Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024

خانمەكەم، ئێوە كارتان چیە ؟ …….شوان جەلال

Closed
by November 24, 2008 جینۆساید

 خانمەكەم، ئێوە كارتان چیە ؟ …….شوان جەلال
 
 shwanjalal2005@yahoo.com
                                                                                
 وەزیرى شەهیدان و ئەنفالكراوەكانى حكومەتى هەرێم ، چنار سەعد لە لێدوانێكى بۆ رۆژنامەى رۆژمە كە لە لاپەرەیەكى ژمارە  بڵاوببووەتەوە 348، رایگەیاندووە: "ئیداره‌ی‌ شاری‌ نه‌جه‌ف پێیان باش بوو ئه‌و ئێسكوپروسكانه‌ هه‌ر له‌و شاره‌ بنێژرێن‌و سیمبولێكیان له‌وێ‌ بۆ دروستبكرێت‌و ئه‌مانیش ئه‌وه‌یان پێباش بوه‌ به‌ڵام كه‌سوكاریان حه‌زیان كردوه‌ بهێنرێنه‌وه‌ بۆ كوردستان‌و لێره‌ بنێژرێن". ئەم وەزیرە هەروەها لە لێدوانەكەیدا وتوویەتى : "پارێزگاری‌ نه‌جه‌فیش ئه‌و بۆچوونه‌ی‌ هه‌بو ئه‌گه‌ر له‌وێ‌ بنێژرێن ئه‌وا سیمبولێكیان بۆ دروست ده‌كه‌ن به‌ڵام ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كین هێشتا بڕیاره‌كانمان له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ سۆز‌و عاتیفه‌دایه‌. جگه‌له‌وه‌ش ئه‌وه‌ مافی‌ كه‌سوكاری‌ قوربانییه‌كانه‌ كه‌ بڕیار بده‌ن گۆڕه‌كانیان له‌كوردستان یان له‌نه‌جه‌ف بێت". پاش خوێندنەوەى ئەو هەواڵە هەستم كرد پێویستە ئەم دێرانەى لاى خوارەوە بنوسم .
 
 ئەم لێدوانەى جەنابی وەزیرى شەهیدان و كاروبارى ئەنفالكراوەكان، كە ئەركى وەزارەتەكەی داڕشتنى سیاسەتى چاككردنى بارى گوزەران و، بارە سایكۆلۆژى و كۆمەڵایەتى و تەندروستییەكانى كەس و كار و پاشماوەى شەهیدان و ئەنفالكراوەكانە و، بە جیهان ناساندنى پرسی ئەنفالە، وەك پرۆسەیەكى كۆ كوژ (ژینۆساید)، ئەو حەقیقەتە تاڵەمان بۆ ئاشكرادەكات كە ئەم وەزارەتە: ستراتیژ، پلان ، بەرنامەیەكى نیە بۆ كار كردن و مامەڵە كردن لە پرسى ئەنفالدا، بە رەهەندە جیاوازەكانیەوە.
  ئەى ماناى چیە ئەم وەزیرە دەڵێ:" ئێمە كۆمەڵگایەكاین هێشتا بڕیاریارەكانمان بە سۆز و عاتیفە دەدەین"؟، من واى تێدەگەم كە مەبەستى ئەم خانمە ئەوەیە كە دروست وابوو لە نەجەف، ئەو جێگایەى كە ئەنفالكراوەكان تێدا زیندە بە چاڵ كران، هەر لەوێشدا  بنێژرێن و سیمبولیان بۆ دروست بكرێت. ئایا ئەمە موكینە؟
  رێك و ڕاست، نەخێر. چونكە دۆزینەوەى روفات و ئێسك و پرووسكى ئەنفالكراوەكان پێویستە ئەركێكى سەرەتایی و لە پێشینەى ئەم وەزارەتە بێت، كەوا خاتوو چنار لەسەرووى هەرەمەكەیەتى. بەپێچەوانەوە، واتا: نەكردنى ئەم كارە یاخود، ئەنجامدانى لە ژێر فشارى كەس و كارى ئەنفالكراوەكان و رێكخراوەكان، پاشان وەسف كردنى داخوازى هێنانەوەى ئەو روفاتانە بە (سۆز وعاتیفە)، ناعەقڵانى سیاسی و كارگێرى ئەم وەزارەتە بەتایبەتى و، تەواوى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەگشتى دەگەیەنێت و لەراستیدا من هیچ حیكمەتێكى لە نەهێنانەوەى ئەو ئێسك و پروسكانە مابینم، لەلایەكى دییەوە بێ ڕێزی و خەمساردیە بەرامبەر بەئەنفال وەك پرسێكى نەتەوەی و كەس و كارەكانیان.
 گەر ئێمە وەك نەتەوەیەك بمانەوىَ "ئەنفال" چەشنى پرۆسەیەكى كۆكوژ (ژینۆساید)ى پیشان و بناسێنین بە دونیا( كە لەراستیدا خۆیشى هەروایە: كۆمەڵكوژییەكى سیستەماتیكە)، ئەوا نەك تەنها پێویستە ئێسك و پروسكى قوربانییەكان بهێننەوە و بەشێوە هونەرى- زاتستى بیانێژین و سیمبولیان بۆ دروست بكەین. بەڵكو پێویستیشە هەموو كەلوپەلەكانیان بە جەمانە و كلاو و تەزبیح و پێڵاو و فەقیانە و پشدوێن و سەعات و سەرپۆش …هتد. لە نێو لمى بیابان دەربهێنین لە  گەلەری و موزەخانەكان دابنێن و، لە دونیاوە خەڵك بێن بۆ تەماشاى، خانمى وەزیر ئومێد دەكەم بپرسیت، تاوەكو بزانیت كە ئەم كارە (سۆز و عاتیفەیە). یاخود كارێكى عەقلانی و لۆژیكیە.
 لە راستیدا ئێستا، ئەو ساتەوەختەیە كە سنورێك دابنرێ بۆ هەموو ئەو بێ رێزیەى كە بەرامبەر پرس و كەس وكارى ئەنفالكراوان دەكرێت، لەم نێوەندەدا، بێ دەنگى رێكخراوى ناوەندى چاك و لیژنەى داكۆكیكارى پاشماوەى ئەنفالكراوان و رۆژنامەوان و چالاكوانانى پرسی ئەنفال لەم لێدوانەى وەزیرى شەهیدان و كاروبارى ئەنفالكراوەكان شایەنى رەخنە لێگرتنە.  
 گەر ئێمە لە وڵاتى دامەزراوە و خاوەن پەرلەمانێكى راستەقینە بووینایە، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم وەزیرە لێپرسینەوەى توندى لەسەر ئەم لێدوانە لەگەڵ دەكرا و، دووریش نەئەبوو متمانەى پۆستەكەى لێوەر گیرایەتەوە.
 مرۆڤ كاتێك لەم لێدوانەى وەزیرى شەهیدان و كاروبارى ئەنفالكراوەكان رادەمێنێت، هەر بە جدى پرسیارى ئەوەى لادروست دەبێ : خانمەكەم ئێوە كارتان چیە؟ گەر هێنانەوەى ئێس و پروسكى ئەنفالكراوەكان خەم تەقەلا و كارى بەردەوامیتان نەبێ .  
 
    
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.