ڕێگرتن له یادی لینین و به‌زمی عاشورای حوسه‌ین … ئازاد به‌کر
یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان وه‌ک پیشه‌ی باوی خۆی ڕێگه له یادکردنه‌وه‌ی لینین ده‌گرێت و یادی عاشورای حوسه‌ین ده‌کاته‌وه. جێ ی خۆیه‌تی جارێکی تریش کار و کرده‌وه‌کانی ئه‌م تاقمه مافیا و تاڵانچی یه شه‌رمه‌زار و ڕسوا بکه‌ین. ئه‌مانه هه‌میشه دووپاتی ده‌که‌نه‌وه که هاوکار و هاوپشتی کۆنه‌په‌رستانی ئیسلامین و بۆ دڵڕاگرتنی حیزب و ده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌رستی وه‌ک جمهوری ئیسلامی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تیان بۆ ڕۆژێکیش ده‌ستیان له ده‌ستی کۆنه‌په‌رستان نا بێته‌وه و شه‌رم و شوره‌یی مرۆڤانه نایانگرێ.
یه‌کێتی ڕێ له یادی لینین ده‌گرێت چونکه ده‌زانێ لینین نوێنه‌ری جه‌سور و ڕابه‌ری سیاسی پڕۆلیتاریای جیهان بوو، چونکه یادکردنی فیکر و ده‌نگ و ڕه‌نگی به‌رزی لینین مانای شکست و ڕووخانی بۆر‌ژوازی یه له دنیادا، مانای نه‌هیشتنی سته‌م و چه‌وسانه‌وه و بێمافی و سه‌رنگونی سه‌رمایه‌داری یه، مانای ناڕه‌زایی و یه‌کگرتن و چوونه پێشه‌وه‌ی چینی پێشڕه‌وی کۆمه‌ڵگه و ئاماده‌ییانه بۆ په‌لاماردان و شۆڕشکردن به ڕووی ناته‌واویه‌کانی ئه‌م نیزامه دز و گه‌نده‌ڵ و تاوانباره‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر سامان و به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگه‌دا گرتووه. هه‌میشه بۆر‌ژوازی له هه‌وڵی نه‌هێشتنی ئازادی ڕاده‌ربڕین و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و کرێکاری چه‌پ و کۆمۆنیستیدایه، چونکه ده‌زانێ به‌رز ڕاگرتنی یادی لینین یانی هیوا بوونه به دووباره‌کردنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینێکی کرێکاری و جه‌ماوه‌ری تری لینینی .
لینین خاوه‌نی ئه‌قڵ و ئیراده‌یه‌کی پۆڵایین بوو، ڕابه‌رێکی ئازا و شۆڕشگێڕی ڕاسته‌قینه‌بوو، لینین باوه‌ڕی ته‌واوی به کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی شار‌و لادێ هه‌بوو، بێگومان بوو پاشه‌ڕۆژ هه‌ر بۆ چینی چه‌وساوه‌یه و سه‌رکه‌وتن هه‌ر بۆ چینی کرێکاری ڕووسی و جیهانی یه، لینین که‌سایه‌تیه‌کی به‌هێز و شۆڕشگێڕی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ڕووسی بوو. خه‌بات و تێکۆشانی له نێو کرێکاران و به‌شمه‌ینه‌تانی شار و لادێ‌دا ڕه‌نگی دابووه‌وه. لینین هه‌موو ژیانی له پێناوی سه‌رکه‌وتنی چینی کرێکاردا ته‌رخانکرد و بۆ چرکه‌یه‌ک له کرێکاران دوورنه‌که‌وته‌وه. لینین خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی به چینی کرێکار کرد و داهێنانی نوێی له ئاوێته‌کردنی تیۆری و پراکتیکه‌وه پێشکه‌ش به ڕێبازی ئه‌و چینه‌کرد، هه‌وڵی زۆری‌دا تا مارکسیزمی له ڕیڤیژینزم جیاکرده‌وه و به‌کرده‌وه توانایی بوونی سۆشیالیزمی سه‌لماند.
ئێستا‌ش بۆر‌ژوازی جیهانی سڵ له‌ناوی لینین لێده‌که‌نه‌وه چونکه زۆر سه‌رسه‌ختانه له‌پێناوی مه‌سه‌له‌ی چینی چه‌وساوه‌دا خه‌باتی کرد، دوای هه‌زاره‌ها پڕوپاگه‌نده و تانه‌و ته‌شه‌ر و درۆ و هه‌ڵبه‌ستنی چه‌نده‌ها ڕووداوی دروستکرا و به ناوی لینینه‌وه، بۆر‌ژوازی جیهانی نه‌یتوانیوه له شۆڕشگێڕی و ڕابه‌ری و که‌سایه‌تی ئه‌و بلیمه‌ته مه‌زنه که‌م بکاته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایکرد که بۆر‌ژوازی جیهانی هه‌وڵی تیرۆرکردنی بده‌ن و برینداریان کرد و پاش ماوه‌یه‌کی دوور‌و درێژ به هۆی کاریگه‌ری برینه‌که‌یه‌وه بۆ دواجار چاوی لێکنا و ماڵئاوایی له هاوڕێیانی کرد.
لینین ئه‌و کۆمۆنیسته نه‌مره‌یه که توانی گێژاوی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری زۆر به‌قووڵی هه‌ست پێ‌بکات و به‌ووردی و هۆشیاریه‌وه شیکردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و سیسته‌مه‌کرد و زۆر له نزیکه‌وه سه‌رمایه‌ی ناسی و ڕێگه‌چاره‌ی مارکسیزمیانه‌ی بۆ کۆتایی هێنان به‌و ڕژێمه دڕنده‌یه خسته‌ده‌ستی چینی کرێکار. لینین په‌ره‌ی به کاری ڕێخستنی چینی کرێکاردا،هه‌وڵ و وانه و ئه‌زموونی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانه‌ی له پێناوی ئازادی و ڕزگاری چینی کرێکار و دامه‌زراندنی سۆشیالیزم‌دا سه‌رتاپای بزووتنه‌وه زیندووه‌کانی جیهانی گرته‌وه.
لینین ئه‌و ڕابه‌ره چالاک و کۆمۆنیسته کۆڵنه‌ده‌ره بوو هه‌میشه له داهێنان و ووردبوونه‌وه و پێشکه‌وتندا بوو، هه‌تا له‌سه‌رده‌می شۆڕشیدا شۆڕشی له‌ناو شۆڕشدا ده‌کرد و زۆر هه‌ستیا ر و زانابوو له بواری فه‌لسه‌فی و ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له نوکی پێوه تا ته‌وقی سه‌ری سیاسه‌تمه‌دارێکی ووره به‌رز و خاوه‌ن پراکتیکی هۆشمه‌ند و شۆڕشگێڕ بوو.
لینین ئه‌و سه‌رکرده به‌هێز و پڕ جه‌ساره‌ته بوو هه‌تا سه‌رکرده‌کانی بۆر‌ژوازی دنیا باسی لیهاتووی و بلیمه‌تی ئه‌ویان ده‌کرد، سه‌رده‌مێک بوو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی دیکتاتۆ ر و ملهوڕی دنیا له شۆڕش و په‌لاماری چینی کرێکار ده‌سڵه‌مینه‌وه، چونکه پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر ئیتر وورده وورده کاریگه‌ری ئه‌م شۆڕشه هه‌موو که‌نار و شوێنێکی جیهانی گرته‌وه.
یه‌کێتی ده‌یه‌وێ به‌م ڕه‌فتاره‌ی دوژمنکاری خۆی بۆ کۆمۆنیزم و ڕابه‌رانی ئه‌وڕێبازه دووپات بکاته‌وه، ده‌یه‌وێ ڕێ له هیواو ئاواتی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت له یه‌کسانی و ئازادی و ژیانێکی باشتردا بۆ ڕزگاری ئینسانه‌کان له چه‌وسانه‌وه بگرێت.
یه‌کێتی ته‌واو خزاوه‌ته باوه‌شی کۆنه‌په‌رستانه‌وه و هیچ ڕوخسارێکی شارستانی و مۆدێرنی پێوه نه‌ماوه و ئه‌مڕۆ له پێناوی پڕکردنی زیاتری گیرفانه‌کانیادا گۆماوی خوێن ده‌خولقێنن. کاتێ خه‌ڵکی ناڕازی به‌گژیاندا ده‌چنه‌وه و داواکاریه ڕه‌واکانیان ده‌ده‌ن به ڕوویاندا ئه‌مانه به زمانی گرتن و لێدان و سه‌رکوت وه‌ڵامیانده‌ده‌نه‌وه. به‌ڵام بۆ مه‌رامی سیاسی خۆیان هه‌رچی کۆنه‌په‌رستانی مه‌جلسه دواکه‌وتووه‌که‌ی به‌غدایه ده‌یهێنن بۆ هاوینه‌هه‌واره‌کانی کوردستان و له پارووی دزراوی ده‌می خه‌ڵکی هه‌ژار ڕۆژانه خه‌ریکی یاد و بۆنه‌و زکر و عاشورا و به‌زمی دواکه‌وتووی ناشارستانی و بۆگه‌ن و ڕزیوی سه‌ده‌ی به‌ردینن و ملیان ژه‌ندووه‌ته زه‌لکاوی جه‌هل و نه‌زانینه‌وه. ئه‌وان ده‌بێ ڕێ له یادی لینین بگرن چونکه به‌شێکن له بۆر‌ژوازی جیهانی و بۆ پاراستنی کورسی و سامانی به‌تاڵانبراوی خه‌ڵک دژی ئازادی و یه‌کسانی و لینینزم و مارکسیزمن به‌م کرده‌وانه‌شیان ناتوانن پاساوی مێژووی ڕه‌شی تاوانکاریان بده‌نه‌وه.
با شاگردانی بۆر‌ژوازی جیهانی باش بزانن، لیننی مه‌زن له‌سه‌ر چیا سه‌رکه‌شه‌کانی ئه‌م جیهانه پڕ نابه‌رابه‌ری و پڕ چه‌وسانه‌وه‌یه‌وه هاوارده‌کا و پێتان ده‌ڵێ ئێوه خۆتان و بیروباوه‌ڕه‌کانتان مردوون، زوڵم وزۆرداریتان نیشانه‌ی داماوی و بێده‌سه‌ڵاتی سیاسی و نادادپه‌روه‌ریتانه، ئێوه له بیرتان چوو که‌چۆن ئاپۆڕه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری کرێکاری ته‌ختی قه‌یسه‌ری رووسی و هاوشێوه‌کانی سه‌رمایه‌ی له‌م جیهانه‌دا هێنایه له‌رزین و له‌به‌ر شاڵاو و په‌لاماری خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ‌دا ملیان شکاو به‌چۆکدا هاتن، لینین هۆشیاریدا به سه‌رجه‌م کرێکارانی دنیا بۆ هه‌ڵمه‌ت و شۆڕش و وه‌ستانه‌وه دژی سیسته‌می نا مرۆڤانه‌ی سه‌رمایه‌داری.
لینین هه‌مه‌موو ژیانی له‌پێناوی سه‌رخستنی چینی کرێکار و چه‌وساوه‌کاندا بۆ ڕزگاربوون له سته‌می چینایه‌تی و گه‌یشتن به سۆشیالیزم ته‌رخانکرد و هه‌ر له‌وپێناوه‌شدا گیانی له‌ده‌ستدا. تا ئێستا‌ش سه‌رجه‌م بۆر‌ژوازی جیهانی له‌ناوی لینین و بیری لینین و حیزبی لینین و تا لاشه‌که‌شی ده‌ترسن و ناتوانن له بایه‌خ و لێهاتووی ئه‌م سه‌رکرده شۆڕشگێڕه که‌م که‌نه‌وه.
لینین به‌کرده‌وه فێری کردین چۆن ده‌ست بۆ پراکتیک و تیۆری مارکسیزم ببه‌ین و بۆگه‌یشتن به ئازادی و یه‌کسانی و سۆشیالیزم به ئاسۆی ڕۆشن و کۆمۆنیزمی ئاشناکردین، گه‌نجینه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی فیکری نووسراوی له کتێب و ووتار و نووسراو بۆ به‌جێهێشتین. لینین مێژوویه‌کی پڕ له خه‌بات و تێکۆشان و سه‌روه‌ری بۆ کرێکاران تۆمارکرد و تێکۆشه‌رێکی ئینته‌رناشیۆنالیزم بوو. لینین کۆچی کرد به‌ڵام بیروباوه‌ڕه‌که‌ی هه‌میشه زیندووه، چونکه کۆمۆنیزمی شێوازی لینین، که لینینزمه گوڕوگه‌رم و زیندووه له دڵماندا و بۆ هه‌تا هه‌تایه کۆمۆنیسته‌کان و کرێکارانی جیهان شانازی پێوه ئه‌که‌ن..
نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ لینین و لینینزم
ڕووخان و ملکه‌چی بۆ بۆر‌ژوازی