Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كورتبڕىو ئیستاتیكا…. ئارام سدیق

كورتبڕىو ئیستاتیكا…. ئارام سدیق

Closed
by December 2, 2008 ئەدەب

 كورتبڕىو ئیستاتیكا…. ئارام سدیق
 
 لەبارەى مینیماڵەكانى "رەسوڵ یۆنان"ەوە
 
 ئارام سدیق

 
 دنیاى نوآ تەنها كاریگەرى لەسەر گۆڕینى سیستمى پەیوەندییەكانو جوانكردنى ماڵو تەلارەكان نییە، بەڵكو رەنگدانەوەى لەسەر هەموو كایە جۆراوجۆرەكانى ژیان هەیە، بەجۆرێك كە ئەدەبو هونەریش لەو كاریگەریانە بێبەش نەبن. دەركەوتنى كورتەچیرۆكو كورتیلەچیرۆكو پۆستەرەشیعر بەرهەمى ئەم سەردەمە پڕ لە جەنجاڵیەن، كە نووسەران پەنایان بۆ ئەم جۆرە لەنووسین بردووە. هەرچەند لەهەمانكاتیشدا سەدان نووسەریش هەر لەسەر هەمان "درێژنووسی" بەردەوامنو ساڵانە دەیان رۆمانو چیرۆكو شیعرى درێژ بڵاو دەكرێنەوە، كە ئەمانەش خوێنەرى تایبەتى خۆیان هەیەو هەندێك لەو رۆمانانە بە ملیۆنانى لىَ دەفرۆشرێت، بەڵام بەشێوەیەكى گشتى خوێنەرى چەرخى نوآ خوێنەرێكى چالاك نییەو بەهۆى ئەو هەموو سەرقاڵییەى كە ئامێرە تەكنەلۆژییەكانو بووەكانى ترى دنیاى نوآ بۆى دروست دەكەن، ناتوانآ وەك پێویست بەدەنگ تێكستى درێژەوە بچێت، بێگومان ئەم حاڵەتەش رێژەییە.
 ئەوەى مەبەستى سەرەكى ئەم نووسینەیە قسەكردنە لەسەر "كورتیلەچیرۆك" كە لەم ساڵانەى دوایداو بەتایبەت لەنێو ئەدەبى فارسیدا ئەم ژانرە زۆر پەرەى پێدراوە، كە پێشتر لە ئەوروپاو ئەمریكاى لاتین بایەخى هەبووەو تا ئێستاش خوێنەرێكى زۆرى هەیە. لەم ماوەیەى پێشوودا هاوڕێم جەبار سابیر كۆچیرۆكێكى مینیماڵى "رەسوڵ یۆنان"ى بەناوى (فریشتەكان) لەفارسییەوە وەرگێڕاوەو یانەى قەڵەم لە زنجیرەى ژمارە "39"دا بەچاپى گەیاندووە. ئەم مینیماڵانەى رەسووڵ یۆنان ئەگەرچى دەكرێت وەك "هەناسەچیرۆك" ناوى بەرین، چونكە هەندێكیان دەتوانرێت لەماوەى هەناسەیەك، یان دواندا بیخوێنینەوە. خاوەنى چێژێكى ئیستاتیكى تایبەتن، كە زۆرجار مینیماڵێك لەم كۆمەڵەیە هێندەى رۆمانێك چێژ دەبەخێشت بە خوێنەر. بەو پێیەى هەم لەرووى وێنەوە وێنەیەكى جوانو سەرنجڕاكێش لە بیرى خوێنەردا دەنەخشێننو هەم مانایەكى تۆكمەش لاى خوێنەر جێدڵێن كە كاریگەرییان زوو بیرناچێتەوە.
 مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى لە لێكۆڵینەوەیەكدا لەبارەى كورتیلەچیرۆكەوە دەنوسێت: چیرۆكى زۆر كورت رووبەرێكى تەسكى لە رووداو و زەمەن هەیە، گۆشەنیگایەكى زاڵە دوورە لە درێژبوونەوەو پانبوونەوە. جارى واهەیە هەست بە بوونى كەسو رووداو ناكەین، بەڵكو لە مەناخێكى چڕوپڕ نزیكدەبینەوە. بەپێى ئەم پێناسەیە  ئەوەى گرنگە ئەوەیە لەچركەیەكى تیژتێپەڕدا ئەو مینیماڵە خوێنەر راچڵەكێنێتو بیرێكى لابوروژێنێت كە مەرج نییە رووداوو زەمەن ئامادەییان هەبێت. لە مینیماڵەكانى رەسولأ یۆنانیشدا هەندێكجار هەست بە رووداوو زەمەن ناكەین تەنها بیرۆكەیەكى سادەیە كە خوێنەر سەرسام دەكات بەوەى ئەو هەموو مانایەى لەهەناویدا حەشارداوە. دەكرێت نموونەى مینیماڵى "بەفر" بهێنینەوەو لێرەدا وەك خۆى دەینوسمەوە:
 (لەپێچەكەدا لێك جیابوونەوە. یەكیان زیندانی بوو، ئەویتریشیان زیندانەوان. زیندانییەكە ماوەی حوكمەكەی تەواوكردبوو، زیندانەوانەكەیش ماوەی خزمەتەكەی. جانتاكانیان پڕ بوو لەڕابردوو، خاولی كۆنە، ریش تەراشی ژەنگ گرتوو، ئاوێنەی بەر باخەڵو… ئەوان چارەنووسێكی هاوبەشیان هەبوو. هەردووكیان بیرەوەری خۆیان لەپشت شیشی زیندانەكەوە بەجێ هێشتبوو، كاتێك لەپێچەكەدا لەیەك جودا بوونەوە، بەفر بەیەكسانی بەسەر هەردووكیاندا دەباری).
 ئەوەى لەپشت ئەم مینیماڵەوە خۆى حەشارداوە تەنها بیرۆكەیەكە، كە ئەو مرۆڤەى لە زیندانەو ئەوەى زیندانەوانە لەهەمان شوێن هەردوو وەكیەك ژیاون، ئەگەرچى یەكەمیان ئازادى لێزەوتكراوەو دووەمیان بەئازادیش ژیاوە، بەڵام هەردووك لە یەك ژینگەو یەك شوێندا تەمەنیان گوزەراندووە. كاركردن لەسەر دەربڕینى بیرۆكەیەكى لەم چەشنە رەنگە لاى هەندێك نووسەر پێویست بكات رۆمانێكى درێژى لەسەر بنوسرێت، یان چیرۆكێكى درێژ، یان لە لێكۆڵینەوەیەكى درێژدا بخرێتەڕوو، بەڵام گرنگى ئەم مینیماڵانە لەوەدایە كە لەو چەند دێڕە كورتەدا بیرۆكەى گەورەو كێشەى گەورە خراوەتەڕوو، جوانى ئەو مینیماڵە ناتوانرێت تەنها لە كورتیەكەیدا بخرێتەڕوو، چونكە ماناى شاراوەى پشت تێكستەكەو كاركردنى رەسولأ یۆنان لەسەر مەفهومى ئازادى لەو پەنجەرەیەوە یەكێكە لە جوانییەكانى ئەم مینیماڵەو مینیماڵەكانى ترى نێو ئەو كتێبە. ئێمە لە مینیماڵى بەفردا وشەى ئازادى نادۆزینەوە، بەڵام ئازادى بە هەموو مەفهومییەوە لەپشت ئەو مینیماڵەوە ئامادەیە، كە ئەمەش جوانییەكى سەرنجراكێشى ئەو تێكستانەیە.
 هەر بەپێى لێكۆڵینەوەكەى عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى مینیماڵ لەناوەڕاستى سەدەى بیستەمەوە پەیدابووەو بەتەواوى پەرەى سەندووەو زۆر بوارى گرتۆتەوە. ئەو دەنوسێت: ساڵى "1960" بزووتنەوەى مینیماڵیزم، یان خوردەگەرایى پەلوپۆى بۆ ناو زۆربەى زۆرى هونەرو ژانرەكان هاویشت. چووە ناو هونەرى مۆسیقاو پەیكەرتاشى، بەڵام كاریگەرییەكەى زیاتر لە ساڵى "1990"ەوە هات.
 لەنێو ئەدەبى كوردیداو بەتایبەت لە چیرۆكدا ئێمە كورتیلەچیرۆكمان زۆرە، بەڵام لەشێوەى ئەوەى "رەسولأ یۆنان"، یان نییە، یان زۆر كەمە،. هەوڵەكانى رەووف بێگەرد كە لەبەشێكى كۆچیرۆكەكانیدا بەناوى "رۆژانەچیرۆك"ەوە چەند كورتیلە چیرۆكێكى خستۆتەڕوو، بەڵام جیاوازى زۆر لەنێوان ئەو كورتیلە چیرۆكانەو ئەوەى رەسووڵ یۆناندا هەیە بەو پێیەى بێگەرد نەیتوانیوە بەو شێوەیەى رەسولأ یۆنان كورتبڕى بكات، بۆیە رەنگە هەڵە بێت زاراوەى "مینیماڵ" بۆ بەشێكى زۆر لە "رۆژانە چیرۆك"ەكانى بێگەرد دابنێین.
 لێرەدا دەكرێت نموونەى"جانتا، سەروخوار، باوك، نووسەر" سەیر بكەین كە بێگەرد لە كۆمەڵە چیرۆكى (كۆڵان)دا بڵاوى كردوونەتەوە وەربگرین وەك چیرۆكى مینیماڵى كوردىو نموونەى جوانى نێو ئەزموونى بێگەرد تەماشاى بكەین. بەڵام ناكرێت "ژیانى رۆژانە، خۆرگیران، نەنە لەیلىَ، كاتو شوێن" بخەینە هەمان قاڵبەوە، وەك ئەوەى بێگەرد خۆى كردوویەتى.
 نووسەرى كوێتى لەیلا عوسمانیش هەندێك چیرۆكى مینیماڵى هەیە كە دەكرێت لێرەدا ئاماژە بەویش بدەین. لەیلا لە مینیماڵى "شەڕكردن"دا باس لەشەڕى ژنو پیاوێك دەكات، كە كۆتاییەكەى بە دەست لە ملكردن كۆتایى دێت، لەم مینیماڵەدا هەست بە لێكترازانو پچڕانى ناونیشانو ناوەڕۆكى دەق دەكەین، بەڵام كۆى مینیماڵەكە خاڵى نابێتەوە لەوەى چێژ بە خوێنەر بگەیەنێت، یان دەكرێت فێڵێكى نووسەربێت لە خوێنەرو بۆ پەیوەنستكردنى بێت بە تێكستەكەوە. لاى لەیلا عوسمان مینیماڵەكان تەنها رووداوى بروسكە ئاسانو ساتێكى چێژ بەخش بە خوێنەر دەبەخشن، كە رەنگە هەموو مینیماڵێك ئەركى سەرەكى ئەوەبێت، بەڵام ئەوانەى رەسولأ یۆنان وەك لە نموونەكەى سەرەوەو ئەو نموونانەشى كە كراون بە كوردى دەبینرێت تەنها مەبەست لە دروستكردنى رووداوێكى تیژتێپەڕ نییە، هێندەى خستنەڕووى بیرۆكەیەكى فیكریشە هەم لەسەر "ئازادى، عەشق، ترس، نامۆبوون"و چەندین بیرۆكەى تر كە رەنگدانەوەیان لە مینیماڵەكاندا هەیە.
 لەدواجاردا دەمەوآ ئەوە بخەمەڕوو كە خوێندنەوەى ئەم مینیماڵانە، بەدەر لەوەى چێژێك بە خوێنەر دەبەخشن هاوكات بیرۆكەى نوێش لە بیرى خوێنەردا دەنەخشێنن، بیرۆكە گەلێك كە زۆرجار ئێمە پێشتر پەیمان پێنەبردووە، یان وەك وەرگێڕ لە پێشەكیەكەیدا ئاماژەى پێدەكات كە رەگەزی سەرەكی لەمینیماڵدا دروستكردنی وێنەیەكی خێراو كاریگەرە لەیادەوەری خوێنەردا بەجۆرێك كەتا ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە. بەشێكى زۆری ئەم مینیماڵانەش ئەوەندە كاریگەرن كە تاماوەیەكى زۆر لە بیرى خوێنەردا دەمێننەوە.
 
 
 ئەو سەرچاوانەى سودیان لێوەرگیراوە:
 *رەسول َیۆنان، فریشتەكان، مینیماڵ، وەرگێڕانی لەفارسییەوە: جەبار سابیر،  لەچاپكراوەكانی پڕۆژەی كتێبی یانەی قەڵەم زنجیرەی ژمارە ¬¬(39)ساڵى (2008).
 *گۆڤارى واتە، ژمارە (4) تەمووزى (2008) مەلەفێك لەسەر لەیلا عوسمان، لە بڵاوكراوەكانى دەزگاى چاپو بڵاوكردنەوەى ئاراس.
 *كۆى چیرۆكەكانى رەووف بێگەرد، لە بڵاوكراوەكانى دەزگاى چاپو پەخشى سەردەم (2006)
 *عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى، كورتلە چیرۆك تیۆرو پراكتیك-لێكۆڵینەوە، یەكێ: لە بەرهەمە بەشداربوەكانى سێیەمین فیستیڤاڵى وەزارەتى رۆشنبیرى ساڵى (2008).
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.