Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
ڕمەكان ئاراستەی پێچەوانە وەردەگرن

ڕمەكان ئاراستەی پێچەوانە وەردەگرن

Closed
by November 30, 2008 گشتی

ڕم"ەكان ئاراستەی پێچەوانە وەردەگرن
 لە بارەی بەرزبوونەوەی دەنگ و هاواری قوتابیانەوە
 سەنگەر زراری

 هەرچەندە "مەلا مستەفای بارزانی"، زۆربەی ژیانی خۆی، لەناو شاخ و داخەكان بەسەر بردبوو، بەڵام ئەمە نەبووە پەردەیەك لەپێش چاوی بۆ ئەوەی توانا و هێزی قوتابیان نەبینێ، بۆیەش وتەیەكی بەناوبانگی دەربارەی قوتابیان هەیە كە دەڵێت "قوتابیان سەرەڕمن لە گشت شۆڕش و راپەڕینێكدا"، بێگومان ئەو شتێكیشی دەربارەی شۆڕشی قوتابیان لە فەڕەنسا زانیوە كە هاوكاتی بەشێك لە شۆڕشەكانی ئەو بووە، ئەوكاتەی قوتابیانی فەڕنسا تێكڕا راپەڕین و لەدوای ئەوانیش خەڵكی فەڕەنسا راپەڕی و حكومەتەكەی "شارڵ دیگۆڵ"یان ناچار كرد دەست لەكاربكێشێتەوە.
 راپەڕینەكانی قوتابیانی فەڕەنسا لە ساڵی (1968)، تاكە شۆڕشی قوتابیانە نەبوو لە جیهان، بەڵكو بووە هەوێنی چەندین شۆڕشی دیكە، لەوانەش لە ساڵی (1976) لە باشووری ئەفریقیا، قوتابیانی ئەو وڵاتە دژی جیاوازی رەگەزی راپەڕین و كۆڵیان نەدا تا واقیعی وڵاتەكەیان گۆڕی كە ئەوكات لەبەردەستی ئینگلیزدا بوو، بەر لە هەموو شتێكیش، بەهۆی ئەم شۆڕشەوە، زمانی خۆیان (ئەفریقیایی) هاوشانی زمانی ئینگلیزی كردە زمانی فەرمی وڵات.
 ئەوەی توڕەیی و راپەڕینەكانی قوتابیان لە راپەڕینەكانی دیكەی جەماوەری ئاسایی جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە حكومەت ناتوانێ بە ئاسانی قوتابیان بگەیەنێتە بڕوایەك ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكات، لەكاتێكدا رەنگە خەڵكی ئاسایی تەنها بە قسە رازی بكرێن، بەڵام قوتابیان بە قسەش رازی بكرێن دواتر ئەگەر داواكانیان جێبەجێ نەكرێت، دەگەڕێنەوە سەر داواكەیان. لەخۆڕا نییە كە بیرمەندی ئەڵمانی "هێربەرت ماركۆز" پێی وایە كرێكاران چیتر ناتوانن شۆڕش بكەن (وەكو ماركس دەیگوت)، بەڵكو ئەم ئەركە دەكەوێتە ئەستۆی قوتابیان و چینە پەراوێزكراوەكانی دیكەی كۆمەڵگا و ئەوان دەبێ كۆمەڵگاكان رزگار بكەن.
 ماوەیەكە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان، خۆپیشاندان و مانگرتنی زۆری قوتابیان بەخۆوە دەبینێ (ئەمە جگە لە خۆپیشاندانی چین و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگا كە ئەمە مەبەستی بابەتەكەی ئێمە نییە). قوتابیان خۆپیشاندان دەكەن چونگە كۆلێژێكی ئەهلی هاوشێوەی كۆلێژەكەی ئەوان دەكرێتەوە، خۆپیشاندان دەكەن چونكە كۆلێژەكەیان دەخرێتە سەر زانكۆیەكی تر، قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان خۆپیشاندان دەكەن چونكە ئاویان نییە، كارەبایان نییە، نەوت و سووتەمەنیان نییە و… لەلایەكی دیكە نزیكەی دە هەزار قوتابی پۆلی شەشی ئامادەیی، ناویان لە كۆلێژ و پەیمانگاكان نەگەڕاوەتەوە و ناڕازین و خۆپیشاندان دەكەن، تا لە شوێنێك وەربگیرێن و خوێندنەكەیان بە فیڕۆ نەڕوات. ئایا مافی ئەو قوتابیانە چییە؟ ئایا ئەوەی ئەوان داوای دەكەن رەوایە و حكومەت بۆیان جێبەجێناكات؟ یان داواكانیان ناڕەوایە؟
 من لەو باوەڕەدام كە حكومەت لە هەندێ رووەوە لەسەر حەقە و رەنگە نەتوانێ هەموو ئەو كێشانە بەجارێك چارەسەر بكات، یان هەندێ شت هەیە حكومەت بە چارەسەری دەزانێ و لەلای قوتابیان گرفتی دروست كردووە، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ ئەوەی كە حكومەت كەموكوڕی نەبێت، چونكە گرفتی ئەم كێشانە ئەوە نییە كە چارەسەریان نەبێت و كەس نەتوانێ چارەسەریان بكات، بەڵكو گرفتەكە ئەوەیە كە پلانێكی رێكوپێك نییە بۆ چارەسەركردنیان، بێگومان ئەمەش دەرئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە. ئەگەر كێشەكانیان چارەسەر نەكرێ، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بكەین رۆژێك قوتابیان لە تووڕەییدا پەنجەرەكانمان بشكێنن و دیوارەكانمان بڕوخێنن، ئەگەر ئەمڕۆش ئەم كەلتوورە لای ئێمە دروست نەبووبێ، بەیانی وا لە وەزیرەكان دەكەن دەست لەكاربكێشنەوە و بچنەوە ماڵەوە دانیشن. جگە لەمە تووڕەیی زیاتری قوتابیان و وەڵامنەدانەوەی داواكانیان، جگە لەتووندوتیژی هیچی دیكە بەرهەم ناهێنێ، لەهەموو ئەو خۆپیشاندانانەی قوتابیان كە لەم دواییە ئەنجام دراون و ئەنجام دەدرێن و لە دەزگا راگەیاندنەكان بڵاو دەكرێنەوە، هیچیان بەقەدەر ئەو (گرتە) خێرایەی بەرنامەی "زووم ئین" لە (كوردستان tv) سەرنجی رانەكێشام، كاتێ قوتابییەك لەو دە هەزار قوتابییەی لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرنەگیرابوون، دەستەكانی راوەشاند و گوتی "بە قورئان ئەگەر لە هیچ جێیەك وەرنەگیرێم، لێرە خۆم دەتەقێنمەوە"، ئەمە سەرەتای دروستبوونی هەستی دژایەتیكردنی حكومەتە، ئەویش نەك لەبەر ڕٍق و كینە، بەڵكو لەبەرئەوەی كە هەست دەكەن حكومەت گرنگیان پێنادات و فەرامۆشیان دەكات، ئەمەش وایان لێ دەكات، هەوڵ بدەن هەرچۆنیك بێ تۆڵەی خۆیان لەو حكومەتە بكەنەوە و بەهەر جۆرێك بێت دژی بەرژەوەندییەكانی حكومەت كار بكەن، دواجار وەڵام نەدانەوە و فەرامۆشكردن وایان لێ دەكات كە خۆشەویستی نیشتمان و وڵات و گەل، لەلایان ببێتە شتێكی پێكەنیناوی و ئامادە بن بە ناخۆشترین رێگادا وڵات جێبێڵن، هەر ئەم فەرامۆشكردنەش، یەكێكە لە هۆكارەكانی دروستبوونی دیاردەی تیرۆر و تیرۆرست، بۆیە پێویستە "سەرەڕم"ەكانی شۆڕش، داواكانیان جێبەجێ بكرێ و بە پلانی تۆكمە كێشەكانیان چارەسەر بكرێ، بۆئەوەی ئەم (ڕم)انە ئاراستەی پێچەوانە وەرنەگرن و بەر خۆمان نەكەونەوە.
 

Previous
Next