
ساتى مردنم هاتووە…..عومەر جەلال
Closed
ساتى مردنم هاتووە
عومەر جەلال
1
بۆنى باران ناناسمەوە
هاژەى ئاویش نابیستمەوە
پشتم بە ئەندازەیەك كۆمبووەتەوە
ئاژەڵەكان هاورێتیم دەكەن
2
هەرگیز گۆرانیم نەوتووە
ماوەیەكە دەنگم زۆرخۆشبووە
بۆنى شەقامەكانى منداڵیم دەكەم
سەراپاى جەستەم سپى دەبێت
3
نامەیەكى ئەوم خوێندەوە
بەر لەچەند ساڵ نوسیبووى خۆشم ناوێى
تك تك خوێن لەچاوم دەهات
نەمدەتوانى پەنجەى دەستەكانم
لەیەك دى جودا بكەمەوە
4
كورتە شیعرێكى خۆم لێ ون ببوو
لە رۆژنامەیەكى سانسۆركراودا دیمەوە
چەندە نیگام لێكرد و دەستم بە پرچیدا هێنا
ئێستاش هەر نەیناسیمەوە
5
جگەرەیەكم بە گڕى تەنیایى پێ كرد
كتێبێكم لە ژێر سەرم دانا
چۆلەكەیەك لەسەر چاوانم نیشتەوە
تینوێتى راپێچى كردبوو
فرمێسكى چاوانم بخواتەوە
omerjelal@yahoo.com