Skip to Content

Saturday, May 28th, 2022

رۆژنامەنوس و گێڕانەوە

Closed
by December 14, 2008 گشتی

 رۆژنامەنوس و گێڕانەوە
 هێمن مەحمود

 Hemnm1979@yahoo.com
 
 گابرێل  گارسیا  ماركیزی  گەورە  نوسەری  جیهانی  و كۆڵۆمبی  كە  ساڵانێكی  درێژیش  خەریكی  كاری رۆژنامەوانی  بووە  و  تەنانەت  لەم  دواییانەشدا خوێندنگایەكی  رۆژنامەنوسی  دامەزراندووە،پاش  ئەوەی خەڵاتی  نۆبڵی  ئەدەبیاتی  وەردەگرێت  جارێكیان لەمەدرید  لەئۆتێلێك  دێتە  دەرەوە  كچە رۆژنامەنوسێكی  گەنج  خۆی  پێ دەگەیەنێت  و  داوای چاوپێكەوتنی  لێ دەكات،  ماركیز  كە  زۆر  حەزی لەچاوپێكەوتن  نیە  لەگەڵ  خێزانەكەیدا  كچەكە دەبات  بۆ  شتكڕین  و بەدرێژایی  رۆژ  لەگەڵیان  دەبێت، كاتێك  دەگەڕێنەوە  ماركیز  دەیەوێت  ماڵئاوایی لە رۆژنامەنوسەكە  بكات كەچی  كچەكە  دوبارە  داوادەكات كە  چاوپێكەتنەكەی  لەگەڵدا بكات، ماركیزیش چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵدا ناكات و پێی دەڵێت" دەبێ كارەكەت بگۆڕیت، چیرۆكێكی  تەواوت  لەبەردەستدابوو، راپۆرتی  تەواوت  لەبەردەستدا بوو" كەچی هیچیانت ئەنجام نەدا.
 ئەم نمونەیە كە لەكتێبی (خەونی نوسین) دا باسكراوە و دڵشاد خۆشناو لە فارسییەوە  كردویەتی  بەكوردی و دەزگای  چاپ و پەخشی سەردەم  ئەمساڵ  چاپی  كردووە، نمونەیەكی جوانە بۆ هەموو ئەو رۆژنامەنوسانەی كاری رۆژنامەوانی دەكەن تاوەكو لێوەی فێرببن.
   بەسەرنجدانێكی  خێرایی  كارەكانی  زۆربەی  ئەو رۆژنامەنوسانەی  كاری  رۆژانەی  رۆژنامەنوسی  دەكەن  لەلای  ئێمە حەقیقەتێكی  تاڵمان  بۆ دەردەكەوێت ئەویش ئەوەیە  رۆژنامەنوسی ئێمە  ئەوەندەی  گرنگی بەزوو  گەیاندنی  هەواڵەكە دەدەن  ئەوەندە گرنگی بە گێڕانەوە نادەن، یاخود  بەمانایەكی  دیكە  رۆژنامەنوسی ئێمە  لەهونەرەكانی  گێڕانەوەدا  كەمترین  شارەزایی هەیە  و ئەگەر  شارەزاییەكیشی  هەبێت  بەكاری ناهێنێت.
 
 رەنگە هۆكاری  ئەو  بەكارنەهێنانەش  بۆ  چەندین بەربەست  بگەڕێتەوە  كە توشی  ئەو رۆژنامەنوسانە  دێن  كە  دەیانەوێت  گۆڕانكارییەكی  جیدی  لەبواری  رۆژنامەوانیدا  بكەن.
  بۆ  نمونە  رەنگە  یەكێك  لەو  هۆكارانە  ئەوەبێت  هەندێك  لەو  رۆژنامانە  لەگۆڕان  بترسن  و ئەوەندەی  لەخەمی روكاردابن  ئەوەندە  لەخەمی  ناوەڕۆكدا  نەبن.  یان  هۆكارێكی  دیكە كەسانێك  لێپرسراوێتی  و سەرنوسەرێتی  رۆژنامەیان  لەدەستدایە  لەپیشەكە  نازانن  و بەبونی  هەموو  دەنگێكی  جیاواز و داهێنەرانەش  قەڵس دەبن.  .
 من  لەگەڵ  ئەوەدام  دەبێت  ئێمە چیرۆك  و  نوسینی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی  لەیەك جیابكەینەوە، بەڵام  دواجار  ئەگەر راپۆرتێكی  رۆژنامەنوسی  نەفەسی  چیرۆكی  تیادا نەبێت  راپۆرتێكی  بێ كەڵكە و  هەر زۆر  بەزوویی تاقەتمان  لەخوێندنەوەی  نامێنێت.
 رۆژنامەنوسی  ئێمە  رەنگە  ژمارەیەكی  كەمیان  بەهۆی حەزو ئارەزوو  لێهاتوییەوە  روویان لەپیشەكە  كردبێت، ئەگینا  زۆربەیان  یاخود  بەتەزكیە و تەعین  دانراون  یاخود بۆ ناو  دەركردن  روویان لەپیشەكە  كردووە و هەندێ جاریش  بونەتە بار بەسەر رۆژنامەوانی  كوردییەوە.
 كەمنین  ئەو  رۆژنامەنوسانەی  ژووری رۆژنامەكانیان  پڕكردووە و  هیچ  كتێبێك ناخوێننەوە.
 نەك  هەر ناخوێننەوە  بەڵكو هەندێ  جاریش دەست  بۆ كۆمەڵێك بابەت  و مەسەلەی  فیكری  و فەلسەفی  و ئەدەبی  وەها  دەبەن  كە عومرێك  خوێندنەوەیان  دەوێت  تاوەكو  بتوانیت  وتارێكیان  لەبارەیەوە  بنوسیت.
 گێڕانەوە و هونەرەكانی گێڕانەوە راستە زوربەی جارەكان بەهرەیە بەڵام ئەو بەهرەیەش پێویستی بەگەشەپێدان و بەهێزكردن هەیە، كەچی سەیردەكەین ئێمە ئەوەندەی رۆژنامەنوسی بێ بەهرەمان هەیە ئەوەندە رۆژنامەنوسی بەهرەدار شكنابەین.
 ئێمە  بۆ  ئەوەی  رۆژنامەنوسی  چاكمان  هەبێت  دەبێت  گێڕەرەوەی  چاكمان  هەبێت، گێڕەرەوەی چاكیش پێویستی بەخوێندنەوەی بەردەوام و خۆرۆشنبیركردنی بەردەوام هەیە.
 ئایا ئێمە چەندە رۆژنامەنوسی وەهامان هەیە؟ ئەوەیان پێویستی بەوەڵامی جیدی هەیە.
 

Previous
Next