پارتی سۆسیالست دەیەوێت هەموو ئەوانەی لەگەڵ ئانرات تاوانبار بوونە بداتە دادگا
پارتی سۆسیالست دەیەوێت هەموو ئەوانەی لەگەڵ ئانرات تاوانبار بوونە بداتە دادگا
چاوپێكەوتن : عەلی مەحموود محەمەد , بە هاوكاری كاك یونس گۆران
كریستا ژنە پەرلەمانتار لە زۆر بۆنە و خۆپیشاندانی كوردەكان ئامادەیە , تاكو ئەو باسی ئانراتی لە پارلەمانی هۆڵەندا نەهێنایە ڕۆژەڤەوە , ئەم پیاوە تاوانبارەمان نەناسیبوو , منیش لە ڕێگەی ئەمەوە ناوی ئەو پیاوەم بیست , یەكەم كەس بوو لە مینبەری پارلەمانەوە داوای دادگایی ئانراتی كرد , لێرەوە لە هەواڵی كریستاوە لە پارلەمان ڕاگەیاندنی كوردی باسی ئانراتی هێنایە ناو ڕۆژنامەكانەوە , كە ڕۆژنامەنووس كامەران ئەحمەد سلێمان ڕاپۆرتەكەی كردە كوردی . ئانراتیش لە ڕێگەی چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنیەكانییەوە خۆی خستە داوی دادگاوە و بەڵگەی تاوانباری دا بە دەستەوە .
"پرۆفایل : لە 15-9-1974 لە فریزلاند لە دایك بووە , زانستی سروشتی خوێندووە , 5 ساڵ یاریدەدری پەرلەمان بوو , 5 ساڵیشە ئەندام پەرلەمانە لەسەر لیستی پارتی سۆسیالست . بەرپرسی لیژنەی بەرگرییە لە پارلەمانی هۆڵەندا , هەروەها داد و لە بەشی بیناسازیشە " .
پ : سەبارەت بە دانی چەكی كیمیاوی لە لایەن هەندێك كارخانەی هۆڵەندییەوە , قسە و باسەكان لەمڕۆژانە گەرمن , ئایا لە پارلەمان لێكۆڵنەوە كراوە لەسەر ئەو دۆزە ؟.
وەڵام :نەخێر لێكۆڵینەوە نەكراوە لە پارلەمان , فرانس ڤان ئانرات یەك تاكە كەس بوو دادگایی كرا , پارتی سۆسیالست " ئێس پەی " دەیەوێت ئەوانەی دیكەش بدرێنە دادگا , كەوا بەشدار بوونە لەو تاوانە .
ئەو كاتەی ئانرات دەژیا و كاری دەكرد و كیمیاوی دەدا بە عێراق , كابینەی حكوومەت ئیجرائاتی لە دژی نەكردووە , لە ساڵی 1983 ەوە زانیویانە كەچی فرۆشتنی چەكی كیمیاویان بە عێراق قەدەغە نەكردووە .
لە ساڵانی 1982 و 1983 وەزیرێكی سەر بە پارتی VVD وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بوو , ئاشكرا بوو عێراق دژ بە ئێران چەكی كیمیاوی بەكار دەهێنێت , كەچی نەیویست قەدەغەی بكات , كە وەك پارتی سۆسیالست ئێستا داوا دەكەین , ئەو پارتانە ناهێڵن ئەو شەخسانە بدەینە دادگا . لەم داوایەدا پارتی چەپی سەوز لەگەڵمانە , وەلێ پارتی كار نایەوێت .
لەو كاتە باڵوێزی هۆڵەندا لە عێراق وتی : ئەم چەكانە دژ بە گەلی عێراقی بەكار دەهێنرێت , بۆ زانین لە ساڵی 1982فریس بۆلكستاین وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بوو , كە سەر بە پارتی VVD یە . ئەم پیاوە چووە لای سەدام و تەوقەی لەگەڵدا كرد .
لە ناو عێراقەوە هەواڵ دەهات كە ئەم چەكانە دژ بە گەل و ئێران بەكار دەهێنرێت , كەچی وەزیری ناوبراو سەفقاتی دەكرد بۆ كۆمپانیاكان , ڕاستە هۆڵەندا زیرەكە لە بازرگانی , وەلێ جار جارە لە پێناو قازانج چاو دەنوقێنن . لە ئەبریلی 1984 حكوومەتی هۆڵەندا بڕیار دەدات قەدەغەی ناردنی چەند مادەیەك بكرێت بۆ عێراق . فرانس ڤان ئانرات بۆیە حوكمدرا چونكە دوای ئەو بڕیارە مادەی ناردبوو بۆ عێراق , چونكە پێشتر بڕیاری وا لە ئارادا نەبوو كە ناردنی چەكی كیمیاوی بۆ عێراق قەدەغە بكات .
پێش 3 هەفتە فایلێك ئاشكرا بوو , ناوی كۆمپانیا هۆڵەندییەكانی تێدا هاتووە بە دانپێنانی خودی سەدام حوسێن , كە مادەی كیمیاویان داوە بە عێراق . سەدام یارییەكی ژیرانەی دەكرد , وای نیشان دەدا كە دەیووت : ئێوە من تاوانبار دەكەن بە شتێك كە خۆتان داوتانە پێم , ئەو لیستە لەوانەی هەڵەی تێدا هەبێت , وەلێ دانپێنانی خودی سەدامە .
پ : خودی سەدام , یان دەزگایەكی سەر بە سستەمەكەی ؟.
وەڵام : نازانم , لەوەیا تەئكید نیم . با بێینەوە سەر هۆڵەندا و نەچینە سەر نێونەتەوەیی , مەڵخەمی تاوانباركرا بە ناردنی بڕێكی بچووك دوای ئەو بڕیارە .
پ : چۆن زانرا بڕەكە بچووك بوو ؟ .
وەڵام : دوای ساڵی 1984 یەك وەجبەی دیكەیان ناردووە , وەجبەی تریان نەناردووە , كەی بی ئێس هیچی نەناردووە , بۆیە حوكم نەدرا , ئێستا دەمەوێت باسی شتێكی دیكە بكەم و پێویستیم بە هاوكارییە , ئەویش بەڵگەنامە لەسەر ئەم كۆمپانیایانەی چەكی كیمیاویان ناردووە بۆ عیراق .
پ : یارمەتی چیت دەوێت ؟.
وەڵام : لە عێراق دادگایی دەكرێت , ئەوانەی تۆمەتبارن بە دانی چەك قەول وایە بانگ بكرێن بۆ دادگا ,.
پ : كێ بانگیان دەكات ؟.
وەڵام : دادگا .
ئەوەی من دەمەوێت لە ئەرشیف فاكس و وەرەقە هەیە , پێویستە دادگای ئێراقی زانیاریمان بدەنێ هەرچییەكیان لایە .
پ : ئەوان مامەڵە لەگەڵ دەزگای فەرمییا دەكەن , وزارەت بە نموونە .
وەڵام : با بیان دەنێ , باشە . من لێرە لە ڕێگەی ئەم ڕۆژنامەیەی ئێوەوە داوا لە هەموو لایەك دەكەم كە چی لە ئارشیفیانە , هەر شتێك هەیە تایبەتە بە كۆمپانیا هۆڵەندیەكان بۆمان بنێرن , تاكو ئێمە بتوانین ئەو كۆمپانیایانە حوكم بدەین . ئەو كەسانەی پەیوەندییان بەو كۆنتراكتەكانەوە هەبووە لەو كاتە با بیان دۆزینەوە , كەڵك لە زانیارییەكانیان دەبینین , ئەوانەی ئەو زانیاریانە دەبەخشن حوكم نادرێن .
پ : ئایا پێت وا نییە ئەم كارە پێویستی بە هاوكاری هەموو كورد دەبێت لە هۆڵەندا ؟.
وەڵام : بەڵێ پێویستیم بە هەموو هاوكارییەك هەیە . بەڵام لە ئانرات كە خۆی دانینابوو بە تاوانەكەیدا , ئاسایی بوو بە ئاشكرا كار بكرێت , وەلێ لێرە وا نییە , ناتوانرێت بەو شێوەیە كار بكرێت .
پ : چۆن بیستت ئانرات گەیشتۆتە هۆڵەندا ؟.
وەڵام : لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنەوە , كەناڵی ئەین فەنداخ .
پ : كە زانیت چیت كرد ؟.
وەڵام :پێشتر ناویم بیستبوو , ناوی دەهاتە پێشەوە , كە بینیم هاتە سەر تەلەفزیۆن , یەكسەر دەستمان بە ئیجرائات كرد .
پ : ئەو ئیجرائاتانە چی بوون ؟.
وەڵام : دوای ئەوە یەكسەر هاتم لە پەرلەمان داوام كرد كە ئەم مرۆڤە پێویستە دادگایی بكرێت .
پ : نازانیت بەروارەكەی كەی بوو ؟.
وەڵام : نەخێر نازانم لە یادم نەماوە .
پ : كێ داوای لێت كرد , ئەم هەنگاوە بنێیت ؟.
وەڵام : كەس داوای لێم نەكرد , بۆخۆم كردم . ئەو تاوانبار بوو بە ناردنی چەكی كیمیاوی بۆ عێراق , بەس تێناگەیشتین بۆ مخابەراتی هۆڵەندی دەیان پاراست , هەر ئەمەش بوو وایكرد حكوومەت تاوانبار بكەین . كابینێتی ئەوات نایە ویست هیچ بكات , چونكە دەیووت دۆزەكە كۆن بووە , دۆنەر وەزیر داد بوو لە پارتی سی دی ئای . وەزیری داد دەیووت : كۆن بووە , بەرژەوەندی ئابوورییە , منیش وتم : نابێت ئەوە شتێكی مرۆڤانەیە , خەڵكی كوشتووە , یارمەتی سەدامی داوە , هەموو كات لەسەر ئەوە قسەم دەكرد .
پ : وەك لە دادگا هەموو گوێبیستی بووین بە بەڕێزیشتەوە , كە چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی ئانرات لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی " نێت ڤێرك " بووە سەرچاوەی بە دادگایی گەیاندنی ئانرات , كە فرێد تەیفن بەو كارە هەڵسا ؟.
وەڵام : فرێد تەیفن بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بوو , بەڵگەنامە كۆ بكاتەوە , ئەو لەناو دادگا بوو , داواكاری گشتی بوو . تا لە پارلەمانەوە گڵۆپی سەوز هەڵنەكرایا بۆ دادگاییكردنی ئەو نایتوانی هیچ بكات . دەزانین ئەو كاری زۆری كرد , هەردووكمان ڕۆڵمان هەبوو , ئەمە ڕاستە .
پ : دەتوانین بڵێین حكوومەتی هۆڵەندا خۆی ئانراتی دایە دادگا؟.
وەڵام : حكوومەتی هۆڵەندا دوای ئەوە قایل بوو , كە پارتی سۆسیالست پاڵەپەستۆی زۆری كرد بۆ بە دادگایی گەیاندنی , كەچی ئێستا هۆڵەندا دەڵێت سەیركەن ئێمە چەندە مرۆڤایەتین هاووڵاتی خۆمانمان دادگاییكرد .
پ : ئایا ئێس پەی لە بۆچوونێكی مرۆڤایەتییەوە ئەمەیكرد , یان كەسێك , لایەنێك كاریگەرییان لەسەری دانا بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بنێت ؟.
وەڵام : ئەم هەموو پەیوەندییە باشەی هەمان بوو لە گەڵ كورددا , ئەو هەموو ئازارەی بە كورد گەیشتبوو , وایكرد ئەمكارە بكەین . ئەگەر من وەك پەرلەمانتارێك بزانم ئەم تاوانە كراوە چۆن ئەبێت بێدەنگ بم بەرامبەری , ئەمە باشترین كار بوو بیكەم بۆ كورد , خۆم دەبوایە بمكردایە , بە قسەی كەس و هیچ لایەنێك نەمكردووە . ئێمە وەك پارتێك هەست بەوە ناكەین بۆ پارت كارێك بە قازانجە و باشە ئەوسا بیكەین , بەڵكە ئێمە بۆ مرۆڤایەتی ئەمكارەمان ئەنجامداوە . دەبوایە هەر بمانكردایە , ئەمە باوەڕمانە .
سەیركەن مۆگابی دژ بە گەلەكەی كیمیاوی لە وڵاتەكەی بەكار هێناوە , ئەمە وا دەكات ئیجرائات وەربگرم لە دژی , مەسەلەكە كورد نییە , مەسەلە لێرە مرۆڤایەتییە , ئێستا بیر لەوە دەكەمەوە و پرسیاری ئەوە دەكەم , ئایا كێ كیمیاوی داوە بە مۆگابی ؟ , جارێكی دیكە بەڵگە هەیە كە دەڵاڵی هۆڵەندی داوییەتی , بۆیە بە قسەی هیچ كەس و لایەنێك ئەو كارەم نەكردووە , ئەو كارە لە باوەڕو ویژدانەوە بووە .
پ : ئەی بەرامبەر تاوانبارانی دی , ئەوانەی ڕاستەوخۆ دەستیان لە تاواندا هەبووە ؟.
وەڵام : لێرە سیستەمی ئێف یەك هەیە , بزانن ئەوەی تاوانی كردووە , ئەوە لێكۆڵینەوەی تایبەتی بۆ دەكەن , بە پێی ئەو یاسایە ئەوەی خۆی تاوانبار بێت , ئەوا وەچەكانیشی لە مافی بوون بە هۆڵەندی بێبەری دەبن , ئەمە خراپە , مناڵ نابێت باجی باوكی بدات . لە جەنگی جیهانی دووەم زۆر هۆڵەندی بەشدارییان كرد لە تاوانەكانی هیتلەر , كە باوكەكان حوكمدران ئەوەندە بۆ منداڵەكان بەس بوو ە باوكیان سزا دراوە , ئێستا پێویستە وا بێت , مناڵەكان بۆ دەبێت لە گەڵ باوكیان سزا بدرێن .
لە كۆتاییدا ئێوە دەتوانن زۆر هاوكاریمان بكەن , وەك چۆن لە دادگای ئانرات ئەو فاكسەی هێناتان لەسەر ئەو , كاریگەری زۆری لەسەر حوكمدانەكەی هەبوو , سزاكەی قورستر كرد , ئێستاش پەیداكرنی بەڵگەنامە گرنگە بۆ كارەكان .