سەرەتایەکى سپى … ئیدریس عەلى
ژنێک دەستەکانى
وەک چاى بەیانیان گەرم بوو
لەتوڕەبووندا
هەڵم لەقسەکانى هەڵدەستا
ئێوارانیش کاتێ باى هەوەس
دوگمەى سەرسنگى دەکردەوە
لەحەژمەتا
چۆڕ.. چۆڕ
ئاوى جوانى خۆى هەڵدەڕشتە
نێو ئینجانە ساردەکانى دڵمەوە..
ژنێک شەوانە
لەسەر چرپاى مانا رادەکشێ
وەکو مانگ نور بەواتا دەبەخشێ
وەک پەپولە سەردانى باخچە ئەکاء
ئیدراک لە پشکوتنى گوڵ دەدزێ،
ژنێک بە ستیانێکى پایزییەوە
بەسێ باز دەگاتە لاى شیعرێکم
بەسێ گۆرانى
رێگاکانى تەنهایم پڕ دەکات لەگەڵاى چرپە
بەسێ ئێوارەدا رەد دەبێ
کەدەشگرى
ئێوارە بەخۆرەوە دەباتەوە نێو
ژوورە تاریکەکانى گومان
لەوێ کەهەست بەسەرماو ترس دەکا
هەرلە خۆوە نیشتمان ناو دەنێ ( گوڵە سێو)..
ژنێک خەونى دیبوو
شەونم دەپەڕێنێتەوە ئەوبەر زێ
لەئاوێنەیەکدا خۆى دیبوو
مناڵانى بەفر دەباتەوە ژێر هەتاو.
ژنێک ..تەنها…ء هەمیشە… ژنێک
بەرلەوەى خۆرى جەستەم
پاسارییە سپیەکانى خەیاڵى بکوژێت
بەهەناسەى شیعرەکانى دەیکوشتم
منى دەکوشتء خۆى
هۆن هۆن پێدەکەنى
دەیکوشتمء نمە نمە گۆرانى دەگوت
دەیکوشتمء بەخۆرئاواى جەستەما ئەیڕوانى
برینێکى ئەبینى
چون خۆى شیرین
مێرولەى لەزەتى بەرئەدایە گیانمەوە.
ژنێک تانء پۆ بارانى دەناسى
لەپەلکە زێڕینەى پرچیەوە
دلۆپە رەنگ فیچقەى دەکرد
شاخ بە شاخ دەگەڕا
باخ بە باخ یادگارى لێدەڕژا
منیشى پڕدەکرد لە بیرەوەرى شپرزە
وەک کۆترێکى رۆح تەزیو دەیڕفاندم
وەک لقێکى داڕزیو دەیشکاندم
ئیتر من دەبوومە ئەستێرەیەکى تەنیاء
لەچەقى ئاسماندا سەوز دەبووم
دەیبردمە نێو باخچە
سپى سپى رایدەکرد
لەپڕا دەکەوتء سێ دڕک لەپەنجەى دەچەقین
من دەمووت:
تەماشاى دڵمکە لەسەد لاى ژیانەوە ئێشاوە
پێمدەوت:
بەو خوایە من دڵم
لەسەد لاى عەشقەوە شکاوە.
تێبینى:
ئەگەرچیى ئەم شیعرە دەمێک ساڵە نووسراوەو بەرهەمى سەرەتاییمە، بەڵام ترسء شەرم لەبلاوکردنەوە نەیهێشت دنیاى روناکى خوێندنەوە ببینێ.. ئێستاش وەک رێزێک بۆ هەوڵە بەراییەکانم.. لێرەدا شانسى بڵاوکردنەوەى دەدەمێ.