Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
ئەرێ ئێمە حكومەتمان پێویستە؟… تامان شاكر

ئەرێ ئێمە حكومەتمان پێویستە؟… تامان شاكر

Closed
by January 27, 2008 گشتی

 ماوەیەكی زۆرە لە كوردستان، باس لە مانەوەو نەمانەوەی سەرۆكی حكومەت و كابینەكەی دەكرێت، دواجار بریاردرا، كە سەرۆكی حكومەت لە شوێنی خۆی بمێنێتەوەو ئێستاش
 لە میدیا بینراو بیستراوەكاندا، باسێكی گەرم گوڕ هەیە لە سەر وەزارەتەكان و ژمارەی وەزیرەكان و چۆنییەتی كاركردنیان لە داهاتوودا.
 هەرچەندە مانەوەی سەرۆكی حكومەت لە شوێنی خۆی نیگەرانی بۆ خەڵكێكی زۆر دروستكرد و بووە ماییەی دڵخۆشی بەشێكی تر،بەڵام خەڵك گرنگ نییە، بەرژەوەندی باڵای نەتەوە ئەوە دەخوازێت.ئێستاش خەڵك سەرقاڵی ئەم مەسەلەیەن، ئایا ساڵانی داهاتوو چۆن دەبێت و كام وەزیر و كام وەزارەت دەمێننەوە،كامە نامینێتەوە.
 ئەركی هەموو حكومەتێك لە هەر وڵاتێكدا دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستیەكانە بۆ هاوڵاتیان، بە تایبەتی كارەبا، گەرمی ، ئاو و هاتوو چۆ، ژینگەیەكی پاك ، ئاسایش، نەخۆشخانە، شەقامی باش، دابینكردنی كار بۆ هاوڵاتیان، پەیرەو كردنی  یەكسانی كۆمەڵایەتی و لە نێوان هاوڵاتیان
 چاودێركردنی بازار،دانانی  یاسایەك كە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم بگونجێ بۆ پاراستنی ئازادی و مافی مرۆڤ ، لە بەرامبەر ئەوەشدا حكومەت باج لە هاوڵاتیان دەستێنێ و خزمەتگوزاریەكان دابین دەكات.
 لە كوردستان وە بەتایبەتی لە كابینەی پێنج حكومەتێكمان هەیە بە 40 وەزیرەوە چەندین كەسیش كە كاردەكەن بە یلەی وەزیر دامەزراون و نازانم چەند راوێژكاریش لەو حكومەتەو هەن ،كەچی هاوڵاتی دەبێت خۆی ئەركەكانی حكومەت جێبەجێ بكات،هاتۆ چۆ لە ئەستۆی هاوڵاتیاندایە بە رێژەیەكی زۆر ، بیمەی تەندروستی نییە ، ئەگەر نەخۆش بیت دەبێت موچەی مانگانەكەت و هەندێكیش قەرز بكەیت بۆ ئەوەی بتوانی پارەی دكتۆرەكان و داو دەرمان دابین بكەیت ، ژینگەی كوردستان پیسە خەڵك تووشی سەدان نەخۆشی دەكات ،سەیر نییە سەدان منداڵ تووشی نەخۆشی دڵ هاتوون،ئاوی خواردنەوە ناسازە، كارەبا خۆمان دەیكڕین،یاسایەك نییە پاریزگارێمان لێبكات كێ بە هێز و خاوەن عەشیرەت و دەسەڵات بێت ئەو سەردەكەوێت،زۆربەی پۆلیسەكانمان نەخوێندەوارن و نازانن هەڵسوكەوت لە گەڵ هاوڵاتیان بكەن كەواتە  چۆن دەتوانین  ئاسایشی هاوڵاتیان بپارێزین 
 كاتێك تووشی رووداوێك یان نەخۆشیەك دەبین ، دەبی خەون بە ئەمبولانسەوە ببین نەخۆشخانەی فریاگوزاری لە بازاری شێخەڵا دەچێت ، وڵاتێكی بێ پۆستەو بێ ناونیشان،  خواردن خواردنەوەو میوەو سەوزەكانمان هەمووی لە وڵاتانی داگیركەری كوردستانەوە دێت و دێكانی خۆشمان وێران بوون و كەس ئامادە نییە بە بێ خزمەتگوزاری بگەرێتەوە. لە رووی سیاسیەوە ، خەڵكی كوردستان پرسیان پێناكرێت و خاوەن بریار نین،بۆ رووداو پێشهاتە  سیاسیەكان، وەك دەبینین كێشە سیاسیەكانمان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، هەموو رۆژ شەهرستانی بە ناشەرعیمان لە قەڵەم دەدات، مادەی 140 جێبەجێنەكرا، هێرشی تركیا بەردەوامە، سوپای ئێران لەسەر سنوور لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، بێجگە لەو هەموو تۆرە جاسوسیانەی لە نێو شارەكانی كوردستاندا هەن ،ئابووری كوردستان لە ژێر دەستی تركیادایە،ئەمریكا هاوپەیمانمان هاوكاری تركان دەكات نەك هی كورد ، عەرەبی عێراقی دوای باشبوونی باری ئاسایشی بەغدا، ئەوانیش وەك سەدامیەكان لە كورد هەڵگەرانەوە،  دەیان باس و بایەتی تر كە لەم وشكە سەرمایەدا خەڵكی سەرگەرم كردووە ، هەمووشی ناكاتە بوونی بەرمیلێك نەوت لە ماڵەكانماندا بۆ ئەوەی خۆمانی پێ گەرم بكەینەوە .
 ئەوەی مەبەستی منە لێرەدا، ئایا ئەم خەڵكە بۆ هێندە بە تەنگ هەواڵەكانی حكومەتەوەن؟ چاوەروانی چی دەكەن كە رووبدات، گۆرانكاری گەورە لەو ژیانەی ئیستاماندا بكات.
 لە كاتێك رۆژانە ئەم ژیانە پر لە زەحمەتییە بەسەر دەبەین و خۆمان كارەكانی حكومەت دەكەین و حكومەتیش دانیشتووە هەرخەریكی كۆڕ و كۆبوونەوەیە و بۆ كەمكردنەوەی وەزیرو وەزارەتەكان ، منیش دەڵێم بەرێزان ئەگەر خۆمان كارەكانی ئێوە بكەین ،پێویستمان بە ئێوە نییە دانیشن لە ماڵی خۆتان ئاسوودە،  سەرقاڵی ئەو هەواڵانەمان مەكەن.بە بێ ئێوەش دەتوانین ئاوا بژین.     
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.