
نوَزدە چڵ بە دارى شیعرەوە….ئارێز سمکۆ
نوَزدە چڵ بە دارى شیعرەوە….
-1-
خەیاڵم دەیەوێت
تاوێ بنوێ
هێشتا زووە
چ زوو خەواڵوو بوویت؟!
هەستە بكەوە ڕێ و
سەرنجى دوور بدە
بوَ تابلوَییەك بنواڕە
كە خەریكى كێشانیمە
ورد ببەوە
تا دەبینى لەنێوییدا
یەكێ بێئاگاییە لە خوَى.
-2-
لەم زەمەندا
سەماى سامبا ناكەم
گوێ بوَ ژەنیاری سوَمەڕى و
گیتارى ئەرخەوانى ناگرم
تەنیا شتێ گوێی بوَ بگرم
ترپەى پێت و
بزەى پێكەنینتە
كاتێ لەسەر دیلانەكەى
نێو چیمەنى
ماڵاتان بوَ ژوان چاوەڕێتم.
-3-
لە دواى هەناسەى توَدا دەڕوَم
بەدواى جانتاى
سەفەرت كەوتووم
سەفەرت نەك ئەوەندە زێتریش دێنێ
من لە دوایدا بڕوَم.
-4-
لە كاتێكدا شار نووستووە
ماندوانى ڕوَژ بێئاگان لێم
لە بانێژەوە چاوبڕ دەكەم
لە پشت پەنجەرەوە دەیبینم
ئاسمانیش ئەو دەبینێ
هەورەكان سەماى بوَ دەكەن
ئەو ئاسمان و هەوریش دەبینێ
هەور و ئاسمان و
ئەویش، هیچیان پەى بە روحم نابەن
ئەوان نازانن لە كوێم و
نەشیان زانیوە من نیم.
-5-
ئەو كتێبەى ئەبوایە
ناوى هەردووكمانى
لە نێویدا بنووسراییە
پەڕەكانییان هەمووى دڕاند
سەیرە چ تارماییەكە
ئێمەو ئەوانیشى خوڵقاند.
-6-
لەبەر دیدەم بە ساڵا چوویت
منیش هەروام
ئێستا و گەلێ جاران
تەمەنى توَم هەمووى دیووە
هەر ڕوَژە و رووداوێكیت
پەڕى ساڵنامەكەمى دڕیووە.
-7-
نیتشە كە لێم بێئومێدبوو
هات بەلێوى پەنجەكانى
هەندێ چرپەى كرد
بەگوێى كازانتزاكیس دا و
دوای تێڕامانێ گریا
ئیدی ڕوَیی و
شەپوَڵى بێئومێدیمى برد
من كە دەگریم وەك ئەو نیم
ئەو فرمێسكەكانى دەڕژێنێتە دەریاوە
-8-
گڕم بەردایە ئەم شەپوَڵە
كە چەندین ساڵە
لە كەنارى دڵمەوە
شەپوَڵ بوَ دەریاى ناخم
بەبێ ئامانى دەهێنێ
هەر خوَمم
ئەو شەپوَڵانە فرچك دەدەم.
-9-
ئاواتێكم بردە
مەملەكەتى شیعرەوە
نەسوڵتان هات بوَ لام و
نە وشەكانیشیان پێدامەوە
لە كاتێكدا بێ پاسەوان بوو
ئیتر وشەم تاریك و
دونیاشم وەك زیندانێكى لێهات
-10-
سا پێم بڵێ با گوێم لێبێ
بە وتەكانت قەت هەڵناچم
گەر پەیڤت سێدارەش بێت
هەڵم واسە پێیەوە
باهیچ كەسیش لاشەى ئارامم
نەهێنێتە خوارەوە
-11-
ژینم پەڵە هەورێكە
هەموو بارانەكەى دابارییووە
وەكو بیابانم
كە -با- لمەكەى بردووە
وەك دەرییامە
زەوى تەڕاتیەكەى هەڵگوشیووە!
-12-
ئەوینت فەلسەفەیەكە
جاڕى مەرگى منى داوە
پێش بوونم و
پاش بوونیشم بە چەندین ساڵ
تا ئێستە نەمزانیووە
ئەم فەیلەسووفە
بەردى بناغەى فەلسەفەكەى
بەچ وشەیەك داناوە؟!
-13-
ئەو حەكایەتە پڕ نهێنیەى
كە پێم وابوو شیعر بێ
گومانى هەڵەم بوَ كردبوو
خێرا خێرا ڕایكرد
ئەوەندە ڕەدووى كەوتم
بوَم گیر نەبوو و
تا ڕایكردە ئەدەبى پەخشان و
لەوێوە بوَ ئەبەدى نەهاتەووە
-14-
لە مەراقى خوَمدا
لە ژوورى تاریك و
ڕووناكبووى بیرمدا
شیعر دەئەفڕێنم
بە دوای داهێنان و
وێكنەچوونى ئەوانى تر وێڵم
-15-
وێڵم لە ژیان
وێڵم وەك كوَترە كێویلكە
لە وەرزى ڕووتبونەوەى دار!
-16-
ئەوەى وێنەى
تابلوَییەك بوو،
بووە تارماییەكى بێ دەنگ و
هیچ پێشانگایەكى نەدى
من بووم لە كاتى دەست بەتاڵى
ئەوەى مەرگى مانگ و
تاڵانەوەى زەریاى دى من بووم
لە ساتەكانى تەنیایى
-17-
ئێستێك بوَ گەردوون دەكەم
لە خوَم دەپرسم
دەبێ بێ توَ بتوانم
بەخەیاڵیش سەفەر بكەم
-18-
كە بوومەوە منداڵ
من یەكەمجار
بیرەوەرییەكانم ماچدەكەم .
-19-
ئەوەى پێم ناوێرێ "مردن"ە
ئەو مردنەى كە كوَتایشم پێدێنێ
ئاخر مردنى من تەنیاییمە .
شوباتی 2007