Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت وه‌ک مرۆڤ بژین چ ئه‌رکێکمان له‌سه‌رشانه‌!

ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت وه‌ک مرۆڤ بژین چ ئه‌رکێکمان له‌سه‌رشانه‌!

Closed
by January 27, 2008 گشتی

تایه‌ری حاجی حه‌سه‌ن…

ئه‌م ناونیشانه‌ بۆخۆی هه‌ڵگر و به‌دواداچونی پێویستی ده‌وێت له‌ ته‌واوی ئه‌و لایه‌ن و ڕێکخراوانه‌ی که‌ خۆیان به‌ ئازادی خواز ده‌زانن و به‌رنامه‌ و ژیانی ڕێکخراوه‌ییان ته‌رخان کردووه‌ بۆ گه‌شتن به‌ ئامانجێک که‌ هه‌موو مرۆڤێک وه‌ک ئه‌وه‌ی بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن توانایه‌ و به‌ پێی توانای خۆی ده‌توانێت بوونی خۆی دیاری بکات له‌ سه‌ر ئه‌و جێگایه‌ی تێیدا ده‌ژێت، له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت و هه‌ڵگری خواستێکی به‌ فیعلی خزمه‌ت گوزاری سه‌رجه‌م مرۆڤه‌کانین، ده‌بێت بزانین ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانمان چین.
 بۆ ئه‌وه‌ی چی دی هه‌ر ڕۆژه‌، لاپه‌ڕه‌کانی ڕۆژنامه‌کان پڕ نه‌بن له‌ گله‌یی و گازنده‌، بۆ ئه‌وه‌ی سکاڵاکان جۆری سه‌رده‌می کۆیله‌ ئاسا نه‌بن و نه‌توانین به‌ هیچ ئامانجێک بگه‌ین، ده‌بێت پرسیارمان له‌ بوونی خۆمان هه‌بێت.
 چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتێک و حکومه‌تێک ته‌نها به‌ ڕوکه‌ش خۆی به‌ نوێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ بزانێت، ئه‌و جۆره‌ له‌ ده‌سه‌ڵات‌ به‌ هه‌مان شێواز باکی به‌ ڕه‌خنه‌ش نیه‌. به‌ڵکو زۆرجار واده‌که‌وێته‌وه‌ ئه‌و ڕه‌خنه‌و گازندانه‌ به‌ قازانجی بشکێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک بخوازێت نیگای بخاته‌ سه‌ر ته‌واوی ڕۆژنامه‌کان و ته‌نات خودی تیڤیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش، هه‌رهه‌موو پڕن له‌ گله‌ی و ناڕازی بوون. تا ئه‌م حاڵه‌ش ته‌نها ده‌سه‌ڵات توانیویه‌تی به‌ وه‌عده‌ و به‌ڵێن ڕۆژه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی سته‌م دیده‌ به‌ڕێبکات. به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌ چاره‌سه‌ر؟ پێم وایه‌ ژیانێک له‌ نێو ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنه‌ بێکردارانه‌دا ته‌نها شایسته‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌بێت که‌ تاکه‌کانی خاوه‌ن بیرکردنه‌وه‌ نه‌بن و ده‌سه‌ڵاتیش ته‌نها وه‌ک ده‌ورانێکی کاتی له‌ خۆی بنواڕێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ بۆ 16 ساڵ ده‌چێت و ره‌خنه‌کان و ناڕازیه‌تیه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامن و ده‌سه‌ڵاتیش مێشێک میوانی نیه‌ له‌ هه‌مبه‌ر ته‌واوی ئه‌و گله‌ییانه‌. ئاخۆ پرسیوتانه‌ هۆکاره‌که‌ی له‌ کام بێده‌نگیه‌وه‌یه‌؟ ئایا ده‌توانن بڵێن ئێمه‌ وه‌ک خه‌ڵکی کوردستان تاوان بارین یاخود ئه‌و جه‌معه‌ که‌ کورسی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ ژێر خۆ داناوه‌؟ ئه‌گه‌ر بشێت کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی بشوبهێنین ئه‌ی هۆکار چیه‌ تا ئه‌م ئاسته‌ ملکه‌چ بوون؟

ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت وه‌ک مرۆڤ بژین و چی دی کۆیله‌ی یه‌کدی نه‌بین. ده‌بێت جوامێرانه‌ له‌ ته‌واوی ئاسته‌کانی ژیانماندا دوور که‌وینه‌وه‌ له‌ ته‌ماعه‌ که‌سایه‌تیه‌کانی خۆمان و ده‌رگیری ئه‌وه‌ نه‌بین که‌ ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت وه‌ک خێرۆمه‌ندێک بێن له‌ ئاست هه‌ر کارێکدا پێی هه‌ڵده‌ستن بیده‌نه‌وه‌ به‌ نێوچاوماندا. ده‌بێت چیتر له‌ چاوه‌نواڕیدا نه‌ژین و خۆمان ئاماده‌ بکه‌ین بۆ ڕوو به‌ ڕوو بوونه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و حکومه‌ته‌ی خۆی به‌ نوێنه‌رمان ده‌زانێت.  ئه‌گه‌ر به‌ راستی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا پێکه‌وه‌ کارده‌که‌ن و ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردوستانیشیان له‌ وون بونێکی نادیاردا هه‌ڵپساردووه‌ و ته‌نها خه‌ریکی کۆمه‌ڵ کردنی سه‌روه‌ته‌کانیانن، ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستان خۆیان بێن ڕوو به‌ ڕووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ببنه‌وه‌، ناکرێت چی دی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ به‌ نوێنه‌ری خۆیان بزانن، ئه‌گه‌ر ده‌خوازن ژیانیک هه‌بێت  هه‌موان وه‌ک یه‌ک تێیدا خاوه‌ن حورمه‌ت و ڕێز لێنان بین و مناڵانی هه‌موان تێر و پۆشته‌ بن.

 هۆکار چیه‌ ئه‌وه‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نێکی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیان به‌سه‌ر بردوو، به‌ڵام تا ئێستا کاره‌با نیه‌، هۆکار چیه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتیاندا نه‌یان ویست کوردستانێکی وێران بگۆڕن بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رهه‌م هێن و موحتاجی هیچ لا‌یه‌ک نه‌بین؟ هۆکار چیه‌ ئه‌م هه‌موو شه‌ڕه‌ ده‌که‌ن له‌سه‌ر که‌رکوک و به‌ڵام تا ئێستا خه‌لکی که‌رکوک له‌ ناهه‌موارترین ژیاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن! ئه‌وه‌ تاوانی کێیه‌ ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ له‌ ئوتێله‌ ڕا‌قیه‌کاندا سه‌رف ده‌که‌ن بۆ خۆیان و به‌ ناوی خه‌ڵکی ئه‌نفال کرا و کیمیاباران کراوه‌ و، ئه‌و ڕزگاربوانه‌ی ده‌ستی ڕه‌شی تاوانبارانیش له‌ ناهه‌موارترین ژیاندا ده‌ژین؟

 ئایا ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی دوو زلهێز و هاوپه‌یمانه‌کانیان لێی به‌رپرسیارن یان خه‌لکی کوردستانیش به‌شێکن له‌م خه‌م ساردیه‌؟
 ئه‌گه‌ر هه‌رچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک تاکه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی له‌ چینی هه‌ژار و نێوه‌ندن ، نه‌توانن خۆیان به‌ ئاگا بهێننه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و فه‌رمانانه‌ی وه‌ک کۆیله‌یه‌ک له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌سه‌ریاندا ده‌درێت، ده‌بێت تا کۆتایی ئه‌و خه‌وه‌ خافڵگیریه ‌یان  له‌ ژێر باری سته‌مدا بناڵێنن! ئه‌مه‌ سونه‌تی ژیانی هه‌رچ کۆمه‌ڵگایه‌ک بووه‌ تا کاتی به‌ ئاگا بونه‌وه‌ی.

 به‌ هه‌ر جۆرێک خوێندنه‌وه‌کانی نێو ڕۆشنبیران و نوسه‌ران و به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵگا سه‌یربكرێت  هه‌موو هه‌ر گله‌یی و نا به‌دڵی ژیانێکه‌ که‌ به‌ خواستی خۆیان نیه‌! که‌ وایه‌ بۆ ده‌نگ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ده‌ن؟  ده‌سه‌ڵاتێک ئیتر له‌ هه‌رکام زمان و هه‌رکام نه‌ته‌وه‌ی دنیا بێت، کاتێک دێت چه‌وساندنه‌وه‌ ده‌کات به‌ ئامنجی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی قازانجی زیاتر و ملکه‌چی زیاتری کۆمه‌ڵگه‌ به‌ده‌ست بهێنێت هیچ جیاوازیه‌کی نیه‌ له‌ کام نه‌ته‌وه‌ بێت! چه‌وساندنه‌وه‌ هه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ .
 کاتێک ڕژێمی فاشتی به‌عس، ده‌هات  ته‌وهین و بێحورمه‌تی ده‌کرد به‌هه‌ر ئینسانێکه‌وه‌ بوایه‌ و له‌ ژێر ڕکێفی ئه‌و ده‌رچوایه‌ بۆ ئه‌و گرفت نه‌بوو سه‌ربه‌کام دین و کام نه‌ته‌وه‌یه‌. ته‌نها بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌ گرفت ئه‌وه‌ بوو له‌ ژێر داخوازیه‌کانی هه‌ ڵوێستت نه‌بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، کوشتن و تیاجوون دوا مه‌نزڵگات ده‌بوو.، پێم وایه‌ ئێستاش هه‌ر وایه‌. ، ته‌نها به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان گۆڕانکاری له‌ شێوازه‌کاندا هه‌یه‌.
 له‌ سه‌رتاپای ئه‌م زه‌ویه‌دا و له‌ هه‌ر‌ گۆشه‌یه‌کدا که‌ مرۆڤه‌کانی تێدا ده‌ژی، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌کان خاوه‌نی یه‌ک پێناسه‌ن، ئه‌ویش چۆن بتوانرێت چینێک بخرێته‌ خزمه‌ت چینێکی دیه‌وه‌ که‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامانی گشتییان له‌ ژێر چنگدایه‌. به‌ جۆرێکی دی ده‌سه‌ڵات هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌ر کوێکدا بێت، ته‌نها جیاوازی له‌ هاتنه‌ مه‌یدان و ڕێکخراو بوونی چینی ژێرده‌ستدایه‌ بۆ وه‌ستاندنه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ملهوڕانه‌دا، به‌ غه‌یری ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ هیچ حکمه‌تێکی دیکه‌ له‌ پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا نیه‌!

 جۆری دیموکراسیه‌ت و ئه‌و بریق وباقانه‌ی ناسیۆنالیزم ته‌نها بۆ قازانج په‌رستیه‌ و زیندوو کردنه‌وه‌ی ڕاسیزمه‌ به‌ خاتری مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان. ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رکوێیه‌ک ده‌نواڕیت هه‌ر ناره‌زایه‌تی بوونه‌ و ئیهانه‌کردنه‌ به‌ مانای مرۆڤ بوونه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ به‌شێکی که‌می وه‌ک کورد خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی خۆی و یه‌ک لابوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌ویی خۆی نه‌بێت، به‌ڵام سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کان به‌ زمان و ئاین و ئاڵایانه‌وه‌ خاوه‌ن پێکهاته‌ی خۆیانن! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ شێکی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ له‌ ژێر کاریگه‌ری جیهان بینی چه‌وساندنه‌وه‌دا ده‌ناڵێنن و ئه‌و ژیانه‌یان ته‌نها وه‌ک ژیانی کۆیله‌ ئاسایه‌ک به‌سه‌ر ده‌به‌ن. که‌واته‌ گرفت له‌ ئه‌وه‌ نیه‌ وڵاتت هه‌یه‌ یان نا، به‌ ڵکو گرفت له‌ وه‌دایه‌ تۆ خاوه‌ن کام جۆریت له‌ ژیان گوزه‌راندن. دنیای چه‌وساندنه‌وه‌ت تیا هه‌یه‌، یان پێکه‌وه‌ ژیانی ئاره‌زومه‌ندانه‌؟ ئه‌مه‌ گرفته‌ ئه‌سڵیه‌که‌یه‌ بۆ که‌ سانێک خوازیاری ژیانێکی ئازادانه‌ی بێقه‌یدوشه‌رتی ئینسانیانه‌ن؟

هۆڵه‌ندا
26/01/2008

Previous
Next