له‌نێو هه‌ندێك حیزب‌دا به‌هۆی شێوازی پێكهاته‌ی حیزبه‌كه ده‌رده‌بڕێت، له‌نێو ههندێكیشدا دیسان به‌هۆی پێكهاته‌ی حیزبه‌كه دهمامكدهدرێت.
هاوڵاتی: باشه ئه‌وه مانای وایه خه‌ڵكێكی تازه دێنه پێش، یا رۆڵی گه‌نجه‌كان زیاتر ده‌بێت؟ یا به‌مانایه‌كی تر، كۆپیكراوی هه‌مان سه‌ركرده‌كانی پێشووترن؟
جه‌وهه‌ر نامیق: بێگومان مرۆڤ نابێت له‌ململانێ بترسێت، نابێت بترسێت له‌گۆڕان، به‌ڵكو رێگاگرتن له‌گۆڕان مه‌ترسیداره، چونكه گۆڕان سوننه‌تی ژیانه‌و گه‌ردوون له‌سه‌ر بنه‌مای دژكاریو ململانێ دروستبووه‌و كه‌سیش بۆی نییه یان ناتوانێت رێگای لێبگرێت. ته‌ماشاكه له‌ڕووی فه‌لسه‌فیشه‌وه هه‌ردوو ره‌وتی مادی‌و ئایدیالیستی له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ناكۆك بن، له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ململانێ بزوێنه‌ری مێژووه.
هاوڵاتی: تۆ ئێستا له‌میانه‌ی ئه‌و وه‌ڵامانه‌دا منت به‌ئاراسته‌یه‌كدا برد كه بته‌وێت بڵێیت ئه‌و جۆره ململانێیه له‌نێو پارتیشدا هه‌یه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: بێگومان هه‌مان ململانێ له‌نێو پارتیشدا هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه به ئه‌ندازه‌ی شێوه‌ی ململانێكه‌ی نێو یه‌كێتی نهبێتو به‌هه‌مان شێوه گوزارشت له‌خۆی نه‌كات.وه‌كو وتم ململانێ سروشتییه، به‌ڵام شێوه‌ی ده‌رخستنی جیاوازه. ئه‌گه‌ر بچینه نێو كهوادیرو جه‌ماوه‌ری پارتی گوێ‌بگرین ده‌بینین كۆمه‌ڵێك گلهییو گازانده هه‌یه. تۆ واز له‌وه بێنه ئه‌مڕۆ خه‌ڵكێك هه‌یه دێنه به‌رده‌م مایكرۆفۆن وه‌زعه‌كه ده‌ڕازێننه‌وه، پێموایه هه‌ڵدانی یه‌ك ته‌ره‌فه‌و یه‌ك مه‌وج زیانی زۆرتره له‌قازانج، له‌لایه‌ك شێواندنی واقیعه، له‌لایه‌كی تریش له‌ده‌ستدانی راستگۆیی.
هاوڵاتی: ئێستا تۆ كه‌سێكی سیاسی‌و له‌ماڵ دانیشتووی هیچ پۆستێكی حیزبی‌و حكومیت نییه، ده‌كرێت بزانین رۆژانه كاتی خۆت به‌چی به‌سه‌ر ده‌به‌یت؟
جه‌وهه‌ر نامیق:: رۆژانه كاتی خۆم زۆرتر به خوێندنه‌وه‌و نووسین‌و متابهعهكردنی رووداوه‌كان‌و بینینی دۆست‌و براده‌ر ده‌به‌مه‌سه‌ر.