
هونه‌ری وه‌رگێڕان و سکانداڵی ئه‌دای کوردی له دادگای تاوانه‌کاندا
هونه‌ری وه‌رگێڕان و سکانداڵی ئه‌دای کوردی له دادگای تاوانه‌کاندا
د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان/ سیدنی
selah.germian@yahoo.com.au
له زوربه‌ی وڵاتانی جیهان بایه‌خ و گرنگێتی به‌رچاو ئه‌درێته کاری وه‌رگێران به هه‌ردوو شێوه‌که‌ی: وه‌گێرانی زاره‌کی Interpretation و وه‌رگێرانی نوسراو Translation، بۆیه داموده‌زگای په‌یوه‌ندیدار به کاری وه‌رگێڕان و سه‌ندیکای تایبه‌ت به وه‌رگێڕه‌کان دامه‌زراون بۆ ڕێکخستنی کار و دانانی چوارچێوه‌ی گونجاو و رێنمایی تایبه‌ت بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاری وه‌رگێڕان. ئه‌مه‌و بێجگه له کۆلێج و په‌یمانگای تایبه‌ت به فێرکردنی هونه‌ری وه‌رگێڕان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ش جهختئهکهن له‌سه‌ر پێویستی پابه‌ند بوون به ڕێساکانی کاری پرۆفێشناڵ له‌و بواره‌دا.
ئاخاوتن به دوو زمان به‌س نیه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ کاری وه‌رگێڕان ڕاپه‌ڕێنێت، هه‌رچه‌نده کارامه و شاره‌زا بێت به ڕێزمان و تایبه‌تمه‌ندێکانی هه‌ردوو زمان. وه‌ک هه‌موو بوارێکی پیشه‌یی تر کۆمه‌ڵێک بنه‌مای تایبه‌ت دیاری کراون بۆ چۆنیتی ڕاپه‌ڕاندنی کاری وه‌رگێڕان، پێویسته وه‌رگێڕ ڕه‌چاویان بکات. سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی یاسا و ڕێسای نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به بواری وه‌رگێڕانه‌وه که دارێژراوه له گه‌ڵ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگێڕی کۆنفرانسه‌کان AIIC له ساڵی 1953 له پاریس. هه‌ر وڵاتێکیش ده‌ستوری ناوخۆیی تایبه‌تی به کاری وه‌رگێڕان داڕشتووه به پێی بارودۆخی ئه‌و ووڵاته و هه‌روه‌ها به پێی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و بوارانه‌ی که وه‌رگێره‌کان کارییان پێئه‌سپێردرێت وه‌ک بواری ته‌ندروستی و بواری یاسا و بواری په‌روه‌ده، به ئامانجی رێکخستنی کار و په‌یڕه‌وکردنی بنه‌مای ستاندارد له وه‌رگێڕاندا، که به ناوی هێماکانی هه‌ڵسوکه‌وتی پیشه‌ییCodes of Professional Ethics داڕێژراوهن.
زۆربه‌ی ئه‌و یاسا و ڕێسانه کۆکن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بنه‌مای ستانداری هاوبه‌ش له نێوانیاندا که پێویسته ڕه‌چاو بکرین له کاری وه‌رگێڕاندا و وه‌رگێڕه‌کان له‌سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌و بنه‌مایانه پێویسته به شێوه‌یه‌کی پرۆفێشناڵ کاره‌کانیان ئه‌نجام بده‌ن و خۆیان دوور ڕاگرن له کاری ناشیاو و دانبنێن به هه‌ڵه و ناتوانایی ئه‌نجامدانی کاری ڕاسپێردراو به شیوه‌یه‌کی گونجاو. توانا و لێهاتویی Competence و وردی له کار ڕاپه‌ڕاندن Accuracy دوو لایه‌نی گرنگن که هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه کۆکن له‌سه‌ریان، بۆیه پێویسته وه‌رگێڕ ته‌نیا به‌و کاره هه‌ڵسێت که له توانایدایه ڕایپه‌ڕێنێت به‌وردی و ڕێکوپێکی و به ڕاشکاویش ده‌ریبڕێت گه‌ر له توانایدا نه‌بوو ئه‌و کاره ئه‌نجام بدات.
ئه‌وه‌ی بینیمان له یه‌که‌م دانیشتنی دادگای باڵای تاوانه‌کان سه‌باره‌ت به دادگایکردنی تاوانبارانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، بووه بایزی توڕه‌یی و بێزاری و نه‌فره‌تکردن زۆرینه‌ی چاودێران و خه‌مخۆران کهسهکاری قوربانیان به‌رانبه‌ر به‌وانه‌ی به‌رپرسن له ئاماده‌کاری پێداویستێکانی دادگا به‌تایبه‌ت ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و وه‌رگێڕه‌ی که له نێوان سکاڵاکه‌ران له‌لایه‌ک و سه‌رۆکی دادگا و داواکاری گشتی و پارێزه‌ران له‌لایه‌کی تره‌وه، کاری وه‌رگێڕانی پێ سپێردرابوو، که که‌سێکی ناشیاو ئه‌وپه‌ڕی ناشاره‌زایی و بێتوانایی نیشاندا، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی کاردانه‌وه‌ی زۆر نیگه‌تیڤی هه‌بوو له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی دادگا و به به‌رژه‌وه‌ندی تاوانباراندا ئه‌که‌وته‌وه.
پێستریش له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی دادگایکردنی سه‌رانی ڕژێمی به‌عس له‌سه‌ر تاوانه‌کانی ئه‌نفال، هه‌موو ئاگاداری ئه‌وه بوین چۆن لاوازی ئه‌دای کورد به زه‌قی ده‌رکه‌وت، بگره له ئه‌دای سه‌روکی دادگاوه له سه‌ره‌تای به‌ستنی دانیشتنه‌کان تا ئه‌گاته ئه‌دای پارێزه‌رانی کورد و له هه‌مووشیان لاوازتر و بگره شه‌رمهێنه‌رتر کاری وه‌رگێران بوو. زۆر له‌و باره‌یه‌وه نووسرا و قسه‌ی له‌سه‌ر کرا و ڕه‌خنه‌ی تووند ئاڕاسته‌ی به‌رپرسانی دادگا و لایه‌نه سیاسێکان کرا. به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه و لاوازییانه دوباره نه‌کرێنه‌وه، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه و مایه‌ی گومانلێکردنه، نه‌ک هه‌ر که‌ڵک له‌و ئه‌زموونه تاڵه وه‌رنه‌گیرا، به‌ڵکو به‌رپرسانی داموده‌زگا حکومهتێکان و حیزبه سیاسیه ده‌سه‌لاتداره‌کانی کوردستان که‌مته‌رخه‌می و خۆگێلکردن و لاوازی ئه‌دای خۆیان دوپات کرده‌وه به شێوه‌یه‌کی خراپتر له جاران له دادگایکردنی تاوانبارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا.
له کاتێکدا ئه‌بینین که کارێک په‌یوه‌ندی به ژیان و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رپرسان و لایه‌نی حیزبیه‌وه هه‌بێت، هه‌موو توانایه‌کی بۆ ئه‌خرێته گڕ و بگره پسپۆر و ڕاوێژکاری ناودار له وڵاتانی جیهانه بانگهێشت ئه‌کرێن و هه‌موو پیویستییه‌کی بۆ ته‌رخان ئه‌کرێت. به‌ڵام له هه‌لێکی مێژوویی که ڕه‌خساوه بۆ که‌یسێکی چاره‌نوسسازی وه‌کو ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه، به‌وپه‌ڕی بێبایه‌خیه‌وه چاوی لێئه‌کرێت و هه‌رچه‌نده له میدیاکانیاندا به مه‌به‌ستی چه‌واشه‌کاری و شیواندنی ڕاستێکان به کروزانه‌وه و هاتوهوریای بێ هوده، په‌رۆشی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنیان ئه‌خه‌نه به‌رچاوی خه‌ڵکی کوردستان، وه‌لێ له‌پراکتیکدا ئه‌وه‌یان لێئه‌که‌وێته‌وه که له دادگادا ئه‌یبینین. پرسێار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا ده‌سه‌ڵاتێک خۆی به به‌رپرسیار بزانێت به‌رامبه‌ر به گه‌لێکی ئه‌نفالکراو و قوربانی چه‌کی کیمیاوی، ئه‌کرێت له توانایدا نه‌بێت که‌سێکی شیاو و لیهاتو و پرۆفیشناڵ په‌یدا بکات بۆ که‌یسێکی هه‌ستیاری وا؟ تۆ بڵێ له ناو گه‌لی کوردا که‌سی وا په‌یدا نه‌بێت؟ تۆ بڵێی هیچ لایه‌ک له‌و هه‌موو وه‌زاره‌ت و دام‌و ده‌زگا په‌یوه‌ندیدارانه د‌رکی به تایبه‌تمه‌ندێکانی وه‌رگێڕی دادگای که‌یسێکی وه‌ک هه‌ڵه‌بجه و گرنگی کاری وه‌گێڕان له دادگاکردنێکی له‌و شێوه‌یه‌دا نه‌کردبێت؟ تۆ بڵێی گه‌نده‌ڵی له‌مه‌شدا ڕۆڵی ڕه‌شی خۆی بینیبێت و کاکی وه‌رگێڕ به‌هۆی پله‌ی حیزبایه‌تی یان خزمایه‌تی به‌رپرسێکه‌وه ئه‌و پۆسته‌ی پێدرابێت؟ ئه‌ی ئه‌کرێت له وڵاتێک‌دا حکومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌بێت لایه‌نێکی تایبه‌تمه‌ند نه‌بێت بۆ ڕێکخستنی کاری وه‌رگێڕان به پێی یاسا‌و ڕێسای تایبه‌ت؟
گریمان ئه‌وانه هیچیان ڕاست نین، ئه‌ی له خۆگێلکردن و بێبایهخیدان به کێشه چاره‌نوسسازه‌کان و قوربانیدانی خه‌ڵکی کوردستان و گاڵته‌کردن به ئازاره‌کانیان به‌ولاوه هیچ ته‌فسیرێکی تری بۆ هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه چی ده‌سه‌ڵاتێکه به‌و ئه‌دایه‌وه ڕووبه‌ڕوی که‌یسێکی وا هه‌ستیار ئه‌بێته‌وه. خه‌ڵکی کوردستان ئه‌بێت چاوه‌ڕوانی چی بن و چی ئومێدێکیان به ڕوژانی داهاتوو هه‌بێت له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی وادا؟
23/12/2008
:: ئه‌م بابه‌ته له هه‌مانکاتدا نێردراوه بۆ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه.