Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
نه‌ بێده‌نگبوون هه‌ڵوێسته‌و نه‌جیهان به‌ره‌و ناتوندوتیژی هه‌نگاوده‌نێت..!

نه‌ بێده‌نگبوون هه‌ڵوێسته‌و نه‌جیهان به‌ره‌و ناتوندوتیژی هه‌نگاوده‌نێت..!

Closed
by December 2, 2008 ژنان

 
 
 
 
 له‌ په‌راوێزی هه‌فته‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى له‌ دژی ئافره‌تان
 ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 
 
 نه‌ بێده‌نگبوون هه‌ڵوێسته‌و نه‌جیهان به‌ره‌و ناتوندوتیژی هه‌نگاوده‌نێت..!               
 
  
    جه‌لال ده‌باغ

 
 له‌رۆژانى 19 ــ 25 هه‌فته‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى له‌هه‌رێمى                                                                             
 كوردستان به‌چه‌ندین چالاكى جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌چووکۆبوونه‌وه سازکراو به‌یاننامه‌ ده‌رکرا، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانی ژنان و ئافره‌تانه‌وه‌ به‌گشتی چالاکیی جۆراوجۆر ئه‌نجامدران.             
 هه‌واڵه‌کان رایانگه‌یاند که‌ئێواره‌ى رۆژى سێشه‌ممه ‌له‌ پاركى نالى، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام له‌ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى  بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ده‌می خۆیان به‌ست و بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد. گروپى 25 ى نۆڤه‌مبه‌ر به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركردووه‌ له‌ ژێر ناوى (هه‌موو ڕۆژه‌كانى ساڵ قسه‌ده‌كه‌ین ته‌نها له‌ 25 ى نۆڤه‌مبه‌ردا نه‌بێت).!!
 له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "له‌كاتێكدا جیهان به‌ره‌و ناتوندوتیژى هه‌نگاو ده‌نێت، هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ خۆشگوزه‌رانى مرۆڤایه‌تى چڕده‌كرێته‌وه‌!!، تازه‌ لاى ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ى فره‌ ژنى و كوشتنى ژن بەناوى شه‌ره‌ف و لێدان و سوكایه‌تى ده‌بیێته‌ ڕووكارى كۆمه‌ڵگا." وته‌بێژى گروپه‌که‌ش ده‌ڵێت: "هۆكارى ئه‌و ده‌م به‌ستنه‌مان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یه‌ك رۆژ له‌ ساڵدا ناتوانێت به‌ره‌نگارى ئه‌و هه‌موو توندوته‌ژییه‌ ببێته‌وه‌ كه‌به‌سه‌ر ئافرەتاندا دێت." هه‌روا ده‌‌ڵێت:" بێده‌نگی هه‌ڵوێسته‌و هاواره‌ دژ به‌ نایه‌كسانی و توندوتیژی و فره‌ژنی "!
 ڵێره‌دا هه‌ندێ ره‌خنه‌ی دۆستانه‌م هه‌یه‌و سه‌ره‌تا بۆ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌که‌م به‌هه‌ڵه‌ لێکنه‌درێته‌وه‌ ده‌ڵێم:ـ
 ـ کارێکی باشه‌ هه‌فته‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ دژی ئافره‌تان بڕیاردراوه‌وچالاکیی جۆربه‌جۆری تێدائه‌نجامدراوه‌و حکومه‌تی هه‌رێم سه‌رپه‌رشتیی کردووه‌و ئه‌مه‌ش مانای وانییه‌ که‌ ته‌نیا له‌و هه‌فته‌یه‌دا به‌ره‌نگاروونه‌وه‌ی توندوتیژی ئه‌نجام بدرێ.
 ـ هه‌روا کارێکی باشه‌ رێکخراوه‌کانی ئافره‌تان به‌شدارییانکردووه‌و چالاکی جۆربه‌جۆریان ئه‌نجامداوه‌..تاد.
 لێره‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم: ئه‌رێ به‌ڕێزان، ژنان و ئافره‌تان، له‌به‌رچی ده‌می خۆتان ده‌به‌ستن و قسه‌ناکه‌ن؟ که‌ی ئه‌مه‌ راسته‌؟ خۆ ئێوه‌ له‌ وڵاتێکدانین رێگه‌ی قسه‌کردنتان پێ نه‌درێت.! بۆچی له‌ رۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ردا ده‌می خۆتان به‌ستووه‌؟ له‌کاتێکدا ده‌بێ له‌و رۆژه‌دا له‌هه‌موو رۆژێک پتر قسه‌بکه‌ن. کێ گوتوویه‌" به‌ یه‌ك رۆژ لە ساڵدا ده‌توانرێت به‌ره‌نگارى ئه‌و هه‌موو توندوتیژییه‌ ببێته‌وه‌ كه‌به‌سه‌ر ئافره‌تاندا دێت."!! چما ئه‌و رۆژه‌ ، یان ئه‌و هه‌فته‌یه‌ ته‌نیا وه‌ک ره‌مزێک نییه‌ بۆ خه‌بات له‌ دژی توندو تیژی دژی ئافره‌تان؟ ئه‌م خه‌باته‌ نه‌ک رۆژێک یان هه‌فته‌یه‌ک، به‌ڵکو پێویستی به‌ خه‌باتی به‌رده‌وام هه‌یه‌.
 هه‌روا که‌ی بێده‌نگی بۆته‌ هه‌ڵوێست؟ ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتێکیشدا که به‌ فه‌رمی‌ رێگه‌ی تێکۆشان له‌ ژنا‌ن و ئافره‌تان گیرابێت. که‌ ئێستا له‌ کوردستاندا وانییه‌ وبۆتان هه‌یه‌ ده‌نگتان دلێرو به‌رز بێت.
 چما له‌یادتان چووه‌ که‌ له‌ژێر سایه‌ی رژێمه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کاندا، بێترس له‌ زیندان و راوه‌دونان و هه‌ڵوێستی کۆنه‌په‌رستان و ریابازان، ده‌نگی ئافره‌تانی تێکۆشه‌ری کوردستان بڵندبوو، ئافره‌تانی وه‌ك: خانم زوهدی، زه‌کییه‌ بابان، ئه‌نجوم زوهدی، ئه‌خته‌ر ساڵح، فاتمه‌ی ساڵحی خدر، گه‌لاوێژ، به‌هێ مه‌عروف، زه‌کێ فه‌ره‌جی هاوسه‌ری مسته‌فا خۆشناو، نه‌جیبه‌ی خێزانی سه‌عید فه‌ره‌ج، مونیره‌ سالح ، مونیره‌ فه‌ره‌ج، شه‌مسه‌ مه‌حمود و ده‌یان وسه‌دان ژن و ئافره‌تی تێکۆشه‌ر که‌ ده‌نگیان هه‌میشه‌ بڵند بوو به‌رووی رژێم و کۆنه‌په‌رستاندا.
 ئێستا له‌ کوردستانی  باشووردا، له‌ژێر سێبه‌ری چه‌ندان ده‌ستکه‌وتی گرنگدا، که‌ی بێده‌نگی هه‌ڵوێسته‌؟! ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ش هه‌بێت که‌ بێگومان زۆره‌، ده‌بێ جه‌سوورانه‌ ده‌نگی بۆ به‌رز بکرێته‌وه‌. با ئه‌ی ئافره‌تانی خۆشه‌ویست هەموو ڕۆژەكانى ساڵ قسە بكەن و لە 25 ى نۆڤەمبەریشدا ده‌نگتان بڵندتربێ!.
  هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ وه‌ک ئاماژه‌مان پێکرد ژمارەیەك ئەندام لەڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى      به‌یاننامه‌یه‌کیان ده‌رکردووه‌و له‌وێدا ده‌ڵێن: "جیهان بەرەو ناتوندوتیژى هەنگاو ده‌نێت، هەموو هەوڵەكان بۆ خۆشگوزررانى مرۆڤایەتى چڕدەكرێتەوه‌"! (چڕ ده‌کرێنه‌وه‌). با لێره‌دا به‌ سه‌رێکی ساردو دڵێکی گه‌رمه‌وه‌ له‌م دێڕه‌ وردبینه‌وه‌، جا ئایا راسته‌ جیهان(ئه‌مڕۆ له‌ژێر سایه‌ی یه‌کجه‌مسه‌ریدا) به‌ره‌و ناتوندوتیژی هه‌نگاوده‌نێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دوای داڕمانی یه‌که‌م ئه‌زموونی سۆسیالیزم و نه‌مانی جه‌نگی ساردو باڵاده‌ستیی ئه‌مریکا جیهان رۆژبه‌ رۆژ زۆرتر به‌ره‌و توندوتیژی هه‌نگاوده‌نێت؟ ئاخۆ رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی نازانن که‌ له‌ژێر سایه‌ی سه‌رمایه‌داریی دڕنده‌دا رۆژبه‌رۆژ توندوتیژی و هه‌ژاری و کڵۆڵی روو له‌ زۆربوونه‌؟
 کوا "هه‌موو هه‌وڵه‌کان بۆ خۆشگوزه‌رانیی مرۆڤایه‌تی چڕ ده‌کرێنه‌وه‌؟!" وه‌ک له‌ به‌یاننامه‌که‌تاندا هاتووه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌کانی ئیوه‌و گشت به‌ره‌ی پێشکه‌وتنخوازان و دیموکراتخوازان بێت راسته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ "هه‌موو" نییه‌! چونکه‌ چیهانی ئه‌مڕۆ پتر توندوتیژی و نا خۆشگوزه‌رانیی تێدا باڵاده‌سته‌. چا  به‌ڕاستی بڵێن، وا نییه‌؟.
  دواجار هه‌ر سه‌رکه‌وتووبێ خه‌باتی ژنان و ئافره‌تانی کوردستان وهه‌موو لایه‌نه‌کان بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى و فرە ژنى و كوشتنى ژن بەناوى شەرەف و لێدان و سوكایەتى کردن به‌ ژنان و له‌پێناو هێنانه‌دیی هه‌موو خواست و ئامانجه‌کانیاندا.
 
 
 
 
 
 
 
                                                                                                  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.