Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
زەردەخەنەى كۆڵانێكى سپى …..  مەحمود نەجمەدین

زەردەخەنەى كۆڵانێكى سپى ….. مەحمود نەجمەدین

Closed
by December 4, 2008 ئەدەب

   زەردەخەنەى كۆڵانێكى سپى
 
      ئاه لەو زەمەنە
 تۆم تیا نیگاركرد
  سەماى مەملەكەتى ئەوزەمەنەى
 كەچەندزووتێپەڕى
 وێنەكێشێكى چەند ئاسوودەبووم
 هێشتا ئاشنا نەبووم بەكۆڵانەكانى مردن
 جگەلەمەملەكەتى تۆ
  ئۆقیانووسەكان،
  كیشوەرەكان..
  غوربەت بوو !
 چەند زووتێپەڕى
 كازیوەى شاگەشكەبوون
 بەزەردەى لێوى گزنگ
 زارێك بووم پڕلەشیعرى شێتخانە
 گریان وپێكەنینم بەبىَ فەلسەفە تێكەڵ دەكرد
 چاوەڕوانى ڕۆژى شەمە بەرۆكى دەگرتم
 شێتانە مشتێكم دەكێشا بە
 قەدى دارهەنجیرەكەدا و
 كەى شەمە دێت ؟
 بەویستى دڵم پێیەكانم
 بەرەو كۆڵانى ڕووتى دەكەوتنە  ڕىَ
  زوو تێپەڕى
 پیاسەى مەغریبانى شینى كاڵ
 زادەى عەشقێكى شێتانەبووم
 كوت كوت لەتەمەنم
 دەڕزىَ
 ناگەڕێتەوە ئەوزەمانە
 كەمكیاژى تاریكیمان دەكرد
 چرایەكمان بەڕووى تاریكیدا دادەگیرساند
 و نیگارى یەكمان دەكرد
 لەنەغمەى گەرووى باڵندەیەك
 سەمفۆنیاى بتهۆڤنمان دەدۆزییەوە
 بەئاوازى گیتارەكەى پاكودى لوسیا
 لەتەمى ئاسمانى گۆرانییەكەدا عەشقمان دەكرد
 چلۆن پیربووم لەچاوەڕوانى گەڕانەوەى
 ئەوڕۆژگارەدا
 زەرد هەڵگەڕاوم و
 لەسەردۆشەكى بیمارستانی شێتایەتیدا
 كەوتووم
 ئیترخەون نابینم
 كازیوەى ساڵى تۆ ناسین ناگەڕێتەوە
 بىَ ئومێدم لەگەڕانەوەى خەوى شەوانم
 لەباوەشى ژنێكى نەخۆشدا
 ئێوارەى لەزەت ،
 سەماى كراسێكى نیلى
 گۆرانییەك لەزارى تۆ
 تێپەڕى و
 من نەمردم تا زەمەنێكى ژەهراوى ئەزموون بكەم
 لەباوەشى تەنیایى یەكدا،
 كاتژمێر دوانزەى نیوەڕۆى ئەو ساڵەى
 كەزستان وهاوین بەیەكەوە هاتن
 نیوەڕۆى موعجیزەبوو
 شەڕى جوانیم لەگەڵ مانگدا دەكرد
 خۆڵم دەكردەچاوى شەیتانەوە
 بەردم ئەگرتە پەنجەرەى ما ڵ
 دارپرتاقاڵەكانم ئەڕنى و
 میوەى كاڵى نەگەییومبەسەرمنداڵانى كۆڵاندا
 دابەش دەكرد
 میزم دەكرد بەدیوارى ماڵى باجى ئەلفەدا و
 قاقا پىَ دەكەنیم !
 چەند زووتێپەڕى
 پیاسەى ژیربەفرى یەكەم ساڵى تۆ ناسین
 هێشتا بڕێك لە ئازیزانم
 مەرگ بەرۆكى نەگرتبوون
 بەبەرزایى گردەكەدا شۆڕدەبوومەوەبۆلات
 ناگەڕێتەوە كازیوەى پڕلەزەردەى تۆ
 ناگەڕێتەوەئێوارانى مەستى بەفرمێسكى
 خەمە چكۆلەكانى هەرزەكارى
 ناگەڕێتەوە چاوشاركێى شەوانى منداڵى
 میحنەتى وەرینى زەمەن ئازارم دەدا
 شوێن قامچییەكانى باوكم هێشتا دیارن
 بەسەرپشتمەوە
 ئێستا باشتر بیرم دىَ
 ساڵى شەڕەبىَ تامەكان چەند گوڵى هەڵوەراند
 كۆڵانى ئێمەلەسەر ڕۆخى قوڕەلێتەیەكى پیس بوو
 كۆڵانى ئێمەپڕبوولەئیمان ونزا
 كۆڵانى ئێمەیەكەم مەنزڵگەى خودابوو،
 خۆشبوو
 ئێستا مەنزڵگەى  غەریبانە
 مات ومەلوول
 ڕۆژى ووشك وبرینگ
 شەوى ترسناك وخەمبار
 من تائەمرم
 بۆڕێگایەك دەگەڕێم
 بمباتەوە بو ئەوڕۆژگارانە
 كە نیگارى عەشقێكى سادەم تیا دروست كرد
 دێوانەبووم لەبیرى تۆدا
 زەمانى بەباچوو
 واى لەو زەمانەى كەپڕبووم لە
 ڕەنگ وبۆنى تۆ
 واى لە دەنگى حەزینت
 چەشنى كەمانەكەى موچتەباى میرزادە
 پڕى كردووم لەحوزن و مەراق
 ئاى لەو زەمانە كە چەند سادەگى
 گازم لە سێوە لاسوورەیەك دەگرت
 شێتانە عاشقى شەقامەكانى شەو بووم
 كوا شەوانى سپى لەباوەشى خەیاڵى تۆ
 كوا پیاسەى زەردەپەڕى كۆڵانى سپى
 كوا ئێوارەى فێنكى ژێر چنارەكان
 كوا ئەو زەمەنەى لە باوەشى ژێكى دڵ نەخۆشدا
 دەخەوتم
 بەباچوو
 بەسەرچوو
 وەرى ، وەرى ، وەرى ڕۆژگارى جوانیم
 جەغار كۆڵانى سادەگیم ئێستا كەلاوەیەكە
 گۆڕستانى هەزاران یادەوەرى ڕەش وسپییە
 كۆڵانێك دیوارەكانى سپى
 كۆڵانێك پرلەزەردەخەنەى كچانى سوڵتان
 كۆڵانێك لەسەرووى بەهەشت
 ئاى لەوزەمەنەى
 تۆم تیاخۆشویست
 ئەوسا تەماتە یەك وەرز دەهاتەبازارەكانەوە
 ئێستا چواروەرزە ،
 هێشتا شەڕەگەورەكان دەستى پێنەكردبوو
 ژیان كووتىَ نان بوو
 دەست هەمووكەس نەدەكەوت
 تێپەڕى و
 هەمووشتێك وەك پەرداغێكى شكا
 ئاه لەو زەمەنە
 كە تۆم تیانیگاركرد
  كە من هەر بەخەیاڵ
 بگەڕێمەوە
 بۆ كۆشى ژنێكى نەخۆش ،
 بۆ لاى چاوى جوانى یار
 دەخودایە كۆتاییم پێبێنە
 بۆ وەك خۆرتا ئەبەدییەت بسوتێم و
 لەناوەوە ڕا تاریكستان بم
 كە نەتوانم گەڵایەكى ئەم پاییزە
  بگێڕمەوە بۆ درەخت
 بابڕزێم ، با بڕزێم 
                                                    پاییزى 2008 
                                                        مەحمود نەجمەدین
 

Previous
Next