Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ونبوون لەنێو وشەکاندا بۆ تەفسیرکردنى خود

ونبوون لەنێو وشەکاندا بۆ تەفسیرکردنى خود

Closed
by January 25, 2008 ئەدەب

رامانێکى کورت لە ونبوون لە بێشەکانى -با-دا…
ئارام سدیق…

زۆر نوسینى شیعر لە هەموو سەردەمێکدا دەبێـە هۆى ئەوەى بەشێکى زۆرى ئەو تێکستە جوانانەشى دەنووسرێن پشتگوآ بخرێن، لە سەردەمى ئێستاشدا کە دنیاى نوآ کارى لە هەموو شتێک کردووە و مرۆڤ کەمتر ماوەى بۆ خوێندنەوەبە گشتى و شیعر بەتایبەتى ماوە بەدەرکەوتنى تێکستە شیعریە جوانەکان ئەستەمە، هەروەها جیاکردنەوەى شیعر لە ناشیعریش کارێکى ئەستەمترە. لەم ماوەیەى رابردوودا کتێبێکى شیعرى نوێى  (ئەنوەرى رەشى عەوڵا) لە ژێر ناونیشانى  ونبوون لە بێشەکانى -با-دا بڵاوبوویەوە کە پاش خوێندنەوەى خوێنەر لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامى جۆراوجۆر و خەیاڵى سیحراوى رادەگرێت. من پێموایە ئەگەر کتێبێک یان تێکستێک نەتوانێت پاش خوێندنەوە خوێنەر توشى رامان بکات ئەو تێکستە مردووە، یان کاملڕ نییە، هەموو تێکستە جوانەکان خەیاڵ و بیرى نوآ لاى خوێنەر دەخولقێنن و نیهێنى نوێمان بۆ کەشف دەکەن. ئەم نووسینە  رامانێکى کورتە لە ونبوون لە بێشەکانى -با- بۆ ئەوەى جوانى ئەو دیوانە بەبێدەنگى تێنەپەڕێت.
 ونبوون لە بێشەکانى -با-دا ناونیشانى کتێبێکى شیعرى (ئەنوەرى رەشى عەوڵا)یە و لەم دواییانەدا دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم لە دوو توێى (90) لاپەڕەدا بەچاپى گەیاندووە. ئەم کتێبە شیعرییەى ئەنوەرى شاعیر ئەزموونێکى تایبەتمەند و جیاوازە و ئەو هەوڵى داوە پەرە بەو ئەزموونە تایبەتمەندەى خۆى بدات کە لە کتێبى پێشووترى (وابزانم بووم بە وشە) کارى لەسەر کردبوو. ئەم شاعیرە دەیەوێت جیا بنوسێت و ئەزموونێکى نوآ بخولقێنێت ئەزموونێک جیاواز لە روانگەییەکان و جیاواز لەو نەوەیەشى لە هەنووکەدا دەنوسن، یان راستر بڵێین ئەو نەوەیەى هاوتەمەنى خۆیەتى.
ئەنوەر دەیەوێت لە رێى دواندنى وشەکانەوە ماناى نوآ بدۆزێتەوە و تێکستێک بخولقێنێت کە چێژ لاى خوێنەر دروست بکات، تێکستێک کە لە کەمترین وشە و پیت زۆرترین مانا و خەیالڕ خۆى تێدا حەشار داوە،  شیعر لاى ئەنوەر ئەو پەیژەیەیە کە بەرەوبوون دەماباتە سەرەوە، یان بە پێچەوانەوە بەرەو ژێرزەمینى بوون شۆڕمان دەکاتەوە. واتە ئەم تێکستانە ئەوەندەى پرۆژەى نووسینەوەى خودێکى تێکشاوى دەستى رۆژگارە ئەوەند پرۆژەى خستنەڕووى رووە گەشەکەى ژیان نییە. ژیان لاى ئەم شاعیرە تۆفانە –با-یە و ئێمە رادەماڵێت.  ئەم کتێبە شیعرییەى شاعیر ئەوەندەى لە قەسیدەیەک دەچێت ئەوەندە لە کۆمەڵێک شیعرى سەربەخۆ ناچێت کە هەر یەکەیان ناوێکى تایبەتى هەیە و شاعیر گەمەیەکى سەیرى لە ناونانى کۆى ئەم دیوانەدا کردووە و ئەویش هەموویان بە پیتى (ب) دەست پێدەکەن و یەکەم ناونیشان خودى (ب) و کۆتا ناونیشانیش "بوژانەوە"یە. شاعیر لەسەرەتاى  ئەم دیوانەوە دەیەوێت گەشتێکمان پێبکات بەو دنیا سیحراوییەى کە تێیدا دەژین و کارەساتى سەیر و لەپڕ دێتەڕێمان. ئەنوەر پێشتر لە کتێبى "وابزانم بووم بە وشە"دا هەمان گەمەى کردووە لەوێدا بە پیتى (ئەلف) دەست پێدەکات و کۆى ناونیشانەکانى ئەو ئەزموونەش بە (ئەلف) دەست پێدەکەن. دەکرێت ئێمە لێرەوە هەست بەوە بکەین کە "وابزانم بووم بە وشە" سەرەتایە و ئەم کتێبەش دووەم ئەزموون.
ونبوون لە بێشەکانى -با-دا هەوڵدانە بۆ گەڕان بە نێو ئەو دنیایەدا کە لە واقیدا مرۆڤ ناتوانێـ پەى پێبەرێت و تەنها لە تێکست تواناى خولقاندنى ئەو دنیایەى هەیە. هەمیشە تێکستەکان دەتوانن ناخى مرۆڤ بنووسینەوە و تابۆکانى نیگارکێشێک دەتوانێت گوزارشت لەو خەیاڵاتانە بکات لە بوونى مرۆڤێکدا پەنگى خواردۆتەوە. شاعیر دەنوسێت:
ئێمە چوزانین زیارەتى گولڕ چى دەگەیەنێت بۆ هەنگ
من کە نەتوانم ببم بە لەرەى باڵى پەپەلەیەک
بێفایدەیەحونجەکردنى حیکمەتء
بەخشینیش لە سەفەرە گوڵاویەکانى ئەو
شاعیرەکان هەمیشە ئەو مرۆڤە وردەکارانەن کە لە هەموو شتە بچوکەمان ورد دەبنەوە. لاى شاعیر دوو شت دەبە کەرەستەى شیعر یان رووداوە گەورەکان کە ئەو ناتوانێت لێیان بێدەنگبێت یان ئەو رووداوانەى کە کەس چاوى بینینیانى نییە و تەنها شاعیرەکان دەتوانن بیبینن. لاى شێرکۆبێکەس گرنگى بە هەردوو بوارەکە دراوە و تاڕادەیەکیش هەردوویان لە پرۆژەى هاوبەشدا خراونەتە خزمەتى شیعرەوە، واتە مەبەستمە بڵێم شێرکۆ توانیویەتى هەردوو کەرەستەکە لە شیعرێکدا کۆبکاتەوە و سودیان لێوەربگرێت. لاى دلاوەر قەرەداغى شتە نەبینراوەکان کراوەتە کەرەستەى یەکەمى شیعر و گرنگى زۆرى پێدراوە ئەگەرچى دلاوەر رووداوە گرنگەکانیشى لەیاد نەکردووە و گرنگى پێداوە، بەڵام لاى ئەنوەرى رەشى عەوڵا لە ونبوون لە بێشەکانى -با-دا تەنها گرنگى بە شتە نەبینراو و پەراوێزخراوەکان داوە یان ئەو شتانەى کە ئێمە زۆر کەم بیریان لێدەکەینەوە وەک  گرنگى "باخچە" و بیرنەکردنەوە لە "بوون" و نەمانى "بەها" و ….هتد. ئەم کەرەستە وردانە لاى ئەنوەر بوونەتە هۆى لەدایکبوونى خەیاڵى فراوان و دنیابینى تایبەتى و هەر ئەمەشە ئەنوەرى رەشى عەوڵا دەکاتە ئەو شاعیرە دەنگى شیعرى جیاواز بێت و ئێمە ناتوانین وەک شاعیرێک لە قسەکردن لەسەر شیعرى نوێى کوردى پەراوێزى بخەین. ئەگەرچى لەگەلڕ ئەو رایەشدام ئەزموونى شیعرى ئەم پیاوە تا ئێستا نەگەیشتۆتە لوتکە یان بەتەواوەتى باڵاى نەکردووە بەڵام بە وردبوونەوە لە هەردوو کتێبى و (ونبوون لە بێشەکانى -با-دا) ئێمە لە بەردەوام ئەزموونێکى نوێ و تایبەتمەندا رووبەڕوو دەبینەوە، بۆیە جوانى ئەم ئەزموونەى ئەنوەر لەو  ونبوونە سیحراویەدایە  لەنێو وشەکاندا بۆ تەفسیرکردنى خود و گەمە کردن لەگەلڕ تەکنیک و خولقاندنى خەیاڵى بێسنور و ناکۆتا لە رێى کەمترین وشەوە، بۆیە خوێندنەوەى ئەم تێکستانە چێژێکى ئیستاتیکیمان پێدەبەخشێت.

سەرچاوە:
1- ئەنوەرى رەشى عەوڵا، ونبوون لە بێشەکانى -با-دا، شیعر، دەزگاىچاپو پەخشى سەردەم، بڵاوکراوى ئایندە ساڵى (2007).
2- ئەنوەرى رەشى عەوڵا، وابزانم بووم بە وشە، شیعر، بڵاوکراوى چاپخانەى رەنج ساڵى (2004).

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.