ئەوەى ئێمە لەپارلەمانی چاوەڕێ ئەكەین…..محەمەد حسێن
ئەوەى ئێمە لەپارلەمانی چاوەڕێ ئەكەین
ئەوەیش پەرلەمان دەتوانێـت بۆ ئێمەى بكات
محەمەد حسێن
كێ چاوەڕێى پارلەمانی كوردستان ئەكات ؟ كێ دڵی بە ڕۆڵی سانسۆركارى و لێپرسینەوە و بەدواداچونی پارلەمان خۆشە , كێ چاوەڕێی ئەم پارلەمانەیە وەزیرى كارەباو شارەوانیەكان و دارایى و ئاوەدانكردنەوەو كشتوكاڵ و …هتد , بانگكات و لەسەر وێرانیەكانی ئەم وڵاتە لێیان بپرسێـتەوە , لەسەر تاڵانكردنی ئابورى كوردستان و داڕوخانی ژێرخانە كشتوكاڵیە دواكەوتوەكەى , لانى كەم داواى دەست لە كاركێشانەوەی بەڕێوبەرێكی گشتى بكات ؟؟؟. لەبەرچى خەڵكی كودستان هێندە نائومێدن لەپارلەمان ؟ ئایا لەو ڕاستیەوە هاتووە كە ئێمە میللەتێكن هەرگیز پارلەمانێكی چالاكمان لەمێژویى خۆماندا نەبینیوە , یاخود پارلەمان لەیادەورى ئێمە دا تەنها بۆ بڕیارە ناستراتیجی و سادەكان دانراوە ( وەك یاساى قەدەغەكردنی جگەرەكێشان ) , ئەگینا چ مانایەكی هەیە كۆمەڵگاى كوردی لەجەهەنمی ئەو هەمو گرفت و بێ بەشى و نائومێدیەیەدا ئەژى كەچی تائێستا ئەم پارلەمانە مشتومڕێكی توندی نیشان نەداوین لە سەر یەكێك لەگرفتەكانی ئەم وڵاتە , چۆن لەو بێدەنگیەى كۆمەڵگا و پارلەمان تێبگەین لەكاتێكدا سیاسیەكان لە سەر پێكهاتەى نەتەوەیى و جوگرافیاو مێژوی كوردستان سازش ئەكەن .. ئەو كاتەى بەفەرمی نوێنەرایەتیكردنی شەبەكیان لەكورد جیاكردەوە , پێشنیارى بەیەكجارى دابڕینی شارۆچكەكانی بەدرە و جەسان و مەندەلى و ناوچەى قەڵەوزیان كرد , بۆ كەس داواى نەكرد ئەم پارلەمانە لێپێچینەوەیەك لە سیاسیەكان بكات , باشە ئەگەر پارلەمان بێ هەڵوێستە بەرامبەر سازشى سیاسیەكان لەسەر ئەو پرسانەى ڕاستەوخۆ ئاسایشى نەتەوەیى كوردستان ئەخاتەوە ژێر پێلەقەى حەلیفەكانی بغدادیان , ئیتر كارى چیە ؟ بۆ لەهەرێمی كوردستاندا شتێك هەیە بۆ كورد ناوی ئاسایشى نەتەوەیى بێت لەدەرەوەى پاراستنی خاك و جوگرافیا و پێكهاتە نەتەوەییەكەى , لەدەرەوەى كەرامەت و ئاسایشى ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان ؟ . باشە باواز لەپارلەمان بهێنین , ئایا ئەم بێ ئاگایى و بێ باكیەى ئێمە لەئاستی نەبونی پارلەمانێكی چالاك و ( بەرپرس ) بەرامبەرتەواوی كێشە گەورە و بچوكەكانی وڵاتەكە , دەلیلى ئفلیجی و بێفەڕی ژیانی سیاسی هەرێمی كوردستان نیە , ئەشێت خەڵكی كوردستان هەتا كەى قبوڵیان بیـَت ئەم پەرلەمانە هەروا پەرلەمانی بڕیارە بچوك و لاوەكیەكان بێـت , ئەو بڕیار و هەڵوێستانەى خەسارى بۆ پەزەكان نیە .
باشترین مەحەك بۆئەوەى ئەم پارلەمانەو پەرلەمانتارانیشی پێ هەڵسەنگێنین بڕیار و هەڵوێستەكانی ئەم دەزگایە بەرامبەرئەو كێشە جۆربەجۆرانەى تا ئێستا ئەوان كاریان لەسەر كردووە , یان ئەو گرفت و كێشانەى كەپێویست بوو كارى لەسەر بكەن وتا ئێستا نەیان كردووە , ئەو دۆزە هەستیارانەى ئەبوایە بیان وروژاندایە و كەچى تا ئێستایش هەر لێى بێدەنگن . ئەگەر ئەم پرسیارانە ڕاستەوخۆ بكریـَتە بابەتی گفتوگۆ و دبەیتی میدیا و ڕۆشنبیرى كوردى ئۆتۆماتیكی ئەو پرسیارەیش ئەكەوێتـە ڕو كە دەڵێت , پەرلەمانی كوردستان چ وێناكردنێكی هەیە بۆ دەسەڵات و گرفتەكانی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستاندا , ئاخۆ وێنەى دەسەڵاتێكی دیموكراسی كراوەى شەفافی هاوچەرخیان لەخەیاڵدایە , یاخود هەر وا پاسیڤانە شوێن ڕچەى ئەودەسڵاتە حیزبۆكراتیە كەوتون كەهەمیشە لەچوارچێوەى ئیعاز و چاوسوركردنەوەكانی خۆیدا پارلەمان هەڵئەسوڕێنێت .
بۆ ئەوەى توشى هەڵەبینی نەبین لەسەرەتاوە پێویستە ئەو جیاوازیانە ڕەچاو كەین كەلەنێوان ئەندام پەرلەمانە چالاكەكان و ( بێدەنگ ) ەكاندا هەیە , هەروەها ئەو جیاوازیانەیش بیروڕا و دیدە ئایدۆلۆجی و حیزبیەكانی ئەندامان لەیەكتر جیائەكاتەوە , بەڵام سەرەڕاى هەموو ئەم ڕاستیانە بڕیار و هەڵوێستەكانی پێشترى پەرلەمانی كوردستان ئەوەمان پێ ئەڵێت كە ئەم پارلەمانە ئەوەندەى كەناڵى ڕەنگدانەوەى خواست و بەرژەوەندی حیزبە دەسڵاتدارەكانی كوردستان بووە بەرامبەر خەڵك , نوێنەرى خواست و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نیە بەرامبەر ئەم حیزبانە , كە دیارە ئەمەیش پارادۆكسێكە تەنها لەسیاقی سیستەمە سیاسیە سەركوتكارەكانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئەشێـت لێى تێبگەین ,چونكە لەهەموو دنیادا پەرلەمان كەناڵى نواندنی هەڵوێست و بەرژەوەندیەكانی چین و توێژە جیاوازەكانی هاوڵاتیانە بەرامبەر دەسەڵاتى بەڕێوەبردنی وڵاتەكە , كەچى لەم نمونە شێواو و سەقەتەدا 100%ئەم ڕۆڵ و ئەركەى پەرلەمان پێچەوانە بۆتەوە , هەر ئەم ناكۆكیە گەوهەریەشە واى كردووە كۆى هەڵوێست وخەم و نیگەرانی ئەندامە چالاكەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان وەك نەغمەو ئاوازی نەشازو نامۆ ببیسرێت , یان لە ئەنجامدا هەڵوێستی بێ پشتیوان و هەتیو دەبێت .
بۆ باشتر ناسینی جەدواى ئەم پارلەمانە و ئەندامە بەڕێزەكانی , دوو ساتەوەختی زۆر گرنگ و هەستیارمان لەڕابردودا هەیە : – یەكەمیان : پرۆژە یاساى ڕێكخستنی ژیانی ڕۆژنامەگەرى كوردی بو , ئەوەى خۆشبەختانە سەرۆكی هەرێم قبوڵی نەكرد و ناردیەوە بۆئەوەى گۆڕانكارى و چاكسازی زیاترى تیا بكرێت , لەهەر شوێنێكی ئەم دنیا كە پارلەمان پرۆژەبڕیارێك ئەخاتە گفتوگۆوە هەمیشە چاوی لەوەیە یاساكە لەخزمەتی ئەو چین و توێژانەدا بێت كە ڕێكخستنی ژیانیانی كردۆتەمەبەست , یان چەند پێى دەكرێـت دەست و پێى دسەڵاتداران كورتبكاتەوە لەپێشێل كردنی ماف و ئازادیەكانیان , بەڵام ئەوەى پارلەمانى كوردستان كردی تەواو پێچەوانەى ئەم ڕێسا و لۆجیكە بوو , ئەمان هاتن دەستى دەسەڵاتدارانیان كراوەكرد بۆزیندانی كردن و سزادانێكى قورسى ئابورى و داخستنی كەناڵە میدیاییەكە و … هتد , هەر كەسێك پرۆژەكەى بدیایە بەدڵنیاییەوە باوەڕى بەوە ئەكرد تەنها تیرۆركردنی ئەوپەراوێزە ئازادیەى مەبەسەتە كە جورئەت و بوێرى میدیا كارەكان خۆیان دروستی كردووە , بەلام خۆ شبەختانە سەرۆكی هەرێم باشتر ودروست تر قەلەق و نیگەرانی ڕۆژنامەنوسان تێگەیشت و نەیهێشت ئەم یاسا ترسناكە تێپەڕێنرێت .
دووەم حاڵەتیش , تێپەڕاندنی یاساى بارى كەسێتی بوو , گفتوگۆكانی ناو پەرلەمان ئەوەى نیشان داین , كەتائێستایش ویژدانی بەشى زۆرى پەرلەمانتاران بەرامبەر فاشیەتی پیاوسالارى نەجوڵاوە , لەگەڵ ڕێزی زۆرما بۆهەڵوێستە جدی و مرۆییەكانی هەندێكیان دەركەوت هێشتا زۆریان وەك ئامێری تێركردنی ئارەزوە سێكسیەكانیان تەماشاى مرۆڤی مێینە ئەكەن , نوێنەرانی حیزبە بەناو ( سكۆلاریست ) و ( مۆدێرن ) ەكانمان بینی هەر بەمێنتاڵیتی خێڵەوە لەكێشەى ڕەواى ژنانیان ئەڕوانى , نوێنەرى حیزبە ئیسلامیەكانیش ئەوەندەى هاوشێوەى مەلا عومەرى تالیبان و عومەرحەسەن بەشیربون , نموزەجی حەسەن تورابی و راشدالغنوشی نین . دیدی سیاسی ئەم بەڕێزانە ئێستایش هەر وا لەزیندانى فقهی سەدە ناوەندیەكاندایە , بێ ئاگان لەو هەموو تەئویل و تەفسیر و ئیجتیهادە تازانەى لە قاسم ئەمین و جەمالەدین ئەفغانیەوە دەستى پێكردووە تائەگاتە خەڵكانی وەكو جەمال بەنا و محمد ئارگۆن و عبدالكریم سروش ..
كێشەى ئێمە ئەوەیە هێشتا پەرلەمانتارەكانمان ڕانەهاتون لەسەر محاسەبەكردنی دەسڵاتى جێبەجێكردن , فێر نەبوون كێشەو گرفتەكانی خەڵك بوەنە ناوهۆڵى دانیشتنەكانیانەوە , بەراورد بە پەرلەمانی عێراق كە زۆر لەئێمە كەمتر باسی دیموكراسیەت وئازادی سیاسی و دروشمە ڕەنگاوڕەنگەكان ئەكەن , پەرلەمانی كوردستان لەپەرلەمانێكی مۆمیاكراو ئەچێت , لەپەرلەمانی میللەتێك ئەچێـت هەرگیز كێشەى بێ كارەبایى , بێ ئاوی , هەژارى , بێكارى , چەوساندنەوەى سیاسی , تەزكیەى حیزبی , گەندەڵى , تاكڕەوی سیاسی تیا نەبێت , باشە ئایا بەڕاستی هەرێمی كوردستان هەموو ئەم كیشانەى تیا نیە ؟
muhemedhusen@yahoo.com