
مارکس له وۆڵ ستریت (Wall Street) چی ده‌کات ؟
مارکس له وۆڵ ستریت (Wall Street) چی ده‌کات ؟
هه‌ژێن
03.12.2008
ئه‌م ڕۆژانه قسه‌وباس له‌سه‌ر زیندووبوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی مارکس و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی له وۆڵ ستریت زۆرن و له لای مارکسیسته‌کان کار کێشاویه‌ته پێشبڕکێ له پیاهه‌ڵدان و گێڕانه‌وه و وه‌رگێڕانی ده‌ربڕینی پیاوانی ئایینی و بازار.
ژورناڵی بۆرژوازی دهـێك باس له سۆشیالیزهبوونی وۆڵ ستریت و ده‌مێك باس له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مارکس له وۆڵ ستریت ده‌که‌ن. له‌م بواره‌دا مارکسیسته کورده‌کانیش له پیاهه‌ڵدانی کوێرانه و هانابردن بۆ پوشهکانی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیکردنی بانکه‌کاندا که‌مییان نه‌هێناوه.
کاتێك که له ڕوانگه‌ی ئامانجه‌کانی له سۆشیالیزمه‌وه ده‌ڕوانینه ئه‌م هه‌رایه، مرۆڤ له دیوی شاراوه‌یدا هه‌م خۆڵه‌پۆته‌ی ژێر سمی ئه‌سپی ئابوریناسه‌کانی وۆڵ ستریت ده‌بینیت که چاوی چه‌وساوان کوێر ده‌کا و هه‌م دۆشداماوی مارکسیسته‌کان که ئایدیالیستئاسا له وته‌ی ئه‌م قه‌شه و ئه‌و ئیدیۆلۆگی بۆرژوازییه‌وه بۆ ڕاستی و لۆژیکیبوونی تێڕوانینه‌کانی مارکس ده‌گه‌ڕین، به‌دی ده‌کرێت.
من لێره‌دا ناچمه سه‌ر خودی قه‌یرانی وۆڵ ستریت یا وه‌رشکسته‌بوونی بانکه‌کان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئامانجی نووسینه‌که نییه. ته‌نیا ئه‌وه‌نده به پێویست ده‌زانم که په‌نجه بۆ جیاوازی درێژبوونه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی و قه‌یرانی وه‌رشکسته‌بوونی کۆمپانی و کارگه و کارخانه‌کانی ئهرژهندتین له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا و قه‌یرانی وه‌رشکسته‌بوونی بانکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپا له‌م ڕۆژانه‌دا بکێشم، که له یه‌که‌میاندا کارخانه و کۆمپانیاکان له‌گه‌ڵ وهرشکستهبوونیان نه ده‌وڵه‌ت توانی فریایان بکه‌وێت و نه کۆمپانی و کارخانه‌یه‌کی گه‌وره‌تر توانی بییان کڕێته‌وه، خاوه‌نه‌کانیان ناچار هه‌ڵهاتن و کارگه‌رانیش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتن، له دووه‌میاندا ده‌وڵه‌ت له باج و خه‌راجی خه‌ڵکی ملیارد ملیارد دۆلاری خسته خهزێنهیانهوه و له په‌لاماری خه‌ڵکی ڕزگاری کردن و نه‌ك قه‌رزی قه‌رزارانی بانکه‌کان نه‌سڕدرایه‌وه و خانووه‌کان و قه‌رزه‌کان نه‌بوونه هی خه‌ڵکی، به‌ڵکو ده‌وڵه‌ت به به‌خشینی ملیاردهکان له باجی خه‌ڵکی، په‌لاماری خانووی ئه‌وانه‌ی دا که توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانیان نه‌بوو و کردنییه‌وه به هی بانك ( به كرینهوهیان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه). ته‌نیا جیاوازیش گه‌ڕانه‌وه و نه‌گه‌رانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بوو له‌و دوو ڕووداوه‌دا بۆ سه‌ر تێڕوانینه‌کانی مارکس!
له باری یه‌که‌مدا مارکسیسته‌کان به‌تایبه‌ت مارکسیسته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و کوردستان ڕووداوه‌که‌یان نادیده‌گرت و سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کارخانه‌کان و به‌ڕێوه‌بردنیان له‌لایه‌ن خودی کارگه‌رانه‌وه نه‌کرده مژده‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مارکس، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له‌وێدا کارخانه و کۆمپانییه‌کان له‌بری دهوڵهتیکردنیان له‌لایه‌ن کارگه‌رانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا و گه‌لی کران و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کارگه‌ری جێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بۆرژوا‌کانی گرته‌وه. به‌لام له داڕمانی بانکه‌کانی وۆڵ ستریت دا که ده‌وڵه‌ت به ملیاردان دۆلار له باج که بڕیاره بکڕیته خزمه‌تگوزاری به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگه، کرده گیرفانی بانکداره‌کان و به‌شێك له بانکه‌کان به‌تایبه‌ت خانوو و پرۆژه‌ی ئه‌و قه‌رزارانه‌ی که توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانیان نه‌بوو، کرده ده‌وڵه‌تی، که‌چی مارکسیسته‌کان هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ قه‌شه و ئابوریناسه‌کانی سه‌رمایه که‌وتنه هه‌لای به مارکسیستبوونی سه‌رانی وۆڵ ستریت و به‌ره‌و سۆشیالیزم چوونی وۆڵ ستریت.
ئه‌مه چه‌ند پرسیارێك لای خوێنه‌ر و گوێگری به‌سه‌رنج دروست ده‌کات: ئایا مارکس لایه‌نگری ئابووری ده‌وڵه‌تی یا موڵکایه‌تی ده‌وڵه‌تییه؟ ئایا سۆشیالیزه‌کردنی که‌رته‌کانی به‌رهه‌مهێنان و که‌رته خزمه‌تگوزارییه‌کان به واتای دهوڵهتیکردنیان دێت، به واتایه‌کی تر ئایا ده‌وڵه‌تیکردنی که‌رته‌کان یه‌کسانه به سۆشیالیزهکردن؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر وا نییه، کڕینه‌وه‌ی به‌شێکی پشکی بانکه‌کان یا کڕینه‌وه‌ی به‌شێکی قه‌رزی نه‌دراوه‌ی بانکه‌کان ده‌کاته سۆشیالیزم یا بۆ پاگه‌نده‌ی سۆشیالیستبوونی وۆڵ ستریت ده‌کرێت؟
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م پاگه‌ندانه بده‌ین، ئه‌وه خودی ژورناڵی وۆڵ ستریته، که‌وتووه‌ته په‌خشکردنیان. ئه‌مه‌ش وه‌ك کارێکی ڕێکخراوی پێشتر ئاماده‌کراو نا، به‌ڵکو وه‌ك به‌شێك له ناکۆکی ئیدئۆلۆگه‌کانی بازار ئازاد له‌سه‌ر ڕێگه‌چاره و چۆنیه‌تی ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه! به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه هاوده‌نگی و لێکدانه‌وه و خۆشحاڵی مارکسیسته‌کانه به‌م هه‌ڵای سۆشیالیزهبوونی وۆڵ ستریت!
جارێکی تر بۆ ئه‌وه‌ی خراپتێگهیشتن نه‌یێته ئارا، به پێویستی ده‌زانم ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستم له سه‌رنجاندنی هه‌ڵای مارکسیسته‌کانه، ئهوهندنه مه‌به‌ستم چوونه سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی سۆشیالیزهکردن له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تیکردنی که‌رته‌کان و لایه‌نگری ماکس له نه‌خشی ده‌وڵه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا نییه. به‌ڵکو ئاماج تێرامانه له ئایدیالیزمێك که ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای مارکسیسته‌کان.
تاقیکردنه‌وه‌ی تێڕوانینی مارکسیستی بۆ پێداویستبوونی ده‌وڵه‌ت و ئابووری به‌رنامه‌ڕێژیکراو له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌وه له وڵات و کاتی جیاواز و له‌سه‌رده‌ستی پارتی مارکسیستی بۆچوون جیاواز و سه‌رده‌م جیاواز، وه‌ك بینیمان به گه‌وره‌ترین شکست و لێدان له بزاڤی سۆشیالیستی شکایه‌وه و ئه‌و شکسته‌ی که له‌سه‌ر ده‌ستی مارکسیسته‌کان (بۆلشه‌ڤیکه‌کان) به‌سه‌ر بزاڤی ئازادیخوازی و سۆشیالیستی و دادپه‌وه‌روه‌ری خوازانه‌دا سه‌پا، به هه‌موو توانای چینهداراکان و له‌سه‌راپای مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا نه‌یان توانیوه وه‌ها پاشه‌کشه‌ی پێ بکه‌ن! ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که شکستی بزاڤه‌که ده‌روونی بوو نه‌ك ده‌ره‌کی. چونکه شکستی بزاڤه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی دوژمنه‌کانیان لایه‌نگرانی تووشی نائومێدی و چۆکدادان ناکات. بۆلشه‌ڤیزم وه‌ك ئایدیۆلۆژیای ورده‌بۆرژوازی ده‌سه‌ڵاتخوازی پشتبه‌ستوو به ئابوری ناوهندبهرنامهڕێژ وه‌ك ڕێگه‌یه‌کی کورت بۆ به‌رامبه‌رکێی ئابوری ناوهندبهرنامهڕێژی نه‌کراو و گه‌شه‌ی ئابوری ناسیونالیستی خۆتهسهل (خودکفا)، به‌ناوی سۆشیالیزم و به‌رژه‌وه‌ندی پرۆلیتاریاوه ئه‌و گورزه‌ی که قه‌د سه‌روه‌ری چینه مشه‌خۆره‌کان نه‌یتوانی بوو لێی بدات، ئه‌م له‌ناوه‌ڕا تێسراوهند و کۆمه‌ڵگه‌ی تووشی شۆك و سڵکردنه‌وه کرد. ئه‌زموونکردنی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی له به‌رگی تێڕوانینی سۆشیالیستیدا، له خودی خۆیدا تێك شکا نه‌ك به هێرش و په‌لامار. هه‌روه‌ها هاوکات تێكشکانی له‌سه‌رده‌ستی باڵه‌که‌ی تری سه‌رمایه‌داریدا نه‌بوو وه‌ك پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کرێت، به‌ڵکو له بۆگه‌نکردنی خۆیدا بوو. ئه‌وه سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی، واته ده‌وڵه‌تیکردنی که‌رته‌کانی به‌هه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری بوو، ئه‌وه تێزه‌کانی ده‌وڵه‌تیکردنی سۆشیالیزم بوو تێکشکان، نه‌ك خودی سۆشیالیزم. ئه‌وه ڕه‌وتی دیکتاتۆری پارت بوو، که تێکشکا، ئه‌وه بۆلشه‌ڤیزم بوو، که ئیمپراتۆرییه کرمۆڵهکهی له شه‌وڕۆژێکدا لێك هه‌ڵوه‌شایه‌وه، نه‌ك ئامانج و خه‌ونی هه‌زاران ساڵه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد، یه‌کسان و دادپه‌روه‌ر.
به‌ڵام ئه‌زموونه سۆشیالیستییه‌کانی وه‌ك کۆمونه‌ی پاریس له‌سه‌رده‌ستی له‌شکری بۆرژواکان، ئۆکتۆبه‌ری ڕوسیه له‌سه‌رده‌ستی بۆلشه‌ڤیکه‌کان له 1918دا، هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی ئۆکرانیا له‌سه‌ر ده‌ستی له‌شکری سووری بۆڵشه‌ڤیکه‌کان له 1921دا، سۆڤیه‌ته‌کانی کڕۆنستات و مانگرتنه کارگه‌رییه‌کانی پیترۆگراد له‌سه‌ر ده‌ستی له‌شکری سووری بۆلشه‌ڤیکه‌کان له 1921دا، هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی ئه‌سپانیا له شه‌ڕی ناوخۆی 1936-1939دا له‌سه‌ر ده‌ستی فاسیشتهکان و بۆلشه‌ڤیکه‌کان تێکشکێنران و وه‌ك خاڵی دره‌وشاوه له خه‌باتی پڕۆلیتاریادا بۆ سۆشیالیزم هه‌رده‌م سه‌رچاوه‌ی وره‌به‌خشین و ئه‌زموون لێوه وه‌رگرتنن، به‌ڵام ده‌سه‌لاتی بۆلشه‌ڤیکه‌کان به سیخوڕی (چێکا) و کوشتارگه‌کانی (له‌شکری سوور) و هاوپه‌یمانی و ڕێکه‌وتنه‌کانیان له‌گه‌ڵ بۆرژوا‌کانی (نه‌مسا و ئا‌ڵمانیا)، ئه‌وه‌ی که بۆرژواکانیان له هێرشه‌کانیاندا بۆ سه‌ر بزاڤی سۆشیالیستی پێیان ئه‌نجام نه‌درا، ئه‌مان له حه‌فتا ساڵدا به فره‌ترین ڕه‌هه‌ند و گوژمترین گورز ڕه‌گی شکستیان له بیرکرندهوهی تاکی چه‌وساوه‌دا ڕواند و ئه‌وڕۆکه‌ش لاوازی کاردانه‌وه و به‌رهه‌ڵستی به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی سه‌رمایه بۆ سه‌ر دوا ده‌ستکه‌وتمان، به‌رهه‌می ئه‌و شکشتهیه که بۆلشه‌ڤیکه‌کان به‌سه‌ر بزاڤهکهیاندا هێنا. ئه‌وه‌ی مارکسیسته‌کان له پاش تێکشکانی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ره‌وه له 1918دا ناوی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستییان لێنا و سۆشیالیزمیان له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی یا ده‌خاله‌تی ده‌وڵه‌ت له بازاردا یه‌کسان کرد، سه‌رچاوه‌ی پاگه‌نده و هه‌وڵه‌کانی وۆڵ ستریته بۆ شێواندنی ناوهڕۆك و ئامانجه سۆشیالیستییه‌کان و په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه به‌ناوچه‌وانی بۆڵشهڤیزمهوه، که بێجگه له مه‌رگ هیچ ڕوودا و قه‌یرانێکی سه‌رمایه‌داری ناتوانێت بیسڕێته‌وه.
ئه‌مه‌ی که ده‌وڵه‌ت به‌شێك له پشکی بانکه‌کان به سه‌پۆرتی 700 ملیارد دۆلاری ده‌کڕێته‌وه و پێچه‌وانه‌ی پاگه‌نده‌کانی بازار ئازاد به‌ناچاری ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت له بازاردا ده‌رده‌که‌وێت، هیچ کات به‌ڵگه‌ی ڕه‌وایه‌تی به سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تیکردنی که‌رته‌کان نابه‌خشێت و هیچکات ده‌وڵه‌تیکردنی که‌رته‌کان به‌ناوی میللیکردنهوه وه‌ك ئه‌وه‌ی لێنینیسته‌کان پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، ناکه‌نه سۆشیالیزم و له سۆشیالیزم نزیکمان ناخه‌نه‌وه. به‌ڵکو ته‌نیا ڕۆڵی هه‌نگاوێك بۆ دواوه و چه‌ند هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌به‌خشێت. ئه‌مه‌ش جێگه‌ی دڵخۆشی هه‌ڵسوڕاوان و لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و یه‌کسان و دادپه‌روه‌ر (سۆشیالیستی) نییه. پیاههڵدانهوهی مارکس له کلیسا و ناوه‌نده‌کانی ژورناڵی بۆرژوازیدا جێگه‌ی دڵخۆشی نییه، به‌ڵکو ده‌بێت سه‌رنج بدرێته‌وه و له هۆکاره‌کانی تێبگه‌ین، ئه‌و پرسیاره ئاراسته‌ی خۆمان بکه‌ین: ئایا تێروانینی مارکس وێناکهر و هانده‌ر بوو بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سۆشیالیستی یا پینه‌که‌ری که‌موکورتییه‌کانی بازاری سه‌رمایه و چاره‌سه‌ری قهیرانهکانییهتی؟
ئه‌وانه‌ی که دڵیان به گه‌ڕانه‌وه‌ی ههنگاوێکی نیئۆلیبراڵیزم بۆ ده‌خاله‌تی ده‌وڵه‌ت له بازاردا زۆر خۆشه، ده‌بوو به چڕنووك و دندان ڕه‌وتی ڕوخانی ده‌وڵه‌ته‌کانی چاوشیسکۆ و میلۆسۆڤیچ و سه‌دام حسێن و هیتر… بگێڕنه دواوه. چونکه له هیچ سه‌رده‌مێکی مێژوویدا هێنده‌ی ئه‌و هه‌وڵانه ده‌خاله‌تی ده‌وڵه‌ت نه‌گه‌یشتووه‌ته لووتکه. شتێك که ده‌بێت له شه‌ڕی بازار ئازاد و بازاری داخراودا لێمان نه‌گۆڕێت، ئه‌وه‌یه که هێرشی نیئۆلیبراڵه‌کان بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه، له‌به‌ر ده‌خاڵه‌تی ده‌وڵه‌ت له بازاردا نه‌بوو، به‌ڵکو له‌به‌ر پابه‌ندبوونی ده‌وڵه‌ته‌کان بوو به ئابوری خۆتهسهل، که بواری په‌لهاویشتنی بازاری ئازادی به‌رته‌سك ده‌کرده‌وه. ئه‌گه‌ر پێمان وابێت که ده‌وڵه‌ته‌کانی نیۆلیبراڵ ده‌خاڵه‌ت له ئابوری‌دا ناکه‌ن، ئه‌وا ده‌که‌وینه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی مێژووییه‌وه. چونکه ئه‌وه بوونی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته له بازاردا که ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریکی و هاوپه‌یمانه‌کانی بۆ له‌شکرکێشی بۆ سه‌ر یوگوسلاڤیا و ئه‌فگانستان و عیراق هانده‌دات! ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له هیچ سه‌ده‌مێکدا بێدهخاڵهت نه‌بوون. له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا ده‌سه‌لاته‌کان چ ئاڵاهه‌ڵگری سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بووبن یا سه‌رمایه‌داری ئازاد، هه‌رکات که چه‌وساوان بۆ پچراندنی تیکهنانێکی زیاتر بزووابن، ئه‌وا هاتوونه‌ته ده‌ست و ڕۆڵی ڕاسته‌قینه و شاراوه‌ی خۆیان گێڕاوه. ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریکی که تا ئه‌ورۆکه‌ش سه‌رله‌شکری سه‌رمایه‌ی جیهانییه، له‌پاش تیكشکانی بلۆکی ڕوسی، ده‌خاله‌تی تا ئاستی قه‌ده‌خه‌کردنی پێچاوپێچی یاسایی یه‌کێتییه کارگه‌رییه‌کان له ئه‌مه‌ریکا و بێچانسکردنی بێکارانی ڕێکخراو له یه‌کێتییه‌کان له به‌ده‌ستهێنانی کارێكدا، درێژبووه‌وه. هه‌رکات کارگه‌ران بیر له خۆپیشاندان و مانگرتن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کارگه و کارخانه‌کان له‌بری موچه نه‌دراوه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وا ده‌وڵه‌ت به‌وپه‌ڕی هێز و توانا شاراوه‌کانییه‌وه دێته مه‌یدان و ئه‌گه‌ر نه‌توانێت پاشه‌کشه به هه‌وڵه‌کان بکات و ناچار بێت، ئه‌وا کۆشتارگهکهی یه‌کی ئایاری 1886ی شیگاکۆ به سهرهلهقێی پارلهمانتاریستهکانییهوه دووباره ده‌کاته‌وه.
بۆیه دڵخۆشبوون به گه‌ڕانه‌وه‌ی ههنگاوێکی بازار ئازاد بۆ دواوه و ده‌وڵه‌تیکردنی به‌شیكی پشکی بانکه‌کان، هه‌م تێنه‌گه‌یشتنه له ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت، هه‌م تێنه‌گه‌یشتنه له سۆشیالیزم و هه‌م هانابردنه بۆ پوشی ده‌م سه‌ره‌مه‌رگ. ئه‌مه‌ش کاتێك ڕووده‌دات، که سۆشیالیزه‌کردنی که‌رته‌کانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاریمان لێ ببێته ده‌وڵه‌تیکردن و خودی سۆشیالیزمان لێ ببێته ڕێڕه‌و (مه‌زهه‌ب)ی فڵانه بیریار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆشیالیستیمان لێ ببێته دیکتاتۆریه‌تی فلانه پارت و وه‌ك ئایدیالیسته‌کان هانا بۆ هه‌ر پوشێك به‌رین که پێمان وابێت له سه‌ره‌مه‌رگ ڕزگارمان ده‌کات!
ئه‌م ڕۆژانه مارکسیسته‌کان به فرهکڕیاری په‌رتووکه‌کانی مارکس له ئاڵمان و ناوهێنانهوهی کارڵ مارکس له ژورناڵدا به به‌ڵگه‌ی دروستبوونی تێڕوانینه‌کانی کارڵ مارکس و په‌یڕه‌وانی ده‌زانن، هه‌روه‌ك چۆن ئیسلامه‌کان پاگه‌نده‌ی موسوڵمانبوونی مایکڵ جا‌کسۆن و فڵانه زانا و ئه‌کته‌ر و … به به‌ڵگه‌ی دروستی ئایینه‌که‌یان ده‌زانن! ئایا ئه‌مه ڕێکه‌وته یا به‌رهه‌می ڕه‌وتێکه که ده‌یه‌وێت خه‌ونی کۆنی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و یه‌کسان و دادپه‌روه‌ر به داهێنانی کارڵ مارکس و فریدریك ئه‌نجلس و مارکس بکاته پێخه‌مبه‌ری هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه و سۆشیالیزمیش بکاته دۆگمایه‌ك، که سه‌ره‌نجامه‌که‌ی هه‌ره‌سی پاش حه‌فتا ساڵ ئیمپراتۆری بۆلشه‌ڤیکه‌کان بوو!
به بروای من ئه‌گه‌ر مارکسیسته‌کان ماتریالیست بوونایه، ئه‌وا یه‌که‌مین که‌سانێك ده‌بوون، که دژی ئه‌و هه‌وڵه ئایدیالیستیانه ده‌وه‌ستانه‌وه و رازی نه‌ده‌بوون که مارکس بکرێته پێخه‌مبه‌ر و تێروانینه‌کانی به ڕێڕه‌و (مه‌زهه‌ب – ئایدیۆلۆژیا). ئه‌گه‌ر مارکسیسته‌کان به‌راستی مرۆڤی ئازادئه‌ندێش بوونایه، هه‌رگیز ئاماده نه‌بوون به گه‌رانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ په‌رتووکه‌کانی مارکس به‌هۆی ده‌وڵه‌تیکردنی بانکه‌کانه‌وه هه‌ژماریان هه‌ڵکشا دڵخۆش بن. چونکه ئه‌وه‌ی که به‌وه رازی بن کارڵ مارکس فریادڕه‌سی وۆڵ ستریت و ده‌وڵه‌تیکردنی بازار بێت، بۆ خۆی مه‌رگی کارڵ مارکس ده‌گه‌یێنێت. به ڕای من ئه‌مه هه‌ناسه بهبهرداهاتنهوهی لایه‌نگرانی دیکتاتۆریه‌تی پارت و ده‌وڵه‌تیکردنی که‌رته‌کانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزارییه، ئه‌مه مۆردانه له نامۆییبوونی تێڕوانینه رامیارییه‌کانی کارڵ مارکس به خه‌ونی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆشیالیستی و نزیکایه‌تی وی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و فریادڕه‌سی بۆیان.
کارل مارکس باس له قه‌یرانه کۆتایی نه‌هاتووه ناو به‌ناوه‌کانی سه‌رماداری ده‌کات و ئه‌مه‌ش به‌ڵگه نه‌ویسته و ته‌نانه‌ت ئیدئۆلۆگه‌کانی سه‌رمایه‌داریش دان به‌و راستییه‌دا ده‌نێن. ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌ڵایه ناخوازێت که ئایدیالیسته پاشڕه‌وه‌کانی مارکس سه‌ری ده‌ده‌ن. به‌بڕوای من ده‌بوو هه‌ڵای وۆڵ ستریت بۆ گه‌رانه‌وه بۆ مارکس جێگه سه‌رنجی لایه‌نگارنی کارڵ مارکس بووایه، چونکه پیاهه‌ڵدانی سه‌رمایه‌داران به دوژمنهکهیاندا ده‌بێت دامانچڵهکێنێت و رامانکێشێته تێڕامانه‌وه نه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌ك ئایدیالیستیك له سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌ست به‌و پووشانهوه بگرین – لێره‌دا مه‌به‌ستم مه‌رگی تێڕوانینه‌کانی کارڵ مارکس نییه، به‌ڵکو مه‌رگ و دۆشدامانی پاشڕه‌وانی کارل «مارکس»ه-.
دواجار وه‌ك ئه‌گه‌ر قه‌یرانی وه‌رشکسته‌بوونی بانکه‌کان، ئیمپراتۆری بۆلشه‌ڤیکه‌کان بکێشێته‌وه ته‌ختی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا بێجگه له ڕیشهداربوونهوهی شیرپهنجهیهك که به مه‌رگێکی شینه‌یی حه‌فتاساڵی بزاڤی سۆشیالستی کێشایه ده‌می گۆڕ، هیچی دیکه‌مان ده‌ستکه‌وت نابێت. گه‌رانه‌وه بۆ مارکس و تێڕوانینه‌کانی، به سه‌رله‌ونوێ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی تێڕوانینه ڕامیارییه‌کانی ئه‌و بۆ سۆشیالیزم و وه‌لانانی دۆگم و وه‌ره‌مه‌کانی وه‌ك؛ پارتی پێشڕه‌و و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا و ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستی و قۆناخبه‌ندی سۆشیالیزم و توانه‌وه‌ی به‌فری بههارئاسای ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆره‌که‌ی پارتی پێشڕه‌و مه‌یسه‌ر ده‌بێت. به‌ڕای من کارڵ مارکس به ده‌رهێنانه‌وه‌ی له‌ژێر داروپردووی گۆڕی ئیمپراتۆری بۆلشهڤیکیدا زیندوو ده‌بێته‌وه نه‌ك به دانپێدانانی قه‌شه‌کان و پاگه‌نده‌ی وۆڵ ستریت ژورناڵ!