Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
هەنگاوێك بۆ پێشەوە دوو هەنگاو بۆ پاشەوە….سمكۆ عەبدولكەریم

هەنگاوێك بۆ پێشەوە دوو هەنگاو بۆ پاشەوە….سمكۆ عەبدولكەریم

Closed
by December 21, 2008 گشتی

 هەنگاوێك بۆ پێشەوە دوو هەنگاو بۆ پاشەوە
 سمكۆ عەبدولكەریم

  رەنگە بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو قسانەى من رێك پێچەوانەى ئەو مەبەستەى لینین بىَ كە لە كتێبەكەى بەو ناونیشانەى سەرەوە كاتى خۆى نووسیویەتى ، چونكە یەكىَ لە مەبەستەكانى ئەو لە نووسینى ئەم كتێبە ئەوەبووە كە لەگەڵ هەر هەنگاوێكدا بۆ پێشەوە پێویستە ئاوڕێك بۆ دواوە بدرێتەوە ، بۆ ئەوەى بزاندرىَ چى كراوە .
 هەرچەندە هەندێجار ئەو ئاوڕدانەوەیە بۆ پاشەوە پیاوى شەرمەزار دەكات ، چونكە ئەگەر بە چاولێكردنى لێپرسراوانى هەندىَ وڵاتانى دونیا بێت ، كە لە بەرامبەر كارەسات و رووداوەكانى بەسەر وڵاتەكانیاندا دێت جوامێرانە دەست لەكار دەكێشنەوە ، وەك وەزیرى ناوخۆى هیندستان لەبەرامبەر رووداوەكەى مومباى ،  كەچى وەزیرو لێپرسراوانى ئێمە ئەگەر ئاوڕێكى لەسەرەخۆ بۆ پاشەوە بدەنەوە دەیان حالەتى وا روویانداوە كە ئەوەى دەهێنا دەست لە كار بكێشنەوە ، بەڵام تەقەى سەریان هاتوە .
 زۆرجاریش بەكارهێنانى ئەم دوو دەستەواژەیە ئیتر بۆ پێشەوە یان بۆ پاشەوە هیچ جیاوازییەكیان نییە ، چونكە لە هەردوو باردا هەنگاوەكان هەر بۆ پاشەوەن ، كاتى خۆى ئەو بۆ پێشەوەیە تەنیا حوبرى سەر ئەو نووسراوە شۆڕشگێرانە بوون كە ئاراستەى هاوڕییان دەكران ، بەڵام ئێستا لەبەرامبەر هەموو ئەو نادادپەروەریە و گەندەلیە و ئەو پێشێلكاریانەى كە دەكرێن تاكە وشەیەك كە بەردەوام بۆ فشەكردن بەسەر زارەوەیە ئەو  ئیترپێشەوەیەیە .
 ئەوەش هەرباشە هەنگاوێك بۆ پێشەوە بێت و دوو هەنگاو بۆ پاشەوە ، چونكە بە پێى ماتماتیك ئەوكاتە تەنیا هەنگاوێك بۆ پاشەوەین ، بەڵام كارەسات ئەوەیە هەموو هەنگاوەكان بۆ پاشەوە بن .
 تا یاساى رۆژنامەگەرى دەرنەچوو بوو جگە لە یەك رۆژنامەنووس ، نەمزانیوە هیچ رۆژنامەنووسێك لە سەر كارى رۆژنامەنووسى بەندكرابىَ ، بەڵام دواى دەرچوونى یاساكە ، كە بە پێى یاساكە نابىَ كەس لە سەر كارى رۆژنامەنووسى زیندانى بكرىَ ، بەبەرچاوى سەرۆكى هەرێم و پەرلەمانى كوردستانەوە كە یاساكەیان دەرچوواندوە لە سلێمانى شوان داودى و لە هەولێریش دكتۆر عادل حوسێن لەسەر كارى رۆژنامەگەرى و نووسین تەنیا لە ماوەى دوو هەفتەدا زیندانى كران و بە 6 مانگیش حوكمدران ، خۆشییەكەشى لەوەدایە ، د.عادل پێشتر بەر لە دەرچوونى یاساكە بەكەفالەت ئازادكرابوو ، كەچى لە سایەى یاساكەدا بە 6 مانگ حوكم دراو خرایە زیندان و بە لێبوردنێكى تایبەتیش كە لە لایەن سەرۆكى هەرێمەوە بۆ بە شێك لە زیندانییەكان دەرچوو ئەویشى گرتەوەو ئازادكرا .
 لەوەش خۆشتر رۆژنامەنووسان خۆیانن ، هەندێكیان ئەوەى خۆیان دەیانەوىَ بۆى لە هەڵڵا دەدەن ، ئەوەشى كە نایانەوىَ نەك هەر دوو قسەى خێرى بۆ ناكەن ، بەڵكو دەڵێن نەمانزانیوە ئەو رۆژنامەنووسە گیرابىَ .
 ئەمە ئاماژەیەكى مەترسیدارە ، كار بگاتە ئەوەى هاوڵاتیان باسى ئەوە بكەن بڵێن رێز لە ئیمزاى سەرۆكى هەرێم ناگیرىَ .
  بۆیە دەركردنى یاساى رۆژنامەنووسى بەم حالەیەوە ئەگەر هەنگاوێك بووبێت بۆ پێشەوە ، ئەوە جێبەجێنەكردنى دوو هەنگاوە بۆ پاشەوە .
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.