Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
حیزبی دیموکرات و یه‌کێتی مه‌لاکانی کوردستان

حیزبی دیموکرات و یه‌کێتی مه‌لاکانی کوردستان

Closed
by November 28, 2008 گشتی

   حیزبی دیموکرات و یه‌کێتی مه‌لاکانی کوردستان
  کۆمێنتێکی کورت
ڕزگارعومه‌ر
           
 له‌ ڕاگه‌یاندنێکدا حیزبی دیموکراتی ئێران،به‌ فه‌رمی دامه‌زراندنی "یه‌کێتی زانایانی ئاینی کوردستانی " راگه‌یاند،به‌یان نامه‌که‌ی حیزبی دیموکرات ،بریتی یه‌ له‌ هه‌وڵدانێکی سیاسی-ئایده‌لۆژی بۆشیرین کردنه‌وه‌ی وێنه‌ی دین و مه‌رایی کردن بۆتوێژه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان و کۆنسێرڤهتیڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی. به‌شێکی گه‌وره‌ له‌ مه‌ینه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیشه‌وه‌،چ له‌ مێژوو چ له‌ ئێستای چه‌رخی بیست ویه‌کدا،بریتیه‌ له‌ ته‌ده‌خولی دین له‌ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسیدا.
 سه‌دان تراژیدیا وکۆمه‌ڵکوژی ،سه‌دان شه‌ڕی به‌رده‌وامی باڵه‌کانی نێو یه‌ک دین ،هه‌مووی شایه‌دی ڕۆڵێکی ته‌واو خوێناوی و تاریکین له‌ چاره‌نووسی شارستانیانه‌ی مرۆڤایه‌تی. به‌ستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌ دین و به‌ باڵی "سونه‌ی" نێو ئیسلامدا ته‌کتیکی تا سه‌رچۆکان نوقمی کۆنه‌په‌رستیه‌، پاساوه‌ له‌رزۆکه‌کانی له‌ بابه‌تی ئه‌وه‌ی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی کورد بووه‌،یان به‌ دین بوونی نێوه‌ دیاره‌کانی وه‌کو شێخ سه‌عیدو شێخ مه‌حمود و بارزانی،له‌ کۆی خۆیدا په‌روه‌نده‌ی ئه‌رگیومێنتێکی فریوکارانه‌یه‌، چونکه‌ رابه‌رێکی کورد له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌ دین بووه‌ چ په‌یوه‌ندی به‌ چه‌رخی بیست ویه‌ک ئۆمێده‌کانی سیکولار کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ ئه‌م یاری کردنه‌ به‌ کارتی دین یاریه‌کی پڕ له‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌،بۆ خه‌فه‌ کردنی هه‌ر هه‌ولێک بۆ کۆتا کردنی ڕۆلی پێشکه‌وتنخوازی له‌ ئاینده‌ی کوردستاندا.
 ره‌نگه‌ بیانووه‌کانی حیزبی دیموکرات ئه‌وه‌بێ،که‌ ئه‌وان له‌ ڕیگه‌ی ئه‌م ئامرازه‌وه‌ بتوانن بنیادی باڵێکی میانڕه‌وی ئاینی دروست بکه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر بوونی پڕۆژه‌و باڵیتری توندڕه‌وی ئه‌ڵقه‌ له‌مستی ڕژێمی ئیسلامی ئێران،ئه‌م بیانووه‌ش به‌دحاڵی بوونی لێکدانه‌وه‌کانی ئه‌م حیزبه‌و ستراتیژه‌کانی ده‌رده‌خا، چونکه‌ نموونه‌کانی به‌رده‌می ئه‌مڕۆمان نیشانی ده‌ده‌ن ئه‌مه‌ چ یاریه‌کی پڕ له‌ باج وچ بێ بناغه‌یه‌،حیزبی دیموکرات ئه‌گه‌ر تاقه‌تی سۆراخی ئه‌زموونه‌کانی مێژووی ماوه‌ بابچێ ئه‌زموونی (ئه‌نوه‌ر سادات) له‌ میسر بخوێنێته‌وه‌،که‌ چۆن ئه‌م سه‌رۆکه‌ له‌ دژی پێشه‌که‌وتنخوازی هه‌ڵسا به‌ پشتگیری ودروست کردنی ئه‌و باڵه‌ "میانڕه‌وه‌" ئیسلامیانه‌ی که‌ له‌ئه‌نجامی گه‌شه‌ی خۆیاندا،نه‌ک ئه‌نوه‌ر ساداتیان تیرۆر کرد به‌ڵکو ئه‌مڕۆ وا ڕۆڵیان گه‌وره‌ بووه‌،که‌ دوور نیه‌ ئێمه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا له‌ دایک بوونی جمهوریه‌تی ئیسلامی میسر ببینین،حیزبی دیموکرات ئاگای له‌ تورکیاو پاکستان هه‌یه‌ یان نا ؟ ئه‌گه‌ر ئاگایان لێ نیه‌ ئه‌وه‌ تراژیدیای فیکری سیاسیان ده‌رده‌خا،ئه‌گه‌ر ئاگاشیان لێیه‌و هه‌رئه‌م ڕێگایه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر،ئه‌وه‌ ڕچه‌ شکێنی بۆ میراتگیری جمهوری ئیسلامی ئێران له‌ کوردستان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ به‌ ناوی خۆیان تۆمار ده‌که‌ن.
  
 
 rezgar70ca@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.