برێڤ……. ئۆرزدی
رۆژانه‌ی ( شێرزاد هه‌ینی ) یه.
Sherzad.heini@gmail.com
برێڤ……. ئۆرزدی
له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و هاوینه به‌کاره‌باییه له شاری هه‌ولێربووم، رۆژێکیان تا به سه‌ردان بگه‌مه سه‌نته‌ری نما، سواری تاکسییه‌کی مۆدیل تازه‌کان بووم، که سواربووم و سڵاومکرد، وه‌ک شوفێره‌که منیش به قایشه‌که خۆم به‌ستایه‌وه، ئه‌و زوو وتی، ئێمه به‌ناچاری خۆمان ده‌به‌ستین، دیاره تۆ له ده‌ره‌وه له خۆبه‌ستانه‌وه راهاتوویت، منیش وتم به‌ڵێ من له ده‌ره‌وه له‌وه راهاتووم و زۆریش به خۆشییه‌وه‌و ئاره‌زوومه‌ندانه خۆم ده‌به‌ستمه‌وه، سه‌رێکی بۆم باداو رووی تێ‌کردم، پرسی بچینه کێنده‌رێ، منیش وتم ده‌چمه سه‌نته‌ری (نما)ی رووناکبیری، ئه‌و یه‌کسه‌ر وتی ئه‌و سه‌نته‌ره له کۆێیه، منیش وتم له ته‌نیشت که‌ناڵی ته‌له‌ڤزێونی (قه‌ڵات)ه، دیاره ئه‌و نه‌یزانی ئه‌و که‌ناڵه ناوخۆییه له کۆێیه، بۆیه پرسی ئه‌م که‌ناڵه له کوێیه، ئه‌و شاره سه‌دان که‌ناڵی په‌خشی ته‌له‌ڤزێونی هه‌یه، منیش وتم له گه‌ڕه‌کی (به‌ختیاری)یه، دیاره شوفێر تاکسییه‌که گاڵته‌ی نه‌ده‌کردو به منیشی رانه‌ده‌بوارد، که وتی نازانم به‌ختیاری کام گه‌ڕه‌که، منیش وتم گه‌ڕه‌کێکه له هه‌ولێر، که سه‌نته‌ره‌که‌ی نه‌ناسی و شوێنی که‌ناڵه‌که‌ی نه‌زانی، که گه‌ڕه‌که‌که نه‌دۆزیه‌وه، به‌پێکه‌نینه‌وه به شوفێره‌که‌م وت:
کاکه چۆن ده‌بێ تۆ کاری تاکسی بکه‌یت و ئه‌و شوێنانه شاره‌زا نه‌بیت، ده‌بێ تۆ که ناوی شوێنه‌که‌یان هێنا یه‌کسه‌ر بزانی له‌کام ناوچه‌یه، بێ پرسیار بچیته شوێنه‌که. ئه‌گه‌ر ئه‌ویش نه‌زانی باش و دروست وڵامه‌که‌م بداته‌وه، ئه‌وا من هاوکاری ده‌که‌م و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێن:
شاره‌که سه‌دان کۆمپانیای تێدایه، سه‌دان ده‌زگاو سه‌نته‌رو باره‌گای تێدایه، له‌و شاره باره‌گای (م، س)ی و (م.ع)ی تێدایه، کوردی باشوور‌و باکوور‌و رۆژهه‌ڵاتی تێدایه، کۆری و تایلاندی و ئه‌سیوبی تێدا ده‌ژیت، له‌و شاره کۆمپانیای ئیماراتی و لوبنانی شه‌قام و کارگه دروستده‌که‌ن، له‌و شاره خوان و سفره‌ی تورکی و ئیرانی و ماسی مه‌حارو پیتزای ئیتالی و پاقلاوه‌ی سوری و همبرگری ئاماده‌و قاوه‌خانه‌و ساردخانه‌و مه‌یخانه‌و له‌فه‌خانه‌و له‌نگه‌خانه‌و قونسلخانه‌ی زۆری تێدا کراوه‌ته‌وه، له‌و شاره ئه‌گه‌ر جاران یه‌ک شاره‌وانی بوو، ئیمرۆ چوار شاره‌وانییه، ئه‌گه‌ر یه‌ک دائیره‌ی تاپۆ بوو، ئیمرۆ دوو به‌شه، له‌و شاره چه‌ند کۆلیژێکی هه‌بوو، ئیمرۆی چه‌ند زانکۆی تێدایه، له‌و شاره سه‌رۆکی پێدا ده‌ڕوات و ماڵی جێگره‌که‌ی له‌و شاره‌یه، له‌و شاره نیوه‌ی شه‌وانیش شه‌قامه‌کان جمه‌یان دێ، له‌و شاره له کۆڵانێکی گه‌ڕه‌کی سه‌یداوه‌ی میللی، به‌یانیه‌کی ژماردم ته‌نها له ده‌ره‌وه‌و له سه‌ر شۆسته‌کانی زۆرتر له 30 ئوتومبێلی نوێ و کۆنی تێدا راگیرابوو، له‌و شاره تا نیوه شه‌وان رێستورانه‌کان و سوپه‌رمارکێته‌کان و مینی مارکێته‌کان و باڕه‌کان و یانه‌کان و فرۆشتگاکان و …کراونه‌ته‌وه، واده‌زانی هه‌ولێری ئیمرۆ شاره‌که‌ی جارانه، ته‌نها شه‌قامی 60 مه‌تری و 40 مه‌تری و 100 مه‌تری بێت، ته‌نها قه‌ڵات و ئورزدی بێت، شار گۆڕاوه.!