
ئه‌مه‌ریكا له نێوان هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ توركیا‌و یارى كردن به كارتى كوردىدا
ئیرۆن عومه‌ر…
ئهمهریكاو توركیا وه‌كو دوو ئه‌ندامى ناو هاوپه‌یمانێتى باكورى ئه‌تله‌سى(ناتۆ) لهرِابردوو و ئێستادا هه‌موو ئه‌و ئیلتیزاماتهیان له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا جێبهجىَ كردووه كه له بنه‌ماكانى رِێكهوتن له چوارچێوه‌ى ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا هاتووه، ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتى ناتۆ به پێى ئه‌و خاڵ‌و به‌ندانه‌ى وه‌كو مه‌رجى به ئه‌ندام بوون له ههریهكىَ له ئه‌ندامه‌كانى دهخوازىَ، پابه‌ند بوونى ههریهكهیانه به‌رامبه‌ر به‌هاوكارى ئه‌ندامانیتر كاتىَ رِووبهرِووى مه‌ترسییه‌ك یان ههرِهشهك ده‌بنه‌وه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێكى ده‌ره‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتى ناتۆ یان له‌لایه‌ن هێزو گروپى ناده‌وڵه‌تى تیرۆریستى یان هه‌ر هێز و گروپێكى تر‌ى خاوه‌ن به‌رنامه‌و ئامانجى تایبه‌ت، به‌مانایه‌كیتر هه‌موو ئه‌ندامانى ناو هاوپه‌یمانێتى ناتۆ ده‌بێت هاوكارى یه‌كتر بكه‌ن له كاتى بوونى مه‌ترسى هاوبه‌ش، بهلاَم مه‌رج نییه هیچ یه‌كى له ئه‌ندامانى ناتۆ پابه‌ند بن به هاوكاریكردنى ئه‌ندامێكى تر‌ى ناتۆ له حاڵه‌تێكى پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى باسمانكرد، واتا كاتێك ئه‌ندامێكى ناتۆ هێرش بكاته سه‌ر ولاَتێك یان هێزێكى ده‌ركى یان ههرِهشهى لێبكات له‌به‌ر كێشه‌یه‌كى تایبه‌ت یان بۆ قازانج‌و مه‌رامى تایبه‌تى خۆى شهرِى پێبفرۆشىَ، هه‌روه‌ها ئه‌ندامێكى ناتۆ بۆى هه‌یه هاوكارى پێشكه‌ش نه‌كات به ئه‌ندامێكى تر‌ى ناتۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوكارییه سودى بۆ هاوپه‌یمانه‌كه‌ى و زیانى بۆخۆى لێبكه‌وێته‌وه. رِهنگه زۆركه‌س به‌ربه‌ست دروست كردنى توركیا بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌كاتى هێرشه‌كه‌ى بۆ سه‌ر عێراق و رێپێنهدانى سه‌ربازه‌كانى كه به‌ناو خاكهكهىدا تێپهرِن بۆ ناو عێراق به ماناى سه‌رپێچى توركیا له خواسته‌كانى هاوپه‌یمانێتى له چوارچێوه‌ى ناتۆدا لێك بده‌نه‌وه، بهلاَم ئه‌وه تێگه‌یشتنێكى هه‌ڵه‌یه، رِاسته توركیا‌و ئه‌مه‌ریكا له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ندامێتى ناتۆشدا پهیوهندىو هاوپه‌یمانێتیه‌كى نزیكیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه‌و بۆى هه‌یه ئه‌و رِهفتارهى توركیا زیانى به هاوپه‌یمانێتى و په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانى نێوان ته‌نها توركیا‌و ئه‌مه‌ریكا له ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى ناتۆ گهیاندبىَ، بهلاَم ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته هێشتان هاوپه‌یمانى یه‌كترن له چوارچێوه‌ى ناتۆداو پابه‌ندن به‌رامبه‌ر پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى یه‌كتر، بۆ سه‌لماندنى ئه‌وه‌ش ده‌توانین بهشدارینهكردنى زۆر له ئهندامانیترى ناتۆ و نارِهزایى توندى هه‌ندێكیان بۆ نمونه فه‌ره‌نساو به‌لجیكا له دوایین هێرشى ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێرِاق وه‌كو هه‌مان هه‌ڵوێستى توركیا لێكبده‌ینه‌وه، بهبىَ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتى ئه‌و ولاَتانه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا له چوارچێوه‌ى ناتۆدا زیانى پێكهوتبىَ، چونكه ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانى برِوا به‌و ئه‌ندامانه‌ى ناتۆ بهێنىَ كه ئه‌و هێرشه‌ى بۆ سه‌ر عێراق په‌یوه‌ندى به ئه‌جێنداو ئامانجه تایبه‌تییه‌كانى خۆیه‌وه نییه‌و بۆ لێدانى سه‌رچاوه‌ى ههرِهشهیهكه له‌سه‌ر ئاسایشى هه‌موو جیهانو ولاتانى ناتۆ، كه لهچهكى بایۆلۆجىو په‌یوه‌ندیه‌كانى رژێمى به‌عس به رِێكخستنهكانى قاعیده و ئوسامه بن لادن دا پێناسه ده‌كرا، توركیاش لاى خۆیه‌وه وایدهبینى كه ئه‌و هێرشه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌زیانى ئه‌و و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عێرِاقو دروست بوونى ده‌وڵه‌تێكى كوردى ته‌واو ده‌بێت، كه له ئاینده‌دا ده‌بێته ههرِهشه بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌وان، بۆیه ئاسایى بوو هاوكارى ئه‌مه‌ریكا نه‌كات، هه‌رچه‌نده لایان رِوون بوو كه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان درزێكى قوول ده‌خاته نێوان په‌یوندییه سیاسى‌و ئابووریه‌كانى هه‌ردوو ولاَتو توركیا به‌جۆرێك له جۆره‌كان دهبىَ باجه‌كه‌ى بدات، باجه‌كه‌شى نه‌هاتنه ژێربارى ئه‌مه‌ریكایه بۆ خواسته‌كانى توركیا بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و هه‌له‌ى بۆ كورده‌كانى عێرِاق رِهخسابوو بۆ بیناكردنى نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌ك له هه‌رێمه‌كه‌ى ژێردهسهلاَتى خۆیان، بهلاَم وێرِاى هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێت له بیرمان نه‌چێت توركیا‌و ئه‌مه‌ریكا هێشتان دوو هاوپه‌یمانى یه‌كترن له چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانێتى ناتۆداو به‌رژه‌وه‌ندى هاوبهشو ماوه‌درێژ بهكتریانهوه ده‌به‌ستێته‌وه، رِووداوێكى كتوپرِ یان هه‌لومه‌رجێكى سیاسى كاتیى ناتوانى له گرنگى هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان كه‌م بكاته‌وه. به‌پێى پره‌نسیپه‌كانى هاوپه‌یمانێتى ناتۆ نابێت هیچ ئه‌ندامێك له‌و 26 ئه‌ندامه‌ى ناتۆ هاوكارىو پشتگیرى له كۆمه‌ڵه‌یه‌ك یان هێزێك بكات له دژى ئه‌ندامێكى تر‌ى ناتۆ، یان له سنوورى دهسهلاَتو نفوزى ئه‌ودا هێزیك ههرِهشه له هاوپه‌یمانه‌كه‌ى بكات یان هێرشى بكاته سه‌رو زیانى پێبگهیهنىَو ئه‌میش لێى بىَ ده‌نگ بێت، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌رچاوه‌ى ههرِهشهكه نههێڵێتو ئه‌گه‌ر پێویستى كرد رِووبهرِووشى ببێته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره له هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكا برِوانین له‌به‌رامبه‌ر بوونى په‌كه‌كه له كوردستانى باشوور و له سنوورى عێرِاقدا كه سنوورى نفوزى ئه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌مه‌ریكا زۆر خاتریشى گرتووین به‌وه‌ى تا ئێسته نه ئێمه‌ى هه‌ڵپێچاوه تا له دژى په‌كه‌كه بجوڵێین، نه‌خۆى هێرشى كردۆته سه‌ر په‌كه‌كه‌و نه رِێگاشى به توركیا داوه وه‌ك هێزى سه‌ربازى بێنه ناوه‌وه، به‌ڵكو لهرِووى ناچارىو به‌پێى ئیلتیزاماتى خۆى به‌رامبه‌ر به توركیا له چوارچێوه‌ى ناتۆدا جموجۆله سه‌ربازیه‌كانى توركیاى ته‌نها له چوارچێوه‌ى هێرشى ئاسمانی‌دا سنوردار كردووه، له‌كاتێكدا هاوپه‌یمانێتى ئه‌وان پێویستى ده‌كرد ئه‌مه‌ریكاش وه‌كو هێزى سه‌ربازى رِاستهوخۆ له‌و هێرشانه‌دا بۆ سه‌ر هێزه‌كانى په‌كه‌كه به‌شدارى بكات، بهلاَم وه‌ك بینیمان به‌شدارییه‌كه‌یان ته‌نها له پێدانى زانیارى سه‌ربازى تایبه‌ت به بوونى پێگه‌كانى په‌كه‌كه تێنهپهرِى، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ى توركیا تهرِو وشك به‌یه‌كه‌وه نهسوتێنىَو زیان به دانیشتوانى باشوورى كوردستانیش نهگهیهنىَ. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌مه‌ریكا له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك ده‌ستى له‌كورد هه‌ڵنه‌گرتووه‌و نایه‌وێت كوردستانى باشوور بكاته قوربانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ توركیا، وه‌ك ههندىَ كه‌س واى بۆ دهچنو زۆربه‌ى خه‌ڵكى كوردستانى خستۆته دڵهرِاوكىَ، ئه‌ویش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا هاوپه‌یمانى كورده و به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌و دوو هۆیه‌ى لاى خواره‌وه ئاماژه‌یان پێده‌ده‌ین.
یه‌كه‌م" سه‌رهه‌ڵدانى نائارامى له هه‌رێمى كوردستان به‌هیچ جۆرێك له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مه‌ریكادا نییه، ئه‌مه‌ریكا هه‌ر هه‌نگاوێك دژ به‌كورد هه‌ڵێنێته‌وه نائارامىو پشێوى هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستان ده‌گرێته‌وه، رِاسته كورد خاوه‌ن هێزێكى سه‌ربازى ئه‌وتۆ نییه كه تواناى بهرهنگارىو مانه‌وه‌ى هه‌بێت، بهلاَم هه‌نگاوێكى له‌وجۆره به‌شێك له‌كورد پاڵپێوه‌ده‌نێت بۆ سه‌نگه‌رى هێزه دژ به ئه‌مه‌ریكییه‌كانى وه‌ك تیرۆریسته ئیسلامییه‌كانى قاعیده‌و ئه‌نسارو له‌هه‌مان كاتدا حیزبه ئیسلامیه‌كانى ناو كوردستانیش ده‌چنه به‌ره‌ى ئه‌وانه‌وه‌و به‌شێكیش له لاوانى كورد ده‌چنه نێو رِیزهكانى په‌كه‌كه‌و پارته نه‌ته‌وه‌ییه كوردیهكانى باشوریش یان به‌شێك له‌وان رِهنگه هه‌ڵوێستى به‌رگرى وه‌رگرن، ئه‌مه وێرِاى ئه‌وه‌ى ئێرانیش به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دێته ناوه‌وه‌و نفوز په‌یدا ده‌كات، سه‌ره‌نجام سه‌ر ئێشه‌یه‌كى گه‌وره بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان دروست دهبێتو به‌ره‌یه‌كى تر‌ى شهرِیان بهرِوودا ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌وه‌نده‌ى تر ئه‌ركیان قورس دهكاتو ژماره‌یه‌كى زیاتر له سه‌ربازه‌كانیان ده‌بنه قوربانى‌و بودجه‌ى شهرِیش له عێرِاقدا ده‌یان ملیار دۆلارى دیكه‌ى پێویست دهبێتو له‌ناوخۆى ولاتهكهشیان نارِهزایهتییهكى زۆر سه‌رهه‌ڵده‌دات، كه‌واته به‌هیچ جۆرێك رێى تێناچێت ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ئارِاسته ناسیاسییه بگرێتهپێشو خۆى بخاته هه‌ڵه‌یه‌كى وا گه‌وره‌وه.
دووه‌م" وێرِاى فشارێكى زۆرى حكومه‌تى توركیا‌و ولاتانى عهرهبو پیلانهكانى شیعه‌و سونه‌ى عێرِاق هێشتان ئه‌مه‌ریكا كورد به ته‌نیا بهجێناهێڵێتو گورگان خواردوویان ناكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه هاوپه‌یمانمان بێت یان بیهوىَ ببێته هاوپه‌یمانمان، هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌وه بزانین كه ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته سیاسه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى نییه به‌رامبه‌ر به كورد، یان له ناو سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكادا به‌شێك نییه تایبه‌ت به كورد، به‌ڵكو ئه‌مه‌ریكا وه‌ك به‌شێك له مه‌سه‌له‌ى عێرِاق له كورد دهرِوانىَ، واتا له چوارچێوه‌ى سیاسه‌ته‌كه‌ى له عێرِاقدا به‌شێكى تایبه‌ت كردووه به كورد، بهلاَم هه‌موو ئه‌مانه ماناى ئه‌وه نین كه ئه‌مه‌ریكا له داهاتووى درێژخایه‌ندا هیچ پلانێكى له‌باره‌ى كورده‌وه به‌ده‌سته‌وه نابێت، ئه‌مه‌ریكا كه به‌هۆى فشارى زۆر‌و پره‌نسیپه سیاسییه نێوده‌وله‌تیه‌كان ناتوانێت ببێته هاوپه‌یمانى كورد یان خۆى نایه‌وێت بهلاَم بۆ ئێستا‌و بۆ ئایینده‌یه‌كى دووریش كورد كارتێكى فشارى هه‌ره به‌هێزو به‌نرخه به‌ده‌ست ئهمهریكییهكانهوهو سودێكى ئێجگار زۆرى لێوه‌رده‌گرێت له‌به‌رامبه‌ر هێزه ههرێمییهكانو ولاَتانى رِۆژههلاَتى ناوهرِاستو زۆربه‌ى یارییه‌كانى پىَ ده‌باته‌وه، له‌به‌رامبه‌ر سه‌رپێچى توركیا له ستراتیژیهتو خواسته‌كانى ئه‌مه‌ریكا و بۆ ده‌ست كه‌وتنى خاڵى لاواز(نقگه چعف)ى ئێران‌و سوریا‌و بۆ ته‌نگ پێهه‌ڵچنینى حكومه‌تى عێرِاقى شیعى سه‌ر به ئیران یان سونى قه‌ومى توندرِهو ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌ى خواستى ئه‌مه‌ریكا له داهاتوو دهسهلاَتیان گرته ده‌ست، كورد كارتێكى فشارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى كێشه‌كانه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێى وابێت ئه‌مه‌ریكا هه‌روا به‌ئاسانى ئه‌و كارته له‌ده‌ستى خۆى ده‌كاته‌وه هه‌ڵبه‌ته تێروانینهكهى دووره له واقیع، سهرهرِاى ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌ریكا هاوكارێكى جدى نه‌بووه‌و ناشبێت بۆ گه‌یشتنى كورد به هه‌موو داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى خۆى، به‌تایبه‌تى گهرِاندنهوهى ناوچه دابرِاوهكان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان‌و بنیادنانى ئابوورییه‌كى به‌هێزو سوود وه‌رگرتن له سامانه‌كانى ژێر خاكهكهىو فراوانكردنى دهسهلاَتى ههرێمهكهىو هه‌نگاونان بۆ سهربهخۆىو جیابوونه‌وه له عێرِاق.
له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ى باسمان لێوه كردن ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت ده‌ست له كورد ههڵگرىَو كورد‌و خاكه‌كه‌ى تا ئاینده‌یه‌كى نزیك‌و دووریش له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه كه‌ڵكیان لێوهردهگیرىَ، له لایه‌نى ئابووریشه‌وه كوردستان ده‌كرێت ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كى گه‌وره‌ى كه‌ره‌سته‌ى خاو بۆ پیشه‌سازى ئه‌مه‌ریكا، كوردیش له ناچاریداو بۆ پاراستنى بوونى خۆى ئاماده‌یى ئه‌وه‌ى تێدا هه‌یه ببێته پاسه‌وانى به‌شێك له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له ناوچهكهداو ته‌نانه‌ت شهرِى تیرۆریشى بۆ بكات، دیاره ئه‌مه‌ریكاش له چاوهرِوانى هه‌لومه‌رجێكى له‌وجۆره‌دا ده‌ستى به‌كورده‌وه گرتووه‌و به شێوه‌یه‌كى نارِاستهوخۆ له‌پشتیه‌وه وه‌ستاوه، ئێمه ده‌توانین هۆیه‌كانى مانه‌وه‌ى تائێستاى خۆمان ته‌نها له‌و رِاستییانهدا بدۆزینه‌وه نه‌ك شتێكی‌تر، ئه‌گه‌ر وانییه چ هێزێكى ناوخۆیى یان ده‌ره‌كى هه‌یه پشتیوانى له كورد بكات تا به‌هۆیه‌وه ئه‌مه‌ریكا نه‌توانێت پیلانى لێبكات. له‌ولاشه‌وه زانیمان كه ئهمهریكاو توركیا دوو هاوپه‌یمانى نزیكى یه‌كترن، هێڵه ستراتیژیه‌كانى هاوپه‌یمانێتى ئه‌و دوو ولاَته له كۆتاییهاتنى جه‌نگى سارد‌و یه‌كلایى بوونه‌وه‌ى جه‌نگ له عێرِاقدا كۆتاییان نه‌هاتووه، هێله ستراتیژییه‌كانى هاوپه‌یمانێتى نێوانیان له ئاینده‌ى ئابوورى‌و سیاسى ولاتانى ئاسیاى ناوهندو ئێران‌و قه‌وقازو ولاتانى كۆمه‌ڵه‌ى پرِۆژهى ده‌ریاى رِهشو زۆرى تر سه‌رچاوه ده‌گرنه‌وه، كه‌واته توركیا‌و ئه‌مه‌ریكا چ له چوارچێوه‌ى ناتۆداو چ له‌ده‌ره‌وه‌ى ناتۆدا دوو هاوپه‌یمانى گرنگن بۆ یه‌كتر كه ناتوانین لێره‌دا بچینه نێو هه‌موو لایه‌نه‌كانییه‌وه. ده‌مێنێته‌وه بڵێین چ توركیا وه‌ك هاوپه‌یمان چ كورد وه‌ك كارتێكى به‌سوودو كه‌ره‌سته‌یه‌كى به‌نرخ بۆ سیاسه‌ته‌كانى ئه‌مه‌ریكا له ئایینده‌دا، هه‌ردووكیان بۆ ئه‌مه‌ریكا گرنگن، له‌سه‌ر خوانى سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكییه‌كاندا شتێك نییه به‌ناوى یان كورد یان تورك، ئه‌گه‌رچى تورك یان كوردیش ئه‌م دوو هه‌ڵبژارده‌یه بخه‌نه به‌رده‌میان، كه‌واته ده‌توانین بڵێین ئه‌مه‌ریكا له بارودۆخى ئێستادا سیاسه‌تى لهباوهشگرتنى دولایهنى به‌یه‌ك ناكۆكى سه‌باره‌ت به كورد‌و توركیا گرتۆته پێش.
ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به فشارى توركیا بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكاوه هه‌یه بۆ رِێپێدان به لێدانى په‌كه‌كه له‌ناو سنوورى عێرِاقدا له‌م دهمو ساته‌ى ئێستادا، دهگهرِێتهوه بۆ ئه‌و گۆرِانكاریانهى له سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكا به‌دیدێن له دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كان بێنه ناو كۆشكى سپیه‌وه، كه وه‌ك پێشبینى ده‌كرێت به‌زۆر له سیاسه‌ته‌كانى ولاَتهكهیاندا بچنه‌وه، له‌وانه مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزو گروپانه‌ى له لیستى تیرۆرى ئهمهریكاو ئه‌وروپادان، هه‌موو ئه‌و هێزو رِێكخراوانهى له لاى ئه‌وان به تیرۆریستى پێناسه‌كراون دابه‌ش ده‌بنه سه‌ر دوو به‌ش، یه‌كه‌میان ئه‌و هێزانه‌ى رِاستهوخۆ له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مه‌ریكییه‌كان دهدهنو هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر پێگه‌كانیان، وه‌كو قاعیده‌و هاوشێوه‌كانى، دووه‌م ئه‌و هێزانه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌دوژمنى رِاستهوخۆى خۆیان نازانن‌و تا ئێستا هێرشیان بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌نجام نه‌داوه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ یه‌كێك له ده‌وله‌ته هاوپه‌یمان یاخود دۆسته‌كانى ئه‌مه‌ریكا لهشهرِو كێشه‌دان، نمونه‌ى ئه‌مانه‌ش په‌كه‌كه و هاوشێوه‌كانى له ئێستادا، رِێیتێدهچێت له داهاتوودا ئه‌مه‌ریكا به‌شێك له‌وانه‌ى دووه‌م له‌دژى ئه‌وانه‌ى یه‌كه‌م بهكاربێنێتو سودیان لێوه‌رگرێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا له لیستى تیرۆر ده‌ریان بێنێت، وه‌كو له‌م دواییانه له‌به‌رامبه‌ر موجاهییدنى خهلقى ئێران دا كردى، په‌كه‌كه‌ش یه‌كێكه له‌و رِێكخراوانهى كه‌ده‌توانێت له‌به‌رامبه‌ر چه‌كداره‌كانى قاعیده‌و ئه‌نسارو گروپهكانى سه‌ر به ئێران له سنووره‌كانى عێرِاقدا سوودیان لێوه‌رگرێت، ئه‌گه‌ر به‌چاوێكى واقیعیش لێى برِوانین به‌ناهه‌ق تۆمه‌تى تیرۆریزم دراوه‌ته پاڵ په‌كه‌كه له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یدا له‌به‌رامبه‌ر درِندهیى سوپاى تورك، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌مووان باشتر دهزانىَ كه ناكرێت كێشه‌ى ملیۆنانى كوردى باكورى كوردستان تاسه‌ر بهبىَ چاره‌سه‌رى بمێنێته‌وه‌و په‌كه‌كه‌ش له ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى چاره‌سه‌رى سیاسیانه‌دا بمێنێته‌وه، ئه‌مه‌یه توركیاى تا ئه‌و ئاسته نیگه‌ران كردووه و هه‌موو ئامرازێك به‌كاردێنێت به مه‌به‌ستى رِێگرتن له‌و پێشهاته چاوهرِوانكراوانهو لاوازكردنى په‌كه‌كه تا ئهوجێیهى جێگاى بایه‌خى هیچ لایه‌ك نه‌بێت نه‌ك له‌ناوبردنى، هه‌روه‌ها كردنیشى به بیانوویه‌ك بۆ لێدانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى كوردستانى باشوور.