Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
جه‌مال غه‌مبار به‌شداری دووه‌مین دیداری شیعری‌ له‌ ماڵبۆڕنی‌ ئوسترالیا  کرد

جه‌مال غه‌مبار به‌شداری دووه‌مین دیداری شیعری‌ له‌ ماڵبۆڕنی‌ ئوسترالیا کرد

Closed
by December 14, 2008 گشتی

 جه‌مال غه‌مبار به‌شداری دووه‌مین دیداری شیعری‌ له‌ ماڵبۆڕنی‌ ئوسترالیا  کرد
 
 * ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 06.12.2008 به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ر یه‌ک له‌ باڵیۆزی عێراق له‌ وڵاتی ئوسترالیا د. غانم ئه‌لشبلی و به‌رپرسی به‌شی فه‌رهه‌نگیی باڵیۆزخانه‌ د. هیشام تۆفیق و ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی کۆمیونیتییه‌کانی کورد و عه‌ره‌ب و  کلدانیی و ئاشورییانی دانیشتووی شاری ماڵبۆرن له‌ ویلایه‌تی ڤیکتۆریا ی ئوسترالیا ، دووه‌مین دیداری شیعر له‌ لایه‌ن مونته‌دای ئوسترالی – ئێراقی    
 (Forum  (Australian Iraqi  سازکرا.
 سه‌ره‌تا جێگری سه‌رۆکی مونته‌دا د. خه‌یری ئه‌لسه‌عد دیداره‌که‌ی کرده‌وه‌ و له‌ وته‌یه‌کی کورتدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد که‌ ئه‌م مونته‌دایه‌ ته‌رخانه‌ بۆ ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌کان و هه‌ر یه‌ک ئازادانه‌ هه‌ست و موعاناته‌کانی خۆی ده‌رئه‌بڕێت . پاشان ئاماده‌بوونی  شاعیرانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کانی بۆ ئه‌م دیداره‌ی دووه‌می شیعر به‌رز نرخاند و ئه‌وه‌شی وه‌بیر ئاماده‌بووان هێنایه‌وه‌ که‌ سه‌رکه‌وتنی یه‌که‌مین دیداری شیعر که‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌ری 2007 سازکرا  وای له‌ مونته‌دای ئوسترالی  -ئێراقی کرد که‌ ئه‌م دیداری دووه‌مه‌ سازبکات و بکرێته‌ چالاکییه‌کی ساڵانه‌ و له‌م وه‌رزه‌دا سازبکرێت .
 ژماره‌یه‌ک شاعیری ناسراو به‌شداری دیداره‌که‌یان کرد ، له‌وانه‌ هه‌ر یه‌ک له‌ یه‌حیا ئه‌لسه‌ماوی و خالید ئه‌لحلی له‌ ئێراق و جه‌مال غه‌مبار له‌ کوردستان .

jamalGhambar2_714582495.jpg
 شاعیر جه‌مال غه‌مبار که‌ بۆ دووه‌مین جاره‌ بانگهێشتی ئه‌م دیداره‌ ئه‌کرێت ، چه‌ند قه‌سیده‌یه‌کی به‌ هه‌ردوو زمانی کوردی و عه‌ره‌بی خوێنده‌وه‌ . یه‌کێک له‌ قه‌سیده‌کانی که‌ به‌ ناونیشانی
  ( گۆرانییه‌کی شکاو وه‌ک دڵی من ) که‌ له‌لایه‌ن نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان سه‌ڵاح به‌رواری ته‌رجه‌مه‌ی زمانی عه‌ره‌بی کراوه‌ ، به‌ هه‌ردوو زمانی کوردی و عه‌ره‌بی خوێنده‌وه‌ و هه‌ر له‌ وێدا پێشکه‌شی شاعیری گه‌وره‌ی کۆچکردوو ( مه‌حمود ده‌روێش )ی کرد وه‌ک وه‌فایه‌ک بۆ قه‌سیده‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی ده‌روێش ( جگه‌ له‌ – بــا – کورد چیتر شک نابات )  که‌ بۆ شاعیروڕۆماننوسی  گه‌وره‌ی کورد  ( سه‌لیم به‌ره‌کات ) ی نووسیوه‌ و ساڵی 2005 له‌ وڵاتی شام خوێندویه‌تییه‌وه‌ . جه‌مال ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند که‌ ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ی ده‌روێشی کردۆته‌ کوردی و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌ درێژه‌ی که‌ به‌ڕێز عه‌بده‌ وازن له‌گه‌ڵ ده‌روێشی سازداوه‌ له‌ کتێبێکدا له‌ ساڵی 2006 چاپ وبڵاوکردۆته‌وه‌ .
 له‌ یه‌کێک له‌ قه‌سیده‌کانیدا ، جه‌مال باسی له‌ ئازاره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال کرد و وه‌ک خه‌مێکی گه‌وره‌ی کوردانه‌ و هاوزه‌مان ئینسانییانه‌ش وێنای کردبوو .
 له‌ کۆتایی دیداره‌که‌دا ، به‌ڕێز باڵیۆزی ئێراق له‌ وته‌یه‌کی کورتدا وێڕای پیرۆزبایی گه‌رم ، پێزانینی خۆی بۆ ئه‌رک و ماندووبوونی ئه‌م پۆله‌ شاعیره‌ ده‌ربڕی و هیوای ئه‌وه‌ی خواست که‌ له‌ ساڵی ئایینده‌دا ئه‌م دیداره‌ فراوانتر بکرێت و بواره‌ ئه‌ده‌بیی و هونه‌رییه‌کانی تریش بگرێته‌وه‌ .
 دیداره‌که‌ نزیکه‌ی سێ سه‌عات و نیوی خایاند و په‌یامنێرانی ڕادیۆی کوردی له‌ ماڵبۆرن و ڕادیۆی ئێس . بی . ئێس ئاماده‌ی بوون و هه‌ر یه‌ک به‌ جیا دیدارێکی ڕادیۆیی کورتیان له‌گه‌ڵ جه‌مال غه‌مباردا سازکرد .

Previous
Next