برووسکه‌یه‌ك له که‌رکووکه‌وه بۆ شێرکۆ بێکه‌س
برووسکه‌یه‌ك له که‌رکووکه‌وه بۆ شێرکۆ بێکه‌س
به بۆنه‌ی ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆی چێشتخانه‌ی عه‌بدوڵاوه له که‌رکووك دووباره ئه‌م شیعره بڵاوده‌که‌مه‌وه‌و ده‌یخه‌مه‌وه به‌ر چاوی کاربه‌ده‌ستان و جه‌ماوه‌ری گه‌لی کوردمان.
ئه‌م برووسکه‌یه وه‌ڵامێکه بۆ شیعرێکی له دڵه‌وه بۆ دڵی هاوڕێی شاعیرم کاك شێرکۆ بێکه‌س به ناونیشانی ( حه‌وت په‌ڕه‌سێلکه‌ی ئێواره‌یه‌کی که‌رکووك ) که له ژماره – 270-ی رۆژنامه‌ی – هه‌واڵ – دا بڵاوکراوه‌ته‌وه . ئه‌و دێڕانه‌ی که خراونه‌ته نێوان دوو که‌وانه‌وه شیعری کاك شێرکۆ خۆیه‌تی .
سه‌لام محه‌مه‌د
سوپاس برام
( هه‌رسێکتان بوون
هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك
به پاسێکی زه‌رد و سه‌وزی فیدرالیه‌وه )
هاتنه سه‌ردانی و دیده‌نیم
سوپاس هه‌موو دیاریه‌کانتان گه‌یشتنه لام
( دهۆك دوو زه‌میله په‌یڤی
ره‌نگاوڕه‌نگی فۆلکلۆری بۆ هێنابووم
هه‌ولێر تابلۆی دڵی خۆی و
دوو سێ گۆڕه‌پان به‌ڵێن و
پڕ به قه‌ڵایه‌ك حه‌یرانی بۆهێنابووم
سله‌یمانیش له گه‌ڵ خۆیدا:
وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی قودس و
تازه‌ترین نوکته‌ی ته‌ڕی شاخی گۆیژه‌و
دوو ده‌رزه‌نیش فشه‌فشی موعه‌له‌بی بۆهێنابووم )
سوپاس برام،
دیاریه‌کانتان گه‌یشتنه لام
به‌ڵام وه‌ك خۆتیش ئه‌زانی
ئه‌و رۆژانه نه‌خۆش بووم و
( له شه‌ڕێکی قه‌راغ شاردا
له گه‌ڵ خێڵی ئوسامه‌دا
ئه‌وسا ده‌ستێکم شکابوو
تا ئه‌و ساته‌ی ئێوه هاتن
له گه‌چدا بوو )
ئێستا نه‌ك ته‌نیا هه‌ر ده‌ستم،
قاچی چه‌پیشیان شکاندووم
هه‌موو له‌شم بۆته برین
نه‌ك ته‌نیایش خێڵی ئوسامه،
بگره هه‌موو خێڵه‌کانی
ئه‌تاتورك و ئه‌تافورس و ئه‌بوجه‌هل و
تێکڕا هه‌موو چه‌ته‌کانی بیابانی دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب
چوار ده‌وریان ئابڵۆقه داوم
منیش ته‌واو حه‌په‌ساوم
گه‌ر به راستی برای ئێوه‌م
گه‌ر به راستی برابه‌شی نه‌وته‌که‌م و غه‌مه‌که‌من
فه‌رموون وا به رۆژی رووناك به به‌ر چاوی خۆتانه‌وه
هه‌تك ده‌کرێم….
ئه‌وه‌تانێ…. له نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لاوه
ته‌ڵاقنامه‌ی جیابوونه‌وه‌م له‌کوردستان بۆ نووسراوه
من خۆم تاکو دوا هه‌ناسه‌م
ئه‌و ده‌عوایه ئیمزا ناکه‌م..
وه‌کاله‌تیشم نه‌داوه
به هیچ کاك و مام و خاڵ و ئامۆزایه‌ك
په‌نجه وه‌رده‌نه ئیمزاوه
فریامکه‌ون براکانم ….. فریامکه‌ون
ئه‌گه‌ر ئێمه له‌م ته‌نگانه و قه‌یرانه‌دا برانه‌بین
کوردایه‌تی و قودس و دڵ چین ؟
به‌ڕێز کاکه سلێمانی ، شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی
کاکه هه‌ولێری پایته‌خت و شاره‌که‌ی قه‌ڵا و مناره
دهۆك گیان شاری شه‌هیدان
ده وه‌رنه‌وه بۆ سه‌ردانیم
ئێستا له چاو جارا‌نه‌وه بێهێزتر و نه‌خۆشتر و ته‌نیاترم
گه‌له گورگ گه‌مارۆی داوم
به بێده‌نگیش له ژێره‌وه خه‌ریکن که‌ڵبه تیژ ئه‌که‌ن
په‌له‌که‌ن و فریامکه‌ون
دیاری و یاریم لێتان ناوێ
به ته‌نیا هه‌ر خۆتان وه‌رن
که که‌وتنه رێ
ئه‌مجاره‌یان سواری پاسی زه‌رد- سه‌وزی فیدراڵی نه‌بن
به پێی خۆتان توند و تۆڵ وه‌ك ( یادی به خێر )
رۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی ، گورج گورج وه‌رن
چه‌ندتان پێده‌چێت با بچێ …
رێگای که‌رکووك ده‌شتاییه و بێ ئه‌و پاسه‌یش ده‌گه‌نه جێ..
سوید – 10 / 09 / 2008