Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
نائامادەگى  دیالۆگ  لە كۆمەڵگاكەماندا

نائامادەگى دیالۆگ لە كۆمەڵگاكەماندا

Closed
by November 30, 2008 گشتی

   نائامادەگى  دیالۆگ  لە كۆمەڵگاكەماندا        
توێژەرى كۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

  یەكەم : نێو خێزان
 ئێمە لە كۆمەڵگایەكدا ژیان بەسەر دەبەین كە كەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە و لەم دەڤەرەشدا كۆمەڵگاكان لەژێر سایەی رەحمەتی دوو هێزدان ، كەلتوورو ئایین ، هەردووكیشیان بە دژواری وەرچەرخانوگۆڕانكارییان تیادا دەكرێت ، تاكەكانی كۆمەڵگا لەگەلێدا رادێینو دەقی پێوەدەگرن ، بۆ وێنە دابونەریتو بەهاو نۆرمی كۆمەڵایەتی لەگەڵ بەرژەوەندی خێڵو هۆزدا یەكانگیر دەبنەوە ، گوتاری ئاینیش پیاوان سەردەستو زاڵ دەكات ، لەكۆمەڵگایەكیشدا كە هێزو دەسەڵات كەوتە دەست تاقە یەك رەگەزەوە، ئیدی قفڵ لە زۆربەی مەسەلەو بابەتو كێشەكانی ژیان دەدرێتو كلیلەكەشی دەچێتە گیرفانی پیاوەوە!
 عەقڵییەتی باوی نێوكۆمەڵگای داخراویش،نایەكسانیو جیاوازی (جێندەری/رەگەزیی)لەنێوان هەردوو ڕەگەزی نێرومێدا فەراهەمدەكات،ئەم نایەكسانییەش لە واقعیدا بە تەواوەتی رەنگدەداتەوە ودەسەڵات دەداتە دەست پیاو، نادادپەروەری لە دابەشكردنی مافو ئەركدا دەخەمڵێنێ،ماف دەداتە پیاو،بەڵام ژنو منداڵ مافیان لێزەوتدەكاتو ئەركی زۆریان بەسەردا دەسەپێنی
 هەروەها كە دەسەڵاتو هێزی تێرئاسایو رەوابوو ، شەرعییەتی لێدانو هەرٍەشەلێكردنیش لەنێو خێزانو كۆمەڵگادا وەردەگرێت ، كەدواجار توندوتیژی بەرهەمدێنی ، ئەوەش سیستمی سەنتراڵیزەكردنی ستەمو زۆڵمو چەوساندنەوە دەسەپێنێ ..كاروكاردانەوەی ئەم عەقڵییەتە لەكۆمەڵگادا نایەكسانیو نادادوەریو ناتەبایی دەستەبەردەكات كە هیچ بوارێك ناهێڵێتەوە بۆ سازدانی گفتوگۆو دیالۆگ لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێرومێدا،لە نێوان گەورەو بچوكدا ، لە نێوان پیرو گەنجدا ، لە نێوان مامۆستاو خوێندكاردا ، لە نێوان بەڕێوەبەرو فەرمانبەردا ، لە نێوان دەسەڵاتو هاوڵاتیدا .. كە زەمینەش خۆش نەبوو ، تاكەكان لە نێوان یەكدیدا لە شوێن وكاتە جیاوازو لە كایە جووداكانی كۆمەڵگادا دیالۆگ سازبكەنو گوێ لە قسەكەر بگرن وبواربە یەكتر بدەن هێمنانە گفتوگۆ بكەن ، ئە كۆمەڵگایە دوور دەبێت لە مەدەنییەتو پرەنسیپی گرنگی دیموكراسی تیادا نابێت و هەرگیز بەرەوگۆڕان و پێشكەوتن هەنگاونانێت ،جیاوزای قبوڵناكەنو ناتوانن فەرهەنگی ئاشتی ولێكبووردن زاڵ بكەن بۆوەی پێكەوە ئاشتییانەو برایانە بژینو هەست بەماناكانی ئاسوودەیی بكەن !
 عەقڵییەتی باوی نێو كۆمەڵگاكەمان لەسەر دووكۆڵەكە وەستاوە ، كە بریتین لە كەلتوورێكی سوونەتی داخراوو گوتاری ئاینیی ، ئەم دووانەش پێكەوە هەموو شتێكیان بڕاندۆتەوە وبڕاوەتەوە ، تاكی كورد دەبێت موسەییەر بێت نەك موخەیەر ، تاكی كوردیان بێهێزو بێئیرادەو نەزۆك كردووە ، سەنتەری بڕیار بەدەست خێڵو هۆزو حیزبو كوتاری ئاینییەوەیە ، ئەمان ڕێگانادەن زەمینە بسازێت بۆ دیالۆگو گفتوگۆی نێوان نێرومێ ، گەورەو بچووك ، ئاغاو مسكێنو ..تاد چونكە دیالۆك مۆدێلێكی گەورەیەو روژئاواییەوە سیستم وحوكمی عەلمانییەت پێڕەوی دەكات ..ئیدی لای ئێمە بووە تەكفرو سەرچڵیو یاخیبوون ! كۆمەڵگا داخراوەكەمان ، نایەكسانی و جیاوازی ونادادپەروەری دروست كردووە،هاوكێشەیەكی هاوسەنگی پێك نەهێناوە لە نێوان هەردوو ڕەگەزەكەدا كەدووبونەوەرو دووكەسی تەواو كەری یەكتربن ..دوو هاوڵاتی یەكسان بن بەرامبەر بەیاساو لەدادگادا حسێبی یەك مرۆڤیان بۆبكەن .. كۆمەڵگاكەمان تاكی كورد بەشێوازێكی غەریزیو نامەعریفی دەخوڵقێنێ،بەو مانایەی كە كەمتر ڕەگەزو كەرەستەكانی شارستاینی ومەدەنییەتی تیادابێت ، پەروەردەی خێزانیشمان پەروەردەیەكی مەدەنیـى/یتۆدی نییە تابتوانێت كەشوهەوای شەفاقو دیموكراسیو مەدەنی لە نێو تاكەكانیدا بەركەماڵ بكات,ئەودوو چەمكەش دەتوانن تاك وتاكگەرایی دروست بكەن ، كە دیارە مافو ڕێزی مرۆڤ لە نێو كۆمەڵی مەدەنیو دیمۆكراسی ئازاددا پارێزراوەو پەرە پێدراوە !
 دیالۆگ لە كۆمەڵگایەكدا دەچەسپێ ، كە دیاردەی توندوتێژی لەنیۆ كارو كرددەوەو رەفتاری مرۆڤەكانیدا قێزەونو ناشرین وبێزراو ودانسقە بێت ، كە جیاوازی ڕەگەزیی نێوان نێرومێ بەپێى یاساو دەستوور بنەبڕ كرابێت ، كە عەقڵییەتێك سالارو زاڵ بێت بتوانێت ڕێز لە مرۆڤ بگرێت بە هەموو جیاوازییە ڕەگەزی وئەتنی وكۆمەڵایەتیو ئابووریو فیكرییەكانییەوە .. كە بتوانێت لە جێی هەڕەشەو لێًدوان وسووكایەتی پێكردنی مرۆڤدا ، خۆشەویستی و رێزی مرۆڤ لەبرای مرۆڤی خۆی دابنێ .. كاتیك دیالۆگ سەروەر وسالار دەبێت كە هێزو توانای خێڵو هۆزو حیزب و گوتاری ئاینی پەرگیر ئاینی سیاسی توندڕەو سستو لاواز بكرێتو سەروەری بدرێتەوە بە یاساو دەستورێكی مەدەنی عەلمانی! دیالۆگی نێوان ژن وپیاوێك ، باوك وكورێك ، پۆلیس وهاووڵاتییەك ،پێست ڕەش وسوورفلێك ، كاتێك بەركەماڵو ودەستەبەر دەبێت كەبە یەكسانی كچو كوڕێك لەنێو خێزانێكدا پەروەدەكران،كە جیاوزای لە نێوان مرۆڤێكی ساغو كەمئەندامێك قەلاچۆكرا،كە منداڵێك ئاوەلناوو سیفەتی زیرەكترمان لە منداڵێكی دیكەی هاورٍِێی خۆی پێنەبەخشی ، كاتێك جیاوزایو رەگەز پەرستیمان دروست نەكرد لەنێوان موسڵمانو كریستیانو یەزیدیو كاكەییەكدا ،ئەودەمە دیالۆگ رۆڵی خۆی دەبینێ كە توانیمان كەلتووری تۆڵەسەندنەوەو كوشتنو بڕٍین لەنێو خۆماندا نەیەڵین ،ئەو دەمەی كەشوهەوای ئاشتییانەمان بۆ لێكبووردنو پێكەوە ژیانی جیاوازەكانو تەبایی وبرایەتیو یەكسانیو دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ڕەخساند ! دیالۆگ لەكۆمەڵكایەكدا لەدایك دەبێت كەڕێژەی هەژاری و نەخوێندەواى(نەگەیشتە پلەیەكی مەترسیدار بە كاریگەری دزیو گەندەلێو دابەشنەكردنی سامانی نەتەوەیی ومافی هاووڵاتی بەشێوەیەكی عادیلانەو پێ بەپێ یاساو دەستوورو پەرلەمان!) كاتێك دیالۆگ دەبێتە بەشێك لە ژیانمان كەڕاستەوخۆ لەسەر شەقامو گۆڕەپانو سكرینی تەلەفزیۆنەكانمان سەرۆكو بەرپرسەكانمان دیالۆگیان لەگەڵ هەژارترین و بچووكترین هاوڵاتیی نیشتمان و زێدەكەی خۆیاندا سازكرد ئامادەبوون گوێ بۆ سكاڵاو پڕۆژەو بیروبۆچوونی هاونیشتمانی و میللەتەكەی خۆیان ڕابدێرن ، ئەگینا هەرگیز دیالۆگ نابێتە میوانی خێزانو كۆمەڵگاكەمان !
 دووەم : نێوان نێر و مێ
 لە كۆمەڵَگاى كوردیدا،دۆزى كۆمەڵایەتى بە كێشە و ئاریشەیەكى زۆرو زەوەندا تێدەپەڕێت ، چ جاى باسەكە بێتە سەر خێزان  بە گشتى و پەیوەندى نێوان نێرو مێ بە تایبەتى .. ئەم فایلە پڕە ئیشكالییەت و قەیران ، چونكە كەناڵە گرنگەكانى پێكهاتە و بونیادى كۆمەڵگا بەشداى تێدا دەكەن ..لەوانەش دابونەریتێكی سوننەتى كە ڕێسایەكى نەنوسراو و یاسایەكى هەتیوە وبۆتە كەلتوورێك و وەكو فۆلكلۆر وایە ، كەس نازانێت كێ دروستكەر و بنیاتنەریێتى و هەموو كەسێكیش داكۆكى لێدەكات و وەكو چاوى خۆى دەیپارێزێت !
  كەس نازانێت هۆى چییە ئەم هەموو زەبرو زەنگ و توندوتیژییە بەرانبەر بە ڕەگەزى مێ لە ئارادا بێت  و جەهەندەم و مەنجەنیقێكى بێمانا خراوەبێتە سەر گازەرای پشت بۆ كوشت و كوشتارى كچ و ژن ،ژنكوشتن و زەلیلكردن و بە پەراوێزكردن و ئیفلیجكردن ، بۆتە حەڵاڵترین و ڕەواترین و باشترین كردەوە و كردارێك كە ڕەگەزى نێرى حەیتە و سالار و عەنتەر پێی هەڵسێت بە مەبەستى گەڕاندنەوەى شەرەف و ئاكار و حورمەتى خێڵ و هۆز؟!
 كۆمەڵگاى كوردى داخراوە بەسەر نەریتو نۆرمى چەقبەستوودا كە دەرئەنجام ئەو هاوكێشە ناماوتایەى سازاندووە كە : نێر سەنتەرە و مێ پەراوێز ، نێر بۆتە بكەر و مێ بۆتە وەرگر و پاسیف ، ئەم ڕەوشەش ئەو ئەتمۆسفیر و كەشەى وەبەرهێناوە كە ڕۆڵی نیوەناچڵ و تەریك و لاوەكى ببەخشێتە ڕەگەزى مێ..بەمەش كۆمەڵگا كۆستى كەوتووە و خۆى ئیفلیج بووە ..كاتێك لێنینى مەزنە ڕابەرى ماركسیزم و سیاسەتمەدارى گەورەى روسیا وتوویە :ژن نیوەى جەستەى كۆمەڵە : بەو واتایە دێت كە ئەگەر سەربەست و ئازاد نەبوو ، كە ئەگەر كاریگەر و كارلێكەر و كارگەر نەبوو بێگومان ئەو جەستەیە ، نیوە دەبێت و نیوەش چی پێدەكرێت ؟ خێزان بەیەك لەت و بەیەك تاى تەرازوو چۆن چۆنى دادەمەزرێت و پێكدێت .؟ كەواتە كۆمەڵگا بەبێ ڕۆڵى كاریگەرى ژن ، هیچ بایەخ و كەڵكێكى ئەوتۆی نابێت ..كۆمەڵگا بەبێ هاوشانى و هاوتایی و هاوبیرى و هاوتەبایی و جێگە و پێگەى ژن ، چ هێز و چ وزەیەكى دەبێت ؟
 ئا لێرەوەیە بێهێزى و بێتوانایی و بێئیرادەیی و نەزۆكى كۆمەڵگاى كوردیمان .!ئێمە تازە بە تازە لەم دەموەخت و سەروەختەى جیهانگیرى و پۆست مۆدێرنیتەدا  بۆمان ئاشكرا دەبێت كە ، كۆمەڵگاى كوردى ناتوانێت هاوشان لەگەڵ سیسمتى نوێی تەكنۆلۆژیا و تەكنۆترۆن و سەتەلایت و ئینتەرنێت و هێرش بەرەو بۆشایی ئاسمان و مەریخ و هەسارەكانى دیكەدا ، یەك شەقاو لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریكادا ناتواین هەنگاو بنێین .. چونكە بەكوردى پەتى ئێمە زۆر دواكەوتووین !
  بە قەولى دكتۆری گەورەى عێراقى:عەلى وەردى : ئێمە لە بەربەرییەت و بیاباندا دەژین و كەچی داواى بە مەدەنیبوون دەكەین ! ئێستا ئێمەش لە هەمان بەزم و ڕەزمدا دەگوزەرێین و لەگەڵ ساڵانى شەست و حەفتاكانى سەروەختى عەلى وەردیدا زۆرمان نەبڕیوە لە گۆڕان و وەرچەرخان .! با بێینەوە سەر باسی نێر و مێی كورد ، كە وەكو ئاگر و بەنزین لێكتر نزیكن.. لە دیدگاى هەر نێرێكى كوردا ، ڕۆحێكى جووداخواز و جوودایی ڕەگەزیی  لە هزر و لە بیركردنەوە و لە ڕەفتارى نێرى كوردا ئامادەیە ..بەڵام ئەفسوس زۆرینەى ئەو زەمینسازییە و ئەو خوڵقاندن و سازاندنەش ، ژنى كورد، دایكى كورد دروستكەرییەتى ..بەداخەوە ئەوە ڕاستییەكى زۆر جەرگبڕە كە هەموو دایكێك خۆى ئەو ڕەنگە دەڕێژێت و ئەو ڕۆحییەتە لاى نێرى مێردى یان نێرى كوڕی خۆى دەچێنێت كە پێویستە كوڕ زاڵ بێت و كچیش چەماوە ، مێرد سەنتەر بێت و خۆیشی پەراوێز .. ئەگەر نا ئەو مێیە سزا دەدرێت و شاربەدەر دەكرێت ! كەچی پیاو و ژنى كورد ڕچەشكێن و سنوور بەزێن و وەرچەرخێنەر نەبوون  .. تا بتوانن لە مێژوودا ئەو ڕۆڵە گرنگە تۆمار بكەن وهاوشێوەى  ژان دارك و ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ و سپینۆزا و ئەندێرا گاندى و قاسم ئەمین بتوانن ئازادى و سەربەستى بۆ مرۆڤى كورد دەستەبەر بكەن و لە ڕەگەزپەرستى  قووتاریبكەن.!
 **
 بەڵام تەوەری گرنگى ئێمە ، لە ئێستاوە دەتوانین لەسەری بدوێین و بزانین ئاخۆ بۆچی مینبەرى گفتوگۆى نێان ژن و مێرد ، یان نێر و مێی كورد نەسازاوە !؟ كۆمەڵگاى كوردى بە گشتى زەمینەى بۆ گفتوگۆو ئاخاوتن و دیالۆگی نێوان تاكەكانى نەسازاندووە ..هەموو شتێك بڕیوە و بڕاوەتەوە .. هەموو شتێك بەر لە دروسیبوونى مرۆڤى كورد تەواو خەمڵیوە و پێویست بە گفتوگۆو قسە لەسەركردن ناكات ..مرۆڤـــــ موسەییرە نەك موخەییر ، بەواتاى ئەوەى كە مرۆڤ دەستەویەخە و لاوازە بەرانبەر بە سروشت و كۆمەڵگاكەى .. ناتوانێت دەستكارى هیچ بكات و بیگۆڕێت .. تاكێكى بێئیرادەو بێهێزە .. نێر كۆیلەى دابونەریت و نۆرمى كۆمەڵایەتییە .. ژنیش سێبەرى ئەو كۆیلەیەیە كە پێی دەڵێن نێر .. پیاوى كورد خۆى چەوساوە و زەلیلى دەست سروشتى كردگار و خوڵقاوى دونیا و كۆمەڵگایە ، ئیدى چۆن و بە چ  میتۆدێك دەتوانێت لەگەڵ مێی سێبەردا ئاخاوتن بسازێنێت !
 **
  سەردەمانێكی زۆر  ئەم سیستمى پێكەوە  ژیانەی نێوان نێرو مێ ، نێوان ژن و مێرد  لە ئارادا بووە .. بەڵام ساڵانێكە و بەهۆى باهۆزى جیهانگیرى و مۆدێرنیتەوە ، ژنیش چووە دەرەوەى چوارچێوەى ماڵ و شانبەشانى پیاو كەوتە كاركردن و چووە بەر خوێندن ..ژنیش كەوتە قسە و ئاخاوتن..ژنیش لە بوارى نیشتمانپەروەری و سیاسەتدا تێكۆشا و خەباتیكرد ، ئەمەش قۆناغێكى زۆر گرنگبوو بۆ ژنى كورد و ئازادبوونى ،بەڵام لە ڕاستیدا هێشتا سەرەتایە و كۆت و بەندەكان ، كۆسپەكان ، ئاستەنگە كەلتوورى و ئاینى و كۆمەڵایەتییەكان زۆر كاریگەرترن لەو گۆڕانە ئابوورییە خاوو سستەى كە ئەم دەڤەرەى گرتۆتەوە ..لە ڕاستیدا قەیرانى سیاسی و شەڕەوشۆڕ و هەلومەرجى سیاسی و گۆڕانكارییەكانى بەسەر ئەم هەرێمەدا هاتوون ، كێشەى دەستوورى و یاسایی و ئیدارە و بەڕێوەبردنى فەراهەمكردووە..كە ئەوانە ناڕاستەوخۆ و بە هێمنى لە پێكهاتە و بونیادى كەسێتى تاكى كوردا دەمێننەوە!
 تاكى كورد (بە پیاو و ژنییەوە) كەمتر ئامادەیە گفتوگۆ سازبدات ..تاكى كورد بە شێوەیەكى گشتى تاكێكى ڕەمەكی و غەریزییە: بەو مانایەى كەمتر ڕەگەز و كەرەستەكانى مەدەنییەت و شارستانییەتى تیادا ئامادەیە .. ژن و مێرد پێش هەموو شتێك پێویستیان بە كەشوهەواى دیمۆكراسی و مەدەنیی  هەیە ..چونكە ئەم دوو چەمكە  خوڵقێنەرى  تاك و تاكگەرایین .. ماف و ڕێزى تاك لە نێو كۆمەڵى مەدەنى و دیمۆكراسیدا پارێزراوە..جوودایی ڕەگەزیی لەو دوو تەرزە كۆمەڵگایەدا سڕدراونەتەوە و بێهێز و پەراوێزكراون و خراونەتە نێو مۆزەخانەوە..نێر و مێ دوو بونەوەرى تەواوكەرى یەكترین و هەردووكیان هاوسەنگ و هاوتان و مافیان هاوبەشە و هاووڵاتى پلە یەكن!
 **
 هێشتاكە زۆرى ماوە پردى ئاخاوتن و گفتوگۆى نێوان ئەم دوو ڕەگەزە جوودا و ناهاوتایە  پێك بێت ، لە واقیعدا هەنووكە ڕەوشی خێزانى كورد لەوپەڕی تەنگژەدایە ..چونكە  پێوەرە سەرەكییەكانى پێكەوە ژیان تێكچووە .. بونەوەرى كورد تاكێكى ڕەمەكى و غەریزییە زیاتر لەوەى كە مەعریفى و مەدەنیی بێت ..خۆشەویستى و كۆڵەكەكانى لە داهێزران و لە هەرەسدان .. ڕق و كینە بەرەبەركانێی دەكەن ، ڕۆمانسییەت لە ئاوابووندایە..پیاسە و ڕۆیشتن و فڕینى دوورى دەم دەریا و نێو ئامێزى چیا سەركەشەكانی ئەم دوو مەخلووقە جوانە ( واتا نێر و مێ ، یان ژن و مێرد ) لەم گووزەرەدا بەدیناكرێن ..تریفەى  چەمكى خۆبەخشین و قوربانى و دڵسۆزى و ئەشق و موحیببەت  كوژاونەتەوە .. ئەم ڕۆژگارە زۆر تاڵ و ترشە..ڕۆژگارى بەرزبوونەوەى ئاپارتمان و بینا ناشرینەكانە بە ڕووى ئاسماندا بۆیە ئاسمانیش لێڵە و تەپوتۆز دونیاى تەنییوە! هەتا ئەو ئاپارتمانە نەگریسانە بچن بەگژ هەورەكاندا ، ژیان و ماناكانى  واتاى خۆیان لەدەست دەدەن ..جیاوازى نێوان مرۆڤەكان زیاتر دەبێت !
 بەڵام دواى ئەم قۆناغە گۆڕان ڕوودەدات و پێوەرە سەرەكییەكان دەگەڕێنەوە ..ئەوروپاش ئەم قۆناغە نەگریسەى دیووە .. ئەو دەمەش: خۆشەویستى و لێكبووردن و كەلتوورى پێكەوە ژیان چیدیكە لە تەنگژەدا نابن .. بەرژەوەندى  جێ بە هەموو شتێك لەق ناكات ..شەڕانگێزى و تووڕەیی شوێنى گفتوگۆ و ئاخاوتن  ناگرنەوە .. جیاوازى نێوان ژن و پیاو بەو شێوەیە پڕووكێنەر نابێت.. تاكى كورد ئەوەندە غەریزى و هەڕەمەكى و كاڵفام ناگوزەرێت .. كە تواناى گۆڕان و سنوور بەزاندنى نەبێت ..كە تواناى زەمینە سازى بۆ ئاخاوتن و گفتۆگۆ نەبێت .. كە تواناى ئەوەى نەبێت ببێتە مرۆڤێكى مەدەنى و شارستانیی .!
   لە ئەوروپای دێرینیشدا ئەو دەمەى كە تەنیا قەشەكان و ئاغاكان قسەیاندەكرد ، ئاخاوتن و دیالۆگى نێوان نێر و مێ ، نێوان گەورەو بچووك ، نێوان باوك و كوڕ ، نێوان دایك و كچ هەر ئاوەها لە قەیران و تەنگژەدا پەنگى خواردبۆوە ، بەڵام شۆڕشی زانستى و مەعریفى و تەكنۆلۆژى ئەو ڕەوشەى قڵپكردەوە و ئەو وەرچەرخانەى دروستكرد ، كە بۆ مرۆڤایەتى بووە بە وانە و لابۆر ..!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.