جه‌لال ده‌باغ….وه‌ڵامێک بۆ وتاره‌که‌ی د. ره‌فیق سابیر …
به‌شی یه‌که‌م:
وه‌ڵامێک بۆ وتاره‌که‌ی د. ره‌فیق سابیر به‌سه‌ردێڕی:
(چه‌پی کوردستانی ره‌نگدانه‌وه‌ی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی وکۆمه‌ڵایه‌تی بو)گۆڤاری رۆژه‌ڤ که‌نوسراوه" گۆڤارێکی سیاسی، کۆمهڵایهتیو کلتورییه‌و له تاران ده‌رده‌چێت،"وبه داخه‌وه تابڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی د. ره‌فیق سابیر ناوی ئه‌م گۆڤاره‌م نه‌بیستووه، " له ژماره‌ی (3و 5)ی ساڵی 1386دا دۆسێیه‌کی تایبه‌تی به‌ناوی (کورد‌و بیری چه‌پ) بڵاوکردۆته‌وه،" نازانم بۆچی ژماره چوار بواردراوه؟! "له‌و دۆسێیه‌دا چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک روناکبیری کورد‌و ئێرانی‌دا به‌خۆگرتوه،" که لێره‌دا چاوپێککه‌وتن له‌گه‌ڵ د. ره‌فیق سابیردا بڵا کراوه‌ته‌وه‌و " سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی" ناوێک ئه‌مه‌ی ئاماده‌کردووه.
ئه‌م دیداره له ماڵپه‌ڕی (سبه‌ی)یشدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و، به پێویستمزانی لێی بێده‌نگ نه‌بم.
د. ره‌فیق سابیر چه‌ندان ساڵ له حزبی شیوعیدا هاوڕێیه‌کی نزیکم بوه‌و، پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرینه‌و، جگه له‌وه تا ئێستاش هاوڕێ و براده‌رێکی نزیکین. وه‌ک ناسراویشه شاعیرێکی داهێنه‌رو نوێخوازه‌و دڵیشی ناسکه، هیوادارم به‌م وه‌ڵامه‌م دڵگیرو زویر نه‌بێ و، خۆشی چاک ده‌زانێت که گه‌یشتنه راستی به دیالۆگ و وتووێژ ده‌بێ. منیش وامدانهناوه که بۆچوونه‌کانم که‌م و کورتی و ناته‌واویان نه‌بێ.
پێشه‌کی ده‌مه‌وێ بڵێم پێموایه هه‌ندێ له پرسیاره‌کان سه‌قه‌تن و به‌مه‌به‌ستی ئه‌و وه‌ڵامانه داڕێژرارن و ئه‌مه‌ش مایه‌ی سه‌رنجه.
پرسیاری یه‌که‌می ئه‌مه‌یه:
وه‌ک زۆر شتی تر بیری چه‌پیش به‌شێوه‌یه‌کی ئۆرجیناڵ نه‌گه‌یشتوه‌ته کورد، واتا له رێگه‌ی عه‌ره‌به‌کان یان فارس یاخود تورکه‌کانه‌وه به کورد گه‌یشتوه، ئایا هه‌ر ئه‌میش هۆکارێک نییه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌پی کورد هه‌میشه له‌ژێر چه‌تری ئه‌وانی تردا بێت‌و نه‌توانێت وه‌ک ته‌ڤگه‌رێکی سه‌ربه‌خۆی کاربکات؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا نوسه‌ر وایداناوه"کلتوریی کورد راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ کلتوری نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستان بوه، نه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا" هه‌روا " هه‌ر له رێی ئه‌وانیشه‌وه دیارده‌ی نوێی فیکری، فهلسهفیو ئایدۆلۆژی گه‌یشتونه‌ته کوردستان"،" زمانی ئه‌و نه‌ته‌وانه هه‌ریه‌که‌یان له به‌شێکی کوردستاندا، له‌لایه‌که‌وه هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیای کۆلۆنیالیی ناسیۆنالیزمی عهرهبو فارس‌و تورک‌و جیهانبینیو به‌ها کلتورییه‌کانی ئه‌وان بون، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌ک بون که به‌هۆیانه‌وه روناکیی بیری ئازادیخوازنه‌ی نێو ئه‌و نه‌ته‌وه سه‌رده‌ستانه و بیری چهپو مارکسیستیو بیر‌و کڵتوری ئه‌وروپایی به گشتی گه‌یشتونه‌ته کوردستان، به‌ڵام زمان ته‌نها ئامرازی گه‌یاندنی زانین‌و گه‌یاندنی زانیاریی نییه، به‌ڵکو سیستمێکی بیرکردنه‌وه‌یشه، یان هه‌ر زمانێک سیستمێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه که کاری خۆی له بیر‌و شێوه بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه ده‌کات که به‌و زمانه زانیاریی وهردهگرنو بیرده‌که‌نه‌وه"!.
ئا به‌م خوێندنه‌وه‌یه نوسه‌ر خۆی توشی چهندههڵهیهک کردوه: زمان ته‌نیا هه‌ڵگری "ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیی ناسیۆنالیزمی عهرهبو فارس‌و تورک‌و جیهانبینیو به‌ها کلتورییه‌کانی ئه‌وان" نیه، وه‌ک نووسه‌ر ده‌ڵێ،ئایدۆلۆژیا‌و به‌ڵکو زمان هه‌ڵگری جیهانبینیو به‌ها کلتورییه‌کانی چینی کرێکار‌و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و زهحمهتکێشانیشه. به‌زمان ده‌کاریت هه‌ر کوڵتورو بیروباوه‌ڕێک بته‌وێ بنوسیت یان بپه‌یڤیت یان بگوێزیته‌وه. جا ئه‌گه‌ر مارکسیزم به هه‌ر زمانێک بۆ عیراق و کوردستان گوێزرابێته‌وه، که بێگومان ده‌گاته جێ، خۆ بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانیتریش هه‌روابوه، بۆ عه‌ره‌بی و کوردی و تورکی و فارسیش هه‌روایه. به‌ده‌یان زمان هه‌ن که له‌رێگه‌ی زمانی دوه‌م و ته‌نانه‌ت سێیه‌م و چواره‌میشه‌وه کوڵتورو ئایدۆلۆژیایان بۆ گوێزراونه‌ته‌وه. هه‌روا به‌شێکیش له ئینگلیزی و ئه‌لمانیه‌وه گوێزراونه‌ته‌وه. راسته زمان سیسته‌می بیرکردنه‌وه‌یشه، به‌ڵام رۆشنبیر یان زانایه‌کی کورد به‌زمانی کوردی یان زمانێکی‌تر که باش شاره‌زای بێت بیربکاته‌وه خراپیه‌که‌ی چیه. گرنگ ئه‌وه‌یه باش بیربکاته‌وه. ئه‌گه‌رچی باشتریشه به زمانی دایک بیربکاته‌وه که بۆ کوردان زمانی شیرینی کوردیه.
کاک ره‌فیق له دووتۆی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێت” چه‌پی کورد (که لێره قسه له چه‌پی مارکسی/ لینینییه)، وه‌ک ته‌ڤگه‌رێک هه‌میشه وابه‌سته‌و پاشکۆی چه‌پی ئه‌و نه‌ته‌وانه بوه".!
هه‌رکه‌سێک سه‌رنجی مێژوی چه‌پی مارکسی ـ لێنینی بدات ده‌زانێت ئه‌م بۆچوونه وردنیه، باشه له‌به‌رچی ده‌بێ چه‌پێ نه‌ته‌وه‌کانی تر وا بێ بایه‌خ ته‌ماشابکات؟ و بۆنمونه که‌ی له خه‌باتی شیوعیه‌کانی عیراقدا"وابه‌سته‌و پاشکۆیه‌تی" به‌مانای وشه‌که، وه‌ک دیارده هه‌بووه ؟ ئه‌گه‌ر نووسه‌ر خۆی له راستیه‌کان لانه‌دات ده‌زانێت که بیروباوه‌ڕی نێونه‌ته‌وه‌یی کاریگه‌ری هه‌بووه نه‌ک "وابه‌سته‌یی و پاشکۆیی". بۆ ئه‌وه‌ش بیروباوه‌ڕی نێونه‌ته‌وه‌یی به هه‌ڵه لێکنه‌درێته‌وه ده‌ڵێم: به بیروڕای مارکسیه ـ لێنینیهکان نیشتیمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریی راست و دروست و نێونه‌ته‌وه‌یی دو دیوی یه‌ک دراون و لێک جودا ناکرێنه‌وه.
له‌وه‌ش زیاتر نووسه‌ر ده‌ڵێت: " له‌مه‌یش ترسناکتر ئه‌وه بوه که زۆرینه‌ی چه‌پی کورد به عه‌قڵی ئادیۆلۆجیستانی چه‌پی ئه‌و نه‌ته‌وه سه‌رده‌ستانه بیریان کردوه‌ته‌وه‌و جیهانبینیی ئه‌وانیان هێناوه‌ته‌وه به‌رهه‌م"!! لێره‌دا چه‌واشه‌بوون له‌وه‌وه هه‌ڵقوڵاوه که نووسه‌ر باسی نه‌کردوه له چه‌پ چۆن تێده‌گات. دیاره ده‌بێ لێتێگهیشتنهکهشی ناتهواوبێ. چه‌پ به‌مانای چه‌پ، له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌و زمانێک بێت له بۆچوونه سه‌ره‌کیه‌کاندا هاوبیرن، له‌هه‌موو بوارێک‌دا خاوه‌نی به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رێبازێکی دیاری کراون، به‌پێی هه‌ل و مه‌رجی وڵاتی خۆیان. ئیتر بۆچی ده‌بێ لای نووسه‌ر "چه‌پی کورد به ئه‌قڵی خۆیان بیریان نه‌کردبێته‌وه‌و به‌ئه‌قڵی ئایدیۆلۆجیستانی ئه‌و نه‌ته‌وانه "! بیریان کردبێته‌وه؟ بۆچی "جیهانبینی ئه‌وانیان هێناوه‌ته به‌رهه‌م"؟
جیهانبینی چه‌په‌کان له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌و وڵاتێکبن یه‌ک جیهانبینیه، زانستانه‌یه، مارکسی و لێنینیه، پێشکهوتنخوازانهیهو دیالێکتیکیانهیه نه‌ک مێتافیزیکیانه، هه‌ڵوێسته به‌رانبه‌ر سروشت و گه‌ردوون و په‌ره‌گرتن و شته‌کان، به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی کامیان یه‌که‌م و له‌پێشه ماده یان روح ..تاد. به پێچه‌وانه‌ی دنیابینی به‌ره‌ی راست وهه‌ندێک لایه‌نی ناسیۆنالیسته کۆنه‌په‌رسته‌کانه، که دنیابینیه‌کی ئایدیالیستانه‌ی نازانستانه‌یه. نووسه‌ر ده‌ڵێ"بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه نه‌بێته تومه‌تێک" که به‌بڕوای من تومهتێکه ئاو لێڵ ناکات، پاساوێک دێنێته‌وه که زۆر له تۆژێنه‌وه‌ی زانستانهوهو له راستیه‌وه دووره که به‌ڕای خۆی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه روونده‌کاته‌وه ده‌ڵێ: " ئایدۆلۆژیای چه‌پ له سه‌رده‌مێکدا له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی نێویندا بڵاوبوه‌وه که گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه له خه‌باتێکی توندی رزگاریخوازانه‌دا بون له‌دژی کۆلۆنیالیزمی بهریتانیو فه‌ره‌نسایی، که ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا گرتبو، یان راسته‌وخۆ ره‌وشی سیاسی‌و ئابوریی ئه‌و وڵاتانه‌یان دیاری ده‌کرد، بۆیه ئه‌م ئایدۆلۆژیایه له‌و وڵاتانه‌دا له ناوه‌رۆکدا به‌شێک بو له ئایدۆلۆژی چه‌پی کورد‌و ته‌ڤگه‌ره‌که‌ی به‌شێک بون له چه‌پی سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه"! باشه ئه‌مه ئاوێنه‌ی ئه‌و واقیعه نیه که ههربهدهستی ئه‌و ئیمپێریالیزمه ئه‌م کوردستانه به چواربهشهوه دابه‌شکراوه؟ مێژو نه‌یسه‌لماند که خه‌باتی سه‌رانسه‌ری باشترین رێگای رزگاربوونه له‌و کۆلۆنیالیزمانه؟، ئایا دابه‌شکردنه‌که‌ی کوردستان، به‌بێ خواستی شیوعیه‌کان و چه‌په‌کان نه‌بوه که باری سیاسی، ئابوری، کوڵتوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و..تاد. جیاوازبهسهر هه‌ر به‌شێک له‌به‌شه‌کانی کوردستاندا سه‌پێندراون، کهههردهبێ له‌و هه‌ل و مه‌رج و بار‌و دۆخه‌دا و له‌گه‌ڵ چه‌په‌کانی ئه‌و گه‌لانه له دژی ده‌سه‌ڵاتداری فێئوداڵ و بۆرژوای ئهوگهلانه به مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی پێشکه‌وتوانه خه‌بات بکه‌ن؟. ئیتر بۆچی "له‌ڕوی ئایدیۆلۆژی‌و سیاسی‌و رێکخستنه‌وه سه‌ربه‌خۆ نه‌بون"؟ که‌ی نۆرم و بنکه‌و رێوشوێنه‌کانی مارکسی ـ لێنینی له ژیانی ناوخۆیی حزبه چه‌په‌کاندا ئه‌مه په‌سند ده‌که‌ن؟.
لێره‌دا بۆمان هه‌یه له نووسه‌ر بپرسین: ئاخۆ له هه‌ر حزب و کۆمه‌ڵێکی نیشتیمانی و دیموکراسی و نهتهوهپهروهریشدا لاباڵی چه‌پ نیه؟ نووسه‌ر شاره‌زایانه ده‌یه‌وێ وشه‌ی راست و ره‌وا به مه‌به‌ست و ئه‌نجامگیریی چه‌وت و ناڕه‌وا به‌کاربێنێت و بگاته ئه‌نجامی لنگه‌وقووچ هه‌ڵواسراو. بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه فه‌رموون ببینن چی ده‌ڵێت: " چه‌پی کوردستانی، به بۆچونی من فێنۆمێنێکی فیکری‌و سیاسیی نوێ بو که ره‌نگدانه‌وه‌ی سته‌می نهتهوهییو کۆمه‌ڵایه‌تی بو، هه‌روه‌ها به‌رهه‌می ئه‌و ناکۆکییه بو که له‌نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان‌و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی سهردهستو داگیرکه‌ردا هه‌بو، ئه‌م ناکۆکییه رێگری هه‌رجۆره پێشکه‌وتنێکی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و کلتوریی کۆمه‌ڵی کوردستانه. ده‌رکه‌وتنی ئه‌م دیارده‌یه له‌و نسکۆ‌و تێکشکانه جیاناکرێته‌وه که بزاڤی کورد له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردودا تێیکه‌وت" تا ئێره‌ی که‌مێک راستی تێدایه ، به‌ڵام بفه‌رموون لێره به‌دواوه چی ده‌ڵێ: " هه‌روا به‌لای زۆره‌وه ئه‌نجامی سیاسه‌تی چه‌وتی حیزبه چه‌په سه‌رتاسه‌رییه‌کانی عێراق‌و ئێران‌و تورکیا بیئومێدبون بو له سیاسه‌تی سۆڤیه‌ت به‌رامبه‌ر کورد، ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌مه بوبێت که چه‌پی سه‌ربه‌خۆی کورد سه‌ره‌تا وه‌ک چه‌پی ماویستی ده‌رکه‌وت، به‌تایبه‌تی که ماویزم ئاوێته‌بونێکی سه‌رنجڕاکێشی مارکسیزمه له‌گه‌ڵ خه‌باتی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی چیندا. به‌ڵام ئاخۆ چه‌پی کورد تا چه‌ند له گوتاری ئایینی که‌ڵکی وه‌رگرتوه، ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌کی نیسبییه، چونکه هه‌ندێک لاباڵی چه‌پی کۆنی کورد، به‌تایبه‌تی له عێراقدا، بونه‌ته چه‌پێکی شهکهتو پشتیان له پره‌نسیپه‌کانی خۆیان کردوه، حیزبه‌که‌شیان بوه‌ته حیزبی موناسه‌بات، بۆیه ئه‌گه‌ر پێویست بێت ره‌نگه ریشی ئیسلامییانه بهردهنهوهو مه‌ندیلیش له‌سه‌ر نێن،"!!
جا ئایا ئه‌مه تێکه‌ڵ و پێکهڵێکی فیکریه، یان تۆژینه‌وه‌ی زانستی؟ به خۆشی وه‌ڵامی هه‌ندێ له بۆچوونه چه‌وته‌کانی خۆی ده‌داته‌وه. سه‌قه‌ت له ماویزمیش گه‌یشتووه، وه‌ک ته‌نیا بۆ گه‌لی چین بێت، بیئومێدبون له سیاسه‌تی سۆڤیه‌ت چه‌پی کوردی به‌ره‌و ماویستی بردبێت! پاشان سیاسه‌تی سۆڤیه‌ت به‌رانبه‌ر به کورد بۆ ده‌بێ هه‌مووی هه‌ر هه‌ڵه‌بێت؟ راستیان گوتووه سه‌رکه‌وتووه‌کان چۆنیان بوێ وا مێژو ده‌نووسنه‌وه. ئێستاش سۆڤیه‌ت وه‌ک تاقیکردنه‌وه یا ئه‌زمونێک نه‌ماوه، ئیتر به لۆژیکی چه‌واشه هه‌موو شتێکی خراپ بووه!. توێژه‌ره‌وه‌ی به‌ڕێز ئه‌گه‌رچی به تاقه وشه‌یه‌ک خۆی نه‌داوه له باسی (بۆرژوا)، ده‌یه‌وێ گشت ههڵهوپهڵهو شه‌رمه‌زاریه‌کانی بۆرژوای کورد له‌رووی چه‌پ و کۆمونیسته هه‌ژارو کرێکار‌و وه‌رزێرو زه‌حمه‌تکێشه‌کانی کوردستان هه‌ڵسوێ، که به هه‌زاران قوربانیان له پێناوو له ریزی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌یاندا به‌خت کردووه. ئێمه‌ی شیوعیه‌کانی کوردستان یه‌کێک له گیروگرفته‌کانمان ئه‌وه‌بوه که هێزه نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ره‌کانی کورد هه‌ندێجار دوای چه‌ند ساڵێک لێمان تێگه‌یشتوون. گوێیان له سیاسه‌تی راستی ئێمه نه‌گرتوه‌و زیانی گه‌وره‌یان له‌خۆیان و ئێمه‌و گهلهکشمان داوه‌و، نامه‌وێ برینی کۆن بکولێنمه‌وه، به‌ڵام رێگه‌م بده‌ن ته‌نیا یه‌ک نمونه بڵێم، ئه‌و کاته‌ی سه‌لام عادل بانگه‌وازی کرد هه‌موو ده‌ست بده‌نه چه‌ک له‌دژی کوده‌تای فاشیستی 8ی شوباتی63، نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانی کورد شه‌ڕیان رانه‌گرت و به کودهتاگێڕانیان گوت" شۆڕشه سپیهکهمان، به شۆڕشه سپیه‌که‌تان گه‌یشت ـ إلتقت پورتنا البیچا‌و بپورتکم البیچا‌و"! ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی ئه‌زمونی به‌نرخی گه‌لی کوردستانه‌و مه‌رجه ده‌رس و په‌ندی لێوه‌ربگیرێت، برای توێژه‌ره‌وه ده‌یه‌وێ چروکی وکه‌م وکورتی وهه‌ڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانی کوردیش به‌سه‌ر چه‌پ و کۆمونیستهکاندا بلکێنێ، ده‌بوو وه‌ک توێژه‌ره‌وه‌یه‌ک به‌دوای ئه‌و نامه‌و یاداشتانه‌دا بگه‌ڕێ که به‌درێژایی ساڵانی شۆڕشی ئه‌یلول و دواتریش دراونه‌ته سه‌رکردایه‌تی بزاڤی رزگاریخوازیی کورد له‌و قۆناغانه‌دا، تا هه‌ڵه‌کانی ئه‌وان به‌سه‌ر حزبی ئێمه‌و چه‌په‌کاندا نهلکێنێ و بزانێ ئه‌گه‌ر گوێ له شیوعیه‌کان و چه‌په‌کان بگیرابایه نه شۆڕشه‌که‌ی ئه‌یلول ئه‌و شکستیه گه‌وره‌یه‌ی توشدهبو، نه‌ئه‌و هه‌موو خوێن و فرمێسکهش له‌به‌ر گه‌له‌که‌مان ده‌ڕۆیشت. ره‌نگه که باسی هه‌ڵه‌کانی چه‌پ و شیوعیه‌کان ده‌کات وابزانێ هه‌نگی له دارا دۆزیوه‌ته‌وه. له دوور‌و نزیکه‌وه ئه‌وه ناگرێته به‌رچاو که حزبی ئێمه له پێش هه‌موو که‌سێکدا، چ دۆست و نه‌یار یان دوژمن، هه‌ڵه‌کانی خۆی ده‌رخستووه، له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که حزبی شۆرشگێڕی راسته‌قینه هه‌ڵه‌کانی خۆی له جه‌ماوه‌ر ناشارێته‌وه، بۆیه چوار هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیارداوه‌و له‌و بهڵگهنامانهیدا به گیانێکی ره‌خنه‌گرانه هه‌ڵه‌کانی خۆی دهرخستون و راستکردونهتهوه که نووسه‌ر له‌دوورو نزیکه‌وه به‌لایاندا ناچێت. ئه‌وه‌ش له حزبه‌که‌مان و چه‌پ ده‌کاته خه‌وشێکی گه‌وره که رێزی ئاینی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری گه‌له‌که‌مان که ئیسلامه ده‌گرێت و هه‌روا رێزی گشت ئاینه‌کان ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ ئیمانداراندا دهستناداته یه‌خه‌ی یه‌کتر. به‌ڵکو حزبی شیوعی عیراق و سودان به‌وه ناوبانگیان ده‌رکردوه که ده‌زانن چۆن له‌ناو ئیماندارهکاندا کاربکه‌ن.
پاشان له‌سه‌ری ده‌ڕوات و ده‌ڵێ: "ده‌رکه‌وت، چه‌پی کورد که له روی ئایدیۆلۆژی‌و رێکخراوه‌ییه‌وه وابه‌سته‌ی چه‌پی عهرهبو تورک‌و فارس بو، دوای ئه‌و وه‌همه که‌وت که پێیوابو به رزگاربونی ئه‌و وڵاتانه له کۆلۆنیالیزم‌و حکومه‌ته ئیستیبداییهکان، گه‌له‌کانیان (به کوردیشه‌وه) رزگار ده‌بن، به‌ڵام دوای رزگاربونی هه‌ندێک له‌و وڵاتانه له کۆلۆنیالیزم، ده‌رکه‌وت ئه‌م بۆچونه (بۆ گه‌لی کوردستان) له خورافه زیاتر نه‌بو، چونکه له‌کاتێکدا گه‌لی کورد (بۆ نمونه له عێراقدا) له کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی ده‌ربازبو، روبه‌ڕوی دوژمنێکی دڕنده‌ترو داگیرکه‌رێکی ترسناکتربوهوه که ناسیۆنالیزمی عهرهبوبهعس بو"!
پێده‌چی ئه‌و وه‌همه لای نووسه‌رو هاوبیرانی هه‌بووبێت، به ههڵداچوه ئه‌گه‌ر وای چاوه‌ڕوان کردبێت دوای رزگاربوون له ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و بۆرژوا رزگاری و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی له‌سه‌ر سینیه‌کی زێڕ ده‌خه‌نه به‌رده‌م گه‌لی کورد‌و کوردستان. چه‌پ وحزبهکانیان هه‌روا رۆشنبیرییان بڵاوده‌کرده‌وه که له‌و رۆژه‌دا به‌ره‌ی خه‌بات دژی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم به‌رفراوانه‌و، هه‌موان ده‌گرێته‌وه‌و ناکۆکیی سه‌ره‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌و، پاش رزگاربوون له‌وان تابلۆکه دێته گۆڕین و ناکۆکیی سه‌ره‌کی و دوژمنانه ده‌که‌وێته‌وه نێوان بۆرژوای مشه‌خۆرو شۆڤینیسته‌کان له‌لایه‌ک و چینی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشان له‌لایه‌کیتره‌وه. له‌راستیشدا وابوو. ئینجا ده‌ڵێ: " به کورتی چه‌پی کورد هه‌ڵگری ئه‌و ئایدیۆلۆژیا چه‌په بو که له‌گه‌ڵ کلتورو دۆخی سیاسیی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستاندا (نه‌ک کورددا)، ئاوێته بوبو، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌بات بۆ عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستان‌و مافی نهتهوهییو کلتوی‌و ئازادیی زمانه‌که‌ی بکات، کوێرانه بو به پاشکۆی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. هه‌ر کاتێکیش به‌شێک له چه‌پی کورد هه‌وڵی دابێت سه‌ربه‌خۆیی فیکری‌و رێکخراوه‌یی خۆی ههبێتو خه‌بات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستانه‌که‌ی بخاته پێش خه‌بات بۆ په‌یوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، یان وه‌ک هێزێکی چه‌پی سه‌ربه‌خۆ کاربکات (بۆ نمونه چه‌په‌کانی کوردستانی عێراق له ساڵانی 1957و 1991)، ئه‌وا چه‌پی عێراقی هه‌ر به به‌شه‌که‌ی تری چه‌پی کورد، شه‌ڕی ئه‌وانیان کردوه وه‌ک ئامراز دژی چه‌پی کورد به‌کاریان هێناون."!
جارێ له‌پێش هه‌موو شتێکدا کێ هێنده‌ی چه‌پی کورد خه‌باتی بۆ عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستان‌و مافی نهتهوهییو کوڵتویو ئازادیی زمانه‌که‌ی کردوه؟ کوا نهکوێرانهو نههۆشمهندانه بۆته پاشکۆی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. ههڤاڵبهندێ و پاشکۆیه‌تی زۆر له‌یه‌ک دوورن و ئه‌گه‌ر نووسه‌ر نابینایانه هه‌ڵوێست نه‌گرێته‌به‌ر، ده‌بینێ چه‌په‌کان له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوبن هاوپه‌یمانی یه‌کتربوون له‌دژی شۆڤینی و کۆنه‌په‌رست و دیکتاتۆرانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، له دژی گومڕاو نۆکه‌ران و ده‌مارگیران و ئانتی چه‌په‌کانی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستیش. ئاخۆ نوسه‌ر ده‌کارێ لیستێکمان بۆ ئاماده‌بکات چه‌ند رۆڵه‌ی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له خه‌باتدا دژی فه‌رمانڕه‌وا دیکتاتۆره‌کانی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان و له‌دژی سۆڤینیست و به‌عسیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی خۆیان و بۆ به‌رگری له نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستی کورد‌و له‌پێناو راگرتنی شه‌ڕ له کوردستاندا شه‌هیدبوون؟ ئایا شاڵاوی راگرتنی شه‌ڕی له کوردستاندا له‌بیرچۆته‌وه که ده‌یان و سه‌دان چه‌پی نهتهوهکانیتر له‌سه‌ر به‌رگری له‌کورد شه‌هیدکران و ساڵانیان له به‌ندیخانه‌کاندا به‌سه‌ربرد؟ ئاخۆ ده‌کارێ لیستی ئه‌و سه‌ربازه شیوعیانهمان بداتێ که‌هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه له‌ناو ریزی هێزه چه‌کداره‌کاندا شه‌هیدبوون یان گیراون یاخود ده‌رکراون؟ ژماره‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه عه‌ره‌بانه چه‌نده که له‌دژی شۆڤینیسته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان هاتوونه کوردستان و چه‌ندیان شه‌هیدبون؟. دیاره مایه‌ی ریزو شانازیه کوردێک ببێته پێشمه‌رگه‌و خه‌باتگێڕ له‌پێناو مافی نه‌ته‌وه‌که‌یدا، به‌ڵام ده‌جار زیاتر مایه‌ی ریزو شانازیی زۆرتره عه‌ره‌بێک، پشت له ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی بکات و ببێته پێشمه‌رگه‌و خه‌باتگێڕ له‌پێناو مافی نه‌ته‌وه‌ی کورداو له‌دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره عه‌ره‌بیه.
پڕسیاری دوه‌م؟ئایا پێتوانییه چه‌پ له کوردستاندا نه‌یتوانیوه سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵکو هه‌میشه ناچاربوه له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی یان ته‌نانه‌ت ئایینیش که‌ڵک وه‌ربگرێت؟
نووسه‌ر له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شدا خۆی به چه‌ندان هه‌ڵه‌ی ئه‌ندێشه‌ییدا بردوه‌و ده‌ڵێت: " راستییه‌که‌ی تا ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتاکان چه‌پی کورد‌و ته‌ڤگه‌ره‌که‌ی به‌شێک بون له چه‌پی سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه، واتا له‌ڕوی ئایدیۆلۆژی‌و سیاسی‌و رێکخستنه‌وه سه‌ربه‌خۆ نه‌بون، بۆیه شوێنێکی گرنگیان له بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستاندا نه‌گرتبو، به‌ڵام له‌وکاته به‌دواوه ته‌ڤگه‌ری چه‌پی کوردستانیی سهربهخۆو دابڕاو له حیزبه چه‌په سه‌رتاسه‌رییه‌کان (حیزبی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عهرهبو تورک‌و فارس) ده‌رکه‌وت"!!
ئه‌م بهباڵابڕینهش راست نیه. چۆن"شوێنێکی گرنگیان له بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستاندا نه‌گرتبو"! بزوتنه‌وه چه‌په‌کان به حزبی شیوعیشه‌وه شوێنێکی گرنگیان له بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستاندا گرتبوو، ئێستاش گرتویانه، ئه‌مه‌ش له‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که له ریزی پێشهوهدابوون که مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی گه‌لی کوردستانیان به‌فه‌رمی دانپێدانا، یه‌که‌م لایهنبوون که مافی یه‌کبوونی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردیان بڕیارداو له به‌رنامه‌شدا وه‌ک ئامانجێکی ستراتیژی جێگیریان کرد. هه‌ر له ساڵی 1934دا دروشمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له رۆژنامه‌ی (کفاح الشعب ـ خه‌باتی گه‌ل) دا جێگیرکرا، چه‌په‌کان و به‌تایبه‌تی حزبی شیوعی بوون له‌ریزی پێشه‌وه‌ی مانگرتن و خۆپیشاندان و گشت شێوه‌کانی خه‌باتدابوون و ته‌نانه‌ت خۆشیان به‌شێک بوون له بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان و، له‌ساڵی 1945دا پێش پێکهاتنی پارتی، حشع یه‌که‌م حزب بو بۆ پشتگیریی شۆڕشه‌که‌ی بارزانی 1943 ـ 1945 به‌یاننامه‌ی بڵاوکرده‌وه..تاد.
ئه‌وجا د. ره‌فیق به‌بێ لێکۆڵێنه‌وه‌یه‌کی زانستانه و مێژونووسانه ده‌ڵێ:"به‌ڵام له‌وکاته به‌دواوه ته‌ڤگه‌ری چه‌پی کوردستانیی سهربهخۆو دابڕاو له حیزبه چه‌په سه‌رتاسه‌رییه‌کان (حیزبی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عهرهبو تورک‌و فارس) ده‌رکه‌وت. گروپی یه‌که‌می چه‌پی کورد (چه‌پی وابه‌سته) نه‌ک هه‌ر که‌ڵکی له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی وه‌رنه‌گرتوه، به‌ڵکو زۆر به توندی دژایه‌تیی هه‌رجۆره گوتارێکی نه‌ته‌وه‌یی کردوه‌و به ناسیۆنالیزم‌و جوداخوازیی داناوه"! ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر نایه‌وێ به راستی و دوور له کینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی تێیبگات ئه‌و په‌یوه‌ندیه بیری و هاو ئامانجی و هاو خه‌باتی و رێبازه هاوبه‌شه‌یه که چه‌په‌کان سه‌ربه هه‌ر بزاڤێکی رزگاریخوازیبن پێکه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه ـ به مانا باشه‌که‌ی ـ هه‌روا خۆی تێکهڵبونێک ده‌کات له نێوان گۆتاری نه‌ته‌وه‌یی رزگاریخوازی و گۆتاری ناسیۆنالیزمی کۆنه‌په‌رست و، له‌و کاتانه‌دا هه‌ر به وشه‌و لافلێدانی "جیابوونه‌وه‌خوازی وابه‌سته". دیاره باشه مرۆڤ له هه‌ر بابه‌تێک بکۆڵێته‌وه هۆکاری( کات و شوێن) فه‌رامۆش نه‌کات و بۆچوونی کات و شوێنی ئێستا به‌باڵای ئه‌و کات و شوێنه‌ی باسیان لێده‌کات نه‌بڕێت. ئایا چه‌پی کوردستانی و حزبی شیوعی نزیکترین هاوپه‌یمانی حزبی هیواو پارتی دیموکراتی کورد‌و دوای ساڵی 1957 پ،د.کوردستان، له هه‌ر چوارپارچه‌که‌ی کوردستانداو دواتر پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک) و، پاشان یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی وپاشان حزبی سۆسیالیستی کوردستان (حسک) و حزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان ..تاد.نه‌بوون؟ ره‌نگه پێویست نه‌بێ چه‌پکه وته‌و هه‌ڵوێستی به‌رزنرخاندنی هه‌ندێک له رابه‌رانی ئه‌م حزبانه‌و، رابه‌رانی دیکه‌ی بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌لی کوردستان و که‌سانی زۆریان بکه‌مه به‌ڵگه له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی باش و رۆڵی چه‌پ و شیوعیه‌کان له بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌لی کوردستاندا، که نه‌ک ته‌نیا له‌باشوری کوردستان، به‌ڵکو له‌هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا ده‌نگیداوه‌ته‌وه. ئیتر که‌ی راسته باسی دژایه‌تی چه‌پ و حزبی شیوعی له ئاست نه‌ته‌وه‌ی کورد‌و بزاڤه‌که‌ی بکرێت؟!، وه‌ک نووسه‌ر ئه‌و شه‌کره ده‌شکێنێ و ده‌ڵێت: " له راستیدا به‌شێکی چه‌پی کورد له ترسی ئه‌وه‌ی وه‌ک ناسیۆنالیست تومه‌تبار نه‌کرێن( بکرێن راسته ج.د)، له چه‌په هه‌ره شۆڤینیسته‌کانی عهرهبو تورک‌و فارس زیاتر دژایه‌تیی هه‌ر بیر‌و خواستێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردیان ده‌کرد"، تا ئێستاش (به‌تایبه‌تی له ئێران‌دا) ده‌یکه‌ن"!! جا ئه‌مه که‌ی راسته؟ چۆن ئه‌گه‌ر چه‌پ و شیوعیه‌کان، دژایه‌تیی هه‌ر بیر‌و خواستێکی نه‌ته‌وه‌یی ورزگاریخوازیی کورد یان کوردستان بکه‌ن خاسیه‌تی چه‌پیان ده‌مێنێ؟ ته‌نانه‌ت له ئێرانیشدا، دیاره نووسه‌ر رۆڵی کۆمه‌ڵه‌و شیوعیه‌کان و تودهییو چه‌په‌کانی دیکه‌ی ئێران و قوربانیه‌کانیان نابینێ. یان ده‌یانبینێ و خۆی لێیان هه‌ڵه‌ده‌کات.
ده‌رباره‌ی" دابڕینیش" راست نیه، چونکه بۆ نمونه حزبی شیوعی کوردستان له حزبی شیوعی عیراق دانه‌بڕاوه. هه‌ر حزبی شیوعی عیراق خۆی بووه له‌سه‌ره‌تاوه به سه‌رکردایتی فه‌هدی نه‌مر لقی کوردستانی له په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبدا چه‌سپاند، هه‌ر حزبی شیوعی عیراق بوو په‌ره‌ی به لق دا تا کۆنفڕانسی سێیه‌مدا له (داربه‌سه‌ر)کرایه هه‌رێم و پاشان رێزی له بیروبۆچونی شیوعیه‌کانی کوردستان گرت و دامه‌زراندنی حزبی شیوعی کوردستان له کۆنگره‌ی دووه‌می هه‌رێمی کوردستاندابو30/6/1993 که شیوعیه‌کانی کوردستان خۆیان دایانمهزراندو سه‌رجه‌م حزب له کۆنگره‌ی پێنجه‌مدا په‌سندی کرد.
شیوعیه‌کانی کوردستان وه‌ک به‌شێک له هه‌موو شیوعیه‌کانی عیراق هه‌میشه سه‌ربه‌خۆبون و ناکرێ به وابه‌سته ناویان ببرێ، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵه یان بۆچونی نه‌گونجاوی تاکه که‌سیش یان له هه‌ندێ جاردا سه‌رکردایه‌تیش روویان دابێ. نووسه‌ر خۆی که ساڵانێک شیوعی بو، له‌گه‌ڵ چه‌ند شیوعیه‌کی دڵسۆز‌و هه‌ندێکیان (هێڵی خواردا ـ خگ مائل)، که‌وتنه جموجوڵ بۆ دروست کردنی حشک به‌بێ خواستی شیوعیه‌کانی کوردستان و عیراق، ئه‌نجام به‌چی گه‌یشتن. حزبۆڵکهیهکیان دروستکردو نوسه‌ر بوه سکرتێری، پاشان ئه‌میش وهلاکهوت و لاباڵێکی حزبه‌که به سه‌رکردایه‌تی یوسف حه‌نا(أبوحکمت) بوه پارتی. جا ئایا ئه‌مه سه‌ربه‌خۆییه که نووسه‌ر خۆی له‌باسی لاده‌دات، یان حزبی شیوعی کوردستان که مێژوی تێکۆشانی حزبی شیوعی عیراقیش به مێژوی خۆی ده‌زانێت و لێی دانه‌بڕاوه.
25/12/2008
ماویه‌تی