Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
حکومه‌تی هه‌رێم عه‌لمانیه‌ یا ئیسلامی ؟!……سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه

حکومه‌تی هه‌رێم عه‌لمانیه‌ یا ئیسلامی ؟!……سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه

Closed
by November 26, 2008 گشتی

 حکومه‌تی هه‌رێم عه‌لمانیه‌ یا ئیسلامی ؟!
 سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه

  ‌
 
 سه‌رۆکی  حکومه‌تی هه‌رێم له‌ کۆبونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ  مه‌لایانی (زانایانی )ئیسلامی له‌ رۆژی 9/11/2008 ووتی  "په‌رله‌مانی کوردستان ده‌نگ نادا به‌ یاسایه‌ک دژی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بی ".  چاوێک له‌م ووته‌ی تری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم بکه‌ن ” ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ کوردستان یاسایه‌کی مه‌ده‌نی هه‌بێ که‌ یه‌کسانی ره‌گه‌زی و مافی مرۆڤ و شه‌ریعه‌تی ئیسلام بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی بێت دڵنیاین که‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام دژی یه‌کسانی و داد په‌روه‌ری نیه‌ ”  جا هه‌ر خوێنه‌رێک یا بیسه‌رێک ئاگاداری ئه‌م ووتانه‌ی نێچرڤان بارزانی بووبێ با ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆیان و نێچیرڤان  بکه‌ن ئه‌رێ ئه‌م حکومه‌ته‌ ئیسلامیه‌ یا عه‌لمانی ؟ لێره‌دا نیچرڤان ده‌یه‌و‌ێ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ نیشانمان بدا بۆچی شه‌ریعه‌ی ئیسلامی هه‌ڵبژرادوه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دڵنیایه‌ که‌یاساکه‌ی ئایینی ئیسلام مه‌ده‌نیه‌و دژی یه‌کسانی و داد په‌ره‌وه‌ری نیه‌ !!!!
 ئه‌گه‌ر پیاوێک چه‌ند ژنی هه‌بێ له‌ یه‌ک کاتدا یا ئه‌گه‌ر ژن له‌ میراتدا نیوه‌ی پیاوی پێ بدرێ و دوو ژن له‌ دادگادا به‌ شایه‌تێک دا بنرێ و ژن به‌ ته‌نیا نابێ سه‌فه‌ر بکا و ژن ده‌بێ حیجاب بکا ، ژن به‌رد باران بکرێ و بکوژرێ ، ژن له‌ لایه‌ن پیاوه‌وه‌ لێی بدرێ ، ژن ته‌نها بۆ ئاره‌زوه‌ سێکسیه‌کانی پیاو بێ ، ژن بۆ منال وماڵ به‌ خێو کردن بێ …. هتد ئه‌مانه‌ که‌ مه‌بده‌ئی سه‌ره‌کی و بنه‌ماکانی ئیسلامن‌ سه‌باره‌ت به‌ ژن  که‌ له‌ قورئان و شه‌رعی ئیسلامیدا هه‌یه‌ . وا دیاره‌  لای نێچیرڤان بارزانی ئه‌م مه‌بده‌ئانه‌ مه‌ده‌نین و یه‌کسانی و داد په‌روه‌رین هه‌ر بۆیه‌ ده‌ڵێت:” په‌رله‌مان  نابێ ده‌نگ بدا به‌ یاسایه‌ک دژی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی بێت” . ئایا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان نازانێ ئیسلام وا ده‌روانێته‌ ژن یا ده‌زانێ  وخۆی گێل ده‌کا . برێخت شانۆ نوسی ئه‌ڵمانی  ئه‌ڵێت :    ” ئه‌وه‌ی له‌ راستی تێناگا گێله‌ و ئه‌وه‌ی لێی تێ ده‌گا خۆی لێ گێل ئه‌کا تاوانباره‌ ” جا من له‌و باوه‌ردا نیم نێچیرڤان و حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌که‌ی یه‌کێتی و پارتی ئه‌و راستیه‌ نه‌زانن که‌ ئیسلام چۆن سه‌یری ژن ده‌کا  و گێل بن ! هه‌ر بۆیه‌ به‌ پێی قسه‌که‌ی برێخت ئه‌مانه‌ خۆیان گێل ده‌که‌ن و سه‌ره‌نجام تاوانبارن .  ئایا هیچ که‌سێکی ئینسان ناس هه‌یه‌ نه‌زانێ ئه‌و مه‌بده‌ئانه‌ی ئیسلام مانای نا یه‌کسانی و نا دادپه‌روه‌ری ئه‌گه‌یه‌نێ ؟ مه‌گه‌ر مه‌لاکان و نێچیرڤان له‌وه‌ دڵنیا بن ” که‌ ئایینی ئیسلام دژی یه‌کسانی و داد په‌روه‌ری نیه‌ ” .
 هه‌رکه‌س ئازاده‌ چۆن تێ ئه‌گا و چی ده‌ر ئه‌بڕێ و باوه‌ری به‌ چ دینێ هه‌یه‌ یا نیه‌ به‌ڵام سه‌پاندنی یاسایه‌ک که‌له‌ دینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ  به‌شێک له‌ ئینسانه‌کان وه‌ک ئینسان چاو لێ ناکا بۆیه‌ تاوانه‌ و لێ خۆش بوونی تیا نیه‌ . ئه‌مانه‌ هاتوون ئه‌م نایه‌کسانی و ناداد په‌روه‌ریه‌ ده‌که‌نه‌ یاسا و به‌ڵا به‌ سه‌ر خه‌ڵکه‌وه‌ نه‌ک ته‌نها مافی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگا پێشیل ده‌که‌ن که‌ ژنانن به‌ڵکو مافی ئه‌وانه‌ش پێشێل ده‌که‌ن که‌ باوه‌ریان به‌ دینێکی تر (مه‌سیحی ویه‌زیدی وێابئی و کاکه‌یی …هتد) هه‌یه‌ یا  باوه‌ری به‌ هیچ دینێک نیه‌ .له‌م یاسا سه‌پێنراوه‌دا یه‌که‌م قوربانی ژنانی کوردستانن ئه‌نجا ئه‌وانه‌ی که‌ ئیسلام نین و هه‌ڵگری بیرو رای ئایینیکی ترن و یاخود که‌سانێکن باوه‌ریان به‌ دین نیه‌ . که‌ ئیسلام بووه‌ یاساو سه‌روه‌ر ئیتر ئه‌مانه‌ له‌ خوار ئیسلامه‌وه‌ سه‌یر ده‌کرێن به‌ ده‌ره‌جه‌ دوو حیسابیان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ و مافی هاووڵاتی یه‌کسانیان نابێ .
 به‌پێ ووته‌که‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم بێ په‌رله‌مان ته‌نها ڕوواله‌تێکه‌ و کارتۆنیه‌و هیچی تر چونکه‌ ده‌نگدان به‌ ئاره‌زووی نێچرڤان وحیزبه‌کانی په‌رله‌مان و مه‌لاکانه‌ هه‌ربۆیه‌ ده‌ڵێ ” په‌رله‌مان ده‌نگ نادا به‌ یاسایه‌ک که‌ دژی شه‌ریعه‌ی ئیسلامی بێ ” .
 سه‌رسوڕهێنه‌ر تر ئه‌وه‌یه‌ نێچیرڤان خۆی ده‌کا به‌ خاوه‌نی که‌مپین له‌ دژی توند وتیژی ژنان  و داوا ده‌کا یه‌ک هه‌فته‌ ئه‌م که‌مپینه‌ به‌رپا بکرێ له‌ کوردستان له‌ ژێر چاودێری داموده‌زگا حکومیه‌کان ، ئه‌مه‌ له‌ خۆوه‌ نیه‌ ئه‌مه‌ داکه‌و‌تنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ بۆ ناو گێژاوێک که‌ خۆشی نازانی چی ده‌کا . له‌ لایه‌ک خۆی یاساکانی ئیسلام په‌سه‌ند ئه‌کا که‌ هه‌مووی سه‌رچاوه‌ی توندو تیژیه‌ و له‌ لایه‌ک له‌ ژێر فشاری عه‌لمانیه‌کانی کوردستاندایه‌ بۆ هه‌ڵپێچانی ئه‌و یاسایا‌نه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ وای کردوه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ ئه‌مرۆ خۆی وا نیشان بدا که‌ دژی توند وتیژی ژنانه‌ ئه‌مه‌”بانێکه‌و دوو هه‌وا”یه‌.
 یاسای فره‌ ژنی په‌سه‌ند کراوی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌وه‌نده‌ی ئاسمان و زه‌وی حکومه‌تی هه‌رێمی جیا کرده‌وه‌ له‌ خه‌لکی کوردستان . من دڵنیام ئه‌گه‌ر له‌ کوردستاندا ده‌نگدانێکی ئازاد بکرێ وه‌ له‌ خه‌ڵکی بپرسن ده‌نگ ئه‌ده‌ی به‌ یاسای فره‌ ژنی ؟ زۆربه‌ی ئه‌ڵێ نا . کۆمه‌لگای کوردستان عه‌لمانیه‌و یاسایه‌کیان ده‌وێ عه‌لمانی بى به‌ڵام نیچرڤان و حکومه‌تی هه‌رێم یاسایه‌ک داده‌سه‌پێنن ئیسلامی یه‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکیش یاساو ده‌ستوری ئیسلامی بێ ئیتر ناکرێ ئیدیعای عه‌لمانی بوون بکا . ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌ من بکه‌ن حکومه‌تی هه‌رێم عه‌لمانیه‌ یا ئیسلامی؟ ده‌ڵێم ئیسلامیه‌ .
 24/11/2008
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.