ڕه‌گه‌کان،پێشاندانی په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش به نێوچاوانی سپیپێستانهوه
ڕه‌گه‌کان،پێشاندانی په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش به نێوچاوانی سپیپێستانهوه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
تاریکولێڵهیهکی به‌یانییه‌کی زووی به‌هاری ساڵی 1750، پێش یه‌که‌م قووله‌ی که‌ڵه‌شێری ئاوایی و پێش نوێژی به‌یانی، له گوندی جهففور(Juffure)، چوار ڕۆژه ڕێیه‌ک دوور له که‌ناری گامبیای، ڕۆژاوای ئه‌فریقا، مه‌لۆتکه‌یه‌کی ساوای نێرینه، بۆ ئۆمۆرۆ کینته(Kinte Omoro)ی باوک و بینتا کینته(Binta Kinte)ی دایک، له‌دایک ده‌بێت. منداڵێکی ڕه‌ش ڕه‌ش, وه‌ک بینتای دایکی، په‌ڵه‌په‌ڵه و شلوشاو و لینج، خوێنی بینتای تێدا ده‌جووڵا. به ده‌م ژان و خۆگوشین و زۆرلهخۆکردنی بینتاوه، به قیژه و زریکه‌وه، منداڵه‌که له‌دایک ده‌بێت. ئه‌و منداڵه ده‌بێته هۆی خۆشی و مایه‌ی فه‌ڕ بۆ خێزانه‌که‌ی. ئه‌و ناوه‌ی له دواییدا لێی ده‌نرێت، ده‌بێته ناوێکی دیار و له‌به‌رچاو و به‌ناووبانگ. یه‌که‌م ده‌نگێک، به‌رگوێی منداڵه‌که ده‌که‌وێت، ده‌نگی که‌ڵه‌شێر و ده‌نگی هه‌ردوو مامانه‌که‌ی دیار سه‌ری بوون، تێکه‌ڵ به ده‌نگی هاوه‌ن و دهسکهاوهن، که ته‌قه ته‌ق و زرمه‌زرمی ده‌هات و ژنانی گوند به‌و کهوهشهبهقه، خه‌ریکی کوتانی کوسکوس بوون، بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر سێکوچکه به‌ردینه‌کان و کوانووهکاندا بیکه‌ن به هه‌ریسه و دواتر بیخۆن. هه‌ردوو مامانه له‌ڕ و پێست چهڵق و چرچولۆچهکان، ئنیۆ بۆتۆ(Nyo Boto) و یاییسا(Yaisa)ی نه‌نکی منداڵه‌که، دیتیان منداڵه‌که کوڕه، ئیدی له خۆشییاندا، ده‌ستیان به قاقا و پێکه‌نین کرد. به سه‌ر خانووه قوڕه بۆرڕهنگهکانی گونده‌وه، دووکه‌ڵێکی شین پێچی ده‌خوارد. که کهجالی دیمبا(Kajali Demba)، ئیمام و مه‌لا و پێشنوێژی گوند، به ده‌نگه منگنهکهی بانگی دا و "الله اکبر الله اکبر، الله اکبر الله اکبر، أشهد ان لا اله الا الله و أشهد ان محمدا رسول الله…" ی ته‌واو خوێند، پیاوان به کراسه شۆڕ و درێژهکانیانهوه، ده‌ستیان به نوێژکردن کرد. که له نوێژ بوونه‌وه، ڕوویان کرده‌وه ناو دێ . پێش ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌که‌و ڕێگه‌ی ماڵی خۆی بگرێته به‌ر، ئۆمۆرۆی تازهباوک، به هه‌ڕا، خۆی گه‌یانده لای پیاوه‌کان، هه‌واڵی له‌دایکبوونی نۆبه‌ره‌که‌ی دانێ و ئه‌وانیش پیرۆزباییان لێکرد و دوعای خێریان بۆ کرد. به پێی باوباپیران، نۆبه‌ره، که کوڕ بێت، پیرۆزیی و به‌ره‌که‌ت و فه‌ڕ و میهره‌بانی خودا، ده‌ڕژێته سه‌ر، نه ته‌نیا باوک و دایکی منداڵه‌که، به‌ڵکه باپیران و داپیرانی منداڵه‌که‌یش. پیاوه‌کان، که چوونه‌وه ماڵێ، هه‌ریه‌که‌و به‌شه هه‌ریسه‌ی خۆیان، که پێشتر ژنان ئاماده‌یان کردبوو، وه‌رگرت. ژنان پێشتر خۆراک ده‌ده‌نه منداڵه‌کانیان و گه‌وره‌کان دواتر خۆراک ده‌خۆن. دوای ناشتا و ههریسهخواردن، هه‌ر پیاوه، پاچ و بێڵ و قوڵنگه‌ی خۆی هه‌ڵگرت و چووه نێو کێڵگه‌که‌ی خۆی، بۆ ئاماده‌کردنی خاک و تۆ‌و و چاندنی دانه‌وێڵه. ئۆمۆرۆ، ده‌یویست ناوێکی مێژووی و مژده‌به‌خش و به‌ڵێنده‌ر بۆ نۆبه‌ره‌که‌ی بدۆزێته‌وه، که مایه‌ی خێر و خۆشی و فه‌ڕ بێت، نه‌ک ته‌نێ هه‌ر بۆ خێزانه‌که‌ی خۆیان، به‌ڵکه بۆ هۆزهکهیشیان ماندینکاس(Mandinkas). به گوێره‌ی نه‌ریتی خێڵ و هۆز، له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌و منداڵه‌دا حه‌وت تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ن و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش گه‌شه ده‌که‌ن. له هه‌شته‌م ڕۆژی له دایکبوونی منداڵه‌که‌یدا، ئۆمۆرۆ به ناوی خۆی و ژنه‌که‌یه‌وه، بانگهێشتنی هه‌موو خه‌ڵکی گوند و ته‌واوی خێزانه‌کانیانی کرد، بۆ گوێزه‌بانه و ناونانی منداڵه‌که. له‌و بۆنه‌یه‌دا، وه‌ک نه‌ریت، باوک و باپیری منداڵه‌که ئاماده ده‌بن و که منداڵه‌که ناودێر کرا، ئیدی ده‌بێته ئه‌ندامێکی خێڵ. باپیر و داپیری منداڵه‌که له هه‌ردوو سه‌ره‌وه، لایه‌نی باوکی و لایه‌نی دایکی، هه‌ر لایه‌نه و دوو قوتووی پڕ له شت دێنن، که یه‌کێکیان شیری ترش و ئه‌وی دیکه‌یان تێکه‌ڵه‌یه‌کی هه‌نگوین و برنجی تێدان. له‌گه‌ڵ ده‌نگی لێدانی ته‌پڵدا و ئاماده‌بوونی ئه‌و پیاوه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان و له داهاتوودا، ده‌بێته مامۆستای منداڵه‌که و ئاماده‌بوونی براکانی ئۆمۆرۆ، واته: مامه‌کانی منداڵه‌که، بینتای دایکی منداڵه‌که، مه‌لۆتکه‌که له باوه‌ش ده‌گرێ و ئه‌وانیش که‌مێک له پرچی منداڵه‌که ده‌تاشن. ئه‌وجا پیاوان په‌نجه‌یه‌ک له‌و هه‌نگوین و برنجه هه‌ڵده‌ژه‌نن و ده‌یخۆن و ئیمامیش(مه‌لای گوند)، دوعای سه‌رکه‌وتن و ته‌مه‌ندرێژی و ده‌وڵه‌مه‌ندی و به‌خته‌وه‌ری، بۆ منداڵه‌که و ماڵباتی منداڵه‌که و گوند و خێڵ ده‌کا و ده‌خوێنێ. ئۆمۆرۆ، له ژنه‌که‌ی نێزیک ده‌بێته‌وه و منداڵه‌که‌ی لێ وه‌رده‌گرێت و منداڵه‌که به‌رز ده‌کاته‌وه و سێ جاران ناوی منداڵه‌که، ئه‌و ناوه‌ی بۆی هه‌ڵبژاردووه، ده‌دات به گوێی منداڵه‌که‌دا. ته‌پڵلێدان ده‌ستپێده‌کات و ئۆمۆرۆ ناوی منداڵه‌که دهچپێنێته گوێی بینتای ژنیشیدا. ناوه‌که، به ده‌مڕاست و کوێخای گوندیش ده‌ڵێ. منداڵه‌که ناونرا کونتا(Kunta). ناوی کونتا، خۆشی و به‌خته‌وه‌ری و شادیبه‌خش بوو، بۆ ته‌واوی خێزان و هۆز و سه‌رکه‌وتن و فه‌ڕ و به‌رده‌وامی و ژیانیشی له‌گه‌ل خۆیدا ده‌هێنا. ئه‌و ناوه له باپیره گه‌وره‌ی ئۆمۆرۆوه مابووه‌وه و له بنجوبناواندا، ناوێکی مۆریتانیی بوو. ئه‌و کونتایه، کاتی خۆی هاتووه و خه‌ڵکی ئه‌و گونده‌ی له برسییه‌تی ڕزگار کردووه. ئه‌و کونتایه له‌کن خه‌ڵکی گوند، پیاوێکی پیرۆز بووه. ئه‌و ناوه(کونتا) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین باوباپیرانی پێشتر. شه‌وی گوێزه‌بانه‌ی کونتا، شه‌وی هه‌شته‌می له‌دایکبوونی، له ژێر ئاسمانێکی مانگه‌شه‌و و پڕئهستێرهدا، ئۆمۆرۆ، کونتای نۆبه‌ره‌ی هه‌ڵده‌گرێت و بڕێک له گوند دووری ده‌خاته‌وه و ده‌چێته نێو سروشت و له‌وێ، کونتا تا ئاستی ڕوومه‌تی خۆی به‌رز ده‌کاته‌وه و ڕووی له ئاسمان ده‌کات و ئاماژه بۆ ئاسمان ده‌کات و مه‌به‌ستی ئاسمانه، به زمانی خۆیان پێی ده‌ڵێ:" Fend kiling dorong leh warrata ka iteh tee "ته‌ماشاکه! تاکه شتێک، که له تۆ گه‌وره‌تره..".
ڕه‌گه‌کان، ئه‌و چیرۆکه مێژووه‌یه، که له له‌دایکبوونی کونتا کینتهوه، له گوندێکی گامبیای ئه‌فریقا، له ساڵی 1750 وه ده‌ستپێده‌کات و حه‌وت نه‌وه دوای ئه‌وه، له ناشتن و به‌خاکسپاردنی ته‌رمی پرۆفێسسۆرێکی سیاپێستدا، ته‌واو ده‌بێت. منداڵه‌کانی ئه‌و پرۆفێسسۆره، مامۆستا، ئه‌ندازیاری که‌شتی و زه‌ریا، یاریده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سگه‌ی زانیاری ئه‌مه‌ریکا و نووسه‌رێکن، نووسه‌ره‌که ئالیکس هه‌یلی(Alex Haley)، نووسه‌ری ڕهگهکانه.
ڕه‌گه‌کان، له ڕاستیدا شاکارێکی ئه‌ده‌بی مه‌زنه و سه‌یریش نییه، که ساڵی 1976، کاتی بڵاوبونه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره و بڵاوبوونه‌وه‌یه‌کی یه‌کجار به‌رینی به خۆیه‌وه بینی و له جیهانیشدا به میلیۆنان نموونه‌ی لێ فرۆشرا. له سه‌ر به‌رگی کتێبی ڕه‌گه‌کان، چاپه ئه‌سڵییه ئینگلیزییه‌که‌ی، نووسراوه(The saga of an American Family)، واته: چیرۆکی خێزانێکی ئه‌مه‌ریکایی.
ڕه‌گه‌کان، وێنه‌یه‌کی زۆر ڕوون و زه‌ق و به‌سه‌رهات و مێژوویه‌کی داڕێژراوی بازرگانیکردنه به کۆیله‌وه. کتێبه‌که به ڕاوه کۆیله‌یه‌ک له گامبیا ده‌ستپێده‌کات و به هه‌ڵگرتن و لابردنی کۆیله‌یه‌تیی ته‌واو ده‌بێت. که‌سی سه‌ره‌کی چیرۆکه‌که کۆیله‌یه‌کی سیاپێسته، کونتا کینته(Kunta Kinte) ، و چیرۆکه‌که، دیرۆکی ئه‌وه، که دواتر، نه‌وه له دوای نه‌وه ده‌مێنێته‌وه و ده‌ماوده‌م ده‌گێڕدرێته‌وه، سه‌ره‌تا له کچه‌که‌ی کونتا خۆیه‌وه و دواتر له کوڕی ئه‌و کچه‌یه‌وه و ئیتر به‌و جۆره تا له دواییدا، مێژووی کونتا کینته، له ئهفریقاییهکهوه، که به ئازادی له‌دایکبووه، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی وه‌ک کۆیله‌یه‌کی ڕه‌شی ئه‌مه‌ریکایی بمرێت، ده‌که‌وێته ده‌ست و ده‌گاته لای ئالیکس هه‌یلی(Alex Haley). دوای دوازده‌ساڵان گه‌ڕان به دوای باوان و ڕه‌گوڕیشه‌ی خۆیدا، ئالیکس هه‌یلی، توانی ئه‌م کتێبه له‌مه‌ڕ باوباپیرانی خۆیه‌وه بنووسێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕه‌گوڕیشه و بنجوبناوانی خۆی و دیرۆکی کونتا کینته و پاشماوه‌کانی، به هه‌موو جیهان بگه‌یه‌نێت.
ڕه‌گه‌کان باسێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر و خه‌مناک و ئازاراوی کۆیله‌یه‌تییه و ڕه‌وتار و هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه و دیتن و چۆنیه‌تی، سه‌یرکردنی سپیپێستان به‌رانبه‌ر سیاپێستان، پێشان ده‌دات. کتێبێکی یه‌کجار به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌نده، که به شێوازێکی وه‌ستایانه و لێزانانه و زۆر ڕوون، له لایه‌که‌وه ئه‌و دیتنه تاوانکارانه و ئه‌و ڕه‌وتار و هه‌ڵسوکه‌وته نامرۆڤانه‌یه‌ی له گۆڕێ‌دا هه‌بوو و، چه‌وساندنه‌وه و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ئێش و ئازارێکی ئه‌وتۆی، له‌گه‌ڵ خۆدا ساز کرد و ئافراند و هێنایه گۆڕێ، که مرۆڤ ناتوانێت تێیبگات و، له لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه یه‌کگرتوویی، خۆشه‌ویستی، سۆزێکی بێوێنه و باڵا و ئومێدێکی هه‌میشه‌یی، وه‌ک خواست و په‌رۆش و چاوڕێکردنێکی سووتێنه‌ر بۆ ئازادی و داد، له‌گه‌ڵ ته‌قه‌لا و خه‌باتێکی به‌رده‌وام و بێپسانهوه بۆ ژیان، پێشان ده‌دات و ده‌گه‌یه‌نێت.
ڕه‌گه‌کان، مێژووی بازرگانیکردنه به کۆیله‌وه. مێژووی به‌ناووبانگی کونتا کینتهی حه‌ڤده ساڵانه، که ڕۆژێکیان له کاتێکدا که له ده‌رێیه، له ده‌رێی ئاواییه‌که‌ی خۆی جهففور(Juffure) له گامبیا و منه‌ی ئێزنگ ده‌کات بۆ دروستکردنی ته‌پڵ و لێدانی ته‌پڵ، له پڕ ده‌ستگیر ده‌کرێت و ڕه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌کرێت و له‌وێ وه‌ک کۆیله‌یه‌ک ده‌فرۆشرێت. کونتا کینته، ساڵی 1767 له گامبیا ڕفێنراوه و گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ده‌ڤه‌ری مه‌ریلاند(Maryland) له ئه‌مه‌ریکا و وه‌ک کۆیله‌یه‌ک له‌وێ فرۆشراوه. ئه‌م کتێبه، مێژووی حه‌وت وه‌چه و نه‌وه، له نه‌وه‌کانی کونتا کینتهیه، تا ده‌گاته نووسه‌ری کتێبه‌که ئالیکس هه‌یلی خۆی. دوای خانه‌نشینبوونی، هه‌یلی ده‌ستی به پشکنینی مێژووی خێزانه‌کی خۆی ده‌کات و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌فریقا، بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی زاره‌کی و گێڕانه‌وه‌کان، له باره‌ی خێزانه‌که‌یه‌وه و پاشخانی خێزانه‌که‌ی، که له ڕێگه‌ی نه‌وه‌کانه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کرێت، بدۆزێته‌وه. هه‌یلی نه‌وه‌ی حه‌وته‌می کونتا کینتهیه. نووسینی ئه‌و ڕۆمانه بۆ هه‌یلی 10 ساڵێکی پشکنین و له‌دووگه‌ڕان و منه‌کردن و گه‌شتی پێچووه. هه‌یلی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئاوایی جهففور، که کونتا کینتهی لێ له‌دایک بووه و گه‌وره بووه. ئه‌و گونده ئێستایش ماوه. هه‌یلی له‌وێ گه‌لێک له چیرۆکی گوندی و خێڵه‌کانی ئه‌و ناوه دهژنهفێت و به‌هۆی پشکنین و لێگهڕانیشهوه پاشماوه‌ی ئه‌و که‌شتییه‌ی، که باپیرانی گواستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌مه‌ریکا و ناوی (The Lord Ligonier) بووه، ده‌دۆزێته‌وه.
کونتا کینتهی، باپیره‌گه‌وره‌ی هه‌یلی و قاره‌مانی ڕه‌گه‌کان، که ده‌گه‌ینرێته ئه‌مه‌ریکا و ده‌کرێته کۆیله، چه‌ند جارێک هه‌وڵی هه‌ڕاکردن و خۆده‌ربازکردن و هه‌ڵاتن ده‌دات له کۆیله‌یه‌تی و یه‌خسیری، ئه‌وده‌می چه‌ند په‌نجه‌یه‌کی پێیه‌کانی ده‌بڕنه‌وه و به هۆی ئه‌وه‌وه تووشی ئازارێکی یه‌کجار زۆر ده‌بێت. ئه‌وده‌می، که هه‌وڵی ئه‌و هه‌ڵاتنه ده‌دات، ژنی هه‌یه و کچه‌که‌یشی له‌دایک بووه. سیاپێستان، که ده‌کرانه کۆیله، که ده‌کرانه یا ده‌بوونه فه‌له، که ده‌گوێزرانه‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، که ده‌خرانه به‌رخوێندن و فێرگه‌ی ئه‌وروپایی، که ده‌بوونه هاووڵاتی ئه‌مه‌ریکایی و ئه‌وروپایی، ئیدی ده‌سبه‌جێ، ده‌بوو ناوه‌کانیان بگۆڕدرێت، بۆ ناوهیلێکی عیسایی و ئه‌وروپاییانه. ماندێلایش، باس له‌وه ده‌کات، که کاتێک نراوه‌ته به‌رخوێندن له فێرگه‌یه‌کی ئینگلیزی، چۆن ناوه‌که‌یان له ناوێکی ئه‌فریقاییه‌وه کردووه به نیلسۆنێکی ئه‌وروپایی. کونتا کینته هێنده خۆڕاگر و وره‌به‌رز و بڕوابه‌خۆبوو و سه‌ربه‌رز ده‌بێت، به پاشخان و بۆماوه‌یه‌کی، که هه‌یبوو، نه‌یده‌ویست به ناوی تۆبی(Toby)، به‌ڵکه ده‌یویست هه‌ر به ناوێ خۆیه‌وه، کونتا، بانگ بکرێت.
ڕه‌گه‌کان، گێڕانه‌وه‌یه‌که له‌مه‌ڕ، سته‌م، ئازارچه‌شتن، سه‌رپێشۆڕکردن، ئێش، ده‌رد و چه‌پاندن، که دووسه‌د ساڵی مێژووی ئه‌مه‌ریکا و مێژووی پڕشه‌رمه‌زاری و تاوانی کۆیلایه‌تی و بازرگانیکردن به کۆیله و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ، ده‌خاته به‌رچاو.
بازرگانیی به کۆیله‌وه سه‌دان ساڵ درێژه‌ی کێشا. ئه‌مه‌ریکاییه‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر دوورودرێژ پێشه‌نگ بوون له‌و بواره‌دا. ساڵی 1863 دوای جه‌نگی نێوه‌کیی ئه‌مه‌ریکا، بازرگانی به کۆیله‌وه له ته‌واوی ئه‌مه‌ریکادا، به بڕیارێکی ئه‌براهام لینکۆڵن(Abraham Lincoln)ی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، قه‌ده‌غه کرا و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپاییش چاویان له‌وه کرد، لێ ئه‌و قه‌ده‌غه‌کردنه له ڕاستیدا ته‌نێ ڕواڵه‌تی بوو و تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ر به‌رده‌وام بوو و به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و نه‌مان چوو، ئه‌ویش دوای هه‌زاران قوربانی و ژیان له‌ده‌ستدان. کۆیله‌یه‌تیی به واتای ئه‌وه دێت، که که‌سیک ده‌توانی ببێته خاوه‌نی مرۆڤێکی تر و که‌سێکی تر و وه‌ک کاڵا و شتومه‌کی خۆی ته‌ماشای ئه‌و کۆیله‌یه ده‌کات و بۆی هه‌یه ئه‌و کۆیله‌یه بفرۆشێت یا هه‌ر چییه‌کی لێ بکات. کۆیله وه‌ک که‌سێک یا شتێکی که‌مبایه‌خ و که‌مبه‌ها سه‌یر ده‌کرا. کۆیله‌کان به ناخۆشترین شێواز و دژوارترین جۆر و دزێوترین ڕه‌وتار و سه‌ختترین هه‌لومه‌رج، بران بۆ ئه‌مه‌ریکا و شوێنه‌کانی دیکه. هه‌مووده‌م له ژێره‌وه‌ی که‌شتییه‌کاندا، ئه‌و به‌شه‌ی، که له نێو ئاودایه، له‌ترسی هه‌ڵاتن و یاخیبوون، دوو دوو پێکه‌وه ده‌به‌سترانه‌وه و شه‌ته‌ک ده‌دران. ئه‌وه زۆرجاران ده‌بووه هۆی شه‌ڕ و ناکۆکی له نێوان کۆیله‌کان خۆیاندا. ئه‌و جێگه‌یه‌ی کۆیله‌کانی تێدا بوون هه‌ر یه‌کجار پیس و قرێژ و گه‌مار بوو و ئاوده‌ستخانه‌کانی هه‌میشه پڕ بوون له پیسایی. بۆشاییه‌کانی نێوان کۆیله‌کان، که یه‌کجار که‌م و به‌رته‌سک بوون، هه‌میشه پڕ بوون له پیسی. جێگه‌ی هه‌ر کۆیله‌یه‌کی پیاو، که هه‌یبوو، 183 سهنیمیتر درێژی و 40 سهنتیمیتر به‌رینی و 80 سهنتیمیتر به‌رزی بوو. ئه‌مه بۆ ڕێگه‌یه‌کی ئاویی زه‌ریایی، که له که‌مترین حاڵ‌دا، که‌متر له سێ حه‌فته‌ی نه‌ده‌خایاند و هه‌ندێ جاریش ده‌گه‌یشته چوار مانگ، گه‌لێک سه‌خت و ئازاربه‌خش بوو. کۆیله‌کان زۆر چڕ و پڕ ده‌خزێنرانه ژێر ئه‌و که‌شتییانه‌وه و بازرگانان هه‌وڵیان ده‌دا هه‌رچی زۆرتر کۆیله‌یه بارکه‌ن و ببه‌ن. ئه‌وان، کۆیله‌کان، ده‌بوو پیساییه‌کانی، خۆیان پاک بکه‌نه‌وه. ده‌بوو مردووه‌کانیان فڕێ بده‌نه نێو زه‌ریاوه. تاکه کاتێک ده‌یانتوانی له‌و کونه‌ی تێیدا ده‌ژیان، ده‌رچنه ده‌رێ، به‌یانیان بوو، له نێوان کاتژمێر 8-9 به‌یانی، ئه‌وده‌م ده‌یانتوانی تۆزیک بجووڵێنه‌وه و بای باڵیان بده‌ن. کۆیله‌کان له ئه‌مه‌ریکا له خۆرهه‌ڵاتنه‌وه تا خۆرئاوابوون کاریان پێ ده‌کرا. په‌موویان ده‌چنی، مه‌ره‌زه‌یان دره‌و ده‌کرد، داریان ده‌بڕی، گیایان ده‌بڕی، گه‌نمیان تۆ‌و ده‌کرد. که ده‌هاتنه‌وه ماڵیش ده‌بوو ئاگایان له منداڵه‌کانی خۆیان بێت، شی‌و لێبنێن، جل بشۆن، گسک بده‌ن، که زۆرجاران 20 که‌س له ژوورێکدا ده‌خه‌وتن. هیچ که‌س نازانێت ژماره‌ی ئه‌و سیاپێستانهی له ئه‌فریقاوه گوازراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و کراونه‌ته کۆیله، چه‌ندن. هه‌ندێک، ژماره‌یان به په‌نجا میلیۆن و هه‌ندێک ژماره‌یان به سه‌د میلیۆن کۆیله دهقرسێنێت. ئه‌و ژماره‌یه هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ش ده‌گرێته‌وه، که له ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌دا یا له هه‌ڵاتن و جه‌نگدا مردوون و کوژراون.
ڕه‌گه‌کان چ وه‌ک کتێب و چ وه‌ک درامایه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی، یه‌کیک له داهێنان و ڕاستی و مێژووه گرنگه‌کانی مرۆڤایه‌تییه. ڕه‌گه‌کان، کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریکایی هه‌ژاند و خه‌ڵکی خسته ڕه‌وشێکه‌وه، که بیر له کردار و په‌رچه‌کردار بکه‌نه‌وه و ده‌مه‌ته‌قه و گوتوبێژێکی گه‌رمی سیاسی و ڕه‌گه‌زی و جڤاکی و فه‌رهه‌نگی هێنایه گۆڕێ. کتێبی ڕه‌گه‌کان پتر له یه‌ک میلیۆنی له ساڵی یه‌که‌مدا لێ فرۆشرا و دوو خه‌ڵاتی به‌ناووبانگی کتێبیشی وه‌رگرت. ڕه‌گه‌کان مێشکی ئه‌مه‌ریکاییه‌کانی، به هه‌موو ڕه‌نگه‌کانیان و هه‌موو جۆره بیروباوهڕێکیانهوه کرده‌وه و به‌شێک له ڕابوردوو و مێژووی تاریک و پڕسته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی وڵاته‌که‌یانی وه‌بیر هێنانه‌وه.
ڕه‌گه‌کان له شێوه‌ی درامایه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی سه‌رکه‌وتوودا، که 130 میلیۆن بینه‌ری بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد، پێشان درا.
ڕه‌گه‌کان، له پتر له 500 کۆلێژ و زانستگه‌ی ئه‌مه‌ریکاییدا وه‌ک کۆرس و زانیارییه‌کی بنگه‌یی بۆ تێگه‌یشتن له مێژووی سیاپێستان و کۆیله‌یه‌تیی ده‌خوێندرا و بۆ به هۆی زیندووبوونه‌وه و بووژانه‌وه‌ی مێژووی سیاپێستان و باسکردنی. هه‌یلی ئه‌وه‌ی پێشاندا، که کۆیله‌کان هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری پێوه‌ند و ڕه‌گوڕیشه‌کانی خۆیان به فه‌رهه‌نگی ئه‌فریقاوه نه‌بوون و گیانی گاڵته و ڕووخۆشی و گۆرانی و وشه و بڕوا و نه‌ریته گهلێرییهکانی خۆیان هه‌میشه پاراستووه.
ئالیکس هه‌یلی(Alex Haley)، نووسه‌ری ڕه‌گه‌کان، نووسه‌رێکی ئه‌مه‌ریکایی بوو، 11/8/1921 له ئیتاکا، نیویۆرک، ئه‌مه‌ریکا، له‌دایک بووه و 10/2/1992 له سییاتڵ، واشنگتن، ئه‌مه‌ریکا، کۆچی‌دوایی کردووه. هه‌یلی، ماوه‌ی پێنج ساڵی ته‌مه‌نیشی له تێنێسسی ژیاوه. ماوه‌ی بیست ساڵ له هێزی پاسه‌وانیی که‌نار زه‌ریای ئه‌مه‌ریکادا کاری کردووه. له 1959وه وه‌ک ڕۆژنامه‌وانێکی ئازاد کاری کردووه. هه‌یلی، له ژیانیدا سێ جاران هاوسه‌رگیریی کردووه و وه‌ک خۆی جارێکی ددانی پێدا ناوه، له‌وانه نه‌بووه، که پێوه‌ندی سێکسیی له‌گه‌ڵ زۆر ژن‌دا هه‌بێت و ڕایبواردبێت. ساڵی 1992، به له‌پڕ ڕاوه‌ستانی دڵ مردووه. ڕه‌گه‌کان، ناسراوترین کتێبێتی، که باس له باوپیرانی خۆی ده‌کات، له کونتا کینتهوه ده‌ستپێده‌کات، که له گامبیاوه وه‌ک کۆیله‌یه‌ک ده‌گاته ئه‌مه‌ریکا، تا ده‌گاته هه‌موو نه‌وه‌کانی و ئه‌م خۆی، واته: هه‌یلی. هه‌یلی، بۆ نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی ماڵکۆلم ئێکس(Malcolm X)ی، سه‌رۆکی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلام، له ئه‌مه‌ریکا، دوای کوژرانی، کۆمه‌کی به بیتی شاباز(Betty Shabazz)ی ژنی ماڵکۆلم ئێکس، کرد و ئه‌و کاره‌ی ئه‌نجام دا. هه‌یلی له خێزانێکی ئه‌مه‌ریکایی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌فریقایی له‌دایک بوو، دوو برای له‌خۆی گچکه‌تری هه‌بوون. باوکی سایمۆن هه‌یلی(Simon Haley) و دایکیشی بێرتا پاڵمه‌ر(Bertha Palmer) بوون. گه‌لێک له کتێبه‌کانی باس له چارلی تایله‌ر(Charlie Taylor)ی هاوڕێی منداڵیی ده‌که‌ن. باوکی هه‌یلی، سایمۆن ئه‌لیکسانده‌ر هه‌یلی(Simon Alexander Haley)، پرۆفێسسۆری کشتوکاڵ بوو.
ئالیکس هه‌یلی، لاو ئالیکس هه‌یلی، گه‌وره‌ساڵ ئالیکس هه‌یلی، گه‌وره‌ساڵ
هه‌یلی به نووسینی ڕه‌گه‌کان، بناخه‌ی مێژوویه‌کی دیکه‌ی له‌بری میژووه ڕه‌سمییه‌که دانا، مێژوویه‌ک، که ئێش و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه و چه‌پاندن و هه‌ژاری و لێقه‌ومانی سیاپێستانی ئاشکرا ده‌کرد.
ماڵی ئالیکس هه‌یلی له تێنێسسی گۆڕی ئالیکس هه‌یلی له تێنێسسی
بۆ نووسینی ئه‌م گوتاره، سوودم له‌م دوو سه‌رچاوه‌یه‌ی خواره‌وه وه‌رگرتووه :
1. Haley, Alex, Roots.
2. http://sv.wikipedia.org/wiki/Alex_Haley
20/11/2008