
بۆنی نه‌وت…بەشی دووەم…..زاهیر باهیر
بۆنی نه‌وت
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
بەشی دووەم
خوێن و نه‌وت (Blood and Oil)
نووسینی: مایکڵ کله‌یر Michael Klare
له بڵاوه‌کراوه‌کانی : Penguin Group
چاپی یه‌که‌م، ئه‌مریکا، 2004
له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م هه‌ردوو سه‌رۆکه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا، هه‌ری تروومان(Harry Truman) و ئایزنهاوه‌ر(Eisenhower) گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی، که ده‌بێت زۆر به جیددی بیر له نه‌وت و دابینکردنی نه‌وت بکه‌نه‌وه، ئه‌ویش له که‌نداوی عه‌ره‌بی/ فارسی‌دا بۆیه هه‌ردووکیان سه‌باره‌ت به نه‌وت سیاسه‌تیان خۆیان داڕشت.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م سیاسه‌ته له سه‌ره‌تادا جێگه‌ی سه‌رسووڕمان بوو، به‌ڵام له ساڵانی دواییدا ئه‌و گومانه نه‌ما، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی"به‌شداریکردنی هێنانی نه‌وت له ده‌ره‌وه له سه‌رجه‌می نه‌وتی سه‌رفکراوی ئه‌مه‌ریکا له سالی 1973 دا چووه سه‌رووی 30% و له ساڵی 1976 ئه‌م ڕێژه‌یه گه‌یشته 40% و دواتریش له ساڵی 1977 دا به‌رز بووه‌وه بۆ ڕێژه‌ی 45%. سه‌رئه‌نجام له ساڵی 1990دا به‌رز بووه‌وه بۆ 49% ". ل13
پرسی پاشکۆیی ئه‌مه‌ریکا له ڕووی نه‌وته‌وه به ده‌ره‌وه، یا به وشه‌یه‌کی تر بڕواهینان به هێنانی نه‌وت له ده‌ره‌وه له لایه‌نی "جۆرج بووش"ی کوڕیشه‌وه وه‌ک باوک هه‌ستی پێ کراوه و زانیویه‌تی که ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له سه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکارییه‌وه وتی؛"ئه‌م کارگێڕییه زۆر گرنگی به وزه و قه‌یرانی وزه ده‌دات"، به‌ڵێنیشی دا، که کاری بۆ بکات. له مانگی ئایاری 2001 دا وتی:"ئه‌گه‌ر کاری بۆ نه‌که‌ین و ڕێگه بده‌ین وڵاته‌که‌مان پشتبه‌ستوو بێت به هێنانی نه‌وت له ده‌ره‌وه، ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییمان له ڕووی وزه‌وه ده‌خاته ده‌ستی نه‌ته‌وه بیانییه‌کانه‌وه، که هه‌ندێکیشیان دڵیان به به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئێمه ناسووتێ". زه‌نگی مه‌ترسی قسه‌که‌ی بووش له ساڵی 2004 دا لێیدا. له راپۆرتی ساڵانه‌ی وزه، که له کارگێڕی وزه‌وه ده‌رچوو هاتبوو :"له ئه‌مه‌ریکادا به‌کاربردنی نه‌وت له ڕۆژێکدا له 19.7 میلیۆن به‌رمیله‌وه له ساڵی 2001 دا، ده‌گاته 28.03 میلیۆن به‌رمیل له ساڵی 2025، که ئه‌م زیادبوونه‌یش به ڕێژه‌ی 44% ده‌کات. ئه‌مه له کاتێکدا ده‌رهێنانی نه‌وتی خاو خۆی چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له 5.7 میلیۆن به‌رمیله‌وه ڕۆژانه دابه‌زێت بۆ 4.6 میلیۆن به‌رمیل، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دابه‌زینه ده‌توانرێت به ڕاده‌یه‌کی که‌م به به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی شل له گازی سروشتی پڕبکرێته‌وه، به‌ڵام که‌لێنی نێوان به‌کاربردنی نه‌وت، ئه‌و که‌لێنه‌ی که ته‌نیا به هێنانی نه‌وت پڕ ده‌کرێته‌وه، به‌رده‌وام ده‌بێت و فراوانتر ده‌بێت به درێژایی ئه‌م ماوه‌یه" ل16، بۆ زانیاری زیاتر له‌م باره‌یه‌وه ته‌ماشای ئه‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه بکه:
خشتەکی ژمارە 2 ل17
نەوتی خۆماڵی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەکاربراو و هاوردەی نەوت لەنێوانی2001- 2025 (بە ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا)
بەروار خەمڵاندن
پۆل 2001 2005 2010 2015 2020 2025
دەرهێنانی نەوتی خام لە U.S
5.74
5.58
5.93
5.53
4.95
4.61
بەشداری بە نەوتی تری ناوخۆیی
3.12
3.40
3.59
3.72
3.94
3.99
سەرجەمی نەوتی ئامادەکراوی ناوخۆیی US
8.86
8.98
9.52
9.25
8.89
8.60
سەرجەمی نەوتی بەکارهێنراوی
19.71
20.48
22.71
24.80
26.41
28.30
خەمڵێنراوی نەوتی هاوردە 10.85 11.50 13.19 15.55 17.52 19.70
ڕێژەی هاوردە بەپێی سەرجەمی بەکارهێنانی
55.0
56.2
58.1
62.7
66.3
69.6
ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له به‌کاربردنی نه‌وتدا به‌شی گه‌وره‌ی نه‌وتیان بۆ ئامرازه‌کانی گواستنه‌وه ده‌ڕوات، که ئۆتۆمبیلی گه‌وره به‌کار ده‌هێنن و ڕێگه‌ی دوورودرێژیش ده‌بڕن. به پێی ئاماری فه‌رمی له ساڵی 2001 دا ڕۆژانه 13.5 میلیۆن به‌رمیل نه‌وت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌کار هێنراوه. به‌م پێیه‌ش له ساڵی 2025دا، ئه‌مه به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ 20.7 میلیۆن به‌رمیل. وه‌ک له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌یبینی وڵاتانی که‌نداو: سعوودییه، عیراق، میرنشینه یه‌کگرتووه‌کان، کووه‌یت، ئێران و قه‌ته‌ر به هه‌موویان 674 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌کیان هه‌یه، که ئه‌مه‌ش به ڕێژه‌ی 64% یه‌ده‌کی نه‌وتی هه‌موو جیهانه، له کاتێکدا به کۆی ڤه‌نزوێلا، نایجیریا و مه‌کسیکۆ 114 ملیار به‌رمیلیان هه‌یه، که ئه‌مه‌ش 11% یه‌ده‌کی نه‌وتی جیهانییه. ڕووسیا و وڵاتانی سه‌ر زه‌ریای قه‌زوین 77 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌کیان هه‌یه، که 7% ی یه‌ده‌کی نه‌وتی جیهانییه. به‌م پێیه‌ش ته‌نیا 18% یه‌ده‌کی نه‌وتی بۆ وڵاتانی دیکه‌ی جیهان بهجێدهمێنیت، که له ناو ئه‌وانه‌دا ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه ئهوروپاییهکانیهتی. ل18 و 20 ، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه ئه‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه:
خشته‌ی ژماره 3 ل 19
نەوتی یەدەکی وڵاتانی سەرەکی بەرهەمهێنەری نەوت لە کۆتایی ساڵی 2002 دا
ولاتانی سه‌راکی به‌رهه‌مهێن نەوتی سه‌لمێنراوی یه‌ده‌ک به ملیار به‌رمیل ڕێژەی سەدی له به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌می نه‌وتی جیهان
سعودیه 26.18 25.0
عیراق 112.5 10.7
میرننشینه یەکگرتووەکانی ئیمارات
97.8
9.3
کوێت 96.5 9.2
ئێران 89.7 8.6
ڤه‌نزوێلا 77.8 7.4
ڕوسیا و ولاتانی سه‌ر دەریای قه‌زوین 77.1 7.4
ئه‌مه‌ریکا 30.4 2.9
لیبیا 29.5 2.8
نایچیریا 24.0 2.3
چین 18.3 1.7
ده‌ریای سه‌روو: به‌ریتانیا ، نه‌رویج ، دانیمارك
16.3
1.6
قه‌ته‌ر 15.2 1.5
مه‌کسیکۆ 12.6 1.2
ئەوانی تر 90.2 8.6
سه‌رجه‌می جیهانی 1047.7 100.0
کله‌یر کۆتایی به به‌شێکی کتێبه‌که‌ی به‌وه ده‌هێنێت و ده‌ڵێ:" سه‌رفکردنی نه‌وت له لایه‌ن نه‌ته‌وه گه‌شه‌سه‌ندووه‌کانی ئاسیاوه به پێی کارگێڕی وزه له 25 ساڵی داهاتوودا دووئه‌وه‌نده ده‌بێته‌وه، که له 15 میلیۆ ن به‌رمیله‌وه باز ده‌دات بۆ 32 میلیۆن له ڕۆژێکدا. هه‌ر چین به ته‌نیا له 5.0 میلیۆن به‌رمیله‌وه ده‌چێته 12.8 میلیۆن به‌رمیل، له کاتێکدا هیند له 2.1 میلیۆن به‌رمیله‌وه باز ده‌دات بۆ 5.3 میلیۆن" ل23. هه‌ر له‌و لاپه‌ڕه‌یه‌دا کله‌یر ده‌ڵێ:"به کورتی چوار خاڵی بایه‌خدار له چاره‌نووسی هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌مه‌ریکادا سه‌باره‌ت به وزه ده‌ور ده‌بینن: زیادبوونی پیداویستی نه‌وت و هێنانی نه‌وت له ده‌ره‌وه، وه‌رچه‌رخان و رووکردن به‌ره‌و وڵاتانی دیکه‌ی ده‌رهێنه‌ری نه‌وت، وڵاتانێک که دۆست نین، ناسه‌قامگیرن که له خه‌ته‌رترین به‌شی ئه‌م جیهانه‌دان، ئه‌مه‌ش ده‌کاته خۆدانه‌ده‌ست مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ی دژه ئه‌مه‌ریکا، یا شه‌ڕوشۆڕی نێوان خه‌ڵکه‌که‌ی و به‌یه‌کدادانیان. زیادبوونی ڕکابه‌ری بۆ ماوه‌یه‌ک که سه‌لمێنراوه هه‌میشه له که‌مبوونه‌وه و نه‌ماندایه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، که مه‌سه‌له‌ی پاشکۆبوونی به ئاشکرا له زیادبووندایه و مه‌ترسییه‌کی جیددیشه"ل33.
کله‌یر له به‌شێکی دیکه‌ی کتێبه‌که‌یدا زیاتر دۆستایه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ سعوودییه ڕوون ده‌کاته‌وه، که دۆستایه‌تییه‌که‌یان له سه‌ر بناخه‌ی نه‌وته و ئه‌ویش به نرخیکی هه‌رزان و به دابینکردنی ئه‌وه‌یش ئه‌گه‌ر ڕێکخراوی ئۆپیک نرخی نه‌وت به‌رز کاته‌وه، سعوودییه ده‌بێ دژایه‌تی بکات و ئه‌و بریاره بشکێنێت. 18% نه‌وتی هێنراوی ئه‌مه‌ریکا له ساڵی 2003 دا له سعوودییه بووه. له کاتی قه‌یرانه‌کاندا ئه‌م ڕێژه‌یه به‌رز و نزم ده‌بێته‌وه، به‌ڵام سعوودییه به ده‌وری خۆی ڕێژه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت زیاد ده‌کات.
کله‌یر وای بۆ ده‌چێت له دانانی پلانی دژه‌فڕین(No fly zone) دوای ده‌رپه‌ڕاندنی عیراق له کووه‌یت، ته‌نیا بۆ پاراستنی کووه‌یت و سعوودییه بووه، واته: بۆ پاراستنی نه‌وت بووه به ده‌رهێنان و پاککردنه‌وه‌ی لووله‌کانی گواستنه‌وه‌ی.
ڕووکردنه سعوودییه له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه بۆ نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1933، که ده‌ستیکرد به گه‌ڕان به دوای نه‌وتدا له‌و گوتوبێژه‌ی که له سه‌ر نه‌وت له لایه‌ن کۆمپانیای (Standard Oil Company of California)/SOCAL له‌گه‌ڵ سعوودییه‌دا کرا. سعوودییه بۆ ماوه‌ی 60 ساڵ ده‌ستبه‌رداری پشکنین و گه‌ڕان به‌دوای نه‌وت و ده‌رهێنانیدا له ناوچه‌ی ئهلحهساو، که ده‌که‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی سعوودییه‌وه بوو. به‌م جۆره SOCAL بووه تاکه کۆمپانیایه‌کی ئه‌مه‌ریکی که کۆنترۆڵی زۆربه‌ی نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ده‌کرد.
له‌م ڕێککه‌وتنه‌دا" SOCAL له پاداشتی ئه‌وه‌دا به به‌های 35 هه‌زار پاوه‌ندی ستێرلینی زێڕی دا به شای ئه‌و کاته‌ی سعوودییه، که عه‌بدولعه‌زیز کوری سعوود بوو و که له ڕۆژاوا به ئیبن سعوود ناسراوه، هه‌روه‌ها به‌ڵێنی دا که له داهاتوویشدا قه‌رز به داموده‌سگای "شا"یه‌تی بدات. دوایی ده‌رکه‌وت، که ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی سه‌ره‌وه زۆر که‌م بووه له‌چاو ئه‌وه‌ی ئهلحهساو، که ده‌رکه‌وت ئهلحهساو گه‌وره‌ترین کانی یه‌ده‌کی نه‌وتی جیهانییه. هه‌روه‌ها SOCAL ڕازی بوو به بیناکردنه‌وه‌ی کێڵگه و بیره‌نه‌وته‌کان تاکو پێشکه‌وتر بێت"ل 31. به‌م شێوه‌یه SOCAL له ساڵی 1938 دا ده‌ستی به ده‌رهێنانی نه‌وت کرد و ساڵی دواتریش ده‌ستی به بازرگانی پێوه‌کردنی کرد تا وای لێهات له نێوان ساڵانی 1941-1945دا ئه‌م کۆمپانیایه له‌وێ 42.5 میلیۆن به‌رمیل نه‌وتی ده‌رهێنا، که به ڕێژه‌ی سه‌دی که‌متره له 1%ی ئه‌و نه‌وته‌ی له بیره‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌رهێنراوه.
سه‌رۆک ڕۆزفێڵت له‌و بڕوایه‌دا بووه، که پارێزگاریکردن له نه‌وتی سعوودییه بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکی به هه‌ر نرخێ بێت، کارێکی پێویسته، بۆیه له 16-2-1943دا وتی:"به‌رگریکردن له سعوودییه بناخه‌ی به‌رگریکردنه له ئه‌مه‌ریکا". ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌م دوو سێ دێڕه‌ی خواره‌وه بکه‌یت تێده‌گه‌یت، که قسه‌که‌ی ڕۆزفێڵت چه‌ند بایه‌خی هه‌بووه. سعوودییه له ساڵی 1946دا 60 میلیۆن به‌رمیلی ده‌رده‌هێنا. ئه‌مه‌ریکایش له‌و کاته‌دا 1.8 ملیار به‌رمیلی ده‌رده‌هێنا، به‌ڵام سعوودییه له ساڵی 1976دا گه‌یاندییه 3.1 ملیار به‌رمیل، واته: 52 جار پتر له ساڵی 1946. به‌م جۆره سعوودییه له ساڵی 1976دا بووه سێیه‌م وڵات له دوای ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا له ده‌رهێنانی نه‌وتدا.
گه‌رچی له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا لێدوانی توندوتیژ و گرژبوونهوهیان له یه‌کدی هه‌بوو له سه‌ر ئێران و وڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌بی، که‌چی سعوودییه له ساڵی 1946دا ڕێگه‌ی به ئه‌مه‌ریکا دا، که زه‌هران(ڤهران) بنکه‌ی سه‌ربازیی ئه‌وانی تێدا بێت. له ساڵی 1949دا جاریکی‌تر وتووێژ له نێوان ئه‌مه‌ریکا و سعوودییه‌دا ده‌ستپێکرده‌وه تاکو درێژه به‌و گرێبه‌سته بدرێت. وتووێژه‌که له 18-6-1951دا کۆتایی پێ هات. مه‌رجی سعوودییه ئه‌وه بوو، که ئه‌مه‌ریکا له‌شکره‌که‌ی نوێ بکاته‌وه. ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له هه‌موو ههنگاونانێکیاندا هه‌میشه پرسی نه‌وتیان له‌بیر بووه، که تا چه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریکا له بره‌و یا له که‌مییدا ده‌بێ. بۆ نموونه له هێرشه سێ قۆڵییه‌که‌ی به‌ریتانیا و فرانسه و ئیسرائیل بۆ سه‌ر مسری ناسر، سه‌رۆک ئایزن هاوه‌ر، ئه‌گه‌رچی ڕقێکی زۆری له جه‌مال عه‌بدونناسر هه‌بوو، پشتگری نه‌کردن، بگره سه‌رزه‌نشتیشی کردن. هۆی پشتیوانینهکردنیشیان ئه‌وه بوو، که ئایزن هاوه‌ر له‌وه ده‌ترسا ئه‌و هێرشه گڕی ئاگری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب خۆشتر بکات و گڕهکهیش سعوودییه بگرێته‌وه.
له سه‌رده‌می جه‌نگی نێوخۆیی یه‌مه‌ندا له ساڵانی 1962-1970، که سنووری سعوودییه که‌وته مه‌ترسییه‌وه کارگێڕی "که‌نه‌دی"ی سه‌رۆکی ئه‌و کاته‌ی ئه‌مه‌ریکا، هێزی سه‌ربازی و فڕۆکه‌ی جه‌نگی نارده سعوودییه. ئه‌مه‌ریکا به به‌رده‌وامی درێغی نه‌کردووه له یارمه‌تیدانی سعوودییه و ئێران به دانی فڕۆکه‌ی فانتۆم و که‌ره‌سه‌کانی تری جه‌نگ و ته‌قه‌مه‌نی و نوێکردنه‌وه‌ی له‌شکره‌که‌یان له‌گه‌ڵ ناردنی ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕاوێژکاری سه‌ربازی و ته‌کنیککار، که ئه‌م دوو وڵاته که‌میان هه‌بوو، بۆیه ئه‌مه‌ریکا هه‌زارانی بۆ هه‌ردوولایان نارد. ژماره‌ی ئه‌و ئه‌مه‌ریکاییانه‌ی، که له ساڵی 1977دا له سعوودییه کاریان ده‌کرد 6250 که‌س بوون و له ئیرانیش 4140 که‌س بوون. ئه‌مه ژماره‌ی خۆیانه نه‌ک ماڵ و منداڵیان. شای ئێرانیش له 1970کاندا 14 ملیار دۆلاری له له‌شکره‌که‌یدا، به یارمه‌تیدانی سوڵتان (قابووس)ی عه‌ده‌ن له سه‌رکوتکردنی بزووتنه‌وه مارکسی- لێنینییهکهی زهفاردا، سه‌رف کردووه. پێوه‌ندی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ سعوودییه‌دا گه‌لێک گه‌رم و به‌هێز بوو و یارمه‌تییه‌کی زۆریشی ده‌دا، که‌چی له‌م دواییه‌دا ده‌رکه‌وت، که ئه‌مه‌ریکا له ساڵی 1973دا بڕیاری دابوو، که ئه‌گه‌ر بڕینی نه‌وت درێژه بکێشێت ئه‌وا ئه‌م بیره نه‌وته‌کانی سعوودییه داگیر ده‌کات.
لیره‌دا ده‌کرێ ئاماژه به‌وه بکه‌ین، که له سه‌ده‌ی ڕابوردوودا ئه‌مه‌ریکا دووجار که‌وتووه‌ته مه‌ترسییه‌وه، یا به لایه‌نی که‌مه‌وه دڵهتهپێی پێ که‌وتووه: یه‌که‌میان، که سه‌فاره‌ته‌که‌یان له ئێران ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا و دووه‌میشیان، داگیرکردنی ئه‌فغانستان بوو له لایه‌ن ڕووسیاوه.
ئه‌و کاته‌ی شا ڕووخا، سه‌رۆک ڕێگن چه‌ند جارێک ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه، که به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئاماده‌ن به‌رگری له سعوودییه بکه‌ن نه‌وه‌کا خومه‌ینییه‌کان ئه‌وێش به ده‌ردی ئێران به‌رن. ڕێگن له رۆژی 1-10-1981دا به ڕۆژنامه‌وان و ڕاپۆرته‌کانی گوت:"ئه‌مه‌ریکا هه‌رگیز ڕێگه نادات و شتی وا ڕووبدات به‌به‌رچاوی ئێمه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر سعوودییه‌دا بگیری و نه‌وته‌که‌ی بگیرێته‌وه". که عیراقیش کووه‌یتی داگیرکرد، دیک چێنی، که له ساڵی 1990دا وه‌زیری به‌رگری بوو، پێشبینی ئه‌وه‌ی کرد، که: "سه‌ددام حوسه‌ین له پایه‌یه‌کدا ده‌بێت، سیاسه‌تی وزه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی به‌ده‌سته‌وه بێت و ئه‌مه‌ش ئه‌و پایه و پله‌یه‌ی پێ ده‌دات، که ئابووریمان بخنکێنێت"ل50. ئه‌مه بوو به ڕاستیییه‌ک و وه‌ک داکۆکییه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا له سعوودییه هه‌ر ئه‌مه‌یش وای لێ کرد به په‌رۆش و بێ چاوهڕوێکردن، له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا له‌شکرێکی زۆر بگه‌یه‌نێته سعوودییه و سه‌ربازگه‌ی تازه دروست بکات. دوای بهرانبهرگرتنی له له‌شکری عیراق ئه‌وجا کارگێڕی ئه‌مه‌ریکا شێوه‌ی قسه‌کانی گۆڕی و بیانووی تازه‌ی وه‌ک، ڕزگارکردنی کووه‌یت و وێرانکردنی چه‌کی کۆمه‌ڵکوژ و گه‌مارۆی ئابووری له سه‌ر عیراق به‌هێزتر بکات، په‌یدا بوون.
هه‌ر له‌و کاته‌یشدا وتووێژ له سه‌ر مامه‌ڵه‌ی کڕین و فرۆشتنی که‌ره‌سه‌ی چه‌که‌مه‌نی سه‌ربازی ده‌کرا. له نێوان ساڵانی 1991-1999دا، پێنتاگۆن بایی 40 ملیار دۆلار چه‌که‌مه‌نی جیاجیای به سعوودییه فرۆشتووه. ئه‌م ژماره‌یه چوار جار له‌وه‌ی که به مسر و تایوان به هه‌ردووکیانه‌وه و له‌یه‌ک کاتدا فرۆشراوه، زیاتره. (درێژەی هەیە)